چۆن ژن ومێرد تاكۆتایی ژیانیان خۆشەویستی بۆیەكتر دەردەبڕن؟

چۆن ژن ومێرد تاكۆتایی ژیانیان خۆشەویستی بۆیەكتر دەردەبڕن؟
* * *
«دوای ئەوەی بە دووانەیەك سێ گیان دەبێت و دوومنداڵی لێ دەبێت، ڕۆژ بەڕۆژ خۆشەویستی لە نێوانیان وەكو سەرەتای دەست پێكی ژیانی هاوسەرگیری نامێنێت و تا دەگاتە ئەو ئاستەی داوای تەڵاقدانی لێ كردووە» خێزان لەسەر بنەمای خۆشەویستیەكی بەهێز دروست دەبێت لە نێوان ژن و پیاو بەڵام ئەگەر بێت و ئەو خوشەویستیە لەگەڵ گەورە بوونی تەمەن بەهێزتر نەبێت، ئەوە خێزان دەكەوێتە مەترسییەوە.
* * *
ئا/ سانە سلێمان


هاوسەرەكەم لەهەست و سۆزی دڵم دەگات
حەسەن ڕەشۆ پیاوێكی كاسبەو خاوەنی شەش منداڵەو لەتەمەنی 25 ساڵییەوە ژیانی هاوسەرگیری پێك هێناوە، ئەو پیاوە لەناو هاوڕێیەكانی بە پیاوێكی دڵ تەڕو قسەخۆش ناسراوە و دەڵێت» ژنم بەدڵی خۆم نەهێنا، بەڵام دوای ئەوەی گواستمەوە ڕۆژبەڕۆژ زۆر خۆشەویست دەبوو، چونكە بەردەوام لەهەست و دڵم دەگات هەموو هەڵسوكەوتەكانی بەدڵی منە، ئەوە بۆ 27 ساڵ دەچێت ئێمە پێكەوین و شەش منداڵیشمان دروست كردوە. بەڵام تاوەكو ئێستاش ژنەكەم وەكو بووكێكی تازە خۆی بۆم دەڕازێنتەوە بەتایبەت شەوانە هەرگیز بەو جلەوە نایەتە ناو جێگا كە بەڕۆژ لەبەری دەكات، چونكە پێیوایە ئەو جلانە بۆنی ناخۆشی خۆراك و چێشتخانە و كاركردنی لێدێت، پێویستە بۆ من خۆی بە پاكی و جوانی ڕابگرێت»
ئەو پیاوە خۆی بە خۆشبەخترین پیاوی جیهان دەزانی چونكە ژنێكی هەیە لەوهەموو ساڵەدا بیری نایەت كە دڵی شكاندبێت و بەردەوام مامەڵەی لەگەڵی نەرم بووە، هەروەها كاك حەسەن لەبارەی خۆیەوە دەڵێت» ژنەكەم چەندە هەست و دڵی منی بەلاوە گرینگە منیش دوو ئەوندە بەقەد ئەو خۆشی ئەوم بەلاوە گرینكە و نازێكی زۆری پێ دەدەم و منداڵەكانیشم فێر كردوە كە نازی دایكیان هەڵبگرن «
كاك محمد بە پێكەنینەوە دەڵێت» دایكی منداڵان دەزانێ نازی هەڵدەگیرێت بۆیە زۆر بەنازە بەسەرمانەوە بەڵام بەخوا بەو نازە جوانتر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەوتەمەنەوە ناوە ناوە دەشعرێنم بۆی»
هاوسەرەكەم تائێستا نازانێت چۆن خۆشەویستی خۆی دەرببڕێت
نەرمین محەمەد ئافرەتێكی تەمەن 38 ساڵە، 18 ساڵە هاوسەرگیری كردوە، خاوەن 4 منداڵە، فەرمانبەرەو هاوسەرەكەشی مامۆستایە، ئەو ئافرەتە باس لەوە دەكات بە هۆی ئەوەی مێردەكەی بەردەوام ڕۆژانە بە ڕووگرژی دەگەڕێتەوە ماڵ و دەیكات بە هات و هاوار بەسەر خۆی و منداڵەكانیدا، نەرمین دەڵێت» مێردەكەم زۆر منی خۆشدەوەێ بەڵام هەرگیز نەیزانیوە چۆن ئەو خۆشەویستیەی خۆی دەرببڕێت و بەردەوام ڕۆژانە توڕەیەو شەڕیەتی منیش كە دەبینم ئەو هەڵسوكەوتی بەم شێوەیەیە ئیتر من هیچ توانایەكم لەدەست نییە. تەنیا ئەوە نەبێت ڕۆژانە خۆم بە خزمەت كردنی منداڵ و ماڵ پاكردنەوەوە خەریك بكەم، بەڵام لەوەدا هەست دەكەم مێردەكەم منی زۆر خۆشدەوێ چونكە هەرگیز خیانەتی لێنەكردوم، زۆر خۆی لە ئافرەت بەدوور دەگرێت»
