شوانەو تەباشیرە سوورەكەی

شوانەو تەباشیرە سوورەكەی
ئا: كاندێش

لەو بڕوایەدام كاتێك بە هەستێكی قووڵ و ناسكەوە كیژو كوڕێك عەشق و شەیدای یەكتری دەبن، ئەم هۆگر بوونەیان بەیەكتری لێ دەبێتە تەباشیرێكی سوورو ئەو تەباشیرەش وێنەی بازنەیەك بە دەوریاندا دەكێشێت و هەردووكیان پێكەوە لە ناو هێڵە داخراوەكەی بازنەكەدا دەبەستێتەوە، چەندە ئەم دووانە لەناو بازنەكەدا بەوپەڕی هەستەوە وابەستە بن بەیەك و بە بوونی یەكترەوە بەختەوەربن، هێندەش لە قووڵایی نەستەوە هەر یەكەیان بە جودا لەوی تر نیگەرانەو ئازاردەكێشێت لەوەی كە ناتوانێت بە ئازادی و بە كەماڵی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەوە سنووری بازنەكە ببڕێت و لێی دەربچێت..
دڵنیام ئەم بۆچوونەی بۆتانم دركاند بە لای ئەو كەسانەوەی كە تا ڕادەی توانەوە بۆ (ئەوی مەعشوق) لەئەزموونی عەشقێتیدا قاڵ بووبێتنەوە، لۆژیكییە، بەڵام سەبارەت بەم ڕووداوەی لە شوانی كوڕی برادەرێكمان ڕوویدا زۆرسەیرو ئەنتیكەیە، ڕەنگە چەندین كەسی تری وەك شوانە هەبن كە لە یەك ئان و ساتدا لە بری بازنەیەك بەكۆمەڵێك هێڵی سوورەوە چەندین وێنەی بازنەی تریان كێشا بێت و هەر لە كیژەدراوسێكەیانەوە تا چەند كیژێكی خزمان و ئەوەشی كە لەسەر دەخیلەی ماركێتێك كاشیرەو تەنانەت وەك شوانەی بەنازپەروەردەكراو كە جگە لە بازنەكانی كە كێشاونی و چەندینی بەخۆیەوە گیرۆدە كردون، لە هەوڵدایە كیژی مامۆستاكەی خۆیشی لە بازنە بنێت، كیژەكان یەكێكیان لووت قنجی ئەسمەرەو ئەوی تریان چاو شینی پێست پەمەیی و تا تێكسمڕاوی وەرزشوان و پرچ قەترانی شێوە نەفرتیتی و ...
ئەوەی قوڕە سوورەكەی ناو هێڵە سوورەكانی خەستتر كردبێتەوە ئەوەیە؛ هەندێ لەم كیژانە ئاگادارن كە شوانە چەشنی بووكۆڵەكان ئەمانی لە بازنە داناوەو گەمە بە هەست و سۆزیان دەكات، كەچی تەنیا بەو مەرجەی بكەونە ناو بازنەیەكیەوە جگە لە ژمارە یەكەمین بە هەموو ژمارەكانی تر ڕازین، جار هەبووە شوانە لە ڕۆژێكدا تا شەو درەنگانێ لە ناوچوار بازنەیدا چوار كیژی بەسەركردونەتەوەو بۆ هەر یەكێكیان سیناریۆیەكی بەكارهێناوە تا چوارماچی تەڕوپاراوی دەسكەوت بێت..
دڵنیام كە ئێستا هەندێكتان دەڵێن ئینجا ئەمە كەی عەشقێنیە، بەڵكو قەشمەرجاڕییە، ئەو پەڕی حەیاچوونیشە، كارێكەو قبوڵ ناكرێت، خۆ دۆن جوان نەگەڕاوەتەوە، یان خۆ یوسفی زەمانی نییە تا كیژە پڕتەقاڵ بەدەستەكان لەتاو قەشەنگی وی بە چەقۆی میوە دەستی خۆیانی بۆ ببڕن....
