ئایا ئـــافرەتانی سواڵكەر تووشی دەست درێژی سێــــــكسی دەبنەوە؟

ئایا ئـــافرەتانی سواڵكەر تووشی دەست درێژی سێــــــكسی دەبنەوە؟
بەگوێرەی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكان كە لەساڵی 2008 بڵاو كراوەتەوە، 71%ی هەژارەكان ژنن لە جیهان. لە توێژینەوەیەكی ڕەوشی سواڵكەری مێینە لە كوردستان لەساڵی 2005 كە (5000)پێنج هەزار سواڵكەری ئافرەت هەیە لە كوردستان ئەگەرچی ئەم ژمارەیە بەردەوام لە گۆڕان دایە، سواڵكردن لە كوردستاندا بۆتە دیاردەیەكی بەرچاو و بەردەوام لە زیادبووندایە، لەسەر جادەو بەردەم ترافیكەكان لە عەیادەی دكتۆرەكان لەشوێنە گشتیەكان ڕۆژانە چەندجار ڕووبەڕووی كەسانێك دەبینەوە كە دەستدەگرنەوە بۆ ئەوەی بڕە پارەیەكیان بدرێتێ، ئەو كەسانە خەڵكی جۆراوجۆرن پیاو، ژن، منداڵ، لەناو ئەوانیشدا خەڵكی دەرەوەی هەرێم بەدیدەكرێت، بێگومان ئەمە دیاردەیەكی ناشارستانی و ترسناكە و پێویستە دەوڵەت و دامودەزگا بەرپرسەكان بیر لە چارەسەری بنەڕەتی بكەنەوە.

سواڵ چییە و سواڵكەر كێیە؟
كەسانێك كە سواڵ دەكەن پاساوێكیان هەیە كە گوایە كاریان نییە یان كەم ئەندام و پەككەوتەن یان ئاوارەن یان كەمدەرامەتن و دەرەقەتی گرانی بازاڕ نایەن، ئەم پاساوە بەشێكی ڕاستە، بەڵام بەشێكی زۆری نا ڕاستە، زۆرێك لەوانە لە میانەی ئەم كردەیان بۆیان دەركەوتووە كە هەرچیەك بكەن ئەوەندەیان دەستناكەوێت كە لە سواڵكردن دەستیان دەكەوێت، بۆیە كردویانە بە پیشە و دەستبەرداری نابن، ئەوەی جێگەی سەرنجە ژنان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بۆ ئەم كردەیە بەكاردەهێنرێن. سواڵكردن بەگشتی دیاردەیەكی ناشرین و زەرەرمەندە بۆ كۆمەڵگە و كەسان و خێزانێك كە دەیكەن، بەتایبەتی بۆ ژنان زەرەرەكەی چەند بەرابەرە، بەكارهێنانی ژنان بۆ سواڵكردن لە چەندین لاوە خەتەرناك و ڕووخێنەرە، كەسی داڕووخاویش خۆی بەكەم دەزانێت.
ئەگەری بیركردنەوەو ئەنجامدانی فرۆشتنی لەشی خۆی، هەندێك لەو ژنانەی سواڵ دەكەن پەنا بۆ ئەو كردە ترسناكە دەبەن، زۆرجاریش كەسانی خراپ ناچاریان دەكەن بە كاری سێكسی، ژنێك بكەوێتە سەرجادەو شوێنەگشتیەكان و بەماڵاندا بگەڕێت و دەستبگرێتەوە بۆپارە، تووشی جۆرەها مرۆڤ دەبێت كە بەدڵنیاییەوە بەشێكیان كەسانی بێویژدان و خاوەن كەسایەتی نزم و خۆپەرستن و وەزعی ئەم ژنانە بە هەل دەزانن بۆ ڕاكێشانیان بۆ كاری سێكسی.
