بەنازیش بە ئاگـــر كــۆتایی بەژیانی خـۆی هێنا

بەنازیش بە ئاگـــر كــۆتایی بەژیانی خـۆی هێنا
لە چاوەڕوانی دامەزراندن و دیتنی ئەنجامی ئەو هەموو ساڵەی خوێندن و بی ئومێدی و لەژیان بێزار بوون بۆ بەناز كە بە بەردەوامی و نامۆیی هەستی دەكرد ئیتر ژیان بۆ ئەو چ نرخێكی نەماوە، بڕیاریدا بە ئاگر كۆتایی بە ژیانی بێنێت و جەستە ناسكەكەی خۆی لە ڕێكەوتی (27/8/2011) كردە قوربانی شاڵاوی ئاگر. لەڕێكەوتی 4/9/ 2011 لەنەخۆشخانە سەردانی بەنازمان كرد كە بەخەمەوە باسی ژیانی خۆی بۆكردین و بەچاوی پڕ لەگریانەوە هۆكاری خۆسووتاندنەكەی باس دەكرد جەختیشی لەوە دەكردەوە بەهیچ شێوەیەكە لەسەر نامووس و شەرەف ئاگری لەجەستەی خۆی بەرنەداوە، بەڵكو وەكو گەنجێك لەبێ ئومێدی دامەزراندنەكەی و لەبەرهەژاری و دەستكورتی بڕیاری خۆسوتاندنی داوە، چاوەڕێی مەرگی دەكرد تا لەڕێكەوتی 6/9/ 2011 كۆتایی بەژیانی هات و كۆچی دوایی كرد..
بەناز پێش ئەوەی ماڵئاوایی یەكجارەكی بكات وتبووی: پەشیمانم لە خۆم سووتاندن
بەناز دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا بە جەستەی شێواوی سوتاوەوە هەتا ڕۆژی 6/9/2011 لە ژیان مابووەوە، پێش ئەو ڕۆژەش لە نەخۆشخانە سەردانمان كردو داوای دەكرد ژیانی ڕزگار بكرێت، بەناز دانیشتووی شاری هەولێرە لەسەر جێگاكەی بەزمانێكی قورسەوە بە ئاستەم هاواری دەكرد و دەیوت» هەژاری و بێ پارەیی كوشتمی، لە خێزانێكی 11كەسین و كرێچین، باوكێكی پیری بێ كارم هەیە، خوشك و براكانم هەمووی قوتابین، با هەموو كەس بزانێت و بە هەموو هاوڕێیانم بڵێن، ئەوە دووساڵە تەخەروجم كردوەو دوای 15 ساڵ خوێندن و ئەو هەموو چاوەڕوانییەی دامەزراندن، لەماڵەوە دانیشتم كە ناوی دامەزراوەكان گەڕایەوە، ناوی منی تێدا نەبوو، ئیتر ڕۆژبەرۆژ لە ژیان بێزار دەبووم، وامزانی ئەگەر ئاگر لەخۆم بەردەم دەمرم و لە ئازارو بێ ئومێدییەكان ڕزگارم دەبێت، بەڵام ئێستا زۆر پەشیمانم تەنیا ئاواتەخوازم دەنگی كچێكی سووتاو بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بگەیەنن كە یارمەتی هەموو گەنجانی كوردستان بدات، با كەسمان بێ ئومێد نەبین و داوا لە نێچیرڤان بارزانیش دەكەم یارمەتیم بدات، با لە ئازارەكانم ڕزگارم بێت دەمەوێ چاك ببمەوەو درێژە بە ژیانم بدەمەوە»
كچەكەم جەرگمت سووتاند
