نەسرین وادەخوازێت لە شوێنێكدا خۆی بشارێتەوە كە هیچ پیاوێك نەیدۆزێتەوە..

نەسرین وادەخوازێت لە شوێنێكدا خۆی بشارێتەوە كە هیچ پیاوێك نەیدۆزێتەوە..
كەسێكی دڵسۆز شك نابات لە وەزع و حاڵ و گرفتەكانی خۆیی ئاگاداری بكاتەوە، بەدڵێكی پڕ لە خەمەوە بیری لەو ڕۆژە دەكردەوە، كاتێك لە كۆڵان خەریكی ساپ ساپانێ بووە،ئەو كاتەی تەمەنی تەنیا دوازدە بەهارێك دەبوو، بانگیان كردۆتە ماڵەوەو بە زۆرو فشاران لەبری قەرزی پارەی ماڵە باوانی، بەشوویان داوە..

بیخەنە پێش چاوتان؛ كیژۆڵەیەكی ناسكی منداڵكار ببێتە بووكی گەنجێكی زبری هەراشی بیست و پێنج ساڵان، چ زامێك دەخاتە سەر جەستەو چۆن ترسێك لە دڵدا دەڕوێنێت!!

هەرچەندە ئەم شووكردنەی نەسرین هەم مایەی ئاسوودەیی و هەم مایەی شەرمەزاریش بوو، بۆ ماڵباتی خۆی، چونكە ئەم كارە بازرگانییەی لە بەدەلی پارەی قەرزاری بووە، بۆیە ماڵباتی زاواش نەكەوتبوونە كڕینی تەدارەك و جیازی زەماوەندەوە، بە هیچ كلۆجێكیش نەدەكرا ئەم شووكردنە ببێتە مایەی بەختەوەری بۆ نەسرین، هەر لە ڕۆژی زەماوەندەكەدا، نەسرین ئاگاداری پسكە پسك و ورتە ورتی ئاهەنگگێڕەكان بووە، كە لەبن لێوانی ئامادەبووانەوە هەم ستایشی جوانكیلەیی ئەم و هەم موحەیەر مابوون لەوەی ئەو زاوا هەراشەی كە لەپاڵ بووكێدایەو لەخۆشییەكی ناسروشتیدا وەخت دەبوو باڵ بگرێت، بە چ عەقڵ و فامێكەوە منداڵێك دەكاتە هاوسەری شەوانی و شەریكی ڕۆژانی ژیانی، ئەم بە فیداكردنەی نەسرین بۆ ڕزگاركردنی ماڵباتێك لەژێر قورسایی باری قەرزارییدا وەك خەونێكی ناخۆش وابووە، خەونی مۆتەكەئاسای ئەو ڕێوڕەسمەی مارەبڕینی لای مەلاو زەماوەندی گواستنەوەو خوێن بەربوونی یەكەمین شەوی بووكێنی و گەیاندنی بە پەلەی بۆ ئیمرجینسی و چەند هەفتەیەكی نەخۆش كەوتنی ناوجێگەی مانگی هەنگوینی و دوعا و نزاو موفەڕك دانانی چەند مانگێكی ژوورسەرین و ڕۆژان و ساڵانێكی تری پڕ لە هەلاكەتی ناو ماڵە خەزوران، تا ئەو قسەو تانە خەنجەرئاسایەی خەسووی نەسرین كە بۆ دایكی ئەمی ڕشتبوو((ئەم گیسكە لەڕە چی بوو تووشی كوڕەكەی منتان كرد، خۆ بە دەرزی و دەرمان دەژیێ، دەڵێی دەردە كۆپانی گرتووە !!)) هەر هەموو ئەمانەی دەهاتەوە پێش دیدەنی لێڵ وپڕئەسرینی، ئێستا دوای ئەوەی دەساڵێك بەسەر تەڵاقدانیدا تێپەڕیووە، دە ساڵی پڕ زەحمەتی ژیان لەناو ماڵە برا لای دشان و ماڵە باوكی كۆربوەوەی بێ كارو مووچەو پارەو پوول، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ هیچ ڕۆژێك، بەیانی باشێكی لەگەڵ نەكراوەو هەستی دەكرد مناڵە چەتوونەكانی براكانی چاوەدێری بچووكترین ڕەفتاری پلكە بێوەژنەكەیان دەكەن، نەسرین لەم هەموو هەلومەرجە ناچاری و دەردەسەرییانەی پێیدا تێپەڕیوە، لە هەموو كیژانی ناو ماڵباتی خۆیی و دەرو جیرانەكانیشی جوانترو ئێستاش جوانتر بووە، بۆیە پێی وابوو بە شووكردنەوەی بۆ جاری دووەمین، ئیتر ژیانێكی تازە بۆ خۆی دەست پێدەكاتەوە، ئەم