تاكسیەكان بۆخۆیان دەدوێن، ئافرەتانیش دەترسن

تاكسیەكان بۆخۆیان دەدوێن، ئافرەتانیش دەترسن
***
كاتێك بەشەقامەكاندا رێدەكەین تاكو ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی دەبینین چەندان تاكسی كرێ دەبینین كە مانای ئەوەیە خەڵكانێكی زۆر بەدوای پەیداكردنی ژیانی رۆژانەیانن لەرێگەی تاكسییەوە، بەهەمان شێوە چەندان لە هاووڵاتی دەبینین كە دەست رادەدێرن بۆئەوەی كە بە تاكسییەكان بڕۆنە شوێنی مەبەست كە بەشێكی زۆریش لەم هاووڵاتیانە ئافرەتانن، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەموو شۆفێرەكان بەدوای ژیانی رۆژانەیاندا دەگەڕێن بۆخۆیان و منداڵەكانیان؟ ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری ترمان لادروست دەبێت.
***
« كە زانیویەتی من لە قوتابخانەی كچان دەوام دەكەم هەلەكەی قۆستبۆوە»
رۆژێك بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە شۆفێرێكی تاكسی هەبێت بەو شێوە ناشرینە مامەڵە لەگەڵ ژناندا بكات، چونكە داوای ئەوەی لێكردم كە ژمارە تەلەفۆنەكەی پێبدەم، منیش جنێوم پێداو لە تاكسیەكەی دابەزیم، ئەمە وتەی (بەناز عومەر عارف)ی خوێندكاری ئامادەیی بوو، باوەڕیشی وابوو كە بۆ ساڵێك دەچێت چەندین جار بە تاكسی چۆتە قوتابخانە تائێستا یەكجار تووشی ئەو حاڵەتە بووە، ئەویش كە زانیویەتی من لە قوتابخانەی كچان دەوام دەكەم هەلەكەی قۆستبۆوە كە بەو شێوەیە داوام لێبكات، بەڵام من قبوڵم نەكرد، هەروەها وتی لەدوای ئەو جارەوە بڕیارمداوە كە تەنیا بە شۆفێرێكی تایبەت هاتووچۆ بكەم كە هەركاتێك ئیشم هەبوو تەلەفۆنی بۆ دەكەم و دێت بەدوامدا، چونكە دراوسێمانە.

«ماجیكێكی دەرهێناو ژمارەی مۆبایلەكەی لەسەر ئاوێنەكەی ناوەوە نووسی»
رۆژێك لەگەڵ هاوڕێكەمدا لەكاتی هێنانەوەی وێنەكانمان لەدوكانی وێنەگرێگ بەتاكسیەك بۆماڵەوە دەڕۆیشتینەوە لەبەرئەوەی كە لەناو تاكسیەكە سەیری وێنەكانمان دەكرد و هەندێكجار پێدەكەنین شۆفێری تاكسییەكە ئەم هەلەی قۆستەوەو ماجیكێكی دەرهێناو ژمارەی مۆبایلەكەی لەسەر ئاوێنەی ناوەوە نووسی و مەبەستی ئەوەبوو كە ئێمەش بینووسین و پاشان تەلەفۆنی بۆبكەین، ئەمە وتەی (رێناس كەریم ئاسۆ) بوو، وتیشی پێم سەیرە دەبێت ئەو جۆرە كەسانە خاوەنی خوشك و هاوسەری خۆیان نەبن، بەڵام دیارە متمانەیان بەئەوانەی خۆشیان نییە ئەگەرنا بەو شێوەیە مامەڵە ناكەن، بۆچوونیشی وابوو كە ئەم دیاردەیە ڕوو لەزیادبوونەو دەبێت حكومەت و وەزارەتی ناوخۆ ئاگادری ئەم حاڵەتە بێت.

