توانجی كوڕان.. كچانی بێزار كردووە

توانجی كوڕان.. كچانی بێزار كردووە
لەهەر كۆمەڵگەیەكدا هەندێك وردە دیاردەی كۆمەڵایەتی هەن كە زۆربەی كات بوونەتە كێشەو گرفت لەبەردەم تاكەكانی كۆمەڵگەدا و هەندێكجار سەریكێشاوە بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی گەورە، هەندێك پێیانوایە لەگەڵ گەشەكردنی كۆمەڵگەدا ئەو وردە دیاردانەش زیاددەكەن و هەندێكی تر پێیانوایە بە گەشەپێدانی ئاستی رۆشنبیریی و هۆشیاریی كۆمەڵگە ئیتر هەڵئاوسانی ئەو جۆرە دیاردانە روو لە پووكانەوە دەكەن، تانەدانیش یەكێكە لەو وردە دیاردانەی كە رووبەڕووی هەندێك لە كچان و ژنانی شارەكانمان دەبنەوە، بەهەر جۆرێك لە جۆرەكان كە بۆتە حاڵەتێك ترس و دڵەراوكێی لای بەشێك لە كچان دروستكردووە كە نەتوانن ئازادانەتر مامەڵەی ژیان بكەن و دڵی خۆیان بدەنە دەرەوەی خۆیان نەك بۆخۆیان بێت.

« گەنجی ئێستا زۆر چاوەڕووی كراوەتەوە، حەقوایە ئاسایش ئاگاداری ئەم دیاردانە بێت»
زۆرن ئەوانەی كە ئیشیان نییە و تەنیا خەریكی سەیركردنی كچانن، كە وادەزانن بۆخۆیان خووشك و خێزانیان نییە و تەنیا ئێمە دێینە دەرەوە و خۆمان دەڕازێنینەوە، ئەمە وتەی ژیا نەصرەدین غەفووری تەمەن 30ساڵی فەرمانبەر بوو، وتیشی جاری واهەبووە لەلایەن ئەو شۆفێری تاكسیەی كە لەگەڵیدا سواربووە تانەی لێدراوە كاتێك كە دابەزیووە، باوەڕیشی وابوو گەنجی ئێستا زۆر چاوەڕووی كراوەتەوە، حەقوایە ئاسایش ئاگاداری ئەم دیاردانە بێت و ببنە پشتیوانی بۆ كچان لەبەرئەوەی جاری واهەیە كچ تووشی هەڕەشەی جەستەیی دەبێتەوە، وتیشی «جارێك لەگەڵ دایكمدابووم لە بازاڕ دوو گەنج كە كتێبی قوتابخانەیان بەدەستەوەبوو تانەیان لێدام كە زۆرم پێناخۆشبوو لەبەرئەوەی دایكم بەجۆرێكی تر هەلوەستەی كرد.
« یەكێك لەو شتانەی رەنگدانەوەی كەسێتی مرۆڤە، بریتییە لە جلوبەرگ»
كچە باڵاپۆشێكی تەمەن 22ساڵی قوتابی زانكۆی سلێمانی بەناوی هاژە كەریم عزەت لەسەر ئەم دیاردەیە وتی «تاكو ئێستا بۆ یەكجاریش تووشی تانەدان نەبوومەتەوە لەلایەن هیچ كەسێكەوە لەبەرئەوەی من وادەبینم كە پێوەندی بە جۆر و چۆنیەتی ئەو جلوبەرگەوەیە كە كچ لەبەریدەكات، هەروەها وتیشی یەكێك لەو شتانەی رەنگدانەوەی كەسێتی مرۆڤە، بریتییە لە جلوبەرگ. هەربۆیەش كاتێك گەنجێك دەبینێت كچێك بەجۆرێك لەجۆرەكان خۆی ئارایشت دەكات بەجلوبەرگێكی تایبەت ئیتر بەشێوەیەكی تر تەماشای دەكات، باوەڕیشی وابوو كە لەلایەك دەبێت كچان خۆیان بزانن چۆن دەپۆشن و لەلایەكی تریشەوە گەنجەكانمان هەست بە ئازادییەكی رەها دەكەن و سنوور بۆ هەڵوێستەكانیان دانانێن.
« ئەوەی كە گەنجی ئێستا پەروەردە دەكات هاوڕێكەیەتی یان بەرنامەكانی راگەیاندن و كەناڵەكانی سەتەلایتە»
من لەزۆربەی وتارەكانمدا باسی ئەم دیاردەیەم كردووە و سەرنجی گەنج و دایك و باوكان و بەتایبەتیش كچانم راكێشاوە بۆ ئەمە، ئەمە وتەی مامۆستایەكی ئایینی بوو كە لەدەرەوەی شارەوە هاتبوو بۆئەوەی منداڵە چاوگەشەی بباتە لای پزیشك، وتیشی گەنجی ئێستا وەكو جاران نییە كە گوێ لەدایك و باوكی بگرێت، بەڵكو ئەوەی كە پەروەردەی دەكات هاوڕێكەیەتی یان بەرنامەكانی راگەیاندن و كەناڵەكانی سەتەلایتە، بەڵام ئەوانەی كە گەنجێكی سەركەوتوون لە خوێندن یان خۆیان بە خول و خوێندنەوەوە خەریك دەكەن، بەدوورن لەم جۆرە حاڵەتانە و پێموایە ئەم جۆرە دیاردانە زیاتر لەناو شارەكاندا هەبێت، بەڵام وردە وردە رووی لەناوچەكانی دەرەوەی شاریش كردووە، كە دەبێت بەهەموو لایەك خەمی لێ بخۆین بەتایبەتیش مامۆستایانی قوتابخانەكان.
« گەنجی وا هەیە بەكۆمەڵ لەسەر رێگەی رۆشتنەوەی قوتابخانەی كچان دەوەستن»
رۆژێك لەگەڵ دەستگیرانەكەمدا دەچووینە بازاڕ بۆئەوەی بزانین نرخی ئاڵتوون و زێڕ و كەلوپەل چۆنە، لەبەرئەوەی بەجۆرێكی خۆشەویستانە مامەڵەمان لەگەڵ یەكتردا دەكرد، منداڵێكی عەلاگە فرۆش تانەی لێداین و بوو بەهۆی ئەوەی كە لەگەڵ دەستگیرانەكەمدا ببێتە كێشەمان، بەڵام منداڵەكە رایكرد. ئەمە وتەی سانا عومەر محەمەدی 21 ساڵبوو، هەروەها وتیشی كە لە زۆربەی شوێنەكانی تر تووشی ئەم جۆرە دیاردانە بوومەتەوە بەشێوەیەك كە ترساوم لەوەی بە ئازادی خۆم بێمە دەرەوە، چونكە گەنجی وا هەیە بەكۆمەڵ لەسەر رێگەی رۆشتنەوەی قوتابخانەی كچان دەوەستن و دەیانەوێت كچێك وەڵامیان بداتەوە جا كە بەدڵی ئەوان نابێت ئیتر تانەیان لێدەدەن، جارێك لەرێگەی پێوەندی ئەو توڵەی كە لە تەلەفزیۆن نووسرابوو گەنجێك وادەی بەیەكگەشتنی لەگەڵ كچێك وەرگرتبوو لە قوتابخانەكەمان كە بەڕاستی ئەمانە دەبنە زیاتربوونی ئەو دیاردانە.
Top