یاسای توندوتیژی خێزانی لەبەرانبەر فرەڕاوبۆچوونی جیاوازدا..
September 26, 2011
کۆمەڵایەتی
بۆیە وا پێویست دەكات وەك دیاردەیەكی جیهانی بەربڵاو، توندوتیژی بخوێنرێتەوەو وا لۆژیكانەتریشە سەرەتا؛ بونیادو پاڵنەروناوەڕۆكی توندوتیژی دەستنیشان بكرێت و شرۆڤەكاری زیاتری بۆ ئەنجام بدرێت، دواتریش لایەنە دەروونی و كۆمەڵایەتی و مێژووییەكەی بخرێتەڕوو..
ئا/ دیار سالار
یاسای توندوتیژی یەكێك بوو لەو یاسایانەی كە لەدوای مشتومڕێكی زۆرەوە پەرلەمانی كوردستان پەسندی كردووە، لەدوای دەرچوونی ئەم یاسایەشەوە چەندین دەرەنجامی جیاواز و كۆمەڵێك ناڕەزایی و گلەیی و ڕەخنەی لێرەو لەوێ لێكەوتەوە، ئەوەی گرنگە بۆ گۆڤارەكەمان، خوێنەران بزانن تاچەند ئەم یاسایە دەتوانێت سنوورێك بۆ توندوتیژی خێزانی دابنێت، ئایا ئەم یاسایە بەشێوەیەكی كۆتایی و یەكلاكەرەوە دەتوانێت ببێتە ڕێگرێك لەبەردەم دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە كوردستاندا.؟
یاسا دەتوانێت ڕێگر بێت لە توندوتیژی
پارێزەر روناك عومەر ئاماژەی بەوەدا كە تاكە ڕێگە بۆ بنبەستكردن و كەمكردنەوەی توندوتیژی تەنیا یاسایە، چونكە وەك هەموومان دەزانین تا ئەمڕۆ نەتوانراوە ئەم هەنگاوە بەشێوەیەكی پراكتیكی لەبارەی ئەم دیاردەیە بنرێت، لەبەر ئەوە پێویستمان بەیاسایەكە بتوانێت ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی بنەبڕ بكات، ئەو پارێزەرە سەبارەت بەم پرسە گرنگە دەڵێت» بێگومان تا ئەم یاسایە بەشێوەیەكی پراكتیكی نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ناتوانین بڕیاری كۆتایی لەسەر بدەین، ئایا ئەم یاسایە تاچەند توانیویەتی كۆتایی بەكێشە كۆمەڵایەتی و نالەبارەكان بهێنێت، بەڵام لەكۆتاییدا هیوادارم تاڕاددەیەك توندوتیژی كەم بكاتەوە..
یاسای مۆدێرن بۆ هەركۆمەڵگەیەكی نەریتخواز، گرفتی بۆ دروست دەبێت
دەربارەی ئەوەی ئایا یاسایەكی بەم شێوەیە دەتوانێت لەكۆمەڵگەیەكی وەك كۆمەڵگەی كوردەواریدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، شنۆ عیزەدینی توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت» هەموو كۆمەڵگەیەك تایبەتمەندی خۆی هەیە كەلە كۆمەڵگەیەكی تر جیای دەكاتەوە، بێگومان لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە یاسایەكی لەو جۆرە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا، كێشەی زۆر دروست دەكات، چونكە ئێمە كۆمەڵگەیەكی رۆژهەڵاتین و ناكرێت هەندێك یاسای كۆپیكراوی رۆژئاوا وەك خۆی بهێنین و لەناو كۆمەڵگەیەكی رۆژهەڵاتیدا بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە».سەبارەت بەوەی كە چۆن و لەچ كاتێكدا پێویستمان بەم یاسایە دەبێت، شنۆ دەڵی» ئەگەربێت و شارەزایان و پسپۆرانی كۆمەڵایەتی بە ڕۆشنبیركردن و هوشیاركردنەوەی تاكەكانەوە بتوانن هەموو كۆمەڵگە لەكێشەكان ڕزگار بكەن، ئەو كاتە دەتوانین بڵێین یاساكە دەتوانێت ڕۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت».
