كێشەی ئافرەتە شۆفێرەكان لە كۆمەڵگای ئێمەدا

كێشەی ئافرەتە شۆفێرەكان لە كۆمەڵگای ئێمەدا
لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئافرەتان، یەكێكە لەو دیاردانەی كە ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا لە ئەنجامی بەرەوپێشچوونی باری ئابووری تاڕاددەیەك پەرەی سەندووە.
ئەمڕۆ ئافرەتان ئۆتۆمبێلی خۆیان هەیە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەنگاوێكی بەشارستانی بوونی كۆمەڵگەكەمانە، كە ئافرەتان ئەمڕۆ شان بەشانی پیاوان ئۆتۆمبێل لێدەخۆڕن، ئەركێكی گرنگیان لەكۆڵ براو مێرد و كەسوكاریان كردۆتەوە.

ئامادەكردنی دیار سالار
هەندێك پیاو هەن بەتەوسەوە سەیرمان دەكەن، ئەمە رای خاتوو نیان حەمەد ئەمین بوو كە فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەرێم، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە زۆر پیاو هەن ئەوەندە كەسایەتی خێڵەكی بەسەریاندا زاڵە، كاتێك ئافرەتێك دەبینن شۆفێری دەكات زۆر بەتەوسەوە تەماشای دەكەن، وا لێی ورد دەبنەوە وەك ئەوەی كە تاوانێكی كردبێت، خاتوو نیان زیاتر لەمبارەوە دواو وتی ئەوان وەك ئافرەت لەكاتی شۆفێریدا تووشی كێشە دەبن، لەگەڵ پیاوان، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر لەپیاوان باوەڕیان بەمافە بنچینەییەكانی ئافرەت نییەو بەڕای ئەوان نابێت ئافرەت شۆفێری بكات.
نەبوونی رۆشنبیری گەورەترین كێشەیە، ئەمە رای خاتوو رێزان ئەحمەد عومەر بوو، ناوبراو فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان، ئەو وای دەبینی كە گەورەترین كێشە لەوەدایە كە زۆر لەو پیاوانەی ئەمڕۆ شۆفێری دەكەن بەشێكی زۆریان هیچ جۆرە رۆشنبیرییەكیان نییە و كەسانێكی زۆر خێڵەكین لەبەر ئەوە كاتێك كە ئافرەتێك دەبینن شۆفێری دەكات بەهەموو جۆرێك دەیانەوێت، ئەوئافرەتە هەراسان بكەن و ناچاری بكەن، تووشی كارەساتێك ببێت.
هەندێك لەپیاوەكان لە ئیرەییدا كێشەمان بۆ دروست دەكەن، ئەمەقسەی خاتوو شەونم عەونی بوو كە فەرمانبەرە لە وەزارەتی دارایی، ناوبراو وای دەبینی سەرەكیترین هۆكار كە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لەلایەن پیاوانەوە هەراسانبكرێن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆر لەپیاوەكان ئیرەیی بەو ژنانە ببەن كە هاوكاری كەسوكاریان دەكەن، چونكە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ژنانەوە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێك لە ئەركەكانی هاوسەرو برا و باوكیان كەم بكەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانەی كە كچ و ژنی خۆیان ناتوانن شۆفێری بكەن، ئیرەیمان پێدەبەن و هەوڵدەدەن كێشەمان بۆدروست بكەن.
