لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە دایك و باوكان چۆن ئامۆژگاری منداڵەكانیان دەكەن؟

لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە دایك و باوكان چۆن ئامۆژگاری منداڵەكانیان دەكەن؟
دایك وباوك ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینن لە هەڵبژارنی هاوسەری ژیانی منداڵەكانیان. هەروەها هەموو دایك و باوكێك پێویستە پێش ئەوەی منداڵەكانیان ژیانی هاوسەری پێك بهێنن ئامۆژگاریان بكەن، بۆئەوەی لەكۆتایدا پرۆسەی هاوسەرگیریەكەیان سەركەوتوو بن. سەبارەت بەم مەسەلەیە ڕاو بۆچوونی چەند كەسێكمان وەرگرتوە.....
نابێت ئافرەت خیانەت لەهاوسەرەكەی بكات، هەروەها دەبێت ڕیزی بگرێـت
فاتیمە ئەحمەد تەمەنی 45 ساڵە خاوەنی پێنج منداڵەو دەڵێت « لەسەر هەموو دایك باوكێك پێویستە پێش ئەوەی منداڵەكانیان ژیانی هاوسەری پێك بێنن ئامۆژگاری كچ و كوڕەكانیان بكەن. من خاوەنی پێنج كچم تاكو ئێستا سێ كچم ژیانی هاوسەریان پێك هێناوە و پێش ئەوە بگوازرێنەوە ئامۆژگاری كچەكانی خۆم كردوە كە چۆن ڕێز لەهاوسەری خۆیان بگرن. چۆن ماڵ بەڕێوەبەرن و خزم وكەسی هاوسەری خۆیان خۆش بوێت بەڕێزبن لەگەڵ خەڵك. چونكە كاتێك كچ یان كور دەكەونە نێو ژیانی هاوسەری ئەوكات ئەركی كیان قورستر دەبێت. هەروەها ژن بناغەی ماڵە ئەگەر نەتوانێت ئەم بناغەیە بەجوانی بەڕێوەببات، ئەوا ئەو پڕۆسە هاوسەرگیرییە سەرناكەوێت.
ئارەزو نەجات تەمەنی 23 ساڵە و ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت « پێش ئەوەی ژیانی هاوسەری پێك بهێنم. هەموو كات دایكم ئامۆژگاری دەكردم كاتێك شووم كرد چۆن ڕێز لەهاوسەرەكم بگرم و هەروەها خزمەتی بكەم و خیانەتی لەگەڵ نەكەم و لەقسەكانی دەرنەچم خۆشم بوێت. ئێستاش هەموو قسەكانی دایكم جێبەجێ كرد ژیانم زۆر خۆشە.
هەروەها «هێژا یوسف» تەمەنی 25 ساڵەو ماوەی دوو ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت « كاتێك چ كوڕ چ كچ ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێت گۆڕان لە ژیانیدا ڕوودەدات. پێش ئەوەی ژیانی هاوسەری پێك بهێنم دایكم و باوكم هەموو كات پێیان دەوتم كاتێك ژنت هێنا نابێت ئەو هەڵسو كەوتەی ئێستات هەیە ئەو كات هەتبێت. دەبێت ڕێزی هاوسەرەكەت بگری خۆشت بوێتن و ئەو شتانەی بۆماڵ پێویستە ڕۆژانە دەبێت دەبینی بكەیت وبتوانیت ڕۆژانە خەرجی ماڵ پەیدابكەیت و خیانەت لەهاوسەرەكەت نەكەیت.
خەندە حەیدەر تەمەنی 28 ساڵەو ماوەی دوو ساڵە ژیان هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت « پێش ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری بكەم هەموو كات دایكم ئامۆژگاری دەكرم پێی دەووتم دەبێت ڕیزی هاوسەری خۆم بگرم و بزانم چۆن هاوسەرەكەم بۆخۆم ڕابكێشم و هەروەها بایەخ بەخۆم بدەم كاتێك هاوسەرەكەم گەڕایەوە ماڵ خۆم جوان بكەم و بەدڵێكی خۆشەوە پێشوازی لێ بكەم و زۆر هاتۆ چۆی ماڵی خەسوم نەكەم و بەتەنیا نەچم بۆ بازاڕ خواردنی خۆشی بۆ ئامادەبكەم، چونكە دەی ووت پیاو ئەم شتانەی لە خێزانەكەی خۆی دەوێت.
