گەشتەكەی ژیار بەرەو كەنارەكانی ئیسپانیا

گەشتەكەی ژیار بەرەو كەنارەكانی ئیسپانیا
ئا/كاندێش

كەڵكەڵەی بیری چوونە هەندەران
دوای ئەوەی ژیاری تەمەن نۆزدە ساڵان ماوەی چوارساڵ گیرۆدەی حەكایەتە سەیرو سەمەرەكانی گەنجانی ئەوروپایی بوو، بۆ دواجار بڕیاری چوونە هەندەرانی دا، هەمیشە بەخۆی دەوت چارەنووسی منیش بەوێ بەستراوەتەوە، تاكەینێ بەسەر شانی ئەو باوكە قوڕبەسەرەمەوە بارگرانی بم كە بە كرێكاری منێكی دەسەپاچەی بێكاریش دەژیێنێت، ژیار هەڵوەدای ئەو بەهەشتی سەرزەمینە بوو كە دیمەنەكانی لە كەناڵەئاسمانییەكانەوە سەیڤی خانەكانی مێشكی خۆی كردبوو، یەكەمین شەوی وەرزی پایزبوو باوكی پێی وت بۆچوونە خاریج چاوەڕێی خانوو فرۆشتنم لێ نەكەیت، ئەمیش پێی وتبوو بابە خۆ من هەموو ژیانم لە ژێرزەمینەكەی ماڵەوە بە بێ پارەو پول بردە سەر تۆ بەس پارەی رێگەی چوونە ئیماراتم بدێ، ئەكرەمی كوڕەخاڵم ڕازی بووە لە كۆمپانیاكەی خۆیانەوە ڤیزاو مۆڵەتی كاركردنم لەوێ بۆ دابین بكات، لەوێوە پارەیەك پێكەوە دەنێم و ڕوو دەكەمە ئەو كیشوەرەی خەونی هەموو تەمەنمە، ئەكرەم لەگەڵ بازرگانە ئەڵمانیەكان بەینی باشەو زۆریان دەناسێت، بەشكم لە ڕێی ئەوانەوە شتێكم بۆ دەكات.!!
ئیتر لە دوبەی بۆ ماوەی هەشت مانگ كەوتە ناو كرێكارە هەیكەل زلە شان پانە ئەفغانیەكان كە ئامادەبوون بۆ دوو ژەمی خواردن لە بەیانی تا ئێوارە كۆڵكێشی بكەن، زۆربەی نیوەڕوانان ژیار سەری خۆی لە ناو دەستەكانیدا دادەناو هەر بە چیچكانەوە خەوی لێ دەكەوت، تا نیوەڕۆیەكیان لەپە دەستێكی زبری هیندییەك كە سەركاریان بوو وەئاگای هێنایەوەو پێی وت هنا هۆتیل نی، نوم نی، شوغل شوغلها، انت تاقەت نی، انت روح لی كردستان، ئیتر چەند مانگێكی تریشی لە دوبەی ڕاكێشا، كە وەك بازاڕێكی بە فرت و فێڵ وابوو، هەستی دەكرد كەس لەگەڵیدا ڕاست نییە، هەر لەسەر ئەو نەخشەیەی خۆی سوور بوو كە بۆ چوونە ئەوروپا كێشابووی.
پێوەندی كردن بە قاچاغچییەكی مەغریبی
ئەكرەم دەیزانی ژیار كوێی دێشێت، بە دڵ تەنگییەكەی نیگەران ببوو، بۆیە پێوەندی كرد بە قاچاغچییەكی مەغریبی برادەرییەوە تا بە ناوی گەشتوگوزارەوە ژیار داوەتی مەغریب بكات و بەشكم بە ڕێی دەریای ناوەڕاستەوە بە كەنارەكانی ئیسپانیای بگەیەنێت، ئەم هەڵوێستت جوامێرانەیەی كوڕە خاڵەكەی وەك بارانی نوور دەهاتە پێش چاوی كە لە بیاباندا بەسەریدا دادەكا، دوای چەند ڕۆژێك لە مەغریب خۆی بینییەوە، هەمووی هەفتەیەكی نەبرد ئەم و حەوت نەفەری تریان لەبەلەمێكی بچكۆلانە كردن و بە پشتی دوورگەی لیلیانەوە بە ڕێیان خستن، بێ ئاگا لەوەی چەند ڕۆژێك بوو ناكۆكییەكەی نێوان ئیسپانیاو مەغریب لەسەر ئەو دوورگەیە تاوی سەندبوو، بۆیە كەوتنە بۆسەی پۆلیسی دەریاوانی مەغریبی و بەر لە گرتنیان ئەم پاسپۆرتەكەی دا بە دەم شەپۆلی دەریاوە