لە هەشتی مارسدا ئافرەتان چ پەیامێكیان هەیە
March 8, 2011
کۆمەڵایەتی
ئا-رؤشنا
ئێمە وەكو یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بایەخ بەهۆشیاری ڕێكخستنی خێزان دەدەین
سەروین محەمەد تەها بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەت وتی « ئێمە وەك یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەم بۆنەیە هاوشانی ئەو خەباتكەرانەی كە ئەم رۆژەیان دروستكرد جەخت لەسەر كاراكردنی ئەو دەستكەوتە یاساییانە دەكەینەوە، كە بزووتنەوەی ئافرەتان بەدەستیان هێناوە و بایەخ دەدەین بە هۆشیاری و ڕێكخستنی خێزان، هەر لەسەر ئەو بنەمایە پرۆژەیەك لە واری جێبەجێبەكردندایە بۆ خزمەتی ئافرەتان، كە بە پرۆژەی(بینینی منداڵ)ناونراوە، لەم پرۆژەیەدا گرنگی بەو منداڵانە دەدرێت كە دایك و باوكیان لەیەكتر جیابوونەتەوە، یان لای دایك یا باوكیانن، لایەنی دووەم دەیەوێت منداڵەكەی خۆی ببینێت، هەروەها گرنگی بە دایك و باوكەكەش دەدرێت بە ڕینماییی دەروونی و كۆمەڵایەتی، ئەم پرۆژەیە لە مەكتەبی سكرتاریەت ئەنجام دەدرێت و پسپۆری دەروونی و كۆمەڵایەتی سەرپەرشتی دەكەن. جگە لەو پرۆژەیە بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی ئافرەت، هەوڵی كردنەوەی بنكەی تەندروستی زیاتر دەدەین، بۆ ئەم مەبەستە هەنگاومان ناوە و بەم نزیكانە بنكەیەكی تەندروستی خێرخوازی لە بنەسڵاوە دەكرێتەوە. لەسەر ئاستی پاریزگاو قەزاو ناحییەكانیش، یەكێتیەكەمان چالاكی (كردنەوەی خولی جۆراوجۆر، پێشانگا، یاد و بۆنە، .....تاد) ئەنجامدەدرێت. هیوادارم رۆژی 8ی مارس هاندەربێت بۆئەوەی ئێمەی ئافرەتان زیاتر ئەركی خەباتكردن بگرینە ئەستۆ و خۆمان بە ئامرازی زانستی سەردەم دەوڵەمەند بكەین و پێداگیری بكەین لە خواستە ڕەواكانمان.
هەشتی مارس لەڕوانگەی مێژووییەوە، بە وەرچەرخانێكی گرنگی كۆمەڵایەتی دادەنرێت
چنارسەعد عەبدوڵڵا وتی « هەشتی مارس لەڕوانگەی مێژووییەوە، بە وەرچەرخانێكی گرنگی كۆمەڵایەتی دادەنرێت لە جیهاندا، كەبووە هەوێنی پێشكەوتنی كۆمەڵگاكان ودەستەبەربوونی ماف بۆ ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهاندا. هەروەها بەدەسپێكی كۆتایی هاتنی چەوسانەوەو ژێردەستەیی ئافرەت دەژمێردرێت. بۆیە ئەو ڕۆژە لەدیدی مندا بە ڕۆژێكی مێژوویی دادەنرێت كە بۆتە هۆی هێنانە ئارای شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی. هەربۆیە پەیامی من لەو ڕۆژەدا ئەوەیە كە ئێمەش لە كوردستان بتوانین شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەرپا بكەین، بەجۆرێك هەرچی زیاتر خزمەت بە هێنانەكایەی مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی ئافرەتