هەست ناكەم كچی خۆم بێت!!! بۆیە ناچارم فەحسی DNA ی بۆ بكەم

هەست ناكەم كچی خۆم بێت!!! بۆیە ناچارم فەحسی DNA ی بۆ بكەم
پیاوێك بەناوی (ش.ع) داوای یاسایی لەسەر ژنەكەی كە بەناوی (ل. ا) تۆماردەكات. لەبەرئەوەی ئەوكات كەژنەكەی هێناوە گوایە كچە، بەڵام دوایی بۆی دەركەوتووە ژنە پێش ئەویش دووجار ژیانی هاوسەری پێكهێناوە. دوای چەند ساڵێك (ش.ع) بۆی دەركەوتووە كە ئێستا كچێكی هەیە ئێستاش كێشەكە لەبنكەی پۆلیسی شاوەیسە. هەر لەسەر ئەم بابەتە (ش.ع) تەواوی ئەم رووداوە بۆ گۆڤاری گوڵان باس دەكات.

لە ڕێگای دوكانەكەی باوكمەوە ئەوم بینی
(ش.ع) سەرەتا باس لەوەدەكات و دەڵێت «لە ساڵی 1985 من زیندانی كرام لەبەغدا، دواتر لە ساڵی17/5/1987بە زیندانی سیاسی دەرچووم، ئەوكات باوكم دوكانێكی هەبوو لە بەغدا لە ڕێگای دوكانەكەی باوكم ئەوی بینی، لەو كاتەوە دووسێ جار یەكترمان بینی و دواتر لای مەلا مارەمان بڕی.

بەمنی وت من كچم كەچی ژن دەرچوو
(ش.ع) وتی «دوای مارەبڕی پاش دووهەفتە گواستمەوە لە شەوی زاویەتی من چوومە لای، ئەوكات بە منی وت من كچم، بەڵام بەیانی كە هەستام دایكم داوای پەرۆیەكەی كرد، منیش وتم دایكە من نەمزانیە دەچم پێیدەڵێم، كە داوام لێكرد، وتی «بزرمكردووە خۆی سەرقاڵكرد، بەڵام لە كۆتاییدا دوای چەند رۆژێك لۆكەیەكی دامێ بردم بۆ لای دایكم، بەڵام دایكم وتی ئەوە بە سوراوە ئیتر زۆر لەگەڵمان هەوڵدا، بەڵام سوودی نەبوو لە كۆتایی لەگەڵی كردمە شەڕ داوام لێكرد كە ئەو بابەتەم بۆ روون بكاتەوە وتی من ئەم پەمۆیە دەبەمە لای دكتۆر ئیتر كەچوو بۆلای دكتۆر ئەوكات ئەو ژنە ڕۆیی ماڵی بەجێهێشت تاكو ئێستا نازانم لەكوێیە.

كە ئەو ڕۆیشت منیش لەبەر بارودۆخی سیاسی كوردستانم بەجێهێشت
(ش.ع) زیاتر باس دەكات و دەڵێت «دواتر لەبەر بارودۆخی سیاسی كوردستان لەساڵی 1989ڕۆیشتم بۆ ئێران و نەگەڕامەوە بۆ كوردستان تاكو دوای ڕاپەڕین.
دوای ئەوەی كە گەڕامەوە چوومەوە بەغداد، بەڵام من هەر ئەو ژنەم نەبینی ئەوكات لە خەڵكم دەبیست كە من كوڕێكم هەیە بەناوی «بەنین» دوای ئەوە بیستم كە كچێكم هەیە بەناوی «.........» كوڕەكەم بوو بەكچ !!!!
ئەوكات ئێمە ماڵمان لە مەنصور بوو لە بەغداد ژنەكەشم خانووی خۆی هەبوو فرۆشتبووی بزربوو، برایەكی هەبوو چوومە لای براكەی وتی من پێوەندیم پێوە نییە و قسەمان لەگەڵی نییە، بۆیە تا ساڵی 1998 هیچ هەواڵێكی نەبوو، چوومە لای مێردی خوشكەكەی كە لەبنكەیەكی پۆلیس دەوامی دەكرد، ئەویش بەهەمان شێوە وتی پێوەندیمان لەگەڵی نییە.

