خەنەبەندان و كۆمەڵێك یادەوەری بۆ بووكەكان
June 6, 2011
کۆمەڵایەتی
بۆ موژدەی خێروخۆشییە
دیمەن ستار تەمەن 25 ساڵە ماوەی دوومانگە شووی كردووە باس لە چۆنییەتی شەوی خەنەبەندانی خۆی دەكات و دەڵێت» شەوێك پێش ئەوەی بگوازرێمەوە دایكم وتی دەبێت خەنەبەندانت بۆ بكەین لەبەرئەوەی ئەوە دابونەریتێكی جوانە، كاتێك منیش شووم كردوە بۆمنیش كراوە بۆیە ئەبێت بۆ هەموو كچەكانیشم بكرێت» ئەو كچە دەڵێت» لە ڕاستیدا شەوی خەنەبەندان بەلای منەوە شتێكی ئەوندە گرینگ نەبوو چونكە پێم وانییە ئێستا ئەوندە باوی مابێت،بەڵام دوای ئەوەی من لەسەر داوكاری دایكم ئەو كارەم ئەنجامدا ئینجا زانیم ئەو شەوە شەوێكی زۆر خۆشە چونكە هەموو ئافرەتەكان و دراوسێ و هاوڕێیەكانی بووكەكە كۆدەبنەوە بە هیچ شێوەیەك نابێت پیاو بەشداری بكات و دەیكەین بەئاهەنگ و چەپڵەو سەماكردن لە دەوری بووكەكە سەمادەكەین و گۆرانی بۆ دەڵێین كە بووك لەسەر زەوی لە ناوەڕاستی ژوورێك دانیشتووە جلێكی كوردی لەبەرەو خەنە لە دەستەكانی دەدرێت» خەنەبەندان شەوێك بەر لە گێڕانی ئاهەنگی بووك گواستنەوە لەلایەن خێزانی هەر یەك لە بووك و زاوا ئەنجامدەدرێت، وەكو موژدەی خێروحۆشی دوور لەخەم و كێشە بۆ هاتنی ژیانی داهاتووی ئەو كوڕو كچە كە ژیانی هاوسەرگیری پێك دەهێنن.
خەنەبەندانە بە مانای نیشانەی ڕووسووری كچەكە دێت
د.شوكریە رەسوڵ شارەزا لە بواری كەلتور دەڵێت»پیش ئەوەی ئاهەنگی بووك گواستنەوە ئەنجامبدرێت خزم و كەسەكانی بووك و زاوا كۆدەبنەوەو دەیكەنە ئاهەنگی خەنەبەندان ئەویش بۆئەوەی كە بەیانی بووكە خواحافیزی لە ماڵی باوكی دەكات، لەناو كوردستان یان بابڵێین لەناو دەوڵەتە ئیسلامیەكان ئەو خەنەبەندانە بە مانای نیشانەی ڕووسووری كچەكە دێت كە پەڕۆی سپی لەگەڵ خۆی دەبات و ڕەنگەكەی سووردەكات، ئەویش بەو شێوەیە پاك و سەربەرزە كە چۆن خەنە پیرۆز و بەنرخە ئەو پەڕۆكە سوورەی ئەویش بەوجۆرە پیرۆزە لە پێش مام و عەشیرەت و خزمەكانی و واتە ئەوە نیشانەی ڕوو سپی بوونی كچەكە خۆی و بنەماڵەكەیەتی هەروەها كە وێنەی مانگ و ئەستێرەو خۆری بۆ دروست دەكەن بۆ باشی بەخت، هەروەها لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی تر جیاوازە ئیتر هەر كۆمەڵگایەك بەگوێرەی داب و نەریتی خۆیان هەڵپەڕكێ دەكەن.
كچانی ئەم سەردەمە ئەوەندە باوەڕیان پێنەماوە
دایكان زۆر ئارەزوویانە كە بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوی كچەكەیان ئەو ئاهەنگە ئەنجامبدەن و وەكو ئەوەی لە كۆنەوە خۆیان ئەنجامیانداوە بەڵام كچانی ئەو سەردەمە ئەوەندە باوەڕیان بەو بۆنەیە نییە تەنیا وەكو دابونەریتێكی كۆن سەیری دەكەن كە لە باو باپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە.
