قەیرەیی مانایەكی بە ئازاری هەیە لای كچان
April 11, 2011
کۆمەڵایەتی
زۆربەی كچان ئەو وشەیە ڕەت دەكەنەوە و بە وشەیەكی پڕ لە ئازاری لێكدەدەنەوە لەبەرتێكچوونی باری كۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ كچان و هەندێكیش وای دادەنێن ئەو ناوە لوغزێكی سەربەخۆییە لەسەربەخۆییەكانی ژیانی كچان كە هەڵیدەبژێرن چونكە لەچاوی هەندێكیانەوە شووكردن بەستنەوەیەكە بۆیان، ئەمە بیروڕای سروەی تەمەن 34 ساڵە پێیوایە زۆربەی كچان خۆیان حەز بەشوو ناكەن و بە بەستنەوەی دادەنێن:
هەندێك كچ لەخۆپەرستییەوە دەگەنە قەیرەیی بوون
ئارەززوو كەریم كچێكی تەمەن 32 ساڵە وتی: قەیرەیی یەكێكە لەو دیاردانەی لەئێستادا بەپێی ئامارو داتاكان هەڕەشە لەكۆمەڵگەی كوردی دەكات هەڵبەت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێك هۆكار كەپێوەندیدارە بەكۆمەڵگەوە من وەك خۆم كەتەمەنم 32 ساڵەو دانیشتووی هەولێرم لەقۆناغێكدا كەداواكارم زۆربوو بڕیارمدابوو ئەوكەسەی دێتە داوام دەبێت تەواوی داواكاریەكانم جێبەجێ بكات بەڵام زۆربەی ئەوانەی دەهاتنە خوازبێنیم
كاتێك دەیانزانی من كەسێكی خۆپەرستم بۆیە لەگەڵم رێك نەدەكەوتن دواجار ئەمانە بوون بەهۆی ئەوەی بمێنمەوە ئێستاش كەزۆریك لەو شتانەی پێشتر داوام دەكرد وازم لێ هێناوە بەڵام تازە تەمەن تێپەڕیوەو ناگەڕێتەوە بۆیە ئارەزووم وایە كچانی تر هاوشێوەی من بیرنەكەنەوە بۆئەوەی وەك منیان لێنەیەت.
كۆمەڵێك هۆكار هەن دەبنە ڕێگر لەبەردەم كچان
ئافتاو كەریمی تەمەن 38 ساڵ وتی: زۆرێك لەو كچەقەیرانەی ئێستا ماونەتەوە، لەبەرچەند هۆكارێك ماونەتەوە، یان لەسەرەتا یەكێكیان خۆشویستووە، هەر چاوەءێی ئەویان كردووەو دواجاریش بۆیان نەبووە، تا كاتێك زانیویانە تەمەن زۆری بەسەرچووە.
حاڵەتی دووەمیش زۆرێكیان سەرقاڵی خوێندنن بۆبەدەست هێنانی بڕوانامەی بەرز، ئەویش كاتی زۆری دەوێت و تاوای لێ دێت تەمەن دەڕوات و دواتریش داواكاریی وەك جاران نامێنێ و رەنگە زۆرجار خۆشی كەسێكی ڕا ڕای لێ دەربچێت بەحوكمی بیركردنەوەی تەسكی ..
حاڵەتی سێیەمیش ئەوەیە، زۆرێك لە كچان لەسەرەتاكانی تەمەنیان، لەناو واقیعیەتی ژیانی ماددیدان و ئەوەش دەبێتە ڕێگر لەوەی بتوانن بە هەموو كەسێك رازی ببن، زۆرێك لەو كورانەی دەجنە بێش لێیان، رەتیان دەكەنەوەو ئەوەی دەشیانەوێ رەنگە لە واقیعی ژیانیان وجودی نەبێت، تا وای لێ دێت تەمەن دەڕوات و دواتر ڕەنگە زۆریش تەنازول بكات بەڵام ئەو كەسە نییە ئەوە بەشێوەی گشتی بەڵام ئەگەر بەتایبەتی بڕوانین، رەنگە هەر كچێكو كێشەی تایبەتی خۆشی هەبێت، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە پێكهاتەو بیركردنەوەو گیروگرفتی زۆرتر لەبەردەم كچان دروست دەكات و بەشێكیش لەو گرفتانە دواجار دەبنە كەبت كردنی كچ لەسەرەتاكانی تەمەنی. بەشێوەیەكی گشتی كچانی قەیرە كێشەی رۆحیان هەیە، لە فەراغی رۆحی زۆر نالەبار دەژین كە دواجار رەنگە نەتوانن ئەو فەراغە بەئاسانی پڕبكەنەوە
قەیرەیی لەكۆمەڵگەی باوكسالاریدا
