خانەی بەساڵاچووان ماڵێك بۆ نوێ كردنەوەی ژیان
October 8, 2011
کۆمەڵایەتی
ئەحمەد یەعقوب پیرەمێردێكی تەمەن 76 ساڵانە كە تاوەكو ئێستا ژیانی هاوسەرگیری پێك نەهێناوە و لاوێتی بە ژیانی كرێكاری بردۆتە سەر و دەڵێت: (ژیانم هەمووی دەردە سەری بوو بەردەوام بە دوای ڕاكردنی پاروە نانێك بووم و توانای ژن هێنانم نەبوو)، ئەو پیاوە ئاماژە بەوەش دەكات لەو چەند ساڵەی دوایی تووشی چەندین نەخوشی بووە و توانای كاركردنی نەماوە، بۆیە هاتووتە خانەی بەساڵاچووان لەو كاتەوە هەستی بە ئارامی كردوە و دەڵێت: (من لە ژیانم هەستم بە خۆشی نەكردوە، بەڵام لەو كاتەی لێرە دەژیم زۆر دڵ خۆشم، چونكە بەباشی خزمەت دەكرێم و شوێنێكی پاك و خۆشە، ئەگەر لێرە نەخۆش بكەوم دكتۆر هەیە و چارەسەرم دەكەن و بە ئارەزووی خۆم دەخەوم و هەڵدەستم و دەتوانم بچمە دەرەوە و بێمە ژوورەوە)، لەبارەی ئەوەی كە بۆچی ژنێك لە خانەی بە ساڵاچووان بۆ خۆی هەڵنابژێرێت وتی: (من بیرم كردۆتەوە كە پیر بوومە توانای ژن هێنانم نەماوە، كاتێك گەنج بووم ژنم نەبوو ئێستاش ژنم بۆچییە).
پیرەمێردێك لە خانەی بەساڵاچووان
داوای ژن دەكات
مەحمود ئیبراهیم ئاكرەیی، تەمەن 60 ساڵە لە ساڵی 1979ژنی هێناوە و خاوەنی 5 منداڵە هەر لە تەمەنی لاویەوە بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و لە پۆلی یەكی ناوەندییەوە قوتابخانەی جێهیشتوە بۆ خزمەت كردنی شۆڕش و كوردایەتی، دوای ئەوە هاتۆتەوە، وەكو پاسەوان لە سەر بیرەی ئیرتوازی دامەزراوە و دەڵێت: (ئەوانە هیچیان بۆم نەكرد دوای ئەوە ژنەكەم مرد و منداڵەكانم لە ماڵەوە دەریان كردم، پاش ماوەیەك لە بەغدا لەلایان ڕژێمی بەعسەوە زیندانی كرام، هەروەها وتی: ناسنامەی پێشمەرگەی ئەیلوولم هەیە و ماوەیەك مووچەم وەردەگرت دوای پارەكەیان لێ بڕیم و چەندین جار هەوڵمداوە مووچەكەمیان بۆم نەگەڕاندۆتەوە)، مەحموود ئێستا حەزی بە خانەی بە ساڵاچووان نییە، چونكە هەست دەكات هێشتا گەنجە و پێویستی بە ژیانیكی تایبەت هەیە كە خاوەنی خانوو ژن ومووچەی خۆی بێت و دەڵێت: (داواكارم خانووەكم بۆ دابین بكەن و ژنێك بۆ خوم دەهێنم لەبەر ئەوەی من بە درێژای ژیانم خزمەتی شۆڕش و كوردایەتیم كردوە و ئێستاش كەسم نییە).
لە خانەی بەساڵاچووان دڵێ خۆم دۆزیەوە
غەریب مەحموود عەبدوڵڵا تەمەن 67 ساڵە نزیكەی پێنج ساڵە لە و كۆمەڵگایە ژیان بەسەر دەبات و یەكێكە لەو پیاوانەی كە لەناو ئەو ئافرەتانەی ماڵی بە ساڵاچوان دڵی دەچێتە یەكێكیان و بڕیار دەدات هاوسەرگیری لەگەڵ بكات و دەڵێت: پێشتر ژنێكی ئەمریكم هێنا بوو كە لە كۆمپانیای نەوتی بەغدا كاری دەكرد، بەڵام دوای بارودۆخی عێراق تێكچوو كەس و كاری داوایان كرد بگەڕێنەوە ئەمریكا منیش ئەوم ناردەوە لەگەڵ منداڵەكانم وتم ئێوە بڕۆن تا ماوەیكی تر موڵكەكانمان دەفرۆشم و منیش دێم بۆ لاتان، بەڵام من پاش ئەوە زیندانی كرام و منداڵەكانم هاتبوون لە منیان پرسی بوو منیان نەدۆزیبۆوە كە لە زیندان هاتمە دەرەوە كەسم نەمابوو، ناچار بووم هاوڕێیەكەم منی هێنا بۆ ئەو شوێنە: مام غەریب باس لە چۆنیەتی ژن هێنانەكەی دەكات دەڵیت: (كە هاتمە ئەو شوێنە ئافتاو خانم بینی دڵم بۆی چوو، چونكە زۆر جوان بوو و بە بەردەوام بە بێدەنگی و خەمباری دادەنیشت و منیش پرسیارم لێكرد)، ئەویش لە وەڵامدا: وتی من دەمێكە لێرە دەژیم و بێكەسم، ئیتر بڕیاری هاسەرگیریمانداو ئاهەنگێكی خۆشمان بۆ كرا، ئێستاش زۆر دڵ خۆشم و چاویشم كوێرە و نابینێ، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی بەڵێنی پێداوم نەشتەرگەریم بۆ بكات.
