قوماركردن سەرچاوەیەكی دیكەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان

قوماركردن سەرچاوەیەكی دیكەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان
ئا: دیار سالار



كاتێك زانیم هاوسەرەكەم لەسەر قومار منی دۆڕاندووە، ڕۆیشتم و بەجێمهێشت بۆماوەی پانزە ساڵ نەگەڕامەوە لای تاكو كۆچی دوایی كرد ئینجا گەڕامەوە لای منداڵەكانم

د.كاروان سلێمان: قومار وەك ماددەی هۆشبەر وایە كەسێك پێوەی ئاڵوودەبێت، بە زەحمەت دەتوانێت دەستبەرداری بێت
(بۆ ماوەی 15 ساڵ لە هاوسەرەكەم تووڕە بووم، لەبەر ئەوەی منی دۆڕاندبوو لەسەر قوماركردن) ئەمە قسەی ئەو ئافرەتەیە كە تەمەنی 64 ساڵە و بۆ ماوەی 24 ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە ئێستا خاوەنی پێنچ منداڵەو دەڵێت «هەر لەسەرەتاوە كە ژیانی هاوسەریم لەگەڵ ئەم پیاوە پێكهێنا هیچ شەوێك لەماڵەوە نەبوو، شەوانە تا درەنگانێك لەدەرەوە بوو یاری قوماری دەكرد، هیچ كاتێك خاوەنی دینارێك نەبوو شەوێك لەیاری قوماركردن دۆڕاندبووی پارەی هیچ پێنەمابوو دواتر وتبووی ئەوجارە یاری دەكەم كە دۆڕاندم ژنەكەی خۆمت پێدەدەم ئەوكات لەیاریەكە سەركەتوو نەبوو منی دۆڕاندبوو لەسەریاری قوماركردن. ئەو ژنە وەك باسی دەكات و دەڵێت «كاتێك زانیم هاوسەرەكەم لەسەر قومار منی دۆڕاندووە، ڕۆیشتم و بەجێمهێشت بۆماوەی پانزە ساڵ تاكو كۆچی دوایی كرد ئینجا گەڕامەوە لای منداڵەكانم.
یاری كردنی قومار كاتێك ئاڵوودەی كەسێك دەبێت ئەو كاتە كەسەكە هەرگیز ناتوانێت بەئاسانی واز لەم یارییە بهێنێت، چونكە ئەو كەسە پێیوایە كە ئەم یاریە خۆشیەكی تایبەتی پێدەبەخشێت، عومەر یەكێكە لەو كەسانەی كە ئاڵوودەبووی یاری قومارە، هەرچەند وەك باسی لێوەدەكات ئێستا وازی لێهێناوە، بەڵام هەموو تەمەنی گەنجێتی لەم دیاردە ناپەسەندە بردۆتە سەر، هەرچی موڵك سامانی هەبووە لەدەستی داوە، دەڵێت: (سەرەتا هەموو كەسێك وەك یارییەكی تەرفیهی دەست بەقوماركردن دەكات، دواتر ئاڵوودە دەبێت)، عومەر ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەتەمەنی هەرزەكاریدا بەهۆی چەند برادەرێكی نزیكیەوە لەیارییە بچووكەكانەوە بەتایبەتی (بلیاردەوە) فێربووە، دەڵێت «بەڵام بەهیچ جۆرە نۆرمێكی خراپی ئەم یارییەم نەدەزانی، دواتر ئاڵوودەبووم نەمتوانی وازی لێبهێنم». ئەو پیاوە پێشیوایە كە یاری قوماركردن تاموچێژێكی زۆری هەیە، دەشڵێت «هەرچەندە پارەش بدۆڕێنیت هەر وا هەست دەكەیت كە لەداهاتوودا یارییەكە دەبەیتەوەو قازانج دەكەیت، ئەگەر جارێك قازانج بكەیت زۆر گەرموگوڕتر دەبێت و زیاتر ئارەزووی بەردەوامبوونی دەكەیت».

