چۆن منداڵەكەمان ئامادەبكەین بۆسەرەتای ساڵی خوێندن ؟

چۆن منداڵەكەمان ئامادەبكەین بۆسەرەتای ساڵی خوێندن ؟
خوێندن و فێربوون گرینگترین بابەتە بۆ داهاتووی هەر كەسێك، چوونە بەر خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی و لە تەمەنی شەش ساڵی لە كوردستان دەست پێدەكات و خێزانەكان منداڵەكانیان لەو تەمەنەوە دەخەنە بەر خوێندن، بێگومان كاتێك منداڵ لەو تەمەنە بچووكەوە دەنێردرێتە بەر خوێندن تووشی جۆرێك لە بێزار بوون دەبێت، چونكە دەچێتە جیهانێكی نوێ و پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێ و جیاوازەوە، بۆیە پێویستە دایك و باوك بە چەندین ڕێگای زانستیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵە بكەن بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی بۆ دروست نەبێت .

كچەكەم حەزی بە چوونە قوتابخانە نییە
چیمەن عەبدوڵڵا ژنی ماڵەوەیە خاوەن 4 منداڵە ئەم ساڵ بچووكترین كچی دەنێرێتە بەر خوێندن و پێیوایە كە وەكو منداڵەكانی تری تووشی زەحمەتی دەكات و حەزی بە دەوام كردن نییە ئەگەرچی لە ماڵەوە بە چەندین شێوە هەوڵی لەگەڵ دەدەن بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی یەكەم ڕۆژ و یەكەم ساڵ لە خوێندن بەسەر بەرێت، ئەو ئافرەتە دەڵێت» هەرسێ منداڵەكەم زۆر بە زەحمەتی توانییان لەگەڵ ساڵی یەكەمی خوێندنیان بگونجێن بەتایبەتی كوڕە گەورەكەم تا مانگی یەكەم بەزۆر دەمانناردە قوتابخانە و وای لێهات بوو بەشەوان لەترسا میز بكاتە ژێر خۆی، بەڕاستی ئەمساڵیش خەریكە تووشی كێشە دەبمەوە لەگەڵ كچە بچووكەم، چونكە زۆر هەوڵی لەگەڵ دەدەم بۆ ئەوەی قوتابخانەی بەلاوە شیرین بێت و لێی نەترسێت»

بەهۆی ترس وشەرمەوە كوڕەكەم دوو ساڵە لە خوێندن دوا دەكەوێت
منداڵان لە ساڵی یەكەمی خویندن تووشی ترس و شەرم دەبنەوە ئەمە زۆرجار وای كردووە منداڵ تووشی شۆك بكات و دایك و باوكیش نەتوانن هەوڵێكی باشی لەگەڵ بدەن بۆ ئەوەی ئەو منداڵە بەسەر ئەو حاڵەتانەوە زاڵ بێت و فەرامۆشی دەكەن، ئیتر ئەو منداڵە لە ساڵی یەكەم دەبێتە قوربانی ترس و شەرم، محەمەد هادی یەكێكە لەو منداڵانەی كە بەهۆی ترس و شەرمەوە 2 ساڵە لە قۆناغی یەكەمی سەرەتایی دوا دەكەوێت و ناتوانێت لە خوێندن بەردەوام بێت و واز لێ هێناوە، دایكی محەمەد كە فەرمانبەرە دەڵێت» كوڕەكەم دوو ساڵە ناچێتە قوتابخانە بەزۆر دەینێرین، بەگریان دەگەڕێتەوە ماڵەوەو زۆر هەوڵمان لەگەڵیداوە، بەڵام یەك رۆژ دەینێرین هەفتەیەك تووشی نەخوشی دەبێت لە ترسا دەكەوێتە ناو جێگا بەشێوازی جیا هەوڵمان لەگەڵداوە تا ئێستا سوودی نییە، ئەو ساڵەش تاوەكو ئێستا بەردەوام لەگەڵیداین بۆ ئەوەی بتوانین وای لێبكەین كە قوتابخانەی بەلاوە خۆشەویست بێت»

ئامۆژگارییەكان بۆ منداڵەكەت
توێژەری دەروونی سیروان مەحموود لەو باریەوە چەندین ئامۆژگاری بۆ دایك و باوكان هەیە كە چۆن یەكەم رۆژ منداڵەكانیان دەنێرنە قوتابخانە، بۆ ئەوەی تووشی هیچ گرفتێك نەبن پێویستە سەرەتا باسی پیرۆزی قوتابخانەی بۆ بكرێت وگرینگی و سوودەكانی قوتابخانە بۆ منداڵەكە شیبكرێتەوە كە بۆی ڕوون بێتەوە خوێندن بۆ داهاتووی ئەو چەندە پێویستە هەر لەیەكەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەی ئەو منداڵە ئەگەر دایك و باوك بینیان منداڵەكەیان ترسی هەیە و حەزی بە قوتابخانە نییە پێویستە یەكێك لە ئەندامانی خێزانی بەتایبەتی دایكی یان باوكی بەر لەوەی قوتابخانە بكرێتەوە لەگەڵی بێت گشت شوێنەكانی قوتابخانەی پێ ئاشنا بكات و یادگارییەكانی خۆی بۆ باس بكات، كاتێك كە ئەو منداڵ بووە چۆن چۆتە قوتابخانە، ئاشنای بكات بەكەلوپەلەكانی قوتابخانە بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژەی منداڵەكە دەچێت بەلایەوە شوێنێكی نامۆ نەبێت و پێویستە ئەوە بۆ منداڵەكەی روون بكاتەوە كە یەكەم رۆژ چەندین منداڵی تری هاوتەمەنی ئەو بەیەكەوە لە پۆلێك دادەنیشن وەكو ئەوە ببێتە سەرەتای وێنەیەك لە مێشكی ئەو منداڵە، دوای ئەوەی كە دەوامی قوتابخانە دەست پێدەكات پێویستە منداڵەكە شەوان زوو بخەوێندرێت، بەیانیانیش بە قسەی خۆش لە خەو هەڵیبستێنن و لە كاتی لەبەركردنی جلوبەرگەكانی پێویستە هەوڵبدرێت منداڵەكە پشت ببەستێت بەخۆی و دوگمەكانی جلو بەرگەكەی ببەستێت و پێڵاوەكانی پاك بكاتەوە تا ماوەیەك ناوەناوە لە پێش چاوی منداڵەكە سەردانی قوتابخانەكەی بكرێت بۆ ئەوەی هەست بكات كە ئەو مامۆستایانە پێوەندییەكی دۆستانەیان لەگەڵ ماڵەوەیان هەیە و دایك و باوك بەردەوام ئاگاداری منداڵەكەیانن».
Top