دایك و باوك ڕۆلێكی سەرەكیان هەیە پێش ئەوەی منداڵەكانیان پڕۆسەی هاوسەرگیری پێك بێنن
ئاشنا زرار ماوەی 5ساڵە ژیانی هاوسەری پێك هێناوەو دەڵێت «دایك وباوك ڕۆلێكی سەرەكیان هەیە بۆ منداڵكانیان لەبەخێوكردن و ئامۆژگاری كردنیان، بەتایبەت لەو تەمەنەی كەدەچنە پڕۆسەی هاوسەرگیری چونكە چ كچ چ كوڕ نازانێت ژیانی هاوسەر گیری چۆنە نازانێت چۆن ڕەفتارو هەڵسو كەوت بكات. چۆن ماڵ ومنداڵ بەخێو بكات بۆیە لەسەر هەموو دایك و باوكێك پێویستە ئامۆژگاری منداڵەكانیان بكەن.
ئارام حوسێن تەمەنی سی ساڵە ماوەی سێ ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت « هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانت كارێكی زۆر سەختە چ بۆكچ چ بۆكوڕ چونكە كچ و كوڕەكە شارەزای یەكتر نین. هەروەها نازانن خێزانەكانیان چۆنە، جابۆیە لەسەر هەموو دایك و باوكێك پێویستە ئامۆژگاری منداڵەكانیان بكەن بۆهەڵبژاردنی ژیانی هاوسەری، یان بۆئەوەی هاوسەرگیرییەكەیان سەركەوتوو بێت و بتوانن ژیانێكی خۆش بەسەر بەرن، من پێش ئەوەی ژیانی هاوسەری پێك بێنم دایكم باوكم زۆر هاوكارم بوون لەهەڵبژاردنی هاوسەرەكەم و هەمووكات دەیان وت یەكێك دەست نیشان بكە لەگەڵ ئێمە بگونجێت و ڕێزت بگرێت و خیانەتت لێنەكات.
ژیانی ئێستام زۆرجیاوازە لەچاو چوار ساڵ پێش ئێستا
ئاری موحسین تەمەنی 29ساڵەو چوار ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە ووتی «ئێستا ژیانم لەچاو چوار ساڵ پێش ئێستا زۆر جیاوازە ئەوكات ڕۆژانە ئێواران بەدڵی خۆم دەگەڕامەوە ماڵ و خەرجیم كەمتر بوو، خەمم كەمتر بوو ئەوكات هەموو كات باوكم دایكم پێیان دەووتم ژن بهێنی نابێت وەكو ئێستا بی، دەبێت ئێواران زوو بگەرێیتەوە ماڵەوەو هەروەها بایەخ بە ماڵەوە بدەی دڵی ژنەكەت ڕازی بكەیت و خەرجی بۆ ماڵ پەیدابكەیت و هەفتانە هاوسەرەكەت ببەیتە دەروە. بۆیە ئێستا ئەركم زۆر قوڕسترە بەڵام ژیانم زۆرخۆشە.
هیچ دایك باوكێك حەزناكات ژیانی منداڵەكانیان ناخۆش بێت
بەهزاد محەمەد ئەمین توێژەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی ووتی « لەسەر هەموو دایك و باوكێكە ئامۆژگاری منداڵەكانیان بكەن لەهەڵبژاردنی هاوسەری ژیانیاندا چ كەسێك دەگونجێت لەگەڵیان، بۆیە پێویستە منداڵەكانیان گوێ رایەڵی ئەورێوشوێنانەبن كەدایك و باك بۆیان دادەنێت، چونكە هیچ دایك و باوكێك حەز ناكەت ژیانی منداڵەكەی ناخۆش بێت.
Top