عینادی كردن لەنـێوان ژن و پیاو
April 10, 2011
کۆمەڵایەتی
سەرەتا ئافرەتێكی 23ساڵ كەفەرمانبەرە لەدامودەزگایەكی حكومی ئاماژە بەوەدەكات، كەهاوسەرەكەی زۆر عینادی لەگەڵ دەكات لەژیانی ڕۆژانەیدا . دەڵێت زۆرجار كەدەگەڕێتەوە ماڵەوە بەس بۆئەوەی خەم بدات بەمن پێم دەڵێت تازە لەگەڵ كچێك بووم بەنیازم بيشیهێنم و واز لەتۆ دەهێنم . یا دەچێتە ژوورێك تەلەفۆن لەگەڵ كچان دەكات و بایەخ بەمن نادات .
دواتر ئافرەتێكی تر تەمەن 27ساڵ ماوەی چوارساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت: هاوسەرەكەم كەسێكی تابڵێی عینادە چ شتێك من حەزم لێيبێت ئەو نایكات .بایەخم پێنادات یان زۆرجار لەپێش خزموكەسەكانی خۆی بەئەنقەست دەمشكێنێتەوە. یان ئەگەر داوای شتێكی لێبكەم بۆبكڕێت پشتگوێی دەخات.
هاوسەرەكەم لەكاتی سێكسدا عینادیم لەگەڵ دەكات
ئافرەتێكی تەمەن 24 ساڵ بۆماوەی دووساڵە ژیانی هاوسەری پێك هێناوەو دەڵێت: هاوسەرەكەم كەسێكی عینادە چی بەخۆی پێيخۆش بێت دەیكات، بەڵام گەر من شتێكم پێخۆش بێت ئەنجامی نادات. تەنانەت لەكاتی سێكسكردنیش عینادی دەكات، ئەوكاتانەی خۆی حەز بكات سێكس دەكات دەنا هیچ حیسابێك بۆمن ناكات. بەڕاستی لەژیانی خۆم زۆر بێزار بوومە .
پیاوێكی تەمەن 30ساڵ ماوەی پێنچ ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو پێیوایە، عینادی دیاردەیەكە لەهەموو مرۆڤێكدا هەیە .ئەم عینادیيەش لەكەسێكەوە بۆكەسێكی تر دەگۆڕێت. بەتایبەت ئەگەر عینادی هەبێت لەنێوان ژن و مێرد، بەراستی زۆر ناخۆشە چونكە ئەو ژن و مێردە هەموو كات كێشەیان دەبێت. ناوبراو باسیش لەوەدەكات و دەڵێت: من هاوسەرەكەم كەسێكی زۆر عینادەو زۆرجار كەمیوانێكمان دێت بەشێوەیەك خۆی نیشان دەدات كەمن زۆر لەگەڵی خراپم، بەس بۆئەوەی خەم بدات بەمن و بمشكێنێتەوە، بەراستی گەر ژیانم بەمشێوەیە بڕوات لەوانەیە جیاببمەوە لێی.
پیاوێكی تەمەن 29ساڵ ماوەی پێنچ ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت « زۆرجار كەمیوانمان دێت بەتایبەت ئەگەر میوانەكە خزمی من بێت، زۆر بەساردی پێشوازیان لێدەكات كاتێك پێشی دەڵێم بۆ بەمشێوەیە ڕەفتار دەكەی، دەڵێت من كەیفم بەخزمەكانی تۆنایەت بەڵام گەر خزمەكانی وی بێنەماڵمان زۆربایەخیان پێــــــدەدات، بەڕاستی زۆر خەم دەخۆم بەم ڕەفتارانە، بۆیە هەموو كات كێشەمان هەیە .
هاوسەرەكەم عینادیم لەگەڵ دەكات لەپۆشینی جل و بەرگدا
پیاوێكی تەمەن 28ساڵ،كەفەرمانبەرە. ئاماژەبەوەدەكات كەهاوسەرەكەی عینادی زۆر لەگەڵ دەكات بەتایبەتی لەپۆشینی جلوبەرگ دەڵێت زۆرجار لەڕكی من جلی نەشیاو دەپۆشێت و بەقسەم ناكات .گەر من حەز لەجلێك بكەم نایپۆشێت .یان كاتێك دەگەڕێمەوە ماڵەوە بایەخ بەخۆی نادات و زۆر بەدڵێكی سارد پێشوازیم لێ دەكات. یان زۆرجار جلی وادەپۆشێت كەمن حەز لەسێكس بكەم كاتێك داواشی لێدەكەم لەگەڵم ئەنجامی نادات .
