ژنان داوا دەكەن حكومەت زەوی و موڵكیان بەناو بكەن

ژنان داوا دەكەن حكومەت زەوی و موڵكیان بەناو بكەن
بۆ پاراستنی خێزان و هێشتنەوەی بناغەی خێزان پێویستە حكومەت بە هەموو جۆرێك هەوڵبدات پشتگیری لەمافەكانی ئافرەتان بكات، هەبوونی بڕیارێك یان یاسایەك تا ئەو موڵكەی حكومەت بە فەرمانبەرانی دەدات بخرێتە سەرناوی ئافرەتەكە ئەمەش بۆ پاراستنی خێزان و كەمبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و پێشكەوتنی كۆمەڵگایە.

ئەو پارچە زەوییە بووە هۆی ئەوەی هاوسەرەكەم ژنم بەسەربێنێت
(و،ن) ئافرەتێكی تەمەن 30 ساڵە، فەرمانبەرە لە قوتابخانەیەكی هەولێر، خاوەنی دوو منداڵە، ماوەی 5 ساڵە لە هاوسەرەكەی جیابۆتەوە كە تائێستاشی لەگەڵدابێت خاوەن هیچ موڵكێك نییە، ئەو ئافرەتە دەڵێت» پێش ئەوەی لە هاوسەرەكەم جیا ببمەوە لەلایان حكومەتەوە پارچە زەوییەكیان بەمێردەكەمدا، بەڵام ئەو زەوییە بەناوی ئەوەوە بوو، كاتێك كە لێی جیابوومەوە خاوەنی هیچ موڵكێك نەبووم. ئەگەر ئەو كات ئەو پارچە زەوییە بەناوی من بكرابوایە ئێستا من بۆ خۆم و منداڵەكانم سوودمان لێوە دەبینی، بەڵام بەداخەوە من تا ئەمرۆش خاوەنی هیچ موڵكێك نیمە».
(د،ر) ئافرەتێكی فەرمانبەرە لە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت كار دەكات كە 2 ساڵە لە پیاوەكەی جیابۆتەوە، منداڵێكی تەمەن 3 ساڵانی هەیە، ئێستا لەگەڵ ماڵی باوكی ژیان بەسەر دەبات و دەڵێت» ئەو پارچە زەوییەی كە حكومەت بە هاوسەرەكەمیدا فرۆشتی و ژنێكی تری پێهێنا، بۆیە من رازی نەبووم كە ژنی دووەمم بەسەر بێنێت، داوای جیابوونەوەم كرد، هەرچی بۆ منی كردبوو بۆم گەڕاندەوە كەچی ئێستاش خاوەن هیچ موڵكێك نیم»

پێویستە حكومەت یاسای نوێ دەربكات
هیوا باجەلان ئابووریناس دەڵێت» ئەگەر پارێزگاری لە ڕۆڵی ئەو ژنەی كە هاوشانی پیاوەكەی بەشدار بووە لەپێكهینانی سەروەت وسامانی خێزان دوا جار بەهۆی لێكترازان ودابڕان ژنەكە بەجیابوونەوە لەهاوكێشەكەدا دێتە دەرەوە ئەوا جۆریك لە كەموكوڕی یاسایی باری كەسییەتی دەردەخات و پێویستە گۆڕانكاری بكرێت بەبڕوای من پێویستە چارەسەر بۆ ئەو دیاردەو هۆكارانە بكرێ كەدەبنەهۆی سەرهەڵدانی لێكترازانەكە، ئەویش بەدەركردنی یاساو ڕێنمایی تازە كە لەگەڵ ژیانی سەردەمدا بگونجێت، لەلایەكی دیكەوە بەدەر لە یاساو هەنگاوەكانی حكومەت پێویستە شێوازی هاوسەرگیری لەئەزموونی كۆمەڵایەتیدا سەر لەنوی بەفۆرمێكی تازەوە بێتەئاراوە واتە دەبێ كچان بێنە سەر ئەو بڕوایەی كە لەكاتی پێكهێنانی هاوسەرگیری لە جیاتی هاوسەنگی كردنی خۆی بەچەند مسقاڵێك زێڕ باشترە هاوبەشی بكات لە دابینكردنی ماڵ و پێكهاتەی قۆناغی تازەی ژیان واتە بەرپرسیاریەتی هاوبەش، تا لەئەنجامی ئەوگۆڕانكارییەوە بتوانێ وەك مافی ڕەوای خۆی لەگرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ بەرامبەرەكەی رێكبكەون و هەرچی ماڵ و داهاتی جێگیرو بگۆڕ(اموال منقولە وغیر منقولە) یان هەیەو لەداهاتوو دەستیان دەكەوێ بە بەندێك لەگرێبەستی هاوسەرگیری بەشێوەی هاوبەشی وهاومافی تۆماری بكەن، كە ئەو شێوازە لە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپادا باوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی كە ژن بە ڕێژەكی بەرچاو لەكاركردن بەشدارن لەپرۆسەی بەرهەمهێنان لە وڵاتدا، لێرەوە دەردەكەوێ ئەو حاڵەتە هێندەی پێوەندی بەسیستمی وڵاتەوە هەیە، هێندەش پەیوەستە بە ژینگەی كۆمەڵایەتی و هاتنەپێشی ژنان لەوبوارەو سڵ نەكردنە لەبەرپرسیاریەتی بەشداری كردن نەك خۆخزاندنە نیو بازنەی دیاری كردنی نرخ لەسەرخۆ»پیویستە لەسەر حكومەت لەپڕۆسەی چاكسازی بوارێك بۆئەم بابەتە تەرخان بكات، زۆر باشترە لیژنەیەكی یاسایی پێك بهێندرێت و راوێژبكات بەو ژنانەی شارەزان لەبواری ئابووری ـ هەروەها لێكۆڵینەوە بكات لەسەركەیسی هەڵوەشاندنەوەی خێزان تا لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ژمارەو داتا ئامادە بكرێت، ئینجا لەوێوە ڕێڕەو بگرێت و بەرنامەسازی بكرێت و هەندێك هەنگاو بهاوێژرێت بۆ زەمینەسازی بەمەبەستی كەمكردنەوەی ئەوكێشانە.