كەس داوای مافی ئێمە ناكات
(چ) سواڵكەرە ئەو ژنەی بەعەبایەكی ڕەش خۆی داپۆشتبوو، سواڵ كردنەكەی بۆ كاتی منداڵی و خێزانەكەی دەگەڕێنێتەوەو دەڵێت «لەگەڵ خێزانەكەم پیشەی سەرەكیمانە و خاوەنی دوو منداڵم ئەوانیش لەگەڵ خوم دەگێڕم بۆ سواڵكردن، خەڵكی لای ئێرانم «چ نایشاریتەوە و دەڵێ «من زۆر لەژیانی خۆم بێزارم وەكو ژنە سواڵكەرەكانی تر نیم حەزم بە كاری سواڵكردن بێت، ڕقم لەم كارە سووك و بێ نرخە دەبێتەوە، بەهۆی سواڵەوە لەژیانم تووشی كاری سێكسی بووم بەرامبەر بە پارە و چەندین جاریش جنێویان پێداوم و سووكایەتیان پێكردووم، كاتێك منداڵ بووم لەلایەن خێزانەكەمەوە، ئێستاش لەلایەن مێردەكەمەوە، واهەست دەكەم وەك ئامێرێك بەكارم دەهێنن تەنیا بۆ پارە پەیداكردن» چ زۆر بەداخەو پێوایە نازانێ سكاڵا لەدژی كێ بكات و دەڵێت «لە كوێ مافم وەربگرم، سكاڵا لە دژی كێ بكەم؟؟ لەمێردەكەم یاخود لەخێزانەكەم! هیچ كەسێكیش داوای مافی ئێمە ناكات منیش ناچارم بەم شێوەیە ژیان بەسەر بەرم».
ئەو رۆژانە لای مێردەكەم خۆشەویستم كە پارە زیاتر پەیدا بكەم
(ع)ئافرەتێكی بەتەمەنە لە دەرگای ماڵەكان دەدا لە نیوەڕۆدا بۆ ئەوەی شتێكی دەست بكەوێ و دەڵێت «بچووكیش بووم سواڵكەریم دەكرد، كاتێك پێڕاگەیشتم خوازبێنیم هات، كوڕەكە پێی وتم دەتوانی من بە خێو بكەیت». ئەو ژنە دەڵێت «تەنیا ئەو ڕۆژانە لای هاوسەرەكەم خۆشەویستم كە پارە زیاتر پەیدا بكەم.
بۆ پارە خۆیان پێشكەشمان دەكەن
فیتەرێك دەڵێت «كەسانی وەك من خێرێكی زۆر لەم ئافرەتانە دەبینین، ئەمانە لەناو دوكانەكان دەگەڕێن و دەست دەخوێننەوە و سواڵ دەكەن، خۆشیان پێشكەشمان دەكەن بەرامبەر بە بڕە پارەیەكی كەم «لە كۆتاییدا بەپێكەنینەوە دەڵێ، بەڕاستی ئافرەتی جوان و ناسك و گەنجیشن».
باری دەروونییان زۆر ئاڵۆزە
یوسف عوسمان حەمەد پسپۆری دەروونی لەوبارەیەوە دەڵێت «لەڕووی سایكۆلۆژیەوە دوو جۆرە سواڵكەر هەیە سواڵكردنێك وەك لەش فرۆشی، سواڵكردنێك وەك پارە پەیداكردن. ئەمانەی بۆ پارە سواڵ دەكەن وەك پیشەیەك وەری دەگرن و خاوەن كەسیایەتیەكی لاوازن و متمانەیان بەبوونی خۆیان نییە، خاوەن هیچ پێناسەیەكی كەلتووری و دابونەریەتی تایبەت بەخۆیان نین. هەڵوەشانەوەیەك لەناو ئەم چین وتوێژە دروست بووە كەباری دەروونیان زۆر ئاڵۆزە، ئەوانەی لەهەژارییەوە فێری سواڵكردن بوونە، پەروەردەی شەقامەكان وەردەگرن و ئەمانە لە داهاتوو مەترسی گەورەیان لێدەكەوێتەوە لە ئەنجامی پەروەردەی سەر شەقام».