ئەو ئافرەتە ئاماژە بەوە دەكات بەهۆی ئەوەی پیاوەكەی هەرگیز نەیتوانیوە دڵی خۆش بكات،كە سەرەتا شووی پێكردوە ماوەیەك زۆرباش بووە لەگەڵی، بەڵام دوای ئەوەی سگی بە دووانەیەك پڕدەبێت و منداڵی دەبێت رۆژ بەرۆژ خۆشەویستی لە نێوانیان وەكو سەرەتا نامێنێت و تا دەگاتە ئەو ئاستەی داوای تەڵاقدانی كردوە بەڵام ماڵی باوكی وتیانە، «بگەڕێیتەوە ماڵی خۆت، دەتەوێ حەیامان ببەی»
بوونی خۆشەویستی لەنێوان خێزان دەبێتە هۆی پتەو بوونی بناغەكە
رۆژانە گوێ بیستی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی دەبین وەكو كوشتن و سووتان وتاد بەهۆی خیانەت كردن و نەمانی خۆشەویستی لەو بارەیەوە توێژەری كۆمەڵایەتی دیاری محمد دەڵێت» سەرەتای ژیانی هاوسەرگیری پێویستە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و گونجاندن بێت، چونكە پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لەسەر جوانی بێت یاخود دەوڵەمەندی و هەرچییەكی تر تەنیا ئەو خۆشیانە ئەگەر زۆری بەكێش بكات، تاكو شەش مانگ زیاتر نییە، ئیتر ژن و مێردێك تەنیا لەیەكتر تێگەیشتنیان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر بێت و سەیری هاوسەرگیری دەرەوە بكەین سەرەتا كوڕ و كچەكە تا ماوەیەكی باش یەكتر دەناسن، ئینجا خێزان دروست دەكەن، دوای پێك هێنانی خێزانیش ئەو ژن و پیاوە توڕە بوون و زویر بوونیان زۆر بەلاوە كەمە، لەبەر ئەوەی پیاوەكە دەتوانێ دڵی ژنەكەی ڕابگرێت وەكو هاوڕێیەك سەیری بكات و وەكو ئەوەی ژن زۆر حەز دەكات مێردەكەی بەو جۆرە سەیری بكات و دڵی ڕابگرێت و گرینگی پێبدات، هەروەها پێویستە ژنان هەوڵبدەن لە هەموو ڕووییەكەوە بەدڵی مێردەكانیان بن و بەردەوام لە ناو خەڵك شانازی بە مێردیانەوە بكەن، بۆ ئەوەی ئەو پیاوە دڵنیا بێت لەوەی كە ژنەكەی خۆشی دەوێت وئەمە وای لێدەكات خێزان رۆژ بەرۆژ بناغەكەی بەهێز تربێت»
ئەو توێژەرە باس لەوە دەكات كە ئافرەتێك لەناو كومەڵگا گرینگی بە پاك و خاوینی و جوانی مێردەكەی خۆی و دەوربەرەكەی بدات و لەقسەكردندا ئارام و نەرم بێت و خۆی دوور بگرێت لە هاوار و یان پێكەنین و گاڵتەو گەپ بە دەنگێكی گەورە، ئەمانە هەمووی وادەكات ژن بەلای پیاوەوە جوان و سەرنج ڕاكێش و خۆشەویست دەربكەوێت»
خۆشەوێستی تێكەڵ بوونە بەدەروونی مرۆڤەوە، لەسەر ژن و پیاو پێویستە ئەو لایەنە دەروونیەی یەكترییان بیرنەچێت دوای ئەوەی كەتەمەنێك پێكەوە ژیان بەسەر دەبن و ئەو خۆشەویستیە لە هەست و سۆزی دەروونیان زیاتر بكەن، توێژەری دەروونی كارمەند عەزیز دەڵێت»بەڕاستی پێویستە ئافرەت هەست بەوە بكات كە دڵی مێردەكەی پێویستی بەچییە، بۆ نموونە خۆ جوانكردنی ئافرەت كە بەردەوام كاریگەری لەسەر دەروونی پیاوەكەی دەبێت، بەڵكو بە پێچەوانەوەش دەبێت پیاو ئەو لایەنەی لەیاد نەچێت كە ڕۆژ بەڕۆژ خۆشەویستی ژنەكەی لە دڵییدا بەهێز دەبێت، ئێمە باسی خۆ جوانكردنمان كرد لە زیادكردنی ڕێژەی خۆشەویستیدا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە، چونكە هەستەكانی مرۆڤ بە چەند شتێك دەورژێن و یەكێك لەو شتانەش كە توانای كە توانای دروستكردنی ئەو كاریگەرییەی هەیە بەشێوەیكی زۆر سیما و ڕوخسارە، تەنانەت زۆرجار گرینگی نەدان بەخود چ لەلای پیاو بێت یان ئافرەت وادەكات كە ئەو كەسە كاریگەر بێت بەكەسانی ترو بەمەش سەرەتایەك دەبێت بۆ خیانەتكردن».
Top