لەگوندێكی كۆیە..
كچێكی تەمەن 17ساڵ دەخنكێنرێت

لەگوندێكی كۆیە.. <br /> كچێكی تەمەن 17ساڵ دەخنكێنرێت
تەرمەكەشی دەخرێتە ژێر خۆڵەوە
لەگوندێكی سەر بەقەزای كۆیە كچێكی17 ساڵان دوای ئەوەی بەلەچكەكەیەوە خنكێندرا، دخرێت ژێر خۆڵەوە و لەرێگەی شوانێكەوە زانیاری دۆزینەوەی تەرمەكەو رووداوەكە ئاشكراكراوەو لەو ریپۆرتاژەدا بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی گۆڤاری گوڵان لەسەرچاوە ئەمنییەكانی ئەو قەزایە دەستیخستوون ڕووداوەكە ئاشكراكراوە.
بەهاری كۆیەو ناوچە دڵڕەفێنەكانی وێڕای ئەوەی ناوچەیەكی سەوزە بۆ گەشتیاران و چێژی تایبەتی هەیە، بەڵام رەنگی سەوزی ئەو بەهارە، ماتەی رەشی لە گوندی قەمبەری سەر بە ناحیەی سێگردكانی كۆیە پۆشی كاتێ لەشوێنێك بەناوی چۆمی شیوەشەلە لەسنووری ئەو گوندە تەرمی كچێكی 17 ساڵان دۆزرایەوەو بەخنكێنراوی خراوەتە ژێر گڵ.
ڕووداوێكی لەو جۆرە برینێك دێنێتەوە یادی هەموو كوردێك ئەویش ئەنفال و گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كوردە كە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق دژی كورد ئەنجامدرا، بەڵام ڕووداوێكی لەو چەشنە كە كچێك بخنكێندرێت كارەساتێكە ئەگەر كەسوكاری دڵسۆزی ئەو كچە بەهەواڵی رفاندن و كوشتنێكی لەو جۆرەی كچەكەیان بزانن دەبێتە جێگەی كەساسی و شینێك كە چۆن فرمێسك وەك هەور لە چاوی شوانێكی تەمەن 17 ساڵان دەباری كاتێ تەرمی ئەو كچەی دۆزییەوە ئەوهاش هەموو كوردێك پێی نیگەران دەبێت.

سپێدە تینی خۆری بەرەبەیانی هەڵدەهێناو شوانێك بەدەم رێگەوە لە ناوچەی چۆمی شیوەشەلەی دەیڕوانی كە چۆن بەهار پێدەشتی كۆیەی تێركردووەو سەوزایی ئەو ناوچەیی پۆشیوە. ئەو شوانە كەناوی سەرباز جاسم ئەنوەرەو دانیشتووی گوندی قەمبەری سەر بەناحیەی سێگردكانی قەزای كۆیە بوو، كاتژمێر 8 ی بەیانی گەیشتە چۆمی شیوەشەلەو كاتێ لەناكاو سەیری ژێر قاچەكانی دەكات دەبینێت كە كچێك تەنیا پەرچەمی لە نێو خۆڵەوە دیارەو تەواوی جەستەی لەژێر خۆڵدا حەشاردراوە. بینینی ئەو دیمەنە نەوەك بۆ هاووڵاتیەكی سادە جەرگبڕە بۆ شوانێكی وەك جاسمیش كە بەردەوام لەنێو چیاو دەشتەكان ژیانی بەسەر بردووە مەترسیداربووەو شوانەكەی حەپەساندوە. دوای ئەوەی ئەو شوانە لەو تەرمە ورد دەبێتەوە بیری دەكەوێتەوە كە نابێ دەستكاری تەرمەكە بكات و واباشترە هەواڵی پۆلیس بدات، سەرباز لەو كاتەدا یەكڕاست هەواڵی پۆلیسی ناحیەی سێگردكانی دا كە تەرمی كچێك لە ژێر خۆڵدا نێژراوە بەڵام ئەو نایزانێت كە ئەو رووداوە چۆنەو بۆچی ئەو ژنە لەو شوێنە وای بەسەر هێنراوە. ئەو رووداوە وایكرد كە پۆلیسی ناحیەی سێگردكان بەدوای ئەو زانیاریە پەلكێشبكات و دوای ئەوەی گەیشتنە شوێنی رووداوەكەو دیمەنی تەرمەكەیان بینی یەكڕاست لەلایەن تیمێكی پسپۆڕ دەستكرا بە هێڵكاری ئەو شوێنە. لەكاتی لێكۆڵینەوەكە دەركەوت كە تەرمەكە كچەو ماوەیەكی زۆر نییە لەو شوێنە نێژراوە. بەپێی زانیاری پۆلیسی سێگردكان تەرمی كچەكە بەدرێژی 10 سم خۆڵی بەسەر كرابوو، بەڵام سەروشانی تەرمەكە بەدەرەوە بووەو جەستەی دیكەی. لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی تەق تەق تەرمەكە رەوانەی پەیمانگەی پزیشكی هەولێر كراو هێڵكاری شوێنی رووداوەكەش كرا.