یاری قومار بۆتە هاوڕێیەكی ژیانی
ڕۆژانەم و هەموو كات لەبیرمدایە
هێمن ئەحمەد یەكێكە لەو پیاوانەی كە هەموو شەوێك لەگەڵ هاوڕێكانی دەچێت بۆ یاری قومار، ئەو ماوەی 7 ساڵە شەوانە ئەم یارییە دەكات، لەمبارەوە و دەربارەی ئاڵوودەبوون بە قومار كردن دەڵێت «شەوانە كاتێك دەچمە سەرمێزی قوماركردن هەست دەكەم هەموو دنیا هی منەو هەرچی خەم و خەفەتی دڵمە لەبیرم دەچێتەوە، هەموو فكرم دەچێتە سەر ئەم یارییە و بیر لەوە دەكەمەوە چۆن بتوانم پارە لەهاوڕێكانم بەرمەوە». سەبارەت بە لایەنە سلبیەكانیشی دەڵێت «قوماركردن زیانی زۆری هەیە و حەرامیشە، بەڵام تازە بۆتە هاوڕێی ژیانم و ناتوانم دەست بەردەرای بم، تەنانەت وام لێهاتوو كە ناتوانم بیر لەوە بكەمەوە ژیانی هاوسەریش پێكبهێنم».
دواتر پیاوێكی تەمەن 50ساڵە كە ماوەی 17 ساڵە قومار دەكات و تائێستاش بەردەوامە لەم یاریە و دەڵێت «سەرەتا كەدەستم بە قوماركردن كرد، خەمێكی زۆرم هەبوو نەمدەزانی چۆن وابكەم كە ئەم خەمانەم بیربچێتەوە، هاوڕێیەكم هاتە لام و وتی وەرە ئەمشەو دەچینە نادی لەگەڵ هاوڕێكانم یاری دەكەین و دەخۆینەوە، كاتێك لەگەڵی چووم ئەو شەوە هەستم بەهیچ خەمێك نەكرد، ئەوەبوو ئیتر هەموو شەوێك دەچووم تائێستاش بەردەوام شەوانە ئەم یارییە لەگەڵ هاوڕێكانم دەكەم. تەنانەت ناتوانم هیچ كاتێم خاوەنی پارەییەكی زۆر بم، چونكە ڕۆژانە هەرچی ئەو پارەیەی دەستم دەكەوێت شەوانە لە قومار هیچم پێنامێنێت. ئەو پیاوە وتیشی بەردەوام كێشەم لەگەڵ ماڵ و منداڵەكانم هەیە، هیچ كاتێك لەبیری ئەوە دانیم كە دڵی ژن و منداڵەكانم خۆش بكەم و نازانم ڕۆژانە بەچیەوەش خەریكن».

قومار دەیان خێزانی سەرگەردان كردووە
قومار چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زۆرجار قومار بۆتەهۆی سەرگەردان بوونی خێزانێك و دەیان ژن و منداڵ بەهۆی بوونی قومار لەنێو خێزانەكەیانەوە سەرگەردان بوونە، لەمبارەیەوە هاوار كانەبی توێژەری كۆمەڵایەتی ئاماژە بەو كێشە كۆمەڵایەتیانە دەكات كە بەهۆی قوماركردنەوە دروستدەبن، دەڵێت «قوماركردن زۆر كێشەی ترسناكی لێدەكەوێتەوە، ئەو منداڵانەی كەباوكیان قوماردەكات زۆربەیان بەهۆی بێئاگایی كەسووكاریانەوە تووشی لادانی كۆمەڵایەتی دەبن و هیچ پێگەیەكی كۆمەڵایەتیان لەناو كۆمەڵگەدا نابێت، بێجگە لەوەی كە زۆرجار باوك كچەكەی لەقوماردا دەدۆڕێنێت، ئەمەش كێشەیەكی زۆر ترسناكە و ئاییندەی ئەو كچە بەرەوە دۆزەخ دەبات و ئەو كچە هەتا هەتایە بەزەلیلی و هەژاری دەمێنێتەوە».
لەبارەی زیادبوونی یان كەمبوونی دیاردەی قومارەوە وتی «ناتوانین بڕیار بدەین لەسەر زیادبوون یان كەمبوونی قومار، چونكە قومار كردن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوام هەبووە و جاران لەماڵاندا دەكرا، ئێستا لەیانەكان، بەڵام ئەگەر تەماشا بكەین ئێستا زۆر لە هەرزەكارەكان بەهۆی خەریكبوونیان بەفەیسبووك و ئینتەرنێتەوە قومار تاڕاددەیەك كەمبۆتەوە، بەڵام ناشتوانین بڵێین كە قوماركردن نەماوە».
دكتۆر كاروان سلێمان پزیشكی دەروونی ئاماژەی بەوەدا كە قومار وەك ماددەیەكی هۆشبەر وایە، كەسێك كە پێوەی ئاڵوودە بێت، ناتوانێت هەرگیز دەستبەرداری بێت، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەو كەسەی قوماردەكات هیچ كێشەیەكی دەروونی هەیە، بەڵكو زۆركەس هەن ئاڵوودەی قوماربوون هیچ جۆرە گرفتێكی دەروونیان نییەو كەسانی زۆر ئارام و لەسەرخۆن، لەبەر ئەوە ئەو كەسەی كە قومار دەكات مەرج نییە هەموویان كێشەی دەرونیان هەبێت.

دۆڕاندنی كچ لەكاتی قوماردا حەرامە
مامۆستا خالص عومەر ئاماژە بەبوونی دیاردەی بەخشینی ئافرەت لەكاتی قوماردا لەلایەن باوكی یان برایەوە لەجیاتی پارە دەڵێت «ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەهیچ شێوەیەك رێگە بە باوك نادات كچەكەی بەشوو بدات هەتا ڕەزامەندی تەواوی كچەكە وەرنەگیرێت، ئەمە بێجگە لەوەی قومار خۆی لەخۆیدا یارییەكی حەرامە، بەهیچ شێوەیەك جائز نییە كچ لەكاتی قوماردا لە جیاتی پارە ببەخشرێت، هەركەسێك ئەمكارە بكات بە گوناهـ و تاوان لەسەری حسابە».
Top