كاریگەری بوونی منداڵ لەژیانی هاوسەران

كاریگەری بوونی منداڵ لەژیانی هاوسەران
منداڵ هەرچەندە دڵخۆشكەرە بۆ دایكان و باوكان و بناغەی پتەوكردنی پێوەندی لەنێوانیانە بەڵام لەهەمان كاتتدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پێوەندی تایبەت لەنێوان ژن ومێرددا. جاری واهەیە هۆكارە بۆ دووركەوتنەوەو لێك جیابوونەوەیان ئایا ئەمە لەبەر چییە؟
بایەخنەدان بەپیاو دەبێتە هۆی بیركردنەوە لەهێنانی ژنی دووەم
مەلا جەعفەر گوانی دەڵێت»ژن ومێرد تەواوكەری یەكترن و كۆڵەگەی خێزانن، بۆیەمنداڵ هەبێ یان نەبێ كێشەیان هەبێ یان نەبێ پێویستە ئەو خۆشەویستیەی كە لەنێوان ژن ومێرد هەیە بەردەوام بێ، چونكە ئەگەر خۆشەویستی بەردەوام نەبوو ئەوكات ئەگەر منداڵیش نەبێ كێشە دروست دەبێ بۆیە پێغەمبەر دەفەرمووێت» باشترین ئافرەت كەبۆ پیاو باشە ئەو ئافرەتەیە كاتێك مێردەكەی تەماشای دەكات دڵی خۆش بكات و شادمانی بكات» بۆیە لەڕووی ئایینیەوە پێویستە هەردووكیان رێز لێگرتن و مافدانی یەكیان لەبەر چاو بێت، هەرچەندە ئێمە دەزانین كاتێك منداڵ بوو ئەو خۆشەویستیەو ئەو گرنگیدانە كەم دەبێتەوە چونكە كەسی سێیەم كە منداڵە ئەو دێتە گۆڕێ، بۆیەدەبینین ئێمە لەلیژنەی فتوادا زۆربەی ئەو كێشانەی دێتە پێشمان ئەوەیەكە ئافرەتەكەو پیاوەكە هیچ عەیبێكیان نەبووە بەڵام ئافرەتەكە مێردەكەی پشتگوێ خستووە. لەڕووی خۆجوان كردن و بۆن خۆش كردن پیاوەكە بیری لەوە كردۆتەوە درەنگتر گەڕاوەتەوەماڵ و چووە بۆسەرجێی، هێنانی ژنی دووەم بۆیە لەڕووی ئایینیەوە دەبێ هەردوولا هەرچەندەبەهۆی منداڵەوە قۆناغەكە دەگۆڕێ بەڵام پێویستە نەگاتە ئیهمال كردن،بوونی منداڵ بێشك كاریگەریی هەیە،ئەگەر دایەنگەو ئەوشتانەی تایبەت بە منداڵ نەبێ ئەوا ئەركی ئافرەتەكە قورستر دەبێ، بۆیە بە باوەڕی ئێمە دووسەری هەیە كاتێك ئەگەر منداڵ هەبێ ئەوا پێوەندی نێوانیان پتەوتر دەبێ.
