كچان هاوسەری خۆیان هەڵدەبژێرن و خانەوادەكانیان ناڕازین

كچان هاوسەری خۆیان هەڵدەبژێرن و خانەوادەكانیان ناڕازین
ئەگەر پێشتر دەرفەتی كەمتر ڕەخسابێت بۆ كچان و كوڕان بۆئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی ژیانی هاوسەرایەتی خۆیان بدەن ئەوا هەنوكە دەرفەتەكان زیاترە و دەرگاكان كراوەترن لەبەردەمیاندا،ئەمەش وایكردووە كە پێش ئەوەی بنەماڵەی هەریەكە لەو كچ و كوڕە بزانن كە دەیانەوێت ببنە هاوسەری یەكتر ئەوا ئەمان لە لێواری بەهاوسەرایەتیبوون نزیكدەبنەوە و چاوەڕێی ئەوە دەكەن بڕیاری كۆتایی خانەوادە وەربگرن و بچنە ژیانی خێزاندارییەوە، بۆیە لەم ڕێپۆرتاژەدا ئەوەدەخەینە بەر دیدەتان تا بزانین كچان چ رێگەیەك دەگرنەبەر بۆئەوەی دایك و باوكیان ڕازی بكەن كاتێك دەبنە رێگر لەو پێناوەدا.

«مامۆستای ئاینی رێگەیەكی گونجاوە»
ئەو كاتەی كە كامەرانی هاوسەرم هاتەداوام بۆ ئەوەی شووی پێبكەم تەواوی ئەندامانی ماڵەوەمان ڕازی بوون جگە لە باوكم ئەویش تەنیا لەبەرئەوەی كە حەزی لەوە نییە لەگەڵ خەڵكی ئەو گوندەدا خزمایەتی پێكبێنێت كە كامەران خەڵكی ئەوێ بوو، ئەمە وتەی ناسكە رەحمان جافری تەمەن 30 ساڵ بوو، هەروەها وتی كە لەبەرئەوەی دایكم و مامەكانم نەیانتوانی ڕازی بكەن بۆیە ناچاربووین لەرێگەی مامۆستای ئاینی گەڕەكەمانەوە قەناعەت بە باوكم بكەین و ڕازیبوو بە هاوسەرایەتیەكەمان، بۆچوونی وابوو كە دەبێت كچ بێ ئومێد نەبێت لەو رێگایانەی كە دەیانگرێتەبەر.

«برای كچ حەزدەكەن ئاگاداری هەڵسوكەوتی خوشكەكانیان بن»
لەبەرئەوەی باوكم چووبۆوە تەمەنەوەو برایەكی گەورەم هەبوو كە ئەو بەرپرسیارێتی ژیانی ئێمەی كەوتبووە ئەستۆ بۆیە بریاڕدانی ژیانی هاوسەرایەتی من و شاسواری هاوسەرم كەوتبووە دەست ئەو، لەبەرئەوەی كە دایكم و خوشكەكانم هەموویان ڕازی بوون و ئەیانوت تەنیا بۆچوونی محەمەدی برات گرنگە لەسەر ئەو كارە، ئەمە وتەی سۆزیار كەمال ئەمین بوو كە تەنیا 8 مانگە چۆتە ژیانی هاوسەرایەتییەوە، وتیشی هەرلەسەرەتاوە براكەم رازی نەبوو تەنیا لەبەرئەوەی كە زانیبووی دووجار لەگەڵ شاسوار لە شوێنە گشتییەكان وادەمان هەبووەو بەیەكەوە قسەمان كردووە بەبێ ئاگاداری ئەو، بۆیە دوای یەك مانگ خەریكبوون لەگەڵی لەلایەن مامێكمەوە ئەوسا ڕازی بوو.

«بیر لە سووتانی جەستەت مەكەرەوە»
زانست كە ئێستا هاوسەری منە لەبەرئەوەی لەتەمەنی لاوێتیدا چەندین جار هاتۆتە سەر رێگەی قوتابخانەم و براكانم بەوەیان زانیبوو، دایكم و باوكیشم خۆشیان نەدەویست بۆیە لەخانەوەدەكەی مندا یەك كەس ڕەزامەند نەبوون لەسەر هاوسەرایەتیمان، ئەمە وتەی شێوە قادر حەسەنی تەمەن 24 ساڵە، وتیشی تاكە ڕێگەیەك لەبەردەمی مندا تەنیا ئەوەبوو كە بەدایك و باوكم وت ئەگەر نەمدەن بەو كوڕە ئەوا خۆمدەسووتێنم و پاش ئەوەش كە دایكمم ڕازی كرد جەختم لە دایكم كردەوە كە لای باوكم ئەو قەناعەتە دروستبكات كە لەوانەیە شێوە خۆی بسووتێنێت بۆیە باوكیشم ڕازی بوو،بەڵام بۆچوونی وابوو كە تەنیا لەبەرئەوە وتویەتی خۆمدەسووتێنم تاكو شوو بە زانست بكات و بەڕاستی نەبووە كە خۆی بسووتێنێت.

«هەندێك جار تاقانەبوون دەبێتە ڕێگر»
لەبەرئەوەی كچە تاقانەی ماڵەوەبووم وامدەزانی كە هەر بڕیارێك بدەم ماڵەوە تەواو پشتیوانیم لێدەكەن و دڵم ناشكێنن بەڵام بۆچوونەكەم پێچەوانەبوویەوە و وتیان لەبەرئەوەی كە تاقانەیت دەبێت بەدڵی هەموومان شوو بكەیت لەبەرئەوەی ئێمە بەرژەوەندی ژیانی تۆمان دەوێت ئەمە وتەی چیا عومەر ئەسعەد بوو، هەروەها وتیشی لەبەرئەوە نەمتوانیوە لەگەڵ ئەو كوڕەدا كە خۆشمویستووە ژیانی هاوسەرایەتی پێكەوەبنێم، ئەمە جگەلەوەی رێگەی زۆرم گرتەبەر بەڵام سوودی نەبوو لەبەرئەوەی كوڕەكە خاوەنی بڕوانامە نەبوو و بەرپرسیارێتی ماڵی باوكیشی لەئەستۆبوو.

«پێكەوەنانی خێزان پێویستی بە وردەكاری هەیە»
پێش هەموو شتێك دەبێت كچ ئەوە بزانێت كە لەگەڵ كێدا دەیەوێت ژیانی هاوسەرایەتی پێكبێنێت و بیر لەوە بكاتەوە كە چەندە قبوڵە لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە ئەوسا دەروازەی ئەو پرۆسەیە لەگەڵ كوڕەكەدا بكاتەوە لەبەرئەوەی تەنیا بریاڕدان نییە لەسەر چارەنووسی خۆی بەڵكو پێوەندی بە ژیان و مامەڵە و لایەنی كۆمەڵایەتی خانەوادەشەوە هەیە، ئەمە وتەی شوان كوێخا عەزیز محەمەد ئەمینی توێژەری كۆمەڵایەتی بوو.
Top