دایكێك بوو بەقوربانی كەمتەرخەمییەك

دایكێك بوو بەقوربانی كەمتەرخەمییەك
هێشتا شەبەنگی بەرەبەیان تازە خەریك بوو بە بەرگی ئاڵ و واڵاوە لە دەمكەلەوە هەڵبێت و تازە بریسكەی خۆر ماچی زەوی بكات و شەوەزەنگی تاریكی راوبنێت، لەناكاو دایكی ئاڤێستا ئازارێكی زۆر لەناودڵیدا و لەسەر سینگی پەیدا بوو، هەر لەوكاتەدا هەرچۆنیك بوو باوكی و ئاڤێستای كیژی دایكەیان بۆمەبەستی چارەسەركردن گەیاندە نەخۆشخانە، بەڵام وەك هەموو جارێك لەجارەكان لەنەخۆشخانە باری تەندروستی زیاتر خراپ دەبوو ، هەربۆیە گەیاندیانە لای ئیكلینیكی پزیشكێكی پسپۆر كە بەناوباشترین و داناترین پزیشكی شارەكەیە، ئەویش بەزوویی فەرمانیدا هەندێك دەواودەرمانی حەوانەوە و بیهۆشكردنی بدەنێ تا كەمێك ئازەرەكانی بڕەوێتەوە، هەرچۆنێك بێت باری تەندروستی بەرەوە باشبوون بڕوات و بۆئەوەش كە بەتەواوی چارەسەر وەربگرێت پزیشك وای بەباشزانی كە نەخۆشەكەیان لەنەخۆشخانەیەكی تایبەتی واتە(ئەهلی) داخڵ بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری تەواوەتی لەوێ وەربگرێت، منداڵەكانیشی ئەوەندە دایكیان خۆشدەویست هەرچۆنێك بێت بردیان بۆنەخۆشخانەی (...........) ئەهلی كەبەناوبانگترین نەخۆشخانەی تایبەتیە لە شارداو گرانترین نرخی هەیەو، پزیشكە بەناوبانگەكان لەوێ چارەسەری نەخۆشەكان دەكەن و نەخۆشخانەكە پڕە لەبەردەستی ئەسیوبی و بەنگلادیشی و نرخی بتڵێك ئاو دووقات و سێقاتی هەمان نرخە لەدەرەوە،هەروەه خزمەتگوزارییەكانی دیكەش هەمان شێوەن بەڵام هەرئەوەندەی خۆشبوو ئێوارەیبەسەرداهات وەك شانەی هەنگ هەموو پزیشك و كارمەندەكان بڵاوەیان لێكرد و پزیشكی ئێشكگر وەك هەموو كاتێك لەژوورەكەی خۆیدا دەرگای لەسەر خۆی داخست و دەنگی تەلەفیزۆنەكەی بڵندكرد نەبادا نەخۆشێك داوای شتێكی لێبكات بۆئەوەی بڵێت گوێم لێنەبوو، كاتێك كەسوكاری نەخۆشەكە بەدوای پزیشكێك یان كارمەندێكدا دەگەڕان دەبوو هەموو كون و قوژبنێكی نەخۆشخانەكە بپشكنن تا بیدۆزنەوە، ئاڤێستاش چاوەڕێی دەكرد بەڵكو خودای تاك و تەنیا فریایان بكەوێت و لەم چركەساتەرەشە دەربازیان بكات، یان وەك لە چیرۆكە كۆنەكاندا هاتووە خدری زیندە یان هەر پیاوچاكێك پەیدابێت و دایكی لەو ئازار و نەخۆشیە رزگار بكات، یان زانایەكی ئەوروپی بەهەڵە رێگەی بكەوێتە كوردستان و فریای ئەم نەخۆشانە بكەوێت.

لەناكاو دایكی ئاڤێستا باری تەندروستی زۆر تیكچوو ، هاواری كرد و یەكسەر بوورایەوە، ئاڤێستاش هاواری كرد بەرەوە ژووری پزیشكی ئێشكگر، بەڵام وەڵامی نەبوو دوای نیوسەعات پزیشكە ئێشكگرەكە هات و لەدوورەوە تەماشای كرد و وتی تەواو مردووە خێرا لەسەر ئەم قەرەوێلەیە لایبەرن هەرچەندە ئاڤێستاو خوشكەكەی و برایەكەی زۆر لە پزیشكەكە پاڕانەوە، بەڵام بێسوود بوو هەر هاواریان دەكرد كە دایكمان نەمردووە فریامان كەون، هیچ كەسێك وەڵامێكی بۆئەوان پێ نەبوو، تەنانەت پزیشكەكە زۆر بێڕەحمانە فەرمانی دا كە دایكی ئاڤێستا لابەرن، چونكە مردووە ناكرێت مردوو لەسەر سیسەم بێت و تەرمەكە برایە دەرەوە.

مرۆڤێك كەخودای تاك و تەنیا بەجوانترین و ناسكترین شێوە دروستی كردووە هێندە نرخی كەمە سیسەمێكی پێ رەوا نەبینرێت كە لەئاسنێكی رەق و تەق دروستكراوە، ئیتر لێرەوە نازانین ئایە دایكی ئاڤێستا مرد یان نەمرد، بەڵام من ئەوەندە ئاگاداربووم بردیان بۆ مزگەوت زۆر پاكو خاوێن شتیان و پاشان بەخاكیان سپارد بێگومان دوای بەخاك سپاردن ئیتر رۆحی دایكێك بەسەر زەوی لە باڵەفڕەی دا بەرەو ئاسمان چوو ،ئەمە نموونەیەكی راستییە كەرۆژانە چەندین كەس لەم وڵاتەدا بەرەو كاروانێكیتر دەبات.
Top