شیلان عوسمان تەمەن 39 ساڵە دەڵێت: كچ هەیە كاتێك تەمەنی بەسەرچووە، هەموو ئەو شتانەی لەسەرەتای ژیانیدا گەورەترین خەونی بووە، وەك ماڵ و خانو و سەیارەو شەهادەو بێداویستیەكانی ژیان، كاتێك دەگات بە ئەقڵی تەواو، تێدەگات ئەوانە وەسیلەن، بەڵام پێداویست نین بۆ رۆحی مرۆڤ، هاوبەشی ژیانیەتی و ئەوەش هەرگیز وەسیلە نییە، بۆیەش ئەو كاتانەی كە تێدەگەن هەست بەپەشیمانی دەكەن و لە بۆشایی رۆحی و جەستەیی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن، كە زۆرجار رەنگە نەتوانێ بە دەربڕینی وشەش گوزارشت لەو شتانە بكات، لەبەر ئەوەی پێكهاتەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتووە بەڵام ناشبێ ئەوە لە بیر بكەین، كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی پیاو سالاریيە، هەمیشە پیاو زاڵ بووەو هیج كات بۆ پیاو كێشە نەبووە بۆ ئەوەی بۆشایی خۆی پڕبكاتەوە بەڵام بۆ كچ ئەوە كێشەیەكی گەورەیە و هەمیشە كچ قوربانی قەیرەیین و كوڕان كێشەی ئەوەیان نەبووە جگە لەوەش لەكۆمەڵگەی ئێمە كچ زۆرترن لەكوڕان و پەرلەمانیش بریاری ئەوەی دا كە دوو ژنی نەمێنێت و ئەوەش هۆكارێكە بۆ زۆربوونی قەیرەیی، جگە لەوەی زۆرترینی ئەو كوڕانەی سەفەریش دەكەن و نایەنەوە .
قەیرەیی بۆتە دیاردەیەكی باو لەنێو كۆمەڵگەدا
خاتوو شیلان عومەر وتی قەیرەیی ئەمڕۆ بۆتە دیاردە لەبەر ئەوەی یەكێك لەوچارەنووسانەی هەموو تاكێك پیایدا تێپەڕدەبێت پرۆسەی هاوسەرگیریە، بەڵام ژیانی هاوسەرێتی لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا وەك پشت و پەنایەك وایە بۆ ئافرەتان بەڵام ئەی ئەگەر زەواجی نەكردبێت ئایندەی چۆن دەبێت، بۆیە دەبینین ئەگەر كچێك شووی نەكردبێت پێی دەڵێن قەیرە بووە و چارەنووسی ژیانی بەرەو ئاقارێكی دیكە دەڕوات، هەرچەندە قەیرەبوون لەكۆمەڵگای ئێمەدا تەنیا رەگەزی مێ دەگرێتەوە. ناوبراو وتی قەیرەی بەڕای من و زۆربەی شارەزایان دیاردەیەكی ترسناكە لە ئایندەیەكی نزیكدا هەڕەشە لەكۆمەڵگەدەكات .
ئایا هێنانی ژنی دووەم لەلای پیاوانەوە چارەسەرە..!
بڕیارەكەی پێشووی پەرلەمان هۆكارێكی سەرەكی زیادبوونی قەیرەییە،ئەمە باوەڕی خاتوو شەهپاڵ عومەر بوو ناوبراو وای دەبینی كەڕێژەیەكی زۆری ئافرەتان ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستاندا بوونەتە قەیرەكچ لەبەرئەوەی كەپەرلەمانی كوردستان یاسای فرەژنی دەركرد چونكەفرەژنی تاكە رێگەچارەبوو بۆكەمككردنەوەی قەیرەیی لەهەرێمی كوردستاندا،لەبەر ئەوەی كەئێستاپیاوان ناتوانن ژنی دووەم بهێنن، ئێمەش بووینەتە قەیرەو كەس نامانهێنێت، من داواكارم لەپەرلەمان یاسایەك دەربكات هانی فرەژنی بدات بۆئەوەی كەچیتر قەیرەمان نەمێنێت
خاتوو نیان كەفەرمانبەرەلەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی وتی جوانییەكەم بۆتە هۆی قەیرەبوونم چونكەمن ئەو كاتەی كەقوتابی كۆلێژ بووم لەبەرئەوەی كەزۆرجوان بووم لەهەموو كچانی تری كۆلێژەكەمان جلوبەرگی جوانترم لەبەر دابوو و بەجۆریك هیچ كەسێك نەدەهات داوای پێوەندی خۆشەویستیم لێبكات كەس نەیدەوێرا بێتە داوام و هەمیشە هەر بەتەنیا بووم، ناوبراو وتی من تا قوتابی كۆلێژبووم زۆرخۆم بەگەورە دەزانی چونكە لەمنداڵییەوە ئەوەندە ماڵی باوكم وتووبویان تۆزۆر جوانی وام لێهاتبوو كەخۆم لەهەموو كەس بەجوانتر بزانم وببم بەكچێكی لووتبەرز تا لەئەنجامدا بوومە كچێكی قەیرە.