پورە وەسەفیە رەحیم ئافرەتێكی تەمەن 56 ساڵە خاوەن 6 كچە شەوی خەنەبەندانی خۆی دەگێڕێتەوە كە 36ساڵ لەمەوپێش بووە دەڵێت» ئەگەرچی ئەو شەوە كاتێكی زۆری بەسەر ڕۆیشتوە بەڵام هەرگیز بیرم ناچێت چونكە ڕۆژیك بوو لە ڕۆژە خۆشەكانی تەمەنم ئەو شەوە ماڵی زاوا تەنیا ژنەكانیان ئامادە دەبن و لەگەڵ هاوڕی و كەسوكارە نزیكەكانم كە چەند سینیەك لە خەنەیان ئامادە كردبوو لەگەڵ خوێ و شەكر و شیرینی لەگەڵ چەند گەڵایەكی سەوز، خوشكی هاوسەرەكەم و براژنەكەم دەست و پەنجەكانمیان بەخەنە ڕازاندەوە، دوایی من و هەندێك لە كچە گەنجەكان خەنەیان لە ناو لەپی خۆیان دەدا بە مەبەستی ئەوەی بەختیان باش بێت لە داهاتوودا، گۆرانییان دەوت و دوعای خێر و خۆشییان بۆم دەكرد» پورە وەسەفیە دەڵێت» لە ڕاستیدا شەوی خەنەبەندان چەندین یادگاری بەنرخی بەلامەوە جێهشتووە» ئەو ژنە گلەیی لە كچەكانی دەكات، كە ئارەزووویان لەو بۆنەیە نییەو پێیوایە لە سەردەمی ئێستادا ئەو دابونەریتە كاڵ بۆتەوە بۆیە پێی اخە كە تەنیا خەنەبەندانی بۆ كچەگەورەكەی ئەنجامداوە، دووكچی تری شوویان كردوە هیچ حەزیان بەو بۆنەیە نەبووەو گرینگیان پێ نەداوە.
خەنەبەندان لەوڵاتە عەرەبییەكاندا
هەر لەسەردەمی كۆنەوە تا ئێستا خەنە ڕۆڵێكی بەرچاوەی هەبووە بێجگە لەوەی كە بۆ لایەنی تەندروستیش بەكارهاتووەو سوودی لێ وەرگیراوە لەڕووی ئایینی ئیسلامیشەوە پیرۆزكراوە هەروەها شەوی خەنەبەندان لە دەوڵەتە عەرەبیەكانیش ڕۆڵێكی باشی هەبووە بەشێوەیەكی جیاواز بەڵام بەهەموو جۆرێك خەنە لەسەر سینیك دادەنرێت و ناو لەپەكانی بووكی پێ دەڕازێندرێتەوە.
عەلی حوسێن پیاوێكی خەڵكی میسرە تەمەن 37 ساڵە خاوەن 2 منداڵە دەربارەی شەوی خەنەبەندان لە میسر دەڵێت» لە لای ئێمە نەوەك هەر بووك بەڵكو دەست و قاچی زاوەكەش لەخەنە دەدرێت گرینگ نییە هەركاتێك بێت، بەڵام دەبێت پێش ئاهەنگی گواستنەوە بێت، ئەو كاتەی من ئاهەنگی مارەبڕینم كرد، دوای مانگێك شەوی خەنەبەندانمان كردو دوای هەفتەیەك ئاهەنگی گواستنەوەم ئەنجامدا كە سینیەك دەهێنن و لە ناوەڕاستی خەنەكەی دادەنێن و مۆم لە دەوری خەنەكە دادەنێن و شیرینی بەسەر بووك و زاواكە دەبارێنن و شەربەتی و شیرینی بەسەر ئامادەبووان دابەش دەكرێت و سەماكەرێك لەبەردەم بووك و زاوا سەما دەكات و خەڵكی دەیكەنە چەپڵەو خۆشی ئەمەش بۆ مەبەستی پێكەوە مانەوەی بووك و زاوایە لە ژیانیان تا دووربن لە شەیتان و جیا بوونەوە» ئەو پیاوە میسرییە دەڵێت» لە میسریش ئێستا ئەوەندە باوی ئەو ئاهەنگە نەماوەو زۆر بەكەمی ئەنجامدەدرێت»