خۆشەویستی نابیستان بە هاوسەرگیری كۆتایی دێت

خۆشەویستی نابیستان بە هاوسەرگیری كۆتایی دێت
***
بەهۆی لەدەستدانی دوو هەستی مرۆڤ كە ئەویش قسەكردن و گوێ لێبوونە، وا لە مرۆڤ ناكات كە لە كۆمەڵگە جیا بكرێتەوە، چونكە ئەوانیش خاوەن ئەقڵ و هەست و سۆز و خۆشەویستین، بۆیە پێویستە بەهەموو شێوەیەك گرنگی بەتوانای نابیستان بدرێت.
***



هەردوو دەستی دەخاتە سەریەكتر و لەسەر سنگی دادەنێ مەرجی بۆ خۆشەویستی ژیانی ئەوەیە نوێژ بكات
شنۆ عەزیز مەولود تەمەن 26 ساڵ وەكو هاوكاری مامۆستا لە داینگەی پەیمانگای نابیستانی هەولێر كار دەكات، ئەو كە خۆیشی هەر لە منداڵییەوە قوتابی ئەو پەیمانگایە بووە بەهۆی ئەوەی یەكێك بووە لەو قوتابیە نابیستانەی كە زیرەك و لێهاتوو بووەو توانیویەتی دوای تەواوكردنی خوێندنەكەی وەكو مامۆستا لەو پەیمانگایە دابمەزرێتەوە بۆ بەشی داینگەی نابیستان، شنۆ لەبارەی مامەڵەكردنی دەوروبەری و كۆمەڵگە هەر بە جووڵەكانی دەستی بەشێوەیەك كە هەردوو دەستی دەبات و بۆ یەكی دەهێنێتەوەوە هەردوو ناو لەپی بەرامبەر یەكتری كە ناو لەپەكانی روویان دەكەوێتە زەوی و دەستی دەخاتە سەر سنگی و پاشان سەرە پەنجەكانی كۆدەكاتەوە دەیخولێنێتەوە و هەر بەدەست ئاماژە بەیەكێكی تر دەكات، مەبەستی ئەوەیە كە دەڵێت «كۆمەڵگە توانیویەتی رێزمان بگرێت، بەڵام تا ئەو راددەیە نییە كە خۆمان پێویستمانە، بۆ نموونە من ناتوانم بۆ كڕینی پێداویستییەكانم بە تەنیا سەردانی بازاڕ بكەم، دەبێت یەكێكم لەگەڵ بێت». ئەو كچە لە بارەی دەربڕینی هەستی خۆشەویستی بۆ بەرامبەرەكەی بە جووڵەكانی دەستەوە دەڵێت لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بۆ نموونە بە منداڵێكی نابیست بڵێ خۆشمدەوێی بەڕووخساری پێدەكەنێت و هەردوو دەستی بە سنگیەوە دەگرێت وەكو ئەوەی لە باوەشی بگرێت، ئەوە هەستی دەربڕینە بۆ منداڵ، بەڵام ئەگەر نابیستێك بە یەكێكی گەورە بڵێ خۆشمدەوێی هەردوو پەنجەی ئەسپێ كوژەو دۆشاو مژە بەیەكەوە نزیك یەكتر دەكرێتەوە هەردوو دەستیش شێوەی مست دەكرێت و دادەخرێت، ئەوە واتای خوشەویستی دەگەیەنێت، بۆ خۆشەویستی ئەگەر بێتو بە رەگەزی بەرامبەریش بڵێ خۆشمدەوێت، واتە خۆشەویستیەكە مەبەستی دڵداری تێدابێت، ئەوە بە لێكدانی دۆشاو مژە و ئەسپێ كوژە بەیەكەوە دەنووسێت و دەستەكانیش دەكرێتە شێوەی مست.
شنۆ لەبارەی خۆی بۆ دڵداری كردن و خۆشەویستی بەجووڵەكانی دەست دەڵێت «ئەوكەسەی من دەمەوێ دەست بۆ مێشكی و دڵی دەبات، واتە دەبێت عاقڵ و دڵ پاك بێت و پاشان دەستی بۆ ئاسمان دەبات و ئینجا هەردوو دەستی دەخاتە سەریەكتر و لەسەر سنگی دادەنێت، واتە پێویستە ئەو كەسە خوای خۆش بوێت و نوێژ بكات و دەست بۆ گوێچكەكانی دەبات و دوایی دەستی بەلای ڕاست و چەپ دەجووڵێنێت كە مەبەستی ئەوەیە گرنگ نییە نابیست بێت یاننا».