خاتوو ژیان دەڵێت ئێمە ماڵمان لەگەڕەكێكی میللی شاری هەولێربوو لەبەر ئەوەی كەس بەمن رازی نەبوو بێجگە لەوەش، نۆ برام هەبوو، هەمیشە دایكم پێی دەوتم كچی خۆم تۆ نابێت شووبكەیت دەبێت چاوەڕێ بكەیت هەتا براكانت گەورەدەبن مەسرفیان بكەیت، دەبێت شوو بەكەسێك بكەیت كە رازی بێت تۆ مەسرەفی براكانت وماڵی باوكت بكات ئەگەرنا نابێت شووبكەیت، دەبێت چاوەڕێ بكەیت تا ئەوان گەورەدەبن، من هەموویانم گەوەرەكرد ، ئێستا بوومەتە قەیرەكچ .
خاتوو سەوسەن وتی: من بەهۆی عاشق بوونمەوە بەكوڕێكی دراوسێمان ئاوهام لێهات كوڕێك هەبوو لەگەڕەكەكەماندا، قەناعەتی بەمن كردبوو كەمنی خۆشدەوێت وحەزدەكات بێتە داوام تالەئەنجامدا دەسخەڕۆی كردم و منی كردە قەیرەكچ، من ئەوەندە دەڵێم كچان ئاگاداری خۆیان بن و نەكەونە داوی خۆشەویستی هیچ كوڕێك،چونكە كوڕان هەمیشە دەستیان دەبڕن ئێمەی كچ بەلای ئەوانەوە وەك كاڵایەك وەهاین،بەدەستی پیاوانەوە و بەئارەزووی خۆیان كاتمان پێدەبەنەسەرو پاشانیش كەپیردەبین كەس نامانهێنێت.
دابونەریتی كۆمەڵایەتی ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە بۆ قەیرەكچی
توێژەری كۆمەڵایەتی رەمزیە زانا دەڵێت: من وەك توێژەر لەگەڵ ئەم زاراوەیە نیم چونكە وەكو هەست برینداركردنێكە بۆ ئەو كچانەی كە تەمەنیان لەسی ساڵی بەسەرەوەیە، لەوانەیە هۆكاری زۆریان هەبووبێ بۆ مانەوەیان یان شوونەكردنیان لەوانە باری ئابووری كە ڕۆژانێكی زۆرناخۆش هەبوون كاریگەرییەكی زۆری لەسەر لاوان كردو نەیانتوانیوە لەساڵی نەوەدەكانەوە پرۆسەی هاوسەرگیری پێكبهێنن هەر ئەمەش بوو وای كرد زۆرێك لەگەنجەكان بەرەو باری كەمدەرامەتی و دارایی ڕۆیشتن و ئەمەش وای كرد هەلی هاوسەرگیری كەم ببێتەوە،هۆكارێكی تر ئەوەیە كە هەندێك لە كچان لەبەر هۆكاری خێڵایەتی كە گوایە دەبێت كچەكە تەنیا لەچوارچێوەی خێزانی خۆی هاوسەری ژیانی خۆی دیاری بكات زۆرجار ڕێكەوت هەیە بەڵام لەبەر دابونەریتی خێزانی ڕێی پێ نادەن لەدەرەوەی خزمەكانیی ژیانی هاوسەری پێك بهێنێت و لەناو ئەوانیش كەسی گونجاو نابینێتەوە..
هۆكاری تریش كچەكان خۆیانن كە بۆبڕوانامەی بەرز ژیانی هاوسەرییان دوادەخەن و كاتیان بەسەر دەچێت بەڵام ئەوە تەنیا لەكۆمەڵگای رۆژهەڵات دەبینرێت و لەكۆمەڵگای رۆژئاواشدا بەپێچەوانەوەیە ئافرەت سەربەستیەكی تەواوی هەیە بۆ ئەو كەسەی هەڵیدەبژێرێ بەبێ رەچاوكردنی هیچ شتێك، بەرای من ئێستا تا رادەیەك گۆڕاوە لەكوردستان پێشتر تەمەن زۆر پێوەر بوو دەەیانوت كچەكە بەبچووكی دەكەوێتە ژێر دەستی ماڵی خەزوورانی بەڵام ئێستا زەمەن گۆڕاوە بەتایبەت ئەوانەی فەرمانبەرن و بژێوی خۆیان دابین دەكەن نابێ واسەیری كچ بكرێ لە تەمەنێكی دیاریكراو شوو بكات بەڵكو پێویستە خۆی بەخۆی بە باوەڕەوە پرۆسەكە هەڵبژێرێ و هەندێكجار كچەكە دەبێتە قوربانی دایكی یان باوكی خزمەتیان دەكات و شوو ناكات تاتەمەنی بەسەر دەڕوات و دەكەوێتە ئەو حاڵەتەوە..