پێش ئەوەی شو بەمن بكات دووجاری تر ژیانی هاوسەری پێكهێنابوو
(ش.ع) سەبارەت بە زانینی ئەم رووداوە وتی « پار ساڵ چووم ناسنامەكەم بگۆڕم لە هەڵەبجەوە بۆ كەسنەزان، پێیان وتم تۆ دوو ژنت هەیە لەگەڵ شەش منداڵ، بەڕاستی من تووشی سەرسامی بووم. لەبەر ئەوەی من كە لە ساڵی 1990 ژیانی هاوسەرگیرم پێكهێنا، ئەو ژنەم نەبینیەوە. دوای ئەوەی كە ناسنامەكەم گۆڕی بۆمان دەركەوت كە ئەو ژنە دوو شووی تری كردبوو تەڵاق درابوو، ئەوكات من زانیم ئەوە ژن بووە نەك كچ.
هەر لەو ماوەیەدا و دواتر رۆژێك یەكێك لە براكانم تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی «ئەوە كچەكەتە قسەی لەگەڵ بكە، من تووشی شۆك بووم، چونكە من بەژیانم نەبینیوە، هەربۆیە توڕە بووم و تەلەفۆنەكەم داخست، دوای دوو رۆژ پیاوێكی عەرەب تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی تۆ میوان ڕادەگریت، من هاوسەری كچەكەتم، بەڕاستی من زۆر بەلامەوە سەیر بوو ئیتر نەمتوانی كەس قبوڵ بكەم، دوای ئەوە مامێكم تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی تۆ ئەو كچە وەربگرەوە، چونكە خەڵك پێی دەڵێین دایكت هەیە باوكت بزرە، ئەگەر ناتەوێت هەر با بێین (ئەوراقەكان) بەناوت بكرێت بچێتەوە شوێنی خۆی.
كاتێك كە كچكەم بینی هەستم بەسۆزی باوكایەتی بۆی نەكرد
(ش.ع) وتی : دوای ئەوە كە كچەكە هات و بینیم هیچ دڵم بۆی لێی نەدا، بەهیچ شێوەیەك لەمن ناچێت و بە هیچ شێوەیەك هەست ناكەم كە كچی منە لەدڵەوە، بۆیە بەردەوام دەڵێم ئەو كچە لە من نییە، بەڵام دوای ئەوەش من ئەوراقەكانم بۆ تەواو كرد و رۆیشت وەكو منداڵەكانی خۆم هەڵسوكەوتم لەگەڵ كرد، بەڵام دایكی ئەو كچە هەموو شتێكی شاردبووەوە لەو كچە، ژنێكی بە كچەكەی نیشاندابوو، وتبووی ئەوە پورتە خوشكی باوكتە ئەو كچە بەردەوام ئەچووە لای ژنە و دەستی ماچ دەكرد و هەواڵی كەسوكاری باوكی لێدەپرسی. هەروەها وتبووشی باوكت لە ئەنفال مردووە.

دەمەوێت پشكنینی DNAی بۆبكەم
(ش.ع ) وتی « كچەكە چووبووە لای دایك و باوكم لە ساڵی 2002 داوای ناونیشانی منی كردبوو، بەڵام دایكم دەری كردبوو. ئێستاش دەمەوێت بزانم ئەوكچە هی منە یان نا، چونكە من لەساڵی 1987ئەوژنەم جێهیشتووە و ئێستاش ئەو كچە لەساڵی 1989لەدایك بووە بۆیە دەمەوێت پشكنینی DNAی بۆ بكەم، ئەو كات نەمویست دڵی بشكێنم، بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەكەین تا مانگی 7 منداڵی ببێت و بیهێنینە هەولێر، ئینجا پشكنینی خوێنی بۆبكەین، ئەگەر كچی من بوو ئەوە باشە، بەڵام ئەگەر كچی من نەبێت بەناوی خۆمی ناكەم.
سكاڵای لەسەر تۆماردەكەم
(ش.ع) باس لەوە دەكات و دەڵێت «ئەو ئافرەتە ئێستا چووە بەخۆی خۆی بەتەڵاقدان داوە بەبێ ئەوەی من ئاگادار بم، لەڕووی یاساوەش ئەگەر ژن مێردی سێیەمی كرد نابێت خۆی بەخۆی بچێت تەڵاقی خۆی بەتاڵ بكات، بۆیە ئێستا سكاڵام لەسەر تۆماركردووە لەبەرئەوەی چەندین نهێنی لەمن شاردۆتەوەو ئەوكاتیش كەمنی جێهێشت پارەو زێڕی هەمووی لەگەڵ خۆی برد.
Top