مەرجی بۆ هاوبەشی ژیانی ئەوەیە
دڵی بۆی لێبدات
رێباز عەزیز عەلی تەمەن 25 ساڵە كە هاوكاری مامۆستای پەیەمانگای نابیستانە و وانە بە قۆناغی بنەڕەتی ئەو پەیمانگایە دەڵێتەوە، بە جووڵاندنەوەی هەردوو دەستی دەڵێت «زۆر دڵ خۆشە كە لەو پەیمانگایە بەو جۆرە دەتوانێ وانە بڵێتەوە، جووڵەی دەستی بە جۆرێك دەبێت كە دوو كەوانەی دروست كراوە بەدۆشاو مژە و ئەسپێ كوژە بەرامبەر یەكتری، دواتر دوورخستنەوەیان لە یەكتری و بۆ سەرەوە بردنیان و گوپ پڕ كردن و دانانی سەری پەنجەی باڵە بەرزە لەسەر دڵ، دواتر پەڕاندنی باڵابەرزە لەژێر ئەسپێ كوژە و دواتر دانانی پەنجە كۆكراوەكانی دەست لەسەر دڵ، دواتر بردنی بۆ پێش و بڵاوكردنەوەی پەنجەكان كە ناو لەپ ڕووی بكەوێتە ئاسمان، ئەوە ئاماژە كردنە بە زۆر دڵ خۆشی خۆی «ڕێباز لەو پەیمانگایە ماوەیەك حەزی لە كچێك بووە و چۆتە خوازبینی، ماڵی كچەكە رازی نەبوون كە كچەكەیان هاوسەرگیری لەگەڵ بكات. لەو باریەوە ئەو كوڕە دەڵێت «دوای ئەوەی ویستم ژیانی هاوسەرگیری پێك بێنم، بەڵام بۆم رێك نەكەوت، ئینجا ماڵی باوكم هەستان بە دروستكردنی خانوو بۆیە ئێستا بە نیازی هاوسەرگیری نیم تا ماڵەوەمان خانوو تەواو دەكەن». ئەو كوڕە لەبارەی مەرجەكانی بۆ ئەو كەسەی كە دەبێتە هاوبەشی ژیانی بەجووڵەی دەستەكانی دەڵێت: پێویستە ئەو كەسە راستگۆ و گوێ بیست بێت و دڵیشم بۆی لێبدات بە شێوەیەك ئاماژە بە هاوبەشی ژیانی دەكات بە راگرتنی دەستی راست كە لە ناو ڕووی لەخۆت بێت و لێكخشاندنی دۆشاو مژە و ئەسپێ كوژەی دەستی چەپ لە برای تووتەی دەستی راست كە پەنجەكانی تری هەڵبراون، ئەوە مەبەستی لە هاوبەشی ژیان و لەپەنجەكردنی ئەڵقەیە بۆ راستگۆیی بەشێوەی ستوونی دەستی لەپێش دەمی دەبێت كە پەنجەكان ڕووە و ئاسمان بن و ئەسپێ كوژە چەمابێتەوە ناو لەپ و هێنانە خوارەوەی دەست بۆ خوارەوە بەرەوە پێش كە پەنجەكان ڕووەو پێشەوە بن و ئەسپێ كوژە بە تەریبی لەسەر دۆشاو مژە بخەوێت، دواتر جووڵاندنی دۆشاومژە و باڵابەرزەی هەڵبڕاوی ئاسۆیی لە پێش دەم بۆ پێشەوەو جولااندنیان بۆ سەرەوە و خوارەوە بە پێچەوانەی یەكتر».
نابیستان خۆشەویستیان
بە هاوسەرگیری كۆتایی دێت
ئەو قوتابیانەی لە پەیمانگای هیوای نابیستان دەخوێنن، نابیستن یاخود گوێیان گرانە ناتوانن بەئاسانی گوێیان لە دەنگەكان بێت، مامۆستا پەخشان تەمەن 57 ساڵە كە ماوی 26 ساڵە لەو پەیمانگایە وەكو مامۆستا وانە دەڵێتەوە دەڵێت» ئێمە لێرە هەوڵدەدەین هەموویان وەكو یەك خێزان بگونجێنین و خۆشەویستی و رێزگرتن لەنێوان قوتابی و مامۆستاكان هەبێت». بۆ خۆشەویستی لەنێوان قوتابییەكان ئەو مامۆستایە دەڵێت «خۆشەویستی نێوان قوتابیەكان یاخود ئەو هاوكارانەی كە نابیستن ماوەكەی زۆر كورتە، چونكە ئێمە هەوڵدەدەین ئەو خۆشەویستیە بگاتە قۆناغی هاوسەرگیری كە چەندین حاڵەتی لەوجۆرە هەبووە كە ژیانی هاوسەرگیرییان بەسەركەوتوویی پێك هێناوە».