زۆر ئافرەت لەپیاوان باشتر شۆفیری دەكەن، ئەمە رای خاتوو سۆلین موحسین بوو، كە فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ژمارەیەكی بەرچاو لەئافرەتان كە شۆفێری دەكەن تووشی كێشە دەبن، واتا دەتوانم بڵێم زۆربەی ئەو ئافرەتانەی شۆفێری دەكەن لەلایەن شۆفیرە پیاوەكانەوە هەراسان دەكرێن و هەڵبەتە نەك هەموو پیاوان، بەڵكو ئەوانەی كە ئاستی رۆشنبیری كۆمەڵایەتییان نزمە، ئەگەر شۆفێری تەكسی بن یان سەیارەی خسوسی، ئەوان ئێمەی ئافرەت هەراسان دەكەن و ناهێڵن بتوانین وەك پێویست سوود لە شەقامەكان وەربگرین، واتە دەتوانم بڵێم هەموو ئافرەتان لەم كۆمەڵگەیەی ئێمەدا لەلایەن پیاوانەوە تووشی هەراسان دەكرێن، من وەك ئافرەتێك لەكاتی شۆفێریدا زۆر جار هەستم پێكردووە كە هەندێك شۆفێری پیاو هەن، شۆفێری نازانن و هیچ كام لە یاساكانی هاتووچۆ جێبەجێناكەن، لەگەڵ ئەوەشدا كە ئافرەتێك دەبینن شۆفێری دەكات یەكسەر هەراسانی دەكەن و لەكاتی لێخوڕیندا هەموو هەوڵێك بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی كە ئەو ئافرەتە سەری لێتێكبچێت، خاتوو سۆلین ئاماژەی بەوەدا كە ئەو هەستی پێكردووە ئافرەت لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی هاتووچۆ دەبن، واتە لەڕووی پراكتیكییەوە لە لێخوڕیندا لە پیاوان باشتر و هێمنترن، بەڕێژەیەكی زۆر كەم ئافرەتان تووشی كارەساتی ئۆتۆمبێل دەبن، ئەگەر ئافرەتێكیش تووشی كارەسات بێت بێگومان هۆكاری روودانی كارەساتەكان پیاوەكانن، واتا دەتوانم بڵێم كەهۆكاری سەرەكی روودانی كارەساتی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شۆفێرە پیاوانەی شۆفیرییەكەیان باش نییە و كەچی لەكاتی لێخوڕیندا شۆفێرە ئافرەتەكان هەراسان دەكەن.
پیاوان پێیان ناخۆشە ئافرەت لەوان باشتربێت، لەبەر ئەوە هەراسانمان دەكەن، ئەمە بۆچوونی خاتوو سوعاد عەبدولڵا سەعیدە، كە فەرمانبەرە لەبەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان، ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان وەك ژنان لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا زۆر لەپیاوان باشترن و زیاتر رێنماییەكان و یاساكانی هاتووچۆ جێبەجێدەكەن و زۆر كەم شۆفێری ئافرەت لەكاتی لێخوڕینی ئوتومبێلدا سەرپێچی یاسا دەكات، ئاماژەی بەوەشدا كە شۆفیرە پیاوەكان بەشێكی زۆریان سەرپێچی یاسا دەكەن.
خاتوو سوعاد لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە كۆمەڵگەی كوردەواری كۆمەڵگەیەكی خێڵەكییە لەبەر ئەوە زۆربەی تاكەكان هیچ جۆرە ئازادییەك بەئافرەتان رەوا نابینن، لەكاتێكدا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەركی سەرشانی ئافرەتان زۆر قورس بووە، لەبەر ئەوەی جگە لە كاری ناوماڵ، كاری دەرەوەشیان لەسەر شانە، واتە كە ئافرەتێك ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت بۆ كەمكردنەوەی ئەركی سەرشانی مێردەكەیەتی و پێویستە هاوكاری بكرێت نەك هەراسان بكرێت، ناوبراو وای بەباش دەزانی هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی كە كۆمەڵگە رۆشنبیر بكرێت و بەبەردەوامی هۆشیاری كۆمەڵایەتی لەناو تاكەكاندا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن بۆخۆمان دروست بكەین.
پارێزەر گوڵاڵە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا كە تائێستا لە هەرێمی كوردستاندا هیچ جۆرە سزایەكی یاسایی بۆ شۆفێرێكی پیاو نییە كە هەراسانی شۆفێرێكی ئافرەت بكات، لەبەر ئەوە ناتوانرێت بەهیچ دەقێكی یاسای رێگری لەو كەسانە بكرێت، چونكە ئێمە وەك یاساناسان هیچ جۆرە بڕگەیەكی یاساییمان بەدەستەوە نییە كە سزای ئەو شۆفێرە پیاوانە بدەین كە دەبنە هۆی ئەوەی ئافرەتان لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا تووشی كارەسات بن، بەڵام لێرەدا دەتوانین هەوڵبدەین لەرێگەی رێكخراو و سەنتەرەكانی ئافرەتان كار بكرێت بۆ داڕشتن و هەمواركردنی یاساییەك بۆ بەرگریكردن لە ئافرەتان لەكاتی شۆفێریدا.