چونكە ئەكرەمیش سەرەڕای چاكە وەك كەفیلی ژیار ڕەنگە دوچاری گرفت بوایە، ئەوانەی لە بەلەمەكەدا بوون ئێرانی دەرچووبوون بەر لەوەی چینێكی چاكیان لە لێدان بەر بكەوێت خۆیان ناساندبوو كە لە شیرازەوە هاتبوون بە ڕێی مەغریبەوە، بچنە ئەوروپا بەڵام ژیار لە ترسی ئەوەی بۆ شارۆچكەی خانەقینی نەنێرنەوە، خۆی بە لاڵی نیشان دابوون، دوو ڕۆژ فەلاقەیان كردبو لە قیژاندن زیاتر پیتێك لە زاری نەكەوتبوە خوارەوە، تا ئەفسەرێكی پلەداریان هاتبوو وتبووی ئنتە ئیسرائیلی؟ پشتە ملی ژیاری گرتبوو چەند جارێ بەتوندی ناوچەوانی كێشابوو بە دیوارەكەداو تەپڵی سەری خڵتانی خوێن كردبوو تا لە هۆش خۆی بردبوو، ژیار لە بیمارستانی مەراكش بەسەری بەستراوەوە چاوی هەڵهێناو پزیشكێكی عارەب بەسەرییەوە وەستابوو، پێی وتبوو دەزانم تۆ لاڵ نیت ئەمانەی لە پێش دەرگای ژوورەكەتن، ئەمنی مەلەكین، تۆ لە پورتوگالی دەچیت، ژیار دەستی بە گریان كردو وتبووی من كوردی عیراقیم، نامەوێ تەسلیمی باڵیۆزخانەم بكەنەوە، دەمەوێ بچمە ئەوروپا، دكتۆرەكە بە ئاسپایی پێی وتبوو یانی تۆ لەو قەومەدای كە مولا مستەفای بارزانییان هەبوو، ژیار وتویەتی ئەوە ناوی ڕابەری ئێمە چۆن دەزانیت، پێی وتبوو مادام كوردیت من ئەو پەنجەرەیەت بۆ دەكەمەوەو ئەمنەكانیش بە قسەوە خەریك دەكەم، تۆ دەرفەت وەربگرەو هەڵبێ، ئەگەر گرتیانیتەوە باسی ئەم گفتوگۆیەی نێوانمان لای كەس نەكەیت، بەو شێوەیە ژیار لە بیمارستانەوە هەڵهاتبوو.
دوبارە هەوڵدانەوە لە ڕێی دەریای ناوەڕاستەوە
دوای دوو ڕۆژ خۆی گەیاندبووەوە لای قاچاغچییەكەو ئەویش هەندێ پارەی تری لە ئەكرەمەوە بۆ نێردرا تا ئەم جارەیان بە قەیاغێكی لاكێشەیییەوە تا كەنارەكانی نزیك ئیسپانیا خۆی لەگەڵی بچێت، ئەو شەوە هەوای دەریا زۆر سارد بوو، تەقوو تۆقێكی هاتبووە بەر گوێ، جلەكانی پێ داكەندبوو بە مەلەوانی ناردبوویە نزیك رەبیەیەكی تایبەت بە پۆلیسی ئیسپانی، گریان ئەوكی گرتبوو كە هاواری بۆ قاچاغیەكە كردبوو سوپاس شوكرەن،ژیار لە پەنا دارێكدا ڕاكشابوو كە بەیانی زوو بەر لە شەبەق دوو پۆلیسی ئیسپانی بە تفەنگی ئۆتۆماتیكییەوە گەیشتبوونە سەری، ئەم بە ئاگا هاتبوو ئەوەی لە یاد كردبوو كە لە خاكی ئەورپادایە؛ بە خەیاڵی خۆی پۆلیسە مەغریبیەكانی هاتبووە بەرچاو، هاواری لێ كردبوون نا نا لێم مەدەن، بەڵام پۆلیسێكیان لە قەمسەڵەكەی خۆیەوە پێچابووی، كە بردبوویانە ژووری پاسەوانەكانیش هەندێ خواردنیان پێدابوو، سەریشیان بۆ تەداوی كردبوو، ئینجا ئەفسەرێكی ئیسپانی بە ئینگلیزی پێی وتبوو بەر لەوەی بتنێرین بۆ دەزگای كۆچبەران، لە ئیسپانیا كەس دەناسی؟
ژیاریش پێی وتبوون بەڵێ ئەحمەدی مەلا، شیعرەكانیتان نەخوێندۆتەوە..
كاتێ بەسەرسوڕمانەوە لە یەكترییان ڕوانیبوو، ئینجا دوبارە وتبووی ئەی ئێوە لۆركاو كافكا ناناسن؟؟
Top