بیركردنەوەیەشی لەو ساتەوە دەستی پێكرد كە پەنجەی باریك و شووشەییانەی بەر لەپە دەستی ئەو كوڕە بۆیاخچییە دەكەوێت كە ژوورەكانی ماڵی كاكی بۆیاخ دەكرد، وادیارە لە كاتی تەنگانەییدا ئەوی ناسیوەو وا هەست دەكات بە ئەشق و شووكردنی بەو بۆیاخچییە ئیتر كێشەكانی چارەسەردەبن، ئەمجارەیان شووكردنەكەی بە دڵخوازی خۆیەتی و كارێكی بازرگانی لە پشتەوە نییە، جارێكیشان لە وەڵامی پرسیارێكی دایكیدا دوو دڵی وەلاناوەو ئەوەی لە دڵیدا بووە خستویەتییە سەر زمانی و بەدایكی وتووە ئەوی خۆش ئەوێ و بە بێ ئەو ئەمرێت، لەو ڕۆژەوەی یەكترناسینیان، ئامانجی بۆیاغچی ڕەنگی ڕەشی لەبەرچاو دوورخستۆتەوەو نەسرینیش هەر لەو دیوارە ڕەنگاڵەییانە دەڕوانێت كە ئامانج نەخشاندونی و لەبەرخۆیەوە دەڵێت تۆ بڵێی بەختی منیش رەنگاڵەیی بێت لەگەڵ ویدا، دوای ئەوەی لە دوازدە ساڵیمەوە بەهۆی شووە نەگریسەكەی پێشوومەوە بەدبەخت كرابووم، بە كورتییەكەی ئێستا نەسرین دەزگیرانی ئامانجە، هەركاتێك ئامانج بە تاسەو ئارەزووی ئەشقەوە لێی نزیك دەكەوێتەوە، ئەم ڕادەچڵەكێ و ئەو ڕۆژگارە ڕەشانەی دێتەوە بەر زەین كە بەمنداڵی بەشوودراوە، هێشتا زەبری ئازارەكانی ئەو شووەی لە دڵ و گیانیدا كاڵ نەبوونەتەوە، هەرچەندەش ئەزموونی ئەو كات و ئێستای ئاسمان بە ڕێسمانە، بەڵام ڕەوینەوەی هەورە ڕەشەكەی سەردەمی دوازدە ساڵی كاتی زیاتری دەوێت گەرچی ئامانجیش وەك ئافرەتێكی مەزن و شایستە ڕەفتاری لەگەڵ دەكات، بەڕاستی كەسێكە لە مرۆڤە میهرەبانەكان، نەك وەك مێردە كۆنەكەی كە تەنیا چاوی چڵێسی لەسەرجەستەو لەشی ناسكی ئەم بووە، بێئەوەی بزانێت سۆزو ڕۆمانسیەت و هەستی ڕۆحیی چییە، وەك ئەوەی لە خوێندا گرتبێتی، لەسەرجێگە وەك مار پێچی لێ دەخواردوەو بەتوندی ئازاری بەگیانی دەگەیاند، وا چەند ڕۆژێكە گریان ئەوكی نەسرینی گرتووەو نەك ناتوانێت تەنیا قسەیەكیش بكات بەڵكو خەریكە لەم دەزگیرانە میهرەبانە هاوساڵەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە، كە بەمیهرەوە چاوانی لە دوڕ چاوە غەمگینەكانی دەبڕێت و ئامادەیە هەموو ئەركێك بكێشێت بۆ سڕینەوەی یادوەرییە تاڵەكانی ڕابردووی، ئەم لە پێناوی ئەوەی ماڵ و ماڵباتێك وێران نەبێت بەختیان كردە قوربانی و ئێستا لە نزیكبوونەوەی پیاوان دەترسێت، تەنانەت لەو پیاوەش كە بە ڕاستی ئاشقی بووەو دەیەوێت بەكامی دڵەوە شادی بكات، كەچی ئەم لێی دەترسێت، بۆیە ئێستا نەسرین حەز دەكات لە شوێنێكی لاچەپی وادا خۆی بشارێتەوە كە هیچ پیاوێك نەیدۆزێتەوە..

تێبینی: دوای ئەوەی نەسرین بە تەلەفون پێوەندی بە خانمێكی پەیامنێرمانەوە كردووەو بێزاربوونی خۆی لە ژیانیدا تێگەیاندووە، بەشی كۆمەڵایەتی گۆڤارەكەمان ئامادەییان دەربڕیوە كە لە ڕێی چاودێری كۆمەڵایەتی و توێژەری دەروونی و مامۆستای ئاینییەوە قسە لەگەڵ نەسرین خان بكەین و بە رێنمایی و ئامۆژگارییەوە لەو گرێ دەروونییەی بۆی دروست بووە ڕزگار بكرێت.
Top