مامەڵەكردنی سۆسیۆلۆژیانە لەگەڵ داڕشتنی یاساكاندا
هەر لەم بارەیەوە چالاكوان بێریڤان خدر مەولود كە بەرپرسی ئەنجومەنی ناوەندی قەزای هەولێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستانەو وەك شارەزایەكی كۆمەڵایەتی باس لەوە دەكات كە پێویست بوو سەرجەم رێكخراو و سەنتەرەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ڕای خۆیان لەسەر یاسایەكە بدایە بەر لەپەسەندكردنی، بە بەشداری كردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانرا یاسایەكە دەوڵەمەند بكرێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە پێویستە هەموو یاسایەك بەر لە داڕشتنی بەشێوەیەكی سۆسیۆلۆژیانەو زانستیانە زەمینەسازی بۆ بكرێت، واتا دەبێت بەرێگەیەكی سۆسیۆلۆژیانە كارێكی وەها بكرێت تێڕوانینێكی پۆزەتیڤانە بۆ یاسایەكە دروست بكرێت، تا هەموو تاكێك بەشێوەیەكی ئیجابی تەماشای یاساكان بكات، واتا بەر لە هەموو شتێك دەبێت كار لەسەر تێڕوانینی كۆمەڵگە بكەین بۆئەوەی بتوانین لە چواچێوەی بە رۆشنبیركردنەوە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەین، بەجۆرێك هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە هەر لەپیاوانەوە تا ژنان و منداڵانیش لەیاساكان شارەزابن و بزانن مافەكانیان چۆنە، ئەو كات دەتوانین بڵێین یاساكە تاچەند سەركەوتن بەدەست دەهێنێت» سەبارەت بەسەركەوتن و جێبەجێكردنی یاساكە بێریڤان لە درێژەی قسەكانیدا وتی «بێگومان سەركەوتنی یاساكە بەجۆرێك دەبێت كەهەموو تاكێك بتوانێت لەناوەڕۆكی یاساكە تێبگات، بەشێوەیەك هەموو ئەندامانی كۆمەڵگە بەرژەوەندیەكانیان لەناو یاساكەدا بدۆزنەوەو بزانن تاچەند مافەكانیان پارێزراوە».
دواتر سەبارەت بەوەی كە كێ دەتوانێت لەنەهێشتنی توندوتیژیدا ڕۆڵێكی كارا بگێڕێت بێریڤان دەڵێت»بێگومان مامۆستایانی ئایینی دەتوانن لەبەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا ڕۆڵێكی كارا بگێڕن ئەمەش بەوەی لەرێگەی وتارەكانیانەوە هانی تاكەكان بدەن بۆ ئەوەی واز لەكاری ناپەسەندو نابەجێ بهێنن و توندوتیژی بۆ چارەی كێشەكانیان بەكار نەهێنن..
كاتێك توندوتیژی دەبێتە كەلتوور
سەبارەت بەداڕشتنی یاساكەش هاژە سلێمان كەجێگری سەرۆكی لیژنەی بەرگرییە لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت» داڕشتنی یاساكە دەگەڕێتەوە بۆ پرۆژەیاسایەك كە ژمارەیەك چالاكوان و ڕێكخراوێكی مەدەنی پێشكەشی لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەتیان كرد ئەمەش لەخولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام بەهۆی كەمی كاتەوە نەتوانرا پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت، لە خولی سێیەم پڕۆژەیاسایەك بەناوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەهەرێمی كوردستان دوای مشتومرێكی زۆر لەنێوان پسپۆراندا و لە گشت بوارەكانەوە بەتایبەتی لەبواری یاسایی و مافی مرۆڤەوە تاوتوێ كرایەوەو داڕێژرایەوەو پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان كرا. دەربارەی كامڵبوونی پڕۆژەكە لەڕووی یاساییەوە هاژە دەڵێت»دوای پێشكەشكردنی پڕۆژەكەو ڕاوێژكردن بەكەسانی مافپەروەرو یاساناس، دوو كۆنفرانس لەپەرلەمانی كوردستان بەستراون، یەكیان لەلایەن لیژنەی یاساییەوە بۆتاوتوێكردنی پڕۆژەكە تا لەڕووی دەستوورییەوە كێشەی نەیەتە ڕێ، هەروەها كۆنفراسێكیش لەلایەن لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستانەوە بەسترا، بێگومان چەندین جاریش خوێندنەوە بۆیاسایەكە كرا، دواتر لە ڕۆژی 21-6-2011 بەشێوەیەكی فەرمی یاساكە پەسەندكراوە، پەسەند كردنی یاسایەكی لەم شێوەیە بۆ كۆمەڵگەی ئێمە زۆر گرنگە، چونكە كۆمەڵگەكەمان كۆمەڵگەیەكی نەریتیخوازو كەلتوورییەو پابەندە بەكۆمەڵێك دابونەریتەوە كە كردویەتیە كۆمەڵگەیەكی پیاو سالاری، ئەمە بێجگە لەوەی كە توندوتیژی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بۆتە كەلتوورێك و دیاردەیەك زۆربەی تاكەكان لەئێستاو ڕابردوودا تووندتیژی خێزانییان لە بەرانبەر ئەنجامدراوە، بەڵام بەجێبەجێكردنی ئەم یاسایە، دەتوانین ڕێگە لەبەكارهێنانی توندوتیژی بگرین، بەتایبەتی ئەم یاسایە لەنزیكترین كاتدا، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو پێویستە لە هەموو دادگاكاندا كاری پێبكرێت»