بەناز كچێكی تەمەن 24 ساڵە، دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی هەولێرە، كچە گەورەی ماڵەوە بوو، هەمیشەخۆشەویستی هاوڕێیەكانی بوو، هەموو قۆناغەكانی خوێندنی بەسەركەوتوویی بڕیوە، دایكی كە ژنی ماڵەوەیە لە نەخۆشخانە بەدیار جەستە سووتاوكەی بەنازەوە بەگریانەوە هاوار دەكات: كچەكەم بەناز بۆ واتكرد، بۆ جەرگمت سووتاند، ئای خوایە گیان دەبێت من چ گوناحێكم كردبێت، كچەكەم، جەرگەكەم ئاگری لە خۆی بەردا؟؟ خوایە گیان كچەكەم بەتۆ دەسپێرم و ڕەحمی پێبكەو لە ئازارەكانی ڕزگاری بكە، ئەوە قسەكانی ئەو دایكە جەرگ سوتاوەیە دەڵێت: كچەكەم لەشەوی 27 مانگی ڕەمەزان كە شەوی قەدری پیرۆز بوو، خەریكی ماڵ پاكردنەوەو ئامادەكردنی كەلوپەل بووین بۆ جەژن، هاتە لای من وتی دایكە دەچمە ماڵی دراوسێیەكمان نەوت دەهێنم بۆ سەماوەر، چونكە نەوتمان نەماوە بۆ سەماوەر، تا جەژن چایی پێ لێنێین، دوای ئەوە چوو لە ماڵی دراوسێیەكمان نەوتەكەی هێناو لە سەماوەری كردبوو، دانیشتبوو لەگەڵمان تا درەنگی شەو، سەرقاڵی كولیچە دروست كردن بووین، ئیتر هەر ئەوەندەمان بینی بەو شەوە درەنگە ڕایكردە گەرماوو ئەو نەوتەی لە ماڵی دراوسێیەكەمان هێنابووی بۆ سەماوەرو چا لێنان، تۆزێك لەنەوتەكە مابوەوە، ئەو نەوتەی لەگەڵ خۆی بردە گەرماوو دەرگاكەی داخست و هاواری كرد خۆم دەسووتێنم، هەموومان ڕامانكردە لای دەرگای گەرماوەكە، دەرگاكە
نەدەكرایەوە، لە دواوە لەلای خۆیەوە كلیلی دابوو، دوای ئەوە تا كلیلێكی ترمان هێنا دەرگاكەمان كردەوە، تەنیا دوو خولەكی پێچوو بەڵام ئاگری لە هەموو جەستەی خۆی بەردابوو، وەكو مۆم گۆشت لە جەستەی دەتوایەوەو ئەكەوتە سەر زەوییەكە»
كچەكەم بەردەوام بەدوای هەواڵێكی دامەزراندنەوە بوو
دایكی بەناز لەبارەی هۆكاری خۆسووتاندنی كچەكەیەوە دەڵێت» ئێمە لە ماڵەوە 11 كەسین و كرێچین، دەستكورتی وایكردووە تا كچەكەم وای لێهات لە ژیانی بێزار بوو بوو، چەندینجار هەوڵی دامەزراندنی داوە، دەچوینە فەرمانگاكانی حكومی بۆ دامەزراندن بەڕێیان دەكردین و دەیانوت بڕۆن دادە دامەزراندنی چی، دوای ئەوەی فۆرم درا بەقوتابیان بۆ دامەزراندن، كچەكەشم لە پەروەردەی هەولێر فۆرمێكی پڕكردەوە، هەموو ڕۆژێك لە دیار تەلەفزیۆن و هەواڵەكانەوە دادەنیشت، تەلەفۆنی بۆ هاوڕێیەكانی دەكرد بۆ ئەوەی گوێی لە هەواڵێكی دامەزراندن بێت. بەڵكو ناوی ئەویشی تێدابێت، بەڵام دوای ئەوەی ناوەكانی پەروەردەی هەولێر گەڕایەوە بۆ دامەزراندن، ناوی كچەكەمی تێدا نەبوو، لەوكاتەوە زۆر بێزار ببوو، بەردەوام گلەیی دەكردو ئەو شەوەی كەئاگری لەخۆی بەردا، داوای جلی جەژنی دەكرد، بەڵام مێردەكەم ئەو مانگە هیچ كاری نەبوو، هیچ پارەیەك نەبوو لەماڵەكەماندا بۆ ئەوەی جلی جەژنیشی بۆ بكڕم».
Top