لە مەلەوانگای ژناند.. كچان لە گرتەی كامیرا دەترسن

لە مەلەوانگای ژناند.. كچان لە گرتەی كامیرا دەترسن
سروشتی ژیان و ژیانكردن بەشێوەیەكە كە مرۆڤ پێویستی بەزۆربەی كایەكانی ژیان هەیە بۆئەوەی بەشێوەیەكی تەندروست ئاڕاستە بەژیان بدات و بتوانێت وەكو سروشتی گشتی ژیان ئەمیش بژێت،بێگومان ژیانكردن و گرتنەبەری رێگەكانیشی هەروا ئاسان نین و هەندێكجار گرفت و رێگریيەكان دەبنە لەمپەڕ لەبەردەمیدا، جاری واهەیە ڕێگریيەكان پێوەندی بەخودی تاكەوە هەیە و دەبێت ئەو كەسە خۆی بتوانێت بەهەوڵی جددی خۆی بەسەریدا زاڵبێت، جاری واش هەیە رێگریيەكان گەورەترن و پێویستی بە زەمەنی مەودا درێژتر و قوربانیدانی زیاتر هەیە بۆبەدەستهێنانی ئامانج.
مەلەوانگە یەكێكە لەو شوێنانەی كە بەشێك لە پێداویستیە جەستەییەكانی مرۆڤی تیا بەدی دێت، بەڵام هەندێك لە گەنجەكان دەستیان پێی ڕادەگات و ئەوانی دی كەمتر یان هەرنا، لەناو ئەوانەشی كە دەستیان پێدەگات بەشێكی زۆر كەمیان لە رەگەزی مێينەن كە بێگومان ئەمەش هۆكار و فاكتەری خۆی لەپشتە كە ناوەڕۆكی ڕێپۆرتاژەكە بەشداربووان ئاماژەی پێدەدەن.


« زۆربەی مەلەوانگەكان كاتی دیاریكراویان هەیە بۆ مەلەكردن كە وات لێدەكات بەتەواوەتی چێژ لەمەلەكردن وەرنەگریت»
هەركاتێك كە لادێ و گوندم پێخۆشبووە تەنیا لەبەر ئەوە بووە كە زۆربەی كاتەكانم بەمەلەكردنەوە بەسەر بردووە،ئێستا كە نزیكەی 10 ساڵە لە شار ژیان بەسەر دەبەم ماوەی 3 ساڵە بەردەوام دەچم بۆ مەلەوانگەكان، دەتوانم بڵێم مەلەكردن تەواو ژیانی منی داگیركردووە، ئەمە وتەی نازم عەبدوڵڵاغەفووری 30 ساڵە، هەروەها بۆچوونیشی وابوو مەلەوانگە یەكێكە لە پێویستیە زۆر سەرەكیەكانی مرۆڤ و دەبێت بەشێك بێت لەژیانی مرۆڤ بەڵام بەداخەوە ئەوەندەی مرۆڤ لە چەمی گوندەكان بەئازادانە مەلە دەكات ئەوەندە لە مەلەوانگەكان وانییە لەبەرئەوەی رووبەری مەلەكردنەكە كەمترە و زۆربەی مەلەوانگەكانیش كاتی دیاریكراویان هەیە بۆ مەلەكردن كە واتلێدەكات بەتەواوەتی چێژ لەمەلەكردن وەرنەگریت و باوەڕیشی وابوو كە پێویستە ئافرەتانیش مەلەوانگەی تایبەت بەخۆیان هەبێت.


« دەڵێن متمانەت بە مەلەوانگەكان نەبێت نەوەك كامێرای نهێنیيان دانابێت»
من وەكو كچێكی دانیشتووی ئەم شارە هەموو هاوینێك دەچمە مەلەوانگە لەگەڵ دوو هاوڕێی پەیمانگەمدا ئەمە وتەی تارا قادر براخاس- ی خوێندكاری پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی بوو، وتیشی هەرچەندە كە لەلای هەندێك لە هاوڕێكانم ڕەخنەم لێدەگرن بەوەی كە دەچمە مەلەوانگە و دەڵێن مەلەوانگە تەنيا شوێنی كوڕانە و بەجۆرێك بە عەیبەی دەزانن و دەڵێن متمانەت بە مەلەوانگەكان نەبێت نەوەك كامێرای نهێنیيان دانابێت و دوایی بەهۆی بڵاوكردنەوەیەوە لەرێگەی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە كێشەی كۆمەڵایەتیت بۆ دروستبكەن، هەرچەندە ئەم بۆچوونە گومانی لای منیش دروستكردبوو بەڵام دوای ئەوەی لەلای خاوەنی مەلەوانگەكەوە دڵنیایان كردینەوە كە شتی وانییە، ئیتر ئێمەش بەردەوام بووین لەچوونمان بۆ ئەوێ.


