خەڵك تا چ ئەندازەیەك لە كاری بەرگدرووەكان ڕازین؟؟

خەڵك تا چ ئەندازەیەك لە كاری بەرگدرووەكان ڕازین؟؟
پێداویستیەكانی ڕۆژانەی خەڵك وایكردووە كە پێوەندیيەكانی نێوان خەڵك و بازاڕ هەمیشە لە زیادبووندابێت و ئیدی هاووڵاتی هەیە كە ڕۆژانە دووجار و هەفتانەش چەندین جار بچێتە بازاڕ و مامەڵە لەگەڵ دوكاندار و خاوەن كەلوپەلەكاندا بكات تاكو ئەوەی كە بەدڵیەتی و بەپێویستی ژیانی تایبەتی خۆی دەزانێت لە خاوەنەكەی بیكڕێت و بیباتەوە لەشوێنێكی گونجاوی ماڵەكەیدا بیخاتەڕوو تاكو هەناسەیەكی ئاسوودە بەخشی مەعنەوی بەلایەنی ڕۆحی ببەخشێت، خۆئەگەر ئەو پێداویستییە بریتی بوو لە جلوبەرگ و بەدڵی خۆی و دوای گەڕان و ئەزیەتێكی زۆر هەڵیبژاردبوو، ئەوا بێگومان ئەم هەستی بە ئاسوودەبوونە زیاتر و چڕتردەبێت لە هەستی ئەو كەسەدا، بەڵام كاتێك بەرگدروویەك چەندجارێك لەوادەی خۆی دوادەكەوێت و جلوبەرگەكانی بۆ تەواو ناكات یان بەجوانی بۆی نادوورێت، ئەوا ئەوەی جێگەی ئەم ئاسوودەبوونە دەگرێتەوە بریتییە لە خەفەتخواردن و ناڕەحەتی دەروونی.
مەرج نییە بەرگدروو یەكەمجار بتوانێت ئەو شتەت بۆ بدوورێت كە خۆت دەتەوێت
من ئارەزووم ئەوەیە كە بچمە بازاڕ بەتایبەتیش بۆ كڕینی شتی كەمالیات و جلوبەرگ، جلوبەرگەكانیشم تەنیا دەبەمە لای یەك بەرگدروو بۆئەوەی تەواو لە حەزی من ئاگاداربێت كە دەمەوێت چ جۆرە جلێكم بۆبدوورێت، چونكە مەرج نییە بەرگدروو یەكەمجار بتوانێت ئەو شتەت بۆ بدورێت كە خۆت دەتەوێت ئەمە وتەی خاتوو لەنجە ئەحمەد عەزیزی تەمەن 31ساڵە، باوەڕیشی وابوو كە نزیكەی ساڵێك دەبێت تەنیا یەكجار بەرگدرووە تایبەتەكەی خۆی لەكاتی خۆیدا جلەكانی بۆ تەاو نەكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێبوردنی لێكردووە و ئەمەش نەبۆتە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر نەچمەوە بۆلای لەبەرئەوەی ناڕاستگۆیی هەركەسێك بەیەكجار دەرناكەوێت، بەڵكو دەبێت بەلایەنی كەمەوە سێ جار ئەو حاڵەتە دووبارە ببێتەوە ئەوسا تۆ دەتوانی گومانی ئەوەی لێبكەیت كە ڕاستگۆ نییە لەگەڵتدا.
بەلامەوە ئاساییە كە بەرگدرووەكە پێمبڵێ دوو ڕۆژ درەنگتر وەرەوە، بەڵام ڕاستگۆبێت
تائێستا چەندینجار لەگەڵ بەرگدرووەكان تووشی كێشەبووم و لەوانەیە 3 تا 4 بەرگدرووم گۆڕیبێت لەبەرئەوەی لەكاتی خۆیدا جلەكانم بۆتەواو ناكەن ئەمە وتەی فێنك كەمال قادری ڕۆژنامەنووسە، بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی و دەیوت من بەلامەوە ئاساییە كە بەرگدرووەكە پێمبڵێ دوو ڕۆژ درەنگتر وەرەوە، بەڵام ڕاستگۆبێت لەگەڵمدا، لەگەڵ ڕێزمدا هەندێكیان تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەكەنەوە و هەركەسێك چوو بۆلایان بۆ جلدوورین جلەكانی وەردەگرێت و بەڵێنی ئەو كاتەی پێدەدات كە ئەو دەیەوێت و بەهۆی ئەو جلە زۆرانەش كە لایەتی ناتوانێت لەكاتی خۆیاندا تەواویان بكات و نیگەرانیەكەش تەنیا بۆ ئێمەیە و هیوادارم كەمێك بەخۆیاندا بچنەوە، چونكە پارە هەموو شتێك نییە و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵك لەهەموو شتێك گرنگترە، چونكە ئەوەی كە سەردانیان دەكات هاووڵاتییە نەك پارە، بۆنموونە جلم بەدوورینداوە بۆ ئەم نەورۆزە كە دەبوایە لە 14/3 تەواوی بكردایە، بەڵام 17/3 تەواوی كردووەو جۆرێك لە بێ متمانەیی لای من دروستدەكرد ئەگەر لەمانگی سێدا نەبوایە، چونكە بەهۆی نەورۆزەوە جلی زۆری لابووە.
