ژنان لەسەر كاركردنیش رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

ژنان لەسەر كاركردنیش رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە
لەبەر ئەوەی خوشكە بێوەژنەكەی بڕیاریداوە كاربكات و بەسەربەرزی بژی و لای براكەی كارەكەی رەتدەكرێتەوە، هەڵدەكوتێتە سەری و دەست دەكات بەلێدانی هەتا كار دەگاتە ئەوەی لە نەخۆشخانە بكەوێت.

(ف) پیاوكی تەمەن 40 ساڵەی خێزاندەرەو دانیشتووی كەركوكە و پیشەی شوفێرە لەگەڵ (م)ی برای، سەر لەبەیانی رۆژی 6/4/2011 نزیكەی كاتژمێر 9 بەیانی دەچێتە ماڵی خوشكەكەی لەهەولێر كە لەگەڵ منداڵە تەمەن 4 ساڵەكەی بەتەنیا دەژی، داوای لێدەكات بگەڕێنەوە كەركوك، بەڵام (س)ی خوشكی داواكەی قبوڵ ناكات و نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام (ف،م) دەڵێت «دوای ئەوەی خوشكەكەم داواكەی منی رەتكردەوە، منیش بەشەق و بۆكس لێمدا تا بە زۆر هاویشتمە ناو ئۆتۆمبێلێك بۆ گەراجم بردوو ویستم بگەڕێینەوە كەركوك، چونكە خوشكەكەم لەهەولێر تەنیا لەگەڵ كوڕە تەمەن 4 ساڵانەكەی لە خانوویەك دەژی و بێوەژنە، ئەمەش بۆ بنەماڵەی ئێمە ناگونجێت، بەڵام خوشكەكەم لە ئاسایشی بازگە خۆی رادەستی ئەوان كرد و ئێمەیان دەستگیر كرد.

جێگەی ئاماژە پێكردنە «خوشكی ئەو پیاوە خاوەن ئارایشگای ئافرەتانە و ئەو پیاوە پێیوایە كاركردن لە ئارایشگا لەگەڵ دابونەریتیان ناگونجێ!!! چونكە خوشكیان شەرەف و ناموسی ئەوانە و دەڵێت» ئەو كارەی ئەو دەیكات و ئەو جل و بەرگانەی لەبەری دەكات ئێمە قبوڵمان نییە، بۆیە لەخوشكەكەم دا تا واز لەو كارانە بێنێت، چونكە ئەو شەرەف و نامووسی ئێمەیە».

(س،م) تەمەن 24 ساڵە بێوەژنە و كوڕێكی تەمەن 4 ساڵانی هەیە و خاوەن ئارایشگایە و بەسەرهاتەكەی بەمجۆرە بۆ گێڕاینەوە و وتی: «لە ماڵی خۆم لە دەرگا درا، چووم بینیم دووبراكەم بەناوی (ف و م) كەوتنە گیانم و لێیاندام وتیان دەبێت خۆت كۆبكەیتەوە بچینەوە كەركوك، من رازی نەبووم ئینجا تەنیا (ف) بەدار لێی دام، (م) یش وەستابوو سەیری دەكرد و قسەی نەدەكرد» بەهۆی ئەوەی براكەی هێرشی كردۆتە سەر لە ماڵەوە رایكردووە، بەڵام لە دەرەوە دەستگیر كراوە بەزۆر خستویانەتە ناو ئۆتۆمبێل تا گەراج رۆیشتوون لەوێ بە ئۆتۆمبێلێكی تر چوونەتە كەركوك كەچی (س) نەیویستوە بگەڕێتەوە، بۆیە لە بازگەی كەركوك دێتە خوارەوە پەنا بۆ ئاسایشی بازگە دەبات. (س) دەڵێت «براكەم لەماڵ دەستی شكاندم و زۆری لێدام بە دەمانچە ویستی بمكوژێت و پێی وتم (دەتكوژم) لە كۆڵت دەكمەوە، بەڵام (م)ی براكەی ترم رێگەی لێگرت و نەیهێشت تەنیا لەبەر ئەوەی من لە ئارایشگا كاردەكەم و لەگەڵ كوڕە بچووكەكەم بەتەنیا دەژیم، لەسەر ئەوەش من لە براكەم خۆش بووم و دەیبوورم و لە سكاڵاكەم پاشگەزبوومەوە.

عەمید خەیرەدین شەهابەدین بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر و دەوروبەری دەڵێت «لە 6/3/2011 ئاگاداریان كردینەوە كە كاتژمێر (1) پاش نیوەڕۆ بنكەی پۆلیسی دارەتوو دوو كەسیان تەسلیم بە بنكەكەمان كردووە كە خوشك و برا بوون بە تۆمەتی لێدان، هەر لە هەمان رۆژ (س)مان ناردە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ كرا، پاشان دوای لێكۆڵینەوە بۆمان دەركەوت، كێشەكەیان لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی خۆیانە كە براكەی بەهەندێك هەڵسوكەوتی خوشكەكەی رازی نییە، ئینجا بەپیێ ماددەی (413) كە مادەی لێدانە، (ف) لە زیندانی بوو تا 12/4/2011 مانگ، تا (س) هات لە سكاڵاكەی خۆی خۆشبوو كە لەدژی براكەی كردبووی و ئێمەش هەستاین بە ئازادكردنی براكەی.
Top