گولـلەیەك كۆتایی بەژیانی گەنجێك دەهێنێ

گولـلەیەك كۆتایی بەژیانی گەنجێك دەهێنێ
كوڕێكی تەمەن 23 ساڵە خاوەن دوكانی جلوبەرگی ئافرەتانە و ژیانی دەبێتە قوربانی گوللەیەك كە تاوەكو ئێستا پۆلیس گومانیان لە مردنی ئەو كوڕە هەیە كە گوایە بەدەستی خۆی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

(ف،ق) لەدایكبووی 1977 پیشەی دوكاندارادانیشتووی گەڕەكی كورانە دەڵێت «براكەم لە هەموومان بچووكترە لەگەڵ ماڵی باوكم دادەنیشێت و دوكانی جلوبەرگی هەبوو لە بازاڕی نیشتمان، پاش نیوەڕۆیان دوكانی جێدەهێشت و تاوەكو دەرەنگی شەو نەدەگەڕایەوە ماڵەوە، زۆر ئامۆژگاریمان دەكرد كە تۆزیك ئاگاداری خۆی بێت لە ژیان، بەڵام بێسوود بوو. من چەند جار پاشنیوەڕۆ دەچوومە دوكانەكەی لەوێ نەبوو گوێشی بەكەس نەدەدا. شەوی 25/4/2011 تا كاتژمێر 3 شەو لە دوای گەڕاین نەماندۆزیەوە، بەیانیەكەی گەڕابووەوە ماڵەوە، لە ماڵەوە دەمانچەیان لەدەست بینی بوو، برایەكەم بەناوی (ن) ئامۆژگاری كردبوو. قسەی پێ گوتبوو، كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ براژنەكەم بەناوی (س) تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی (ت) خۆی كوشتووە، دەست بەجێ من گەڕامەوە ماڵ لاشەی برایەكەم لە ناو ژوورەكە كەوتبوو خوێنێكی زۆری لێ رۆیشتبوو و من بە تەنیا برایەكەم برد بۆنەخۆشخانە لە ژیان نەمابوو من نازانم ئاگاداری رووداوەكە نەبووم تا بزانم كوژراوە یا خۆی كوشتووە». برای مردوو ئامادە نەبوو لەوە زیاتر هیچ قسەیەكی تر بكات، چونكە پێیوابوو براكەی خۆی كوشتووە و نەكوژراوە و بێ ئاگایی خۆشی لەكاتی رووداوەكە دەربڕی.

(ك،م) تەمەن 41 ساڵە ژنی ماڵەوەیە خاوەن هەشت كوڕ و چواركچە دەڵێت «كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ من و پیاوەكەم و بووكەكەم لە ماڵەوە بووین دەمانچەمان بەدەستیەوە بینی، پێم وت كوڕم ئەوە چییە لە دەستت؟ هیچ وەڵامی نەدامەوە چووە ژوورەكەی خۆی هێندەی پێنەچوو گوللەیەكی لە خۆیدا ئێمە نەمانبینی، بەڵام كە ڕامان كردە ژوورەكەی بینم لە سەر زەوی كەوتبوو». دایكی (ت) دەڵێت «هەرگیز لەو بڕوایە نەبووین ئەو كارەبكات، سكاڵام لە دژی كەس نییە، چونكە كێشەی لەگەڵ هیچ لە ئەندامانی ماڵەوە نەبوو».

مقدم جەمیل ئەحمەد ئەمین سورچی بەڕێوەبەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوان دەڵێت «كاتژمێر 4ی ئێوارەی 25/4/2011 ئاگادار كراینەوە كە تەرمێك لە نەخۆشخانەی رزگاریە، دەست بەجێ چووینە نەخۆشخانە و بۆمان دەركەوت مردوو كوڕێكی تەمەن 23 ساڵە كە گوللەیەكی بە پشتی سەری كەوتبوو، لە شوێنی رووداوەكە تەنیا یەك قەوانەی چەكی دەمانچەمان دۆزییەوە لە ناوەڕاستی ژوورەكە بوو، بەڵام چەكی بە كارهاتوومان لە شوێنی رووداو نەدۆزیەوە ئێمە بەردەوامین لە لێكۆڵینەوە، چونكە گومانمان لە خۆكوشتنی ئەو كوڕە هەیە، ئەویش بە هۆی ئەوەی گوللەكە بە پشتی سەری كەوتووە و چەكەكەش لە شوێنی رووداو نەماوە.
Top