پێوستە بنكەیەك هەبێت بۆ نەهێشتنی دیاردەكە
پسپۆری كۆمەڵناسی ئاران دەڵێت «سواڵكردن دیاردەیەكی جیهانیەو لەناو هەموو كۆمەڵگەو نەتەوەیەك لەهەر شوێنە و بەشێوەیەك بەرچاو دەكەوێ، بەڵام ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی لەكوردستانی ئێمە، ئافرەتان بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەر شەقامەكان دەبینرێن و پیاوانیش بەچاوێكی نزم سەیری ئەم ئافرەتانە دەكەن، بۆیە هەیە ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بەرامبەر بڕێك پارە بۆكاری سێكسی بەكاری دەهێنێت. لێرەدا ئەم ئافرەتە جارێك بۆ دووجار ئەم كارە دووبارە ببێتەوە لەسەری ئیتر لای ئاسایی دەبێت، ئەم خەڵكانە ئاستی ڕۆشنبیریان زۆر نزمە و لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە كۆمەڵگە ناشرین دەكەن، چونكە ئەمانە بەشێكی بچووكن لە كۆمەڵگە. پێویستە هەوڵبدرێت بۆ دروست كردنی ڕێكخراوێك یان بنكەیەك بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە و ڕۆشنبیركردنیان لەناو كۆمەڵگە بۆ ئەوەی پایەی كۆمەڵایەتیان هەبێت و منداڵەكانیان بەرەو خوێندن بنێردرێن».
ژنەكەم با بۆ خۆتان بێت
لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر عەمید عبدالخالق وتی «لەگەڵ ئەوەی ناكرێ ئافرەت بە ئاسانی دەستگیر بكەین، بەڵام زۆرجار ناچارین دەستگیریان بكەین، چونكە دزی دەكەن و كاری ناشرین ئەنجام دەدەن. كە تەلفۆن بۆ پیاوەكانیان دەكەین، دەڵێن با ژنەكەم بۆخۆتان بێت. لەگەڵ ئەوەش ڕۆژانە بەردەوام 10ئافرەتی سواڵكەر دەگرین كە زۆربەیان ئەوانەن كە پێشووتر لەسەر هەمان كار لە شەقامەكان دەستگیر كراون. تاكو ئێستاش هیچ ئافرەتێكی سواڵكەر نەهاتووە بۆ لای ئێمە سكاڵا تۆمار بكات. ئێمە بۆ چارەسەركردنی ئەم دیاردەیە كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ نوێنەرایەتی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی شارەوانی ئەنجامدا و لیژنەیەكمان دروستكرد بۆ چارەسەركردنی ئەم دیاردەیە، ئێمە بەیانیان بە ئۆتۆمبێل لەشەقامەكان دەگەڕێین و گشت سواڵكەرەكان كۆدەكەینەوە و دەیانێرین بۆ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوانیش بەڕێگەی خۆیان چارەسەری دەكەن.
مووچەیان بۆ دابین دەكەین
دكتۆر عارف حیتۆ لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیەوە دەڵێت «ئێمە دژی دیاردەی سواڵكردنین و هەوڵدەدەین چارەسەری ئەم دیاردەیە بكەین، ئەویش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی بەكارخستن لیژنەیەك هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس كە سواڵكەرەكان كۆدەكاتەوە بۆلای ئێمەی دەنێرن، ئێمەش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەین و لە بەڕێوەبەرایەتی كار، كاریان بۆ دەدۆزینەوە». دكتۆر عارف دەشڵێت «ئێمە ئامادەین مووچە بۆ هەر ئافرەتێكی هەژار و بێكەس دابین بكەین، چونكە مافی خۆیانە، هەر ئافرەتێك یاخود قەیرە كچێك ئەگەر كەسی نەبێت بەخێوی بكات، ئەوكات ئەركی ئێمەیە كاری بۆ بدۆزینەوە و مووچەی پێبدەین، بەڵام تا ئێستا هیچ ئافرەتێك نەهاتووە بڵێت من سواڵكەرم كارم بۆ بدۆزنەوە».
Top