پێویستە پەرلەمان یاسایەكی لەو جۆرە دەربكات
دادوەر عەبدولباست فەرهادی دەڵێت»لە ڕووی یاساییەوە ئاساییە ئافرەت خاوەن موڵكی خۆی بێت، ئەو موڵكەی كە حكومەت بەژن و پیاوێكی دەدات ئەوە دەكەوێتە سەر ئارەزووی خۆیان كە ژنەكە یان پیاوكە ئازادن بەناوی هەر یەكێكیان بێت، بەڵام دەكرێت پەرلەمانی كوردستان هەستێت بەدەركردنی یاسایەكی لەو جۆرە ئەو كات ئەگەر یاسایەكی لەو جۆرەش هەبێت نابێتە گرەنتیەك بۆئەوەی ڕێژەی تەڵاق كەم ببێتەوە، چونكە ئەگەر ژن و پیاوێك گەیشتنە ئەو بڕیارەی جیاببنەوە باوەڕناكەم ئەوە ببێتە هۆكارێك كە پەشیمان ببنەوە لەبڕیارەكەیان، بەڵام پێویستە پەرلەمان بڕیارێكی لەو جۆرە دەربكات كە لە بەرژەوەندی ژن بێت».

ئەو جۆرە یاسایە بە مەبەستێكی ڕاستەقینە خزمەتی ژن دەكات
رەمزیە عبدولوەهاب چالاكوانی بواری ژنان دەڵێت» پێویستە لیژنەی ژنانی پەرلەمان هەستێت بەدەركردنی جۆرە یاسایەكی لەو جۆرە ئەگەر بێتو یاسایەكی لەو جۆرە لەكوردستان هەبێت. دەتوانم بڵێم خزمەت كردنی ژنە بەمەبەستێكی ڕاستەقینە، چونكە ئەگەر ئێمە شیكردنەوەیەك بۆ ئەو بابەتە بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە ئەوە لە بەرژەوەندی مانەوەی بناغەی خێزانە «ئەگەر بێتو دایك و باوكێك لەلایان حكومەتەوە مووچەخۆر بن و خاوەن منداڵ بن، پارەی منداڵەكە دەخرێتە سەر مووچەی باوك واتە (زوجیە) لەو باریەوە رەمزیە دەڵێت» رەوا نییە پارەی منداڵان بكەوێتە سەر مووچەی باوك ڕاستە بەزۆر نییە دەكرێت بخرێتە سەر ناوی ئافرەتەكەش، بەڵام پێویستە حكومەت بیر لەوە بكاتەوە كە ئەو بڕە پارەیە حەقی دایكەو هەر لە سەرەتاوە بخرێتە سەرناوی ئافرەتەكە باشترە».

پشتگیری لە جۆرە یاسایەكی وا دەكەین
گەشە دارا سەرۆكی دەستەی لێژنەی ژنانی پەرلەمان دەڵێت» تائێستا بیرمان لە دەركردنی بڕیارێكی لەو جۆرە نەكردۆتەوە بەڵام ئێمە كاتمان لەبەر دەست ماوە، دەكرێت لەداهاتوودا كاری لەسەر بكەین، ئەگەرچی ئەو بڕە پارەیەی كە دەدرێتە فەرمانبەری دایك و باوك بە ئارەزووی خۆیانە بكەوێتە سەرناوی هەر یەكێكیان. بێگومان خۆی لە بنەڕەتدا پێویستە ئەو پارەیە لەسەر مووچەی دایكەكە بێت بۆیە ئەگەر پرۆژە یاسایەكی لەو جۆرە هەبێت هەم بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بگەڕێتەوە سەر مووچەی دایكەكەو ئەو موڵكەی حكومەتیش دەیدات بەناوی ژنەكەوە بكرێت ئەوە من وەكو خۆم پشتگیری دەكەم و بەخزمەت كردنی ژنانی دەزانم».
Top