« دابونەریتی ئێمە رێگە بەوەنادات كە كچان بچنە دەرەوە بۆ مەلەكردن»
فەرهاد عەزیز رۆستەم خاوەنی مەلەوانگەی فێنك كە لەمەلەوانگەكەیدا كاتەكان دابەشكراوە بەسەر دوو كاتی جیاوازدا و بەشێكی بۆ كوڕانە و بەشەكەی تریشی بۆ كچانە باوەری وابوو كە بوونی مەلەوانگە وەكو بوونی سەرچاوەی ئاو و هەوا وایە لەبەرئەوەی چەندین نەخۆشی مەترسیدارهەیە كەبەهۆی ئەوەی مرۆڤ مەلە ناكات یان وەرزشێكی تر ناكات تووشی دەبێت، جائیتر چی تیایە كە لە هەفتەیەكدا دوو كاتژمێر بۆ مەلەكردن دابنرێت، هەروەها وتیشی بەداخەوە رێژەی كچان كە دێن بۆ مەلەكردن وەكو رێژەی كوڕان نییە بەپێی ئەو ناوانەی كە لە دەفتەری تۆماركردنی هاتووەكاندایە كە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دابونەریتی ئێمە رێگە بەوەنادات كە كچان بچنە دەرەوە بۆ مەلەكردن، یان متمانەیان نییە بەوەی كە ئێمە چەندە لە پارێزگاریكردنی متمانەی خۆمانداین و بۆكاتی مەلەكردنی كچانیش ئێمە كارمەندی ژنمان داناوە و هیچ پیاوێكی لێ نییە.


« لای ئێمە كات و دەوامی مەلەكردنی كچان و كوڕان بەجیایە و هەرگیز كوڕان و كچان یەكتر نابینن»
زۆر لەكچان تامەزرۆی ئەوە دەكەن كە بچنە مەلەوانگە بۆ مەلەكردن بەڵام زۆر دەترسن لە دەوروبەری خۆیان و لەبراو باوكیان یان لەوە دەترسن كە تۆمەتی نابەجێیان بۆ هەڵبەستن هەرچەندە لەشاری سلێمانی خانەوادەكان زیاتر كراوەترن و بەجۆرێك لەجۆرەكان ئازادانە مامەڵە دەكەن ئەمەوتەی ناسكە ئەحمەد بابەكر بوو كە وەكو كارمەندێكی ژن سەرپەرشتی دەكرد لەیەكێك لەمەلەوانگەكاندا، هەروەها وتیشی كەلای ئێمە كات و دەوامی مەلەكردنی كچان و كوڕان بەجیایە و هەرگیز كوڕان و كچان یەكتر نابیینن وە باوەڕیشم نییە كە هیچ مەلەوانگەیەك هەبێت كە هەردوو رەگەزەكە بەیەكەوە تیایدا مەلەبكەن بەڵكو جگە لە شوێنی مەلەكردن بۆ گەورەكان شوێنێكی تریش هەیە بۆ مناڵان لە هەمانكاتدا.

« تێكەڵی كور و كچ لە مەلەوانگەكاندا شتێكی باش نییە»
یەكێك لەوسوودو خزمەتەی كە بەهاووڵاتیان دەكرێت بەگشتی و بەتایبەتیش بەگەنجان بوونی مەلەوانگەكانە لەبەرئەوەی ئەمە جگە لەوەی كە خزمەت بەلایەنی جەستەیی مرۆڤ دەكات ئەوا خزمەت بەلایەنی دەروونی گەنجەكانیش دەكات ئەمە لەكاتێكدا موراعاتكردنی لایەنی دەروونی گەنجەكان ئەركی هەموولایەكە بۆ ئەوەی تووشی لادانی كۆمەڵایەتی نەبن ئەمە وتەی ساڵح سەلیم نادری تەمەن 41 ساڵی فەرمانبەربوو، سەبارەت بەتێكەڵی كوڕ و كچ لە مەلەوانگەكاندا باوەڕی وابوو كەشتێكی باش نییە لەبەرئەوەی لەتێكەڵاوبوونی كوڕوكچ لە خوێندنگەكاندا كێشە دروستدەبێت كە بەتەواوی جەستەی یەكتر نابینن ئەی ئەگەر لە مەلەوانگەكان بە لاشەی یەكتر ئاشنابن.


« هەركەسێك بزانێت مەلەكردن چەندە سوودی پێدەگەیەنێت ئەوا هەموو ڕۆژێك مەلەدەكات»
دكتۆرە مەلەك حوسێن محەمەد وەكو پزیشكێكی گەنج بوونی مەلەكردن بەپێویستییەكی هەمیشەیی ژیانی مرۆڤی دەزانێت و ئەگەر لەحەوزی ماڵەكەی خۆیدا هەفتەی چوارجار مەلە نەكات ئەوا وادەزانێت شتێكی گرنگی لێ ونبووە و دەبێت لە رۆژێكی تردا قەرەبووی بكاتەوە، باوەڕیشی وابوو كە گەنجێتی مرۆڤ لە وەرزشكردنیدایە و مەلەكردنیش لەو وەرزشە زۆر باشانەیە بۆ جەستەی مرۆڤ كەهەركەسێك بزانێت چەندە سوودی پێدەگەیەنێت ئەوا هەموو ڕۆژێك مەلەدەكات، سەبارەت بەوەش كەكچان شەرم دەكەن بچن بۆ مەلەكردن وتی كەدەبێت كچانیش ئەم رێگەیە بگرنەبەر بەو مەرجەی بزانن كێشەیان بۆ دروست نابێت، پێموایە كەكچان زیاتر پێویستیان پێیەتی لەبەرئەوەی هەرچۆنێك بێت، پیاووكوڕان زۆربەی كاتەكان لەدەرەوەن و جەستەیان دەجووڵێت بەڵام كچان وانین و كەمتر ئەم دەرفەتەیان هەیە.
Top