ئافرەتان تاچەند دەتوانن متمانەبەیەكتر بكەن

ئافرەتان تاچەند دەتوانن متمانەبەیەكتر بكەن
***
ئافرەت بوونەوەرێكی ناسكە، دەتوانێ هەموو ڕاستییەكان بەهاورێ كچەكەی بڵێ، لەبارەی ئەو شتانەی كە تایبەت بە ڕووخسارو یان هەر شتێكی تایبەتیتر بێت، ئایا ئافرەتان تاچەند دەتوانن سیقە بە ئافرەتێكی تر بكەن.....؟؟؟
***
ئا-بەهرە سدیق


بوونی متمانە لەنێوانمان پێوەندی هەیە بە بەدەستهێنانی متمانەی بەرامبەرەوە
سارا ئافرەتێكی خاوەن 2 منداڵە لەم بارەیەوە دەڵێت «یەكێك لەخەسڵەتە تایبەتمەندییەكانی ئافرەتان ئەوەیە كەزۆربەی جار هەوڵ دەدات ئەو بابەت و تایبەتمەندییانەی خودی خۆی لای كەسانێك باس بكات كە زۆر متمانەی پێیانە، لەوانەیە زۆرجار لای خوشكی یان كەسێكی نزیكی قسەنەكات بەڵام لای هاوڕێیەكی كە زۆر جێگەی متمانەیە باسی دەكات، چونكە ئەو زیاتر لێی نزیكەو لێی تێدەگات، واتە مەرج نییە ئافرەت متمانەی بەهەموو هاوڕێكانی یان خوشكەكانی نەبێ، ئەمە زیاتر پێوەندی بەبەدەستهێنانی متمانەی بەرامبەرەوە هەیە».
ئافرەت لەنێوانیان متمانە هەیە،نەبوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی كەسایەتی
نەرمین نەجمەدینی توێژەری كۆمەڵایەتی پێی وایە ئافرەتان متمانە بەیەك دەكەن بەڵام نەبوونی متمانە لەسەر كەیاسەتییەكان دەمێنێتەوە، چونكە ناتوانیت بۆ هەموو كەسێ ئەوەی لەناختایە باسی بكەی جاری وا هەیە ئافرەت نەخوێندەواریشە ئەگەر شتێكی بۆ بدركێنی ئەگەر كەسایەتیەكی بەهێزی نەبێ نەتوانێ باسی نەكات، لێرەدا هۆكارەكەی بۆ هەڵبژاردنی كەسەكان دەگەڕێتەوە واتە رەنگە هەڵبژاردنی ئێمە بۆ كەسایەتییەكان هەڵە بێت نەوەك ئافرەتان ناتوانن سیقە بەئافرەت بكەن،دەبێ بزانین قسە بۆ كێ دەكەین جا هاوڕێ بێ یان خوشكت بێ بۆ نموونە «دەبینین كۆمەڵە خوشكێكن بەیەكەوە كەچی خوشكەكان تەنیا یەك لەخوشكەكانیان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی قسەی بۆبكەن و متمانە بەئەویتر لەویاندا زیاترە، پیاویش هەیە بەهەمان شێوەیە، هۆكاری تریش هەیە لەوانەكچ هەیە كەسێكی خۆش دەوێ بەهەمان شێوە ئەویش هاوڕێكەی خۆش دەوێ، یان كچ هەیە خۆی سەركەوتوو نییە لە ژیانیدا ئەوا هەڵدەستێت بەباس كردنی نهێنییەكانی هاوڕێیەتییان واتە بوونی حەسادەت وەك تۆڵەسەندنەوە وایە»
هاوڕێیەتی كوڕان باشترە لەكچان
پەریسا قادری وەك كچێك وتی«ئێستا دنیا وای لێهاتووە كە خوشك باوەڕ بەخوشك نەكا با زۆر دوور نەڕۆین من ئێستا باوەڕم بەكەس نەماوە،چونكە جارێك ڕووداوێكم بەسەرهات سیقەم زۆر بە هاوڕێیەكی كچ هەبوو بەهۆی ئەوەوە تووشی كێشە بووم تەنیا هەڵەكەی من لەوەدابوو سیقەم پێی هەبوو ئێستاش من سیقەم بە هاوڕێی كچ نەماوە، بەڕای من هاوڕێیەتی كوڕان باشترە لە كچان لەوانەشە لەكومەڵگای ئێمەدا رێگە بەكچەكانمان نەدرێ یانیش هەر نەشیاوبێت كە كچ هاوڕێی كوڕی هەبێت بەڵام من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم چونكە زیاتر سیقە لای كوڕ هەیە تا كچ چونكە من بەباشی لە مەبەستی كچان دەگەم».
زۆربەی كچانیش بوونی متمانە پەیوەست ناكەن بەڕەگەزەوە
هێدی دەڵێت» متمانە پەیوەست ناكەم بە رەگەزەوە بەڵكو پەیوەستە بەخودی كەسەكەوە من هاوڕێم لە هەردوو رەگەز هەیەو وەكو یەكیش متمانەیان پێ دەكەم».
Top