ئێمە لەكۆمەڵگایەكی پیاوسالاری دەژین
د.ڕێزان عەلی ئیبراهیم دكتۆری یاریدەدەر لەكۆلێژی مرۆڤایەتی. سەبارەت بەعینادی دەڵێت: عینادی لەمنداڵیيەوە هەموو كەسێك هەیەتی واتا سیفەتێكی منداڵانەیە، بەڵام لەكاتی پەروەردەكردنی منداڵ دەبێت بەشێوەیەك پەروەردەبكرێت كە ئەم عینادیيە لەگەڵی گەشە نەكات چونكە كاتێك گەورە دەبێت، دەبێتە یەكێك لەسیفاتەكانی ئەوكەسە، ئەم عینادیيەش لەكەسێكەوە بۆكەسێكی تر دەگۆڕدرێت. ئێمە لەكۆمەڵگایەكی باوكسالاری دەژین بۆیە زۆربەی جار پیاوەكە چ قسەیەك بكات دەبێت ژنەكە بەقسەی بكات، جا كارەكە باش بێت یان خراپ بێت.یان زۆرجار ژنەكە بیرو ڕایەكی هەیە لەسەرشتێك و پێی باشە ڕای خۆی نەگۆڕێت ئەوكاتە پیاوەكە دەڵێت ژنەكەم عینادەوبەقسەم ناكات. بۆیە پێویستە لەنێوان ژن و پیاو ئاڵوگۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون هەبێت بۆئەوەی عینادی لەنێوانیاندا ڕوونەدات.بەڵام زۆر كەس هەیە بەتەفاهوم قسەناكەن و ئاڵوگۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونيان نیيە بۆیە دەبێتە هۆی تەڵاق و لەیەكجیادەبنەوە .نە ژنەكەگوێ لەپیاوەكە ڕادەگرێت نەپیاوەكە گوێ لەژنەكە ڕادەگرێت. زۆر گرینگە هونەری گوێڕاگرتن لەنێوان ژن و پیاو هەبێت زۆرجار پیاوەكە قسەیەك دەكات ژنەكە لەدەمی دەداتەوە یاخود بەپێچەوانەوەش ئەوكات دەبێتە عینادی لەنێوانیان .دەبێتەكێشە لەنێوانیان .یا خۆبەزلزانی لەمرۆڤەكان دەبێتەوە بە عینادی بەڵام عینادیەكی بەئەنقەست، ئەوكات ئەوكەسە بۆشایيەك لەژیانیداهەیە بۆیە بەم شێوەیە ڕەفتار دەكات .
پێویستە لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن هەبێت لەنێوان ژن و مێرددا
بەهزاد محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی لەوەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی لەبارەی عینادیەوە دەڵێت: عینادی سیفەتێكە لەسیفەتەكانی دەروونی مرۆڤ. ئەو عینادەیەش لەئەنجامی چۆكنەدان بەرمبەركەسێك یاخود خۆبەزلزانی ڕوودەدات، كاتێك كەسێك تەنازول ناكات بۆكەسی بەرامبەری لێرەدا عینادی دروست دەبێت. عینادی لەنێوان ژن و پیاو لەوانەیە زۆرجار ڕەفتارێك ببێتە هۆی عینادی لەنێوان ئەو ژن و مێردە هەرئەم ڕەفتارە دەبێتە هۆی دروست بوونی عینادی تەنانەت لەكاتی ئەنجامدانی سێكسیش زۆرجار عینادی دروست دەبێت لەنێوان ژن و مێرددا .
ناوبراو باسیش لەوەدەكات دەڵێت: پێویستە لێبوردەیی و یەكترقبوڵ كردن بەرامبەر بەیەكتر هەبێت ئەم دووهۆكارە وادەكات عینادی لەنێوان ژن وپیاو كەم بكاتەوە چونكە زۆرجار كاتێك ژن و مێرد بەشەڕدێن هەفتەیەك نێوانیان نابێت و پشت لەیەك دەكەن..
تائێستا ڕێژەیەكی دیاریكراو لەدادگا نیيە بۆ ژن و مێرد كە لەسەر عینادی جیا بووبنەوە لەیەكتر
پارێزەر ئیبراهیم جبرائیل وتی: كاتێك ژن ومێرد دەكەونە دادگا لەبەرامبەر حاكم باس لەهەموو شتێك ناكەن چونكە دادگا بەوردی ناچێتە ناوكێشەكان، لەبەرئەوەی كێشەی زۆری لەژێردەستە بۆیە تائێستا هیچ رێژەیەكی دیارینەكراوە لەسەر عینادی كە ژن ومێرد جیاببنەوە بەڵام من وەكو پارێزەرێك كاتێك كێشەی تەڵاقم دێتە بەردەست ئەوكات پیاوەكە دەڵێت دەمەوێت جیاببمەوە لەهاوسەرەكەم چونكە زۆر عینادیم لەگەڵ دەكات یاخود ژنەكە داوای جیابوونەوە دەكات لەبەرئەوەی پياوەكە عینادە لەگەڵم خۆی بۆنموونە. ژن و مێردێك میوانیان دێت پیاوەكە دەڵێت ئەم جۆرە جلانەلەبەرمەكە یاخود بەم شێوەیە ڕەفتار مەكە، ئەوكات ژنەكە لەڕكی پیاوەكەی بەپێچەوانەی ڕای پیاوەكە رەفتار دەكات .بەس بۆئەوەی شتێك دروست بكات لەسەر پیاوەكەی بۆئەوەی بڵێت پیاوەكەم لەسەر هەموو شتێك دەيكاتە شەڕ لەگەڵ دەكات .بەپێچەوانەشەوە پیاوەكە عینادی لەگەڵ ژنەكەی دەكات جا لەسەر هەر شتێك بێت .