دە كەواتە با ئەم ڕاستییەشتان لا بدركێنم، لەبەر ئەوەی شوانە بە سێ ساڵ جارێك پۆلێكی دەبڕی، ئێستا لە ئامادەیی شەوانەدا دەخوێنێت، هیچ كارو پیشەو بەهرەیەكی لە هیچ بوارێكی ژیاندا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت باوكی ساڵانێك ویژدانی خۆی لە ساردكەرەوەیەكدا بەجێهێڵاو ڕەنجێكی زۆری كێشاو پشتەملی چەند شێری بازاڕی گرت و ئاوەڕووتی كردن تا ئێستا بەڕێزیان یەكێكن لەدەوڵەمەندە خێرخوازەكانی ئەم شارەو خۆی گەیاندۆتە پاڵ پیاوەخانەدانەكان، شوانەش پارەی دۆلارو یۆرۆی لە گیرفانەو ماشێنی غەواسی لە ژێردایەو زنجیرە زێڕی عەیار 24ی لە ملدایەو مۆبایلی ئای فۆنی بە گوێوەیەو جلوبەرگی گرانبەهای لەبەردایەو بتڵەویسكی ئەڵمانی لە دەشپولدایەو شووشە عەتری چوارسەد دۆلاری لە باخەڵدایە، كە بەڕێوەیش دەڕوات خۆی دەلەنجێنێت و بەئەنقەستەوە لە كاتی پەیڤیندا وەك چۆن لە هەڵپەڕكێیەكدا بێت، ئاوها شان دەلەقێنێت، ئیتر لە ناوەڕۆكدا هەموو لاپەڕەكانی ناخی بەس وێنەی تەپكەو فاقەو تەڵەو چۆنیەتی دانانەوەیانە بۆ ئەو كیژانەی وەك خۆی لە منداڵییەوە نازی زۆریان پێدراوە، تەباشیرە سوورەكەشی لە گیرفاندایە بۆ هێڵكێشان، نەك لە هۆگربوونەوە ئەم تەباشیرە دروست بوو بێت بەڵكو بە زمانی لووس داتاشراوە، هەر ئەوەندەی یەكێكی خستە داوی بازنەوە، ماوەیەكی كورت دەستێكی پێ گەرم دەكاتەوە، كە كار دەگاتە سەر جدییات و خوازبێنی و كەی بچێتە داوای، ئیتر كەمتەرخەمانە ئیسفنجێك دەردێنێت و بازنەكە دەسڕێتەوە، هەر لەگەڵ هێڵ كێشانەكەدا، ماوەی سڕینەوەی بازنەكەی داناوە، لەم شەوانەدا باوكی شوانەی نازداری قازی بەنێ، لەدوای چەندین ساڵ یەكتر نەبینین، بە مۆبایل پێوەندیی پێمەوە كردو دوای هەواڵ پرسینێكی تەشریفاتی پێمی وت((ئەوە لە فڵانی برادەرمەوە زانیم تۆ ئێستا لە جەریدەو مەریدان كار ئەكەیت، ئەوەی ڕاستی بێت ئیشێكی گرنگم پێتە، گەر بكرێت سبەی شەو بێیتە چێشتخانەی داوا، تا یەكتر ببینین)) منیش پێم وت((بڕوات هەبێت بەهۆی سەرقاڵیمەوە كاتی گەڕان و سەرخوانم نییە، بەس پێم بڵێ بزانم بەتەمای چیت، سەنتەری ڕاهێنانی خێرخوازی بۆ كەمئەندامان دادەنێیت و ڕیكلامت دەوێت!!)) كەوتە پێكەنین و وتی((بەزمی سوعبەت و ڕۆحی نوكتەی جارانت هەر ماوە، برام ئەسڵی مەسەلە شوانەیە، چەتیوێك دەستی بڕیوە، كەسوكاری چوون سكاڵایان لەسەری تۆماركردووە گوایە ساڵانێك بەڵێنی هاوسەرگیری و شتی وای بە كچەكەیان دابێ، ئەو چەتیوە لە دژی كوڕەكەم قسەی بۆ پەیامنێری جەریدەی وانێكیش كردووە، تۆ هەوڵێ لای خۆتەوە بدەیت بەر لەوەی بڵاوبێتەوە، ئەو بوختانەیان پێ بسڕیتەوە، چەندیش دەڵێن، خۆت باشم دەناسیت، لە بری ئەوەی بیدەینە شایەت و شتی وا با صەحافەش شتێكمان لێ هەڵكڕێنن كوڕی باش، خۆ ئێمە ساڵانێك برادەر بووین، ئێ تۆ چۆنی. چۆن))وتم ((سەلامەت بیت یا خوا، لێت دەپاڕێمەوە، مەمخەرە ناو بازنەی شوانەوە، سەرداری موحامی برادەرمە، بە مەسیجێك ژمارەكەیت بۆ دەنێرم، بەشكم ئەو بتوانێت شتێ بكات، دەبێ بڕۆمەوە بەلای كارەكانمەوە، شەوت شاد)) لە دڵی خۆمدا وتم دوێنێ وەرەوە، شەوە..شەو!!
Top