لەخۆشەویستیدا هەست و سۆز لە سەرووی هەموو شتێكە

لەخۆشەویستیدا هەست و سۆز لە سەرووی هەموو شتێكە
ئا-بەهرە سدیق

رەئوف قادر یەكێك لە گەنجەكان بەو شێوەیە دوا و وتی: «بێگومان هەر گەنجێك چ كوڕ چ كچ كاتی بڕیاری خۆشەویستی دەدات هەر دوو لایەنی سێكسی و عاتیفی خۆشەویستی لای خۆی بە گرنگ وەردەگرێ، چۆن ئەو فاكتەرەش بەشێكن لە خۆشەویستی، بەڵام من وەك كوڕێك كاتێك بڕیاری خۆشەویستییەكی راستەقینە لەگەڵ كچێك دەدەم، زیاتر لایەنی عاتیفی بە لامەوە گرنگترە، چونكە لەو رێگەیەوە زیاتر دەتوانرێت سەرەنجی كەسی بەرامبەر بۆ لای خوت رابكێشی و لەو رێگەیەشەوە دەتوانی سێكسیش بكەیتە بەشێك لەم پەیوەندییە، چونكە هەندێك جار قسەكان سنوور دەشكێنن دەگاتە ئەو شوێنەی كە كوڕ و كچ بگەنە ئەوەی كە سێكس وەك بەشێك لە پێوندی نێوان خۆیان ببینن و بە لایانەوە ئاسایی بێت كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ حەزی هەر دوولا.

بێگومان هەندێك جاریش شتی وا روویداوە كە خۆشەویستەكەم بۆ دەربڕینی خۆشەویستی خۆی پەنا دەبات، كە ماچم بكات یا رێگەی تر بگرێتە بەر.
بۆیە پێموایە توێژی گەنج بە كوڕو بە كچەوە سێكس بە بەشێكی خۆشەویستی خۆیان دادەنێن و زور جار لایان ئاساییە كە لەگەڵ خۆشەویستییەكەیان كاری سێكسیش ئەنجام بدەن. من چەند حەزم لەم كارە بێت بێگومانم خۆشەویستەكەشم حەزی لێیە چونكە ئەمە رێگەیەكە بۆ تێر بوونی حەزەكانی هەر دوو لامان»
بەیان رۆستەم دەڵێت: من وەك كچێك زۆر لام ئاساییە كاتێك دوو كەس یەكتریان خۆش دەوێت، یەكتر ماچ بكەن، یان دەستی یەك بگرن، بەڵام لە رادەی خۆی زیاتر تێنەپەڕێت، چونكە بەبڕوای من بەماچ كردن زیاتر تێكەڵی یەكتر دەبن و خۆشەویستیان زیاتر دەبێت. من خۆم كە خۆشەویستم ئەبینم لەوانەیە چەند رۆژێك بێ نەم بینیبێ ماچی دەكەم و دەستی دەگرم بەڵام لەوە تێناپەرێ بەلای منەوە ئاساییە تا سنوورێكی دیاریكراو ئەمە هەبێ، بەڵام بەداخەوە لەكۆمەڵگەی ئێمە ئەگەر دوو خۆشەویست ماچی یەك بكەن و دەستی یەك بگرن ئەوا بەبێ رەوشت دەناسرێن و لە كەساییەتیان دێتە خوارەوە»
مەریوان تۆفیق وەك قوتابییەكی زانكۆ بەو شێوەیە باس لە بابەتەكە دەكات»بەداخەوە لەكۆمەڵگەی كوردیدا بەشێكی زۆری هاوڕێیەتی لەسەربنەمایەكی راست و دروست بنیات نانرێت.

بەتایبەت هاوڕێیەتی نێوان كوڕان و كچان- ئەوەی دەبینریت ئەو هاوڕییەتییە لەدوای قۆناغی بنەڕەتی و چوونە نێو زانكۆ و پەیمانگاكان لەنێوان كوڕان و كچان دروست دەبێت، بەڵام ئەم هاوڕێیەتییە ئەگەر چی سەرەتا لەسەر بنەمای پیشە دروست دەبێت كە خوێندنە پێكەوە كۆیان دەكاتەوە، بەڵام هەندێكجار هاوڕێیەتی گۆڕانی بەسەردادێت و دەچێتە قۆناغێكی دیكە.