هاوسەرەكەشی ئافتاو كاكی حەمەدەمین كەخەڵكی كەركووكە و دەڵێت: غەریب لەگەڵم زۆر باشە و كە بەمنی وت مێردم پێدەكەی منیش رازی بووم زۆر بەلامەوە خۆش بوو، ژیانێكی نوێمان پێكهێناو ئێستاش بۆ خۆمان پێكەوە دەژین.
ژیانی هاوسەرگیرم
لە ماڵی بەساڵاچوان زۆر پێ خۆشە
بەهار ئافرتێكی تەمەن 42 ساڵە نزیكەی 10 ساڵە بێ كەسە و لە خانەی بەساڵاچوان ژیانی هاوسەری لەگەڵ پیاوێك پێكهێناوە، ئێستاش پێكەوە لەو شوێنە دەژین و كچێكی كەم ئەندامی فڕێدراویان هەڵگرتۆتەوە و بەخێوی دەكەن، بەهار دەڵێت: پێش 10 ساڵە بەڕێكەوت لەگەڵ ئیبراهیم یەكترمان بینی و هاوسەرگیریمان كرد، رۆژانەی خۆمان بە سەیر كردنی تیڤی و هاتوچۆكردن دەبینە سەر، ئەمڕۆ ئیبراهیم چۆتە بازاڕ بۆ ئەوەی هەندێ كەلوپەلمان بۆ بكڕێت و لێرە زۆر دڵمان خۆشەو هەست بە ئارامی دەكەین.
ئەو كۆمەڵگایە بەرنامەی تایبەتی هەیە
توێژەری كۆمەڵایەتی مەجید حەمید لە خانەی بە ساڵاچووان دەڵێت: چەندین بەرنامەمان هەیە بۆ پاراستن و چاودێری ئەو بە ساڵاچووانەی ئێرە، ئێمە بەردەوام هەوڵدەدەین ئەو بەساڵاچووانە بە گوێرەی بەرنامەكانی ئێرە بە جۆرێك هەڵسوكەوت بكەن، كەوا هەست بكەن بەردەوام بەشێكن لە كومەڵگا و یا بەردەوام هەوڵمانداوە وەكو یەك خێزان هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتر بكەن هەروەها لێرە بەشی تەندروستی و وەرزشمان هەیە بە گوێرەی رێنمایەكان لە كاتی دیاری كراو وەرزش بە بەساڵاچووەكان دەكەین.
سەنتەری بەساڵەچوانمان هەیە
وەكو كافتریایەكە بۆ هەموو بە ساڵاچووێك
ئەو كۆمەڵگایە پێكهاتوە لە سێ بەش، بەشی یەكەم ئەوانەی تێدایە كە كەسانی تەندروستن لە ڕووی جەستەیی و دەروونی، بەشەكەی تر پەكەوتە و ناتەندروستن، ئەو دوو جۆرە ئەو كەسانەن كە بێ كەسن و هیچ شوێنێك نییە تێدا بژین، بەشەكەی كۆتایی وەكو سەنتەرێكە كە كافتریاشی هەیە بەساڵاچووان دەتوانن بێن كاتی خۆیان لەوێ بەسەر بەرن یا هەندێك خێزان هەیە دەوامیان هەیە دەتوانن بە ساڵاچووەكانیان لەو سەنتەرە جێبڵن تا ئەوكاتەی دەوامیان تەواو دەبێت، لەپاشان دەبێ بیبەنەوە.
بەڕێوەبەری بەساڵاچووان كەمال تۆفیق لەبارەی ئەو خانەیە دەڵێت: ئێمە لێرە بە هەموو توانامان خزمەتی ئەو بەساڵاچووانە دەكەین و نزیكەی 64 بە ساڵاچوومان هەیە كە 23 یان ئافرەتن، خۆراكەكانیان لەلایان پزیشك و تویژەركان و داواكاریەكانی خۆیان ئامادە دەكرێت و مانگانە ئەو خشتەی خۆراكەیان دەگۆرێت و ساڵی دوو تا سێ جار بە گشتی سەفەرێكیان پێدەكەین بەڵام رۆژانە ئەو بە ساڵاچووەی توانای دەرچوون و گەڕانی هەیە دەتوانی بۆ خۆی بچێتە دەرەوە كە دەردەچێت و ئیمزا دەكات و دەگەڕێتەوەش هەر ئیمزا دەكات بۆ سەلامەتی خۆیان و بەشداری بۆنەكانیان پێدەكەین و مانگانە 45 هەزاریان وەكو مووچە پێدەدرێت و ساڵانە لە هەر وەرزێك سێ جار تا چوارجار جل و بەرگیان بۆ دەكڕێت و بەهەموو جۆرێك خزمەتیان دەكەین.