داواكارین نابیستان
مافی درێژەپێدانی خوێندنیان هەبێت
ئەو پەیمانگایە لە ساڵی 1981ـەوە هەیە، كە 230 قوتابی لەخۆگرتووە لە قۆناغی یەكی سەرەتایی تا سێیەمی بنەڕەتییە و لەو پەیمانگایە هەر قوتابیەك رۆژانە هەزار دیناری پێدەدرێت بۆ خەرجی خۆی و پاسی هاتووچۆی تایبەتیشیان هەیە، هەروەها بەپێی بڕیارێكی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی ئێستا هەر قوتابییەك مانگەنە 150 هەزار وەردەگرێت، بەڵام هاوكارەكان مانگانە 100هەزار وەردەگرن، چونكە مووچەی خۆیان هەیە، نازەنین نەشئەت سەلیم بەڕێوەبەری پەیمانگای هیوایە كە ماوەی 21 ساڵە لەوێ كاردەكات و دەڵێت» ئەو قوتابیانەی لای ئێمە دەخوێنن هەمان ئەو مەنهەجەیە كە لە پەروەردەی گشتی بۆ هەموو قوتابخانەكان دانراوە، بەڵام ئێمە زیاتر هەوڵدەدەین وانەكان بە بەرجەستەیی بڵێینەوە، ئەو مامۆستانەی لێرەن قاموسی تایبەتیان پێدەدرێت لەسەر گوتنەوەی وانەكان و خولی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە كە شەش مانگ یان سێ مانگ لەگەڵ رێكخراوە ئەوروپییەكان ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن وانەكان بڵێنەوە». ئەو بەڕێوەبەرە باس لە دوای دەرچوونی قوتابیەكان دەكات كە هەست دەكات دوای دەرچوونیان خوێندنەكەیان ئەنجامێكی باشی نابێت، لەبەر ئەوە بڕوانامەكەیان دانی پێنانرێت و ناتوانن بەشداری تاقیكردنەوەی وزاریی بكەن، بەڕێوەبەرەكە دەڵێت «جێگەی داخە كە ئەو قوتابیانەی لێرە دەخوێنن فێرە خوێندنەوە نووسین دەبن و چەندین قوتابی بەهرەمەندیان لە بواری وێنەكیشان و وەرزش و كۆمپیوتەر تێدایە، بۆیە بە ڕەوای دەزانین و مافی خۆیانە كە ئەوانە رێگەی خوێندنیان پێبدرێت و دان بە بڕوانامەكەیان بنرێت».
بەهۆی هاندانیان لە پەیمانگای نابیستان متمانەی تەواویان بەخۆیان هەیە
نابیستان پێویستە بەردەوام بەجۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت كە وا هەست بكەن ئەوانیش بەشێكن لە كۆمەڵگە، بۆیە دەبێت كۆمەڵگە سوود لەوانە ببینێت. فەوزیە حەمەدەمین توێژەری كۆمەڵایەتی لە پەیمانگای نابیستان دەڵێت «ئێمە وەكو كەسێكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو نابیستانە دەكەین، بۆ نموونە ئەگەر پێویست بوو دەبێت سزا بدرێن و لەهەمان كاتیش دەستخۆشییان لێبكرێت. ئەو جۆرە مامەڵەكردنە بۆ ئەوەیە كە هەست نەكەن ئەوان كەمئەندامن و جێگەی بەزەیی پێ هاتنەوەن». ئەو توێژەرە باسی ئەوە دەكات كە بەشێك لەوانەی سەرەتا دێنە ئەو پەیمانگایە هەست بە كەمئەندامیەك دەكەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونیان و هاندانی بەردەوامیان و دروستكردنی ئەو كەشەی ناو پەیمانگا وایان لێدەكات پشت بەخۆیان ببستن و متمانەی تەواویان بەخۆیان هەبێت و لە كۆمەڵگە دانەبڕێن و هەوڵی فێربوونی زانست و تەكنۆلۆژیای سەردەم بن».
Top