جاری وا هەبووە پێش ئەو وادەیەی بەرگدرووەكە پێی وتووم جلەكانی بۆ تەواوكردوم
كامەران ڕۆستەم حوسێن بە جلە كوردییەكانی كەلەبەریدابوو سەبارەت بە بەرگدرووەكان بۆچوونی خۆی بۆخستینەڕوو و وتی نزیكەی 6ساڵە تەنیا لای یەك برادەرم جل دەدوورم كە تائێستا بەشێوەیەك مامەڵەی لەگەڵدانەكردووم كە نیگەرانم بكات، چونكە تەنانەت جاری وا هەبووە كە پێش ئەو وادەیەی كە پێیوتووم جلەكانی بۆ تەواوكردووم، هەروەها باوەڕیشی وابوو كە بەرگدرووش وەكو هەر كەسێكی تر مرۆڤە و تووشی ئەوەدەبێت كە نەتوانێت لەكاتی خۆیدا جلەكانت بۆتەواو بكات لەبەرئەوەی ئەگەر تەنیا باس لە كارەبا بكەیت، ئەوا ئەو مافە بە بەرگدروو دەدەیت كە لەكاتی خۆیدا نەتوانێت جلەكانت بۆ تەواوبكات، بەڵام بوونی متمانە بۆ بەرگدروو زۆر گرنگە بۆئەوەی بەردەوام كەسەكانی خۆی بچنەوە بۆلای. بۆیە لێرەوە پێیاندەڵێم كە حەقیقەتی دواكەوتن و كاتی تەواوبوونی جلەكان چۆنە بە ڕاستگۆیی بە هاووڵاتیانی بڵێت.
تاكاتی تەواوبوونی جلەكان دێت چەندینجار تەلەفۆنمان بۆدەكەن بێ ئەوەی بزانن لە چ بارودۆخێكداین
پێموایە كە هاووڵاتیانی ئێستا زۆر بێئارامن و جاری واهەیە لەسەر بچووكترین شت تووڕەدەبن و گلەیی دەكەن لەچاو خەڵكی پێشتر، ئەمە وتەی بەرگدروویەكی شاری سلێمانی بوو بەناوی ڕێبین كەریم كە نزیكەی 12 ساڵە خەریكی درووینی جلوبەرگە بۆ ژنان و پیاوان، هەروەها باوەڕی وابوو كە كوڕان بە ئارامترن و ئافرەتان دەیانەوێت تەنیا لەكاتی خۆیدا جلەكانیان تەواوبێت و تاكاتی تەواوبوونی جلەكان دێت چەندینجار تەلەفۆنمان بۆدەكەن بەبێ ئەوەی بزانن كە ئێمە لە چ بارودۆخێكدا ئیشەكانمان دەكەین ئەگەر شاگرێكیشمان هەبێت بۆئەوەی زووتر كارەكان ڕایی بن، ئەوا پارەیەكی وەهامان بۆ نامێنێتەوە كە شایانی باس بێت، بۆچوونیشی وابوو كە ڕاستگۆیی بەرگدروو سەرمایەی كارەكانیەتی و تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت بەردەوامبێت لەكارەكەیی و ویژدانی خۆی ئاسودەبكات.
دەمانەوێت بەرگدرووەكان لەئاستی نرخی زۆری قوماشەكەدا بەجوانی بیدوورێت
من گلەیی لەوەناكەم كە بەرگدرووەكەم جلەكانم كەمێك بۆ دوابخات، بەڵام ئەوەی نیگەرانم دەكات ئەوەیە كە بەدڵی خۆم نەیاندوورێت، چونكە جاری واهەبووە من شتێكم وتووە، بەڵام ئەو بەشێوەیەكی تر بۆی دووریوم و دواییش وتویەتی تۆ خۆت وات وتووە، ئەمە بۆچوونی شاناز غەفور محەمەدی خوێندكاری زانكۆ بوو، هەروەها وتیشی ئێمە وەكو خوێندكارانی زانكۆ هەمیشە حەزمان لەجلی جوان و ناسكە، هەربۆیەش بەنرخێكی گران جلەكان دەكڕین و دەشمانەوێت بەرگدرووەكان لەئاستی نرخی زۆری قووماشەكەدا بەجوانی بیدوورێت و ئەوەش لەیادنەكات كە ئێمە خوێندكاری زانكۆین و لەوانەشە كەمێك جیاوازیمان لەگەڵ كەسێكی تردا هەبێت كە كەمتر دەرفەتی ئەوەی هەبێت زۆربەی كات ئەو جلەی كە دەیدوورێت لەبەریبكات و بەكاری بێنێت.
بەشێوەیەكی گشتی خەڵك بەگلەیین و تەنیا یەك لایەنی ڕووداوەكان دەخوێننەوە
هەندێك هۆكار هەن كە وادەكات بەرگدرووەكان نەتوانن لەئاستی پێویستی خەڵكدابن، وەكو ئەوەی توانای ئیشكردنی ئەو كەسە سنووردارە یان هەندێكجدار تووشی نەخۆشی جەستەیی یان گرفتێكی ئیشكردنی دووكانەكەی دەبێت، ئەمە بۆچوونی محەمەد فەرەیدوون كەریم-ی توێژەری كۆمەڵایەتیی بوو، باوەڕیشی وابوو كە بەشێوەیەكی گشتی خەڵك بەگلەیین و تەنیا یەك لایەنی ڕووداوەكان دەخوێننەوە، ئەویش ئەوەیە كە بزانێت جلەكانی لەكاتی خۆیدا تەواوبووە یان نا بەبێ ئەوەی هەندێك موراعاتی ژیانی بەرگدرووەكەش بكات، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە كە بەرگدروومان نەبێت كە بەشێوەیەك لە شێوەكان چاوبەستی لەخەڵك نەكات، چونكە لەهەموو توێژەكانی كۆمەڵگەدا لەم جۆرە نموونانە هەیە، بەڵام ئەوەی كە زۆر گرنگە ئەوەیە متمانەی خەڵك لەدەستنەدەن و نەبێتە دیاردە.
Top