«دەبێت ئەوەش بزانین كە ئافرەتیش هەیە خۆی مەسەلەیەك دەكاتەوەو بەدەم شۆفێرەكەوە پێدەكەنێت»
من وەكو شۆفێرێكی تاكسی كە 8 ساڵە كاری تاكسی دەكەم ئێستاش ژمارەی 6 ئافرەتم لایە كە خۆیان تەلەفۆنم بۆدەكەن بۆئەوەی لەگەڵ مندا هاتووچۆ بكەن، ئەمە وتەی (جەبار تۆفیق محەمەد)ی تەمەن 39ساڵ بوو، باوەڕیشی وابوو كە ئافرەت هەبووە لەگەڵی سواربووە باسی ئەوەی كردووە كە تووشی شۆفێری وەها بووە ویستویەتی كێشەی بۆ دروستكات، دەبێت ئەوەش بزانین كە ئافرەتیش هەیە خۆی مەسەلەیەك دەكاتەوەو بەدەم شۆفێرەكەوە پێدەكەنێت و ئیتر ئەویش وادەزانێت ئەمە بۆ ئەوەیە كە پێوەندی لەگەڵدا ببەستێت، هەروەها وتیشی بوونی شۆفێری ژن بۆ ئیشی تاكسی بەپێویست دەزانم هەرچەندە قەناعەتم وایە كە لەمەودوا بەسروشتی خۆی ژنیش شۆفێری تاكسی دەكەن.

« ئەگەر ئافرەتەكە دەرگای نەكردەوە بۆ قسەكردن و زۆر گوێی بە شۆفێرەكە نەدا، ئیتر ئەویش ناتوانێت بەو شێوەیە بێت»
ئەمە وتەی (ژیان ئەحمەد حەسەن)ی توێژەری كۆمەڵایەتی بوو، باوەڕیشی وابوو كە دەبێت قوتابخانە و راگەیاندن ڕۆڵی خۆیان لەم پێناوەدا بگێڕن لەبەرئەوەی مامۆستا لەقوتابخانە تەنیا بیر لەوە دەكاتەوە كە چۆن وانەكەی پێبڵێ و لەكۆڵ خۆی بكاتەوە بەبێ ئەوەی فێری پەروەردەی جوان و تەندروستی بكات، بەداخەوە ڕاگەیاندنیش نەیتوانیوە مامەڵەیەكی گونجاو لەگەڵ بینەرەكانیدا بكات بەشێوەیەكی گشتی، لەوڵاتان هەموو گۆرانیبێژێك بۆی نییە گۆرانییەكانی لە شاشەكانەوە دابەزن یان ئەوانەی كاریگەری لەسەر بەهای ئایندەی منداڵ دروستدەكەن.


«جاری واهەیە دوای تێپەڕبوونی حەوت هەشت تاكسی ئەوسا دەست بۆ یەكێكیان رادەدێرم»
زۆرجار شۆفێریی تاكسی هەبووە كە هۆڕنی بۆ لێداوم تەنیا لەبەرئەوەی كە بەجۆرێك جلوبەرگم پۆشیوە وادەزانن بەم جلوبەرگانەوە خاوەن كەسێتییەكی نزممان هەیە، ئەمە قسەی كچە خوێندكاری زانكۆ(ناز فاروق زرار) بوو كە هەندێكجار بە پاسی رزگاری ناڕواتەوەو ناچارە تاكسی بگرێت، هەندێكجار هەبووە ترساوم و نەمتوانیوە تاكسی بگرم بەتایبەتی كە ئێوارانی درەنگ بێت، جاری واهەیە دوای تێپەڕبوونی حەوت هەشت تاكسی ئەوسا دەست بۆ یەكێكیان رادەدێرم، چونكە دەڵێم ئەمەیان باشە و ئەوی تریان لەوانەیە باش نەبێت، هەروەها وتیشی شۆفێری واش هەیە كە هەر حەز دەكەیت لەگەڵی سواربیت و تەنانەت لەبەر كەسێتی خۆی تەسجیلەكەش دەكوژێنێتەوە.
Top