ئافرەتان پێیان وایە خۆیان دەور دەبینن لەڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ژن و پیاو
گولیزار محەمەد ئافرەتێكی تەمەن 26ساڵە خاوەنی یەك منداڵ وتی»ئافرەتەكە خۆی دەور دەبینێ لەڕاگرتنی هاوسەنگی و گرنگیدان لەنێوان منداڵ و هاوسەرەكەی بەڵام لەكاتی زۆر مەشغولی ئەوا ناتوانم حەقی تەواو بەهەردووكیان بدەم بەڵام لەسەر ژن و مێردەكە دەوەستێ بۆنموونە كە سەرەتا منداڵەكە لەدایك دەبێت ئەوا ئافرەتەكە زۆر زۆر سەرقاڵ دەبێ و بێگومان ئەو كات ناتوانێ گرنگی پێشووتر بەمێردەكەی بدات جاری واش هەیە بەپێچەوانەوە پیاوەكە زۆرجار بەشێوەیەكی وا بەمنداڵەكەوە پەیوەست دەبێت كە ئاگای لەمن نامێنێ بەڵام دەبێ هەوڵ بدەین ئەم ئیهمالییە نەمێنێ، ئەو كاتانەی ئەو لەدەوامە ئەوا هەموو كاتم بۆ منداڵەكە دەبێت كاتێك كە دەگەڕێتەوە حەقی خۆی دەدەمێ»
خۆم بەكەم تەرخەم دەزانم بەرامبەر بەهاوسەرەكەم
هاناعوسمان ئافرەتێكی تەمەن 25 ساڵە خاوەنی 2 منداڵ وتی»دوای هاوسەرگیری لەبەر ئەوەی منداڵەكان شەوانە دەگریێن و ماندووبوونیان دەوێ ئەوا مێردم ناچارە لە ژوورێكی تر بنوێ و من ناهێڵم بێتە لام. خۆم كەمتەرخەمم و هیچ ئاگام لە مێردەكەم نییە بێگومان وەك پێشتر نەماوم و وەك ئافرەتێك ناتوانم گرنگی بەمێردەكەم بدەم، بەگشتیش ژنی كورد دوای منداڵ بوون تووشی نەخۆشی و كێشە دەبێت .
دەروون ناسان پێیان وایە بوونی پلان گرنگە بۆ هێنانی منداڵ
كەریم شەریف قەرەچەتانی دەڵێت» ناتوانین گشتاندن وەك توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بكەین ئەوا لەوانەیە لە ئەنجامدا ژمارەیەك لەئافرەتان دەردەچن كەمتەرخەمن و مێردەكانیان پشتگوێ دەخەن و كێشەیان بۆدروست دەبێت.
بۆیە باشترین شت ئەوەیە كاتێك ئافرەت شوو دەكات و پیاو ژن دەهێنێت پێویستە لەبەر ئەوەی زیاتر پەروەردەكردنی منداڵ لەسەر شانی ئافرەتە بۆیە دەبێ لەگەڵ مێردەكەی رێك بكەوێ بۆ نموونە نابێ 5 تا 6 منداڵ بەدوای یەك ببێت منداڵ بگات بە تەمەنی 3 ساڵی یان گەورەتر بتوانێ جەخت نەكاتە سەر دایكەكە ئینجا یەكێكی تر ببێ. بەڵام ئەگەر منداڵێكی ساڵێك بێ و یەكی تریش بەدوای دابێت وای لێ دێت بەس خەریكی منداڵەكانی بێت. ئەمەش وای لێ دێت هاوسەرەكەی هەست بەبۆشاییەك دەكات و خیانەتی زەوجی و هەندێ شتی لابەلای لێ دەبێتەوە وەك دڵپیسی و لێك جیابوونەوە بۆیە پێویستە یەكەم: شت ژن و پیاو پلان دابنێن تامنداڵێكیان بگاتە تەمەنێكی گونجاو ئینجا یەكی تر ببێ؛ چارەسەرێكی تریش ئەوەیە دەبێ ئافرەتەكە هاوسەنگی رابگرێ كاتێ مێردەكەی لەدەرەوە دەبێ ئیشی ناو ماڵ و چێشتخانە بكات و كەئەویش گەڕایەوە كاتێكی تایبەتی بۆ تەرخان بكات، ئەگەر ئەویش ئیش بكات دەبێ پیاوەكەش هاوكاری ئەو بكات و پێویستە لەهەموو شتێ هاوكاری یەكتر بكەن بۆنموونە قاپ شوشتنێكە یان غەسالە پێكردنێكەو پاشان پێویستە جەدوەلێك دابنێن بەیەكەوەبن لەكاتێكدا منداڵەكە نووستوە یان لەدەرەوەیە یان لەقوتابخانەیە»
Top