قەڵەوی هەڕەشە لەژنان دەكات
ژنێك: مێردەكانمان حەزیان بەكچی بەژن باریكە نەك خرپن و قەڵەو

قەڵەوی هەڕەشە لەژنان دەكات <br /> ژنێك: مێردەكانمان حەزیان بەكچی بەژن باریكە نەك خرپن و قەڵەو
ژنێك: مێردەكانمان حەزیان بەكچی بەژن باریكە نەك خرپن و قەڵەو

قەڵەوی زۆرجار بۆ ئافرەت بۆتە مایەی بێزار كردن و ناخۆشی لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە بەهۆی زۆری كێشی لەشیان رووبەڕووی گلەیی دەبنەوە و هەڵدەستن لەسەر داواكاری هاوسەرەكانیان كێشیان دادەبەزێنن.
ئا: سانه سلێمان
هاوسەرەكەم حەقی خۆیەتی
گلەییم لێبكات
پەخشان لاوە، ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵە خاوەن منداڵە یەكێك بوو لەو ئافرەتانەی كە وەكو یاریزانێك لە هۆڵی لەشجوانی بۆ دابەزاندنی كێشی، وەرزشی دەكرد و كە لە تەمەنی 20 ساڵەوە ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە دوای شوو كردنەكەی منداڵێكی بووە ئیتر لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا خۆی بەلاوازی نەبینیەوە بە گوێرەی قسەكانی خۆی رۆژ بەرۆژ قەڵەوتر دەبێت، بۆیە بڕیاری داوە كە لە هۆڵی لەشجوانی بەردەوام وەرزش بكات و كێشی خۆی دابەزێنێت. ئەو ئافرەتە دەڵێت» قەڵەوی دەردو بەڵایە، مرۆڤ ئەگەر كێشی زیاد لەبەدەر بوو، ئەوا بەهیچ شێوەیەك خۆشی لەژیان نابینێت، لەڕاستیدا مێردەكەم بەردەوام گلەییم لێدەكات كە من بەو جۆرە قەڵەو بوومە، ئەویش حەقی خۆیەتی لە دەرەوە ئەو هەموو كچە جوان و ناسكە دەبینێت بۆیە دەیەوەی لاواز ببمەوە.

وەك جاران پیاوان
حەز لەئافرەتی خرپن ناكەن
دلڤین نەوزاد ژنێكی تەمەن 47 ساڵە ماوەی 4 مانگە دەچێتە هۆڵی لەشجوانی بۆ دابەزاندنی كێشی و تا ئێستا 15كیلۆی دابەزاندووە، ئەو ئافرەتە دەڵێت» ڕاستە بە وەرزشكردن كێشم دابەزیوە، بەڵام زۆر بێزار بوومە، چونكە قەڵەوییەكەم نارێكی نەكردووم و كێشەی بۆ دروست نەكردوومە، بەڵام چی بكەم ئەوە داواكاری مێردەكەمە ئەوندە چاوی بەكچی جوان دەكەوێ و لە دوای بڵاو بوونەوەی ئەو سەتلایتەوە زنجیرە درامایە بیانیانە ئەو كچە بیانیانە دەبینن بۆ ئێمەش كێشەی دروست كردووە، مێردەكانمان حەزیان بەكچی بەژن باریكە وەكو پێشوو نەماون ئارەزوویان لە كچی خەرپن و قەڵەو بێت».

وەك پیاوێ حەزدەكەم
ژنەكەم جوان بێت
رۆستەم رەشید كە هاوسەری دلڤینە پێوایە ئەوە بۆ بەرژەوەندی ژنەكەیەتی كە حەز دەكات ژنەكەی لاواز بێت و جوان دەربكەوێت و دەڵێت» ژنەكەم بەردەوام گلەیی دەكات و واهەست دەكات قەڵەوی كێشەی بۆ دروست ناكات، بەڵام لە راستیدا من وەكو پیاوێك ئێستا لەو سەردەمە دەژیم تێدەگەم كە ئافرەتی قەڵەو جوان نییە و باوی نەماوە وەكو پێشوو، كە گۆرانیان بەسەر خرپنی ئافرەت دەوت بەلایانەوە شاز بوو، ئێستاش ئەوكات نەماوە پێویستە ژنەكانیش بیر لەوە بكەنەوە لەگەڵ جوانی ئەو سەردەمە خۆیان بگونجێنن».