خاتوو سارا ئەحمەد وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی خێڵەكییە وەك هەموو كۆمەڵگەكانی تری رۆژهەڵات، كە مافەكانی ئافرەتان لەم كۆمەڵگەیانە زۆر سنووردار كراوەوە هەموو ئازادییەكانیان كپكراوە، ئەمە بێجگە لەوەی كە زۆربەی داب ونەریتە كەلتوورییەكان ئیرادەیەكی بەهێزیان لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە كە رێگرە لەهەموو چالاكییەكی ئافرەتان، ئیتر ئێمە چۆن بتوانین لەكۆمەڵگەیەكی ئاوادا كاربكەین، یەكێكیش لە مافە هەرە سەرەتاییەكانی ئافرەت، لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە كە زۆربەی تاكەكانی ئێمە بەتایبەتی پیاوە دواكەوتووەكان دژی ئەمەن و هەمیشە هەوڵدەدەن رێگر بن لەوەی ئافرەت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێـت، ئەوەی كەزۆر پێویستە لەم قۆناغەدا بایەخێكی زۆرتر بەبواری هوشیاری كۆمەڵایەتی بدرێت، هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی كە گەنجەكان رێز لەئافرەتان بگرن. لەكاتێكدا ئافرەت نیوەی كۆمەڵگەیە، بەڵام هەندێك كەس ئەو نیوەیە هەراسان دەكەن، واتا دەبێت قوناغ بەقۆناغ دەستی پێبكرێت و هەوڵی سەرەتاییمان بۆ ئەوە بێت ئەو كەسانەی كە رێگرن لەوەی ئافرەت شۆفیری بكات هەوڵیان لەگەڵ بدەین بۆ ئەوەی رۆشنبیر بكرێن و ئەو شتانە دووبارە نەكەنەوە، كە ئەنجامی دەدەن و پێویستە هەر لەمنداڵییەوە منداڵەكان لەسەر ئەو بنەمایە فێربكرێن كە رێز لە ئافرەتان بگرن و هەراسانیان نەكەن، واتە سەرەتا بە رۆشنبیركردنی تاكەكان دەست پێبكەین، ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجامێكی روون و هەندێك لەپیاوان هەر بەردەوامبوون لەسەر هەراسانكردنی ئافرەتان، دەبێـت هەوڵبدرێت رێوشوێنیكی یاسایی بدۆزرێتەوە بۆچارەسەركردنی، واتە ئەگەر گەیشتینە ئەنجامی ئەوەی كە هۆشیاری كۆمەڵایەتی ناتوانێت چارەسەری بكات، ئەوكات دەبێت لەرێگەی یاساییەوە چارەسەری بكەین.
خاتوو ئیلهام ساڵح وەك توێژەرێكی دەروونی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو پیاوانەی كە لە كاتی شۆفێریدا ئافرەتان هەراسان دەكەن، ئەوانە قەیرانی دەروونیان هەیەو هەست بەجۆرە كەمو كوڕییەك دەكەن، واتە ئەوەی كەمن زۆر بەپێوستی دەزانم ئاماژەی پێبدەم زۆر پیاو هەن خێزانەكانیان توانای فێربوونیان كەمە، كاتێك كە ئەوان دێنە دەرەوە دەبینن ئافرەتی زیرەك و بەتوانا هەیە و فێری شۆفێری بووە، یەكسەر هەست بەكەموكوڕی دەكەن بڕیار دەدەن كە ئەو ئافرەتانە هەراسان بكەن و نەهێڵن شۆفێرییەكەیان بكەن، هەندێك لە هەرزەكاران كەبوونەتە خاوەنی ئۆتۆمبێل هیچ كارو پیشەیەكیان نییە تەنیا ئەوە نەبێت پێش بە كچان بگرن، ئەگەر پیادەبن. ئەگەر كچەكان شۆفیریش بن، ئەوا ئەو هەرزەكارانە هەوڵدەدەن كێشەیان بۆ دروست بكەن و هەراسانیان بكەن، واتە كێشەكە ئاڵۆزە، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە هەموو جۆرە مرۆڤێكی تێدایە.
Top