لەكاتی پشكنینی شوێنی رووداوەكە دەركەوت لەدەوروبەری تەرمەكە دوو شوێن پێی پێڵاوی پیاوانی لێجێماوە كە شوێنی یەكەم پێڵاوێكی جۆری كالەیەو ئەوی تریان شوێنی پێڵاوێكی قایشی توركی لوت درێژە. لە دەوروبەری تەرمەكە شوێنی دەست بەدیكراوەو بەپێی زانیاری هیڵكارییەكە پێدەچێت كۆكردنەوەی خۆڵی سەر تەرمەكە بووبێت. دواتر بە وردی خۆڵی سەر تەمەكەیان لاداوەو دەركەوتووە كە تاوان لێكراوەكە بە لەچكی ملی خۆی خنكێندراوەو لەچكەكە لە ملی توند كراوە و گڕێدراوە تا خنكاوەو لەگەڵ خنكاندنیشی خۆڵی بەسەر كراوە.

رەنگی لەچكەكە زەردو سپی بووەو دوای وەرگێڕانی تەرمەكە لەسەردەمەوە بۆ سەر پشت دەركەوتووە كە تاوان لێكراوەكە ئافرەتێكی گەنج بووە. بەڵام ئەو دیمەنەی كە جێگەی سەرسوڕمان بوو كچە وەك ئەوەی چوبێتە ئاهەنگ وەها رازاندرابووەو مكیاژ كراو بوو كە بەپێی زانیاری هێڵكاریەكە پێدەچێت تەمەنی ئەو كچە 17 ساڵان بێت و زەبری دەرەكیش بەشێوەی سوور بوونەوە لەسەر رانی بەدیكراوە. تەرمەكە ماكسیەكی پەمەیی و ژێر ماكسیەكی زەردو تراكسودێكی رەش و سەوز و شۆرتێكی سووری لەبەر بووە. باڵای تەرمەكە مامناوەندی و لەرووی قەڵەویشەوە مامناوەندی بووە. هەورەها رەنگی مووەكانی سەر دەموچاوی رەش بووەو رەنگی روخساریشی گەنمی بووەو رەنگی چاوەكانیشی رەش بووە.

تەرمەكە هیچ نەعل و پێڵاوێكی لەبەر نەبووەو تەنیا لە دووری 40 م لەباكوری رۆژهەڵاتی تەرمەكە لەژێر خۆڵ تاكە نەعلێكی قایشی رەنگ شەكەری دۆزراوەتەوە كە پێدەچوو ئەو نەعلە كە قیاسی پێی كچەكە بوو هی پێی ئەو بووبێت. لەبارەی وادەی مانەوەی تەرمەكە لەو شوێنە بەپێی هێلكاری رووداوەكە كە تەرمەكە هیچ نەشێوابوو هەروەها بۆنیشی نەگرتبوو پێدەچێت بەرواری رووداوەكە زۆر نزیك بێت كە ئەو تەرمە رۆژێك لەو شوێنە بەو شێوەیە مابێتەوە. لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی تەق تەق بڕیاردرا تەرمەكە رەوانەی پەیمانگای پزیشكی دادوەری هەولێر بكرێت و تا ئێستا كەس نایزانێت كە كێ ئەو كچەی كوشتووە. بۆیە بەپێویستمان زانی بەدواداچوون لەسەرئەم كێشەیە بكەین ڕای چەند كەسانێك وەربگرین....
سەرەتا موقەدەم شوكروڵلا حەمەدەمین ئومەر بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی كۆیە دەڵێت «لەئێوارەی ڕۆژی 29/3/2011ئێمە ئاگاداركراینەوە كەوا تەرمی ئافرەتێكی نەناسراو لەگوندی قەمبەر سەربەناحیەی سێگردكان دۆزراوەتەوە.