مێردەكەم دەڵێت بەهۆی قەڵەویتەوە چێژ وەرناگرم
زۆربەی ئافرەتان بەهۆی دواكاری مێردەكەیان خۆیان لاواز دەكەنەوە و ڕوو لە هۆڵی لەشجوانی دەكەن وەكو ئەو خانمەی كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت كە تەمەنی 33 ساڵە و 12 ساڵە شووی كردووە 4 منداڵی هەیە كێشی (103) كیلۆیە دەڵێت» ئەگەر لەسەر داواكاری هاوسەركەم نەبووایە، هەرگیز بیرم لە وەرزشكردن نەدەكردەوە، چونكە من هەر لەمنداڵیەوە بەو شێوەیە قەڵەو بوومە هەرگیزیش خۆم بەلاوازی نەبینیوە ئێستاش هاوسەركەم ئاگاداری كردوومەوە كە لەماوەی یەك ساڵ دەبێت كێشم زۆر دابەزینم ئەگینا ژنی دووەمم بەسەردێنیت، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام پێمدەڵێت بەهۆی ئەو قەڵەویەی تۆ من هیچ چێژ وەرناگرم، بۆیە لەراستیدا منیش ترسم هەیە كە ژنی دووەم بێنیتەوە، چونكە ئەو لە دەرەوە و لە كاتی دەوام چەندین ئافرەتی جوان لەلای كاردەكات، بۆیە منیش ناچارم داواكاریەكەی جێبەجێ بكەم»

پێشتر ژنەكان پێیان شەرم بوو
بێنە هۆڵی لەشجوانی
نازدار خەلیل مامۆستای راهێنەری وەرزشی لە هۆڵی لەشجوانی ئافرەتانی مامۆستا بورهان دەڵێت» ئەوە ماوەی چەند ساڵێكە ئێمە خاوەن هۆڵی لەشجوانی ئافرەتانین، لە پێشوو ئافرەتان زۆر بەكەمی دەهاتن بۆ وەرزشكردن و خۆ لاواز كردنەوە، چونكە رێگریان لێدەكرا لەلایەن ماڵەوەیان یان مێردەكەیان كە بەهەڵە لە شوینی هۆڵی لەشجوانیش تێگەیشتبوون، بەڵام ئێستا خۆشبخاتانە رۆژ بەرۆژ ئافرەتان زیاتر روو لە وەرزشكردن دەكەن و بەتایبەت بەشێكی زۆریان شوویان كردووە لەسەر داخوازی مێردەكانیان خۆیان لاواز دەكەنەوە». ئەو مامۆستایە باس لەوە دەكات كە پێشووتر بەلای پیاوەكانیانەوە عەیب بووە ژنەكانیان بچنە هۆڵی لەشجوانی، بەڵام ئێستا پیاوەكان خۆیان دێن ناوی ژنەكانیان تۆماردەكەن و كاتەكەیان بۆ دیاری دەكەن داوای كاتێكی دیار و پلانی وەرزش و ریجیم و بۆ ژنەكانیان دەكەن».

خۆپاراستن لە قەڵەوی
واتە خۆپاراستن لە نەخۆشی
د.دەشتی دزەیی پسپۆر لە نەخۆشیەكانی هەناو دەڵێت «قەڵەوی دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی وەكو پشت ئێشان و سست بوونی دەمارەكان و لێدانی دڵ و هاتۆچۆكردنی خوێن لەدڵ لەگەڵ زەخت و سوكەری و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بۆیە پێویستە ئافرەتان لەسەردەمێكی وەكو ئەمڕۆ زیاتر پارێزگاری لەخۆیان بكەن و نەهێڵن قەڵەو بن، ئەویش بە وەرزش كردنێكی بەردەوام، چونكە خۆراكی ئێستا هەمووی چەوریە كەشو هەواكە وا لەمرۆڤی قەڵەو دەكات ئاسانتر تووشی نەخۆشی و تەنگە نەفسی بێت. بۆیە دەڵێم ئەگەر ژنان خۆیان پاراست لە قەڵەوی، واتە خۆیان پاراستووە لەنەخۆشی».
Top