ژنان گلەیی لە پیاوان دەكەن لەپێشكەش نەكردنی دیاری
April 18, 2011
کۆمەڵایەتی
تائێستا هاوسەرەكەم دیاری پێشكەش نەكردووم
كەژاڵ ئەحمەد ژنی ماڵەوەیە و تەمەنی 50 ساڵە، ماوەی30 ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێك هێناوە تا ئێستا هاوسەرەكەی دیاری پێشكەش نەكردووە و دەڵێت «بیرم نایەت هاوسەركەم دیارییەكی بۆم هێنابێت، كەچی من دووجار دیاریم بۆ بردووە و جارێك بۆیانباخم بۆ كڕی، جاری دووەمیش تیشێرتێكی بەدڵی خۆم بۆ برد، بەڵام ئەو بەهیچ شێوەیەك گرنگی بەو بابەتانە نادا، كە دیاریشم بۆ دەبرد بەردەوام بەساردی وەڵامی دەدامەوە و بەلایەوە ئاسایی بوو خۆشحاڵی خۆی دەرنەدەبڕی». كەژاڵ وتیشی «ئێستا منیش لە بردنی دیاری بۆ ئەو بە پێویست نازانم، چونكە لە تەمەنی گەنجی گۆڕینەوەی دیاری لای ئێمە مانایەكی نەبووە تازە بەو تەمەنە پیرییە هەر هیچ مانای نییە».
لانە رەشید پێنج ساڵە شووی كردووە، پێوایە گۆڕینەوەی دیاری لەناو ژیانی هاوسەرگیری زۆر گرنگە، بەڵام ئەو لەگەڵ مێردەكەی تەنیا بەهۆی بۆنەیەك دیاری دەگۆڕنەوە بەتایبەت لە كاتی جەژنی هاوسەرگیری، واتە یادكردنەوەی ئەو رۆژە (عید زواج) دیاری دەگۆڕنەوە، لانە دەڵێت «هاوسەرەكەم لە بۆنەی لە دایك بوون و لە رۆژی 8 مارس واتە رۆژی ئافرەتان دیاریم پێشكەش دەكات، ئەویش بەخۆم بە زۆر فێرم كرد ئەگینا هەرگیز لە خۆوە دیاری بۆم نەدەهێنا، هەرەوەها منیش بە هەمان شێوە لە رۆژی لە دایك بوونی ئەو دیاری بۆ دەكڕم».
لە ئەوڕوپا زۆربایەخ بە ڕۆژی یادكردنەوەی هاوسەرگیری دەدەن
زانیار مەحمود ئەو پیاوێكی خێزاندارە كە 7 ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێك هێناوە ئەمساڵ لە سوید گەڕاوەتەوە و وتی «لە دەرەوە ژیانم بەسەر بردووە، ئەوان گرنگیەكی زۆر بە رۆژی هاوسەرگیری و یادكردنەوەی دەدەن، ئەگەر هەرگیز بیریان نەبێت دیاری بۆ هاوسەرەكەیان ببەن لەو رۆژە لە شوێنێكی تایبەت بە جلێكی نوێ دیاری پێشكەشی یەكتری دەكەن». ئەو پیاوە وا هەست دەكات لە ژیانی هاوسەرگیری ژن و پیاوەكانی كۆمەڵگەی ئێمە زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە و دەڵێت «ئەو رۆژە پیرۆزە لای ئەوان و لەبیر ناكرێ، لەو كاتەی لە دەرەوە گەڕاومەتەوە منیش فێربووم پێشكەشكردنی دیاری بۆ هاوسەرەكەم چەندە كاریگەریەكی باشی هەیە لەسەر پێوەندی نێوانمان و خۆشەویستی و سۆز زیندوو دەكاتەوە».
دیاری پێشكەش كردن بەیەكتر پێوەندی خۆشەویستی زیاتر دەكات
محەمەد سلێمان تەمەنی 23 ساڵەو دەڵێت «ماوەی دووساڵە خۆشەویستم هەیە. مانگی جارێك دیاری پێشكەش دەكەم، ئەویش زۆرجار دیاریم پێشكەش دەكات، چونكە پێوەندی خۆشەویستیمان زۆرتر دەبێت.
صەباح عەبدوڵا پیاوێكی تەمەن 70 ساڵە و دوكاندارە و دوو ژنی هێناوە و دەڵێت «ژنی یەكەمم مرد و دیاریم پێشكەش نەكرد هەر بە خەیاڵیشم دا نەهات رۆژێك پارچە قوماشێكی بۆ ببەم، بەڵام دوای ئەوەی ژنی دووەمم هێنا ئەو زیرەك بوو توانی وابكات من دیاری پێشكەش بكەم، خۆی فێری كردم كە هەموو مانگێك دیاری بۆ بكڕم، بۆیە پێم باشە ئافرەتان خۆیان لەو بابەتانە دەستپێشخەربن، چونكە لێزانترن ئەوان بۆئەوەی پیاوەكانیان فێربكەن هیوادارم هەموو ئەو گەنجانەی تازە ژیانی هاوسەرگیری پێك دێنن تا بەتەمەندا دەچن دیاری گۆڕینەوە لەبیرنەكەن و وەكو من نەكەن تەمەنی گەنجی بەبێ خۆشەویستیەكی بەتین بەسەر ببەن».
دیاری پێشكەش كردن و گۆڕینەوەی دیاری لەڕووی ئایینی ئیسلام بەپێویست دانراوە
مامۆستای ئایینی مەلا كاوە فارس دەڵێت «هەندێك رەوشت و كرداری جوانی ئایینی ئیسلام هەیە بەداخەوە ئێمەی موسڵمان جێبەجێی ناكەین، لەڕووی شەرعەوە دیاری پێشكەش كردن و گۆڕینەوەی دیاری لە ئایینی ئیسلام بە پێویست زانراوە تاوەكو لە فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت (تهادو تحابو) واتە دیاری پێشكەشی یەكتر بكەن بۆ ئەوەی خۆشەویستی لە نێوانتان زیاتر بێت، بەردەوام زیندووبێت بەتایبەتی لەنێوان هاوسەران، نابێت ئەو خۆشەویستیە لە ناخیان بشارنەوە، پێویستە لە رێگەی پێشكەشكردنی دیاری خۆشەویستی خۆیان بۆ یەكتر دەرببڕن، واتە دروستبوونەوەی ئاشتییە لەناو هەموو خێزانێك».
بەهزاد محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی پێیوایە ئەو بابەتە هێشتا ماوەیەتی لە كۆمەڵگەی ئێمە ببێتە دیاردە، چونكە لەناو هەندێك خێزانی كورد كۆمەڵێك كێشە هەیە كە ئەو بابەتە سۆزیانەی لایەنی ژیان لەناو دەبات وەكو پیاو سالاری ئەمە وای لێدێت پیاوەكە بەردەوام پێشكەشكردنی دیاری بۆ ژنەكەی بە پێویست نەزانێت، ئەو توێژەرە دەڵێت «پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن هەوڵدەن خەڵكی لەو لایەنەی ژیان شارەزا بكەن و رۆشنبیریان بكەن و بەرنامەی تایبەت هەبێت لە كەناڵەكان بۆ ئەوەی هەر دایك و باوكێك كە زانیان گۆڕینەوەی دیاری چەندە مانایەكی پیرۆزی هەیە لە ژیانیان، ئەوكات بۆ منداڵەكانیشیان روون دەبێتەوە و فێردەبن بۆ داهاتوویان».