زۆرجار كوڕان پەنادەبەنە بەر شێوازگەلێك بۆ فریودانی كچان، بۆ ئەوەی بەمەبەستی تەحەروش و سێكس لێیان نزیك ببنەوە. كەئەمەش دیمەنێكی ناشیرینی داوە بە هاوڕێیەتی نێوان كوڕان و كچان.
بەداخەوە لەكۆمەڵگەی كوردی بەهۆی سۆزو عاتیفەوە زۆرجار وا بووە كەكچان لەلایەن كوڕانەوە فریو بدرێن، هەرئەمەش وایكردووە كچان زۆرجار خۆیان بەدووربگرن لەكوڕان و هەوڵی درووستكردنی هاوڕێیەتی لەگەڵیاندا نەدەن. هەر بۆیە دەبینین زۆرجار خۆشەویستی لەنێوان دووكەس درووستدەبێت، بەڵام دواتر ئەم خۆشەویستییە لەماوەیەكی كورتدا كۆتایی پێدێت واتە ناتوانێت بەردەوام بێت.

بەبۆچوونی من هۆكاری سەرەكی ئەم بەردەوام نەبوونە ئەوەیە كە بەرژەوەندییەكی كاتی هەردوو رەگەزەكەی كۆكردوەتەوە، كەواتە خۆشەویستی پاكانە ئەگەر هەبێ زۆر جوانە، بەڵام بەپێی سنوور و نەبەزاندنی ئەم سنوورە، بوونی هەر جۆرێك لە جۆرەكانی نزیك بوونەوە لە نێوانیان دەگەڕێتەوە سەر كەسایەتییەكان»
تارا نورەدین دوای چوار ساڵ خۆشەویستی، تازە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، ئەو پێی وابوو»لەكاتی خۆشەویستی لایەنی عاتفی زاڵە بەسەر هەموو شتێكدا، لەهەمان كاتدا لایەنی سێكسیش دەور دەبینێت، ئەو كاتەی كە لەگەڵ هاوسەرەكەم پەیوەندییمان هەبوو بەر لەهاوسەرگیری هەوڵی داوە خۆشەویستی خۆی بۆمن دەرببرێ و لێم نزیكببێتەوە ئەویش تەنیا بە دەست گرتن بووە، ئەگەر خۆشەویستی لەسەر بنەمایەكی پتەو بێت هەندێك لەو شتانە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی ئاساییە بەڵام هەموو شتێك نا»

یوسف عوسمان محەمەد پسپۆڕی دەروونناسی هەولێر دەڵێت»خۆشەویستی بریتییە لە هەست كردن بەبەرپرسیارییەتی، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لێكدانەوەیەكی هەڵە، بۆ خۆشەویستی هەیە كاتێك كوڕێك و كچێك بەیەكەوە نانێك دەخۆن و بەیەكەوە دەچنە دەرەوە ئەوا بەهەڵە لێیان تێدەگەن و تەنیا بیر لە هەڵەی جنسی دەكەنەوە. بنەمای ئەو تێگەیشتنەش لە خێزانەوە سەریهەڵداوە، چونكە تا ئێستا لەهیچ خێزانێكدا نەمان بینیوە خوشك و برایەك بەیەكەوە دەربچن و پیاسەیەك بكەن، بۆیە كاتێك روو لەزانكۆكان دەكەن سەرەتا لەوانەیە بەیەك بڵێن خوشك و برا، لەدواییش دا دەبن بەخۆشەویست، خۆشەویستیش دەبێتە هۆی داواكردنی چوونە دەرەوە بەیەكەوە. كاتێك دوو خۆشەویست بەیەكەوە دەبن ئەوا لێرەدا جەستە نامێنێ، تەنیا رۆحەكانیان بەیەكەوە دەبن و دەبن بەزامداری یەكتر، وابیردەكەنەوە كە ناتوانن بەبێ یەكتر بژین، كەواتە لێرەدا هیچ سنوورێك نامێنێ بۆ خۆشەویستی، لە راستیدا ئەو سنوورە خۆی بوونی نییە. بەڵام كەسەكان و كۆمەڵگە دروستی دەكەن كەدوو كەس خۆشەویستی هەبوو لەنێوانیان ئەوا پێویست بەو سنوورە ناكات، خۆشەویستیمان هەیە پاكانەو راستگۆیانەیە و خۆشەویستیش هەیە بۆ پڕكردنەوەی غەریزەكانە».
Top