دەست بەجێ تیمەكانی ئێمە چوون كەبینیان هەواڵەكە راستە .ئەوتەرمە لەلایان شوانی ئەوگوندە دۆزاربووەوەو ڕاستەخۆ دەزگا ئەمنیەكانیان لێ ئاگاداركردبووەوە. كەبینیمان تەرمی ئافرەتێكە خنكێندراوە بەلەچكەكەی خۆی لەژێرخاك دانرابوو تا «10سم « خۆڵی بەسەركرابوو لەگەڵ باو باران نیوەجەستەی لەدەرەوەبوو واتا خۆڵەكەی لەسەر نەمابوو شێوەی دەموچاوی تێك چوو بوو لەدەوروبەری تەرمەكە دوو شوێن پێی پێڵاوی پیاوانی لێجێماوە كە شوێنی یەكەم پێڵاوێكی جۆری كالەیەو ئەوی تریان شوێنی پێڵاوێكی قایشی توركی لوتدرێژە.ئێمەش پشكنینمان لەسەركردن و تەرمەكەمان ناردە پزیشكی دادەوەری هەولێر بۆئەوەی پشكنینی لەسەر بكەن داوامان كردوە بچن وێنەی تەرمەكە بگرن بۆئەوەی بزانرێت كێیە . بەڵام تاكو ئێستا نازانین ئەو تەرمە هی كێیە ناشزانین ناوی چییە چونكە هیچ ناسنامەیەكی نییە. هەموو دەوروبەری شاری كۆیەمان گاداركردۆتەوەو كەس ناڵێت ئەو تەرمە هی منە.بۆیە نازانین لەسەر چی ئەوكچە خنكێندراوە بەردەوام لەلێكۆڵینەوەداین.بەردەوام پێوەندیمان بەپۆلیسی هەولێرو شوێنەكانی تركردووە .بۆئەوەی سەرەداوێكمان دەست بكەوێت.


ئیسلام بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كوشتنی ئافرەتدانییە
مەلا عبدوڵڵا مەلاسەعید گرتكی سەرۆكی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت «زیندەبەچاڵ كردن یەكێكە لەو نەریتانەی پێش ئیسلام هەبووە،ئیسلام بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ زیندە بەچاڵ كردن دانییە جا نێر بێت یان مێ بێت. ئیسلام بۆ نەهێشتنی دیاردەی زیندەبەچاڵكردنی ئافرەت هەوڵیداوە بنبڕی بكات، یەكێك لە ئایتەكانی قورئانی پیرۆزیش داكۆكی لەو حەقیقەتە دەكات دەفەرموێت (واذا الموؤودة سئلت بأي ذنب قتلت) واتا ئەگەر ئەو لاشەیە زیندە بەچاڵ كرا ڕۆژی قیامەت دەپرسێت دەڵێت من گوناحم چیی بوو زیندە بەچاڵ كرام . ئەو زیندە بەچاڵ كردنە پێش ئیسلام هەبوو لەلایان عەرەبەكانی ئەو سەردەم بەرامبەر كچەكانیان شەرم و شورەییان بەخۆبوو یەكێك كچێكی هەبێت. بەداخەوە ئێستا ئەو ڕەفتارە هەر ماوە بەرامبەر بەئافرەت جا بە هەر بیانویەك بێت بەشێوەیەكی دڕندانە دەیكوژن ئیسلام هیچ كاتێك لەگەڵ كوشتنی ئافرەت دانییە تەنانەت ئەگەر لەسەر مەسەلەی ناموس و ئەخلاقیشەوە بێت .ئەگەر مێردیشی هەبوو ئەوكات حوكمەكە دراوەتە دەست یاسا .


بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی توندوتیژی دەكەین
گەشەدارا جەلال سەرۆكی لێژنەی مافی ئافرەتان لەپەرلەمان دەڵێت « بەهەموو شێوەیەك ئێمە ئیدانەی توندوتیژی دەكەین هەروەها كار لەسەر ئەم كێشانە دەكەین بەڕاستی بەداخەوە كە كێشەیەكی بەم شێوەیە ڕوو دەدات ئەگەر بەهەر بیانوویەك بكوژرێت بەداخەوە لەكۆمەڵگای ئێمە زیاتر ئەوكەسانەی دەكوژرێن بەبیانووی ناموس دەكوژرێن ئێستا یاسایەك هەیە نابێت هیچ كەسێك بكوژرێت جا بەبیانوی هەرشتێك بێت.لەوە دەچێت خەڵكانێك هێشتا لە چاخە بەردینەكان بژین و كاری زیندەبەچاڵ بكەن و ئافرەت بكوژن ئێمە ئەوپەڕی ئیدانەی دەكەین لەڕێگای لیژنەكەمانەوە ئاگاداری سەرۆكایەتیمان كردووە. ئەوانیش ئاگاداری وەزارەتی دادو ئیدعای عامیان كردوە بۆ ئەوەی بەدواداچون لەسەر ئەم كێشانە بكەن .


ڕێكخراو دامودەزگاكانی ئافرەتان كەموكورتیان زۆرە
(نەرمین نەجمەدین) عارف توێژەری كۆمەڵایەتی و مامۆستا لەكۆلێژی هونەرە جوانەكانی شاری كەركوك وتی «من نازانم ئەم كچە لەسەر چی كوژراوە. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەر ئافرەتێك هەر كێشەیەك بكات نابێت بكوژرێت .ئەویش مرۆڤە.پێویستە وەكو مرۆڤێك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت نەوەك بڵی ئافرەت زەعیفەیە و بێدەسەڵاتە.بۆكوشتنی ئافرەت یان لەناو بردنی ئافرەت ئەخلاق زۆر ڕۆڵ دەبینێت كاتێك لەنێو خێزانێك كێشەیەكی ئەخلاق هەبێت برایەكە یان باوكەكە بۆچارەسەركردنی كێشەكە پەنادەباتە بەر كوشتنی ئافرەتەكە جا بەهەر شێوەیەك بێت كە ئەمەش زۆر هەڵەیە. وەك ئەم كێشەیەی كەباسی دەكەی زۆر پێدەچێت لەسەر كێشەی ئەخلاق بێت. لەشێوەیەی جلوبەرگەكەشی ئەو ئافرەتە پێدەچێت كچی ماڵەوە بێت چونكە ئافرەت بەگشتی تەنیا لەماڵەوە ئەم جۆرە جلانە دەپۆشێت گەر سەیر بكەی خەڵكی شار جلەكانی بڕێك جیاوازی هەیە لەگەڵ كچێك لەلادێ بژیت. خەڵكیشمان هەیە لەناو شارە كەجلی عەشایر دەپۆشێت . بەڵام نازانم كچی ئەم شوێنەیە كەتەرمەكەی لێدۆزراوەتەوە .


چارەسەر بۆبنبركردنی ئەم كێشانە
• پیاوانی ئایینی ئەم شوێنانە زۆر ڕۆڵ دەبینێت چونكە ئایینی ئیسلام هیچ كات لەگەڵ توندوتیژی نییە .پغەمبەر(د.خ) خۆی دەفەرموێت (النساء قواریر) واتا ئافرەت وەكو شووشە وایە .بۆیە مامۆستاكانی ئاینی دەتوانن لەمزگەوتەكان خەڵكەكە بەرەبەرە هێواربكەنەوە وایان لێبكەن كەهوشیارییان لادروست بێت
• بەداخەوە ئەو ڕێكخراوانەی كەبەناوی ئافرەتانەوە كاردەكەن نەیانتوانیوە ڕۆڵێكی بەرچاو ببینن تەنانەت لەنێو شاریشدا ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبا لەكارەكانیان وتەواوكەری كارەكانیان لەدەرەوەی شار ئەنجام بدابا بەداخەوە كەم وكورتیان زۆر هەیە چ لەشار چ لەلادێكان .
• هەروەها پێویستە حكومەت كەسە زیرەك و رۆشنبیر و پسپۆرەكان هان بدات بۆئەوەی ئاستی ڕۆشنبیری لەو شوێنانە بڵاوبكاتەوە بەتایبەت ئافرەتەكان فێربكرێن كەچۆن ئەخلاقی خۆی ببپارێزێت نەك بۆكۆمەڵگا بۆخۆی زۆرپێویستە.چونكە ئافرەت زۆر گرینگەو نەوە دروست دەكات گەر ئافرەتەكە باش فێرنەكرێت ئەوە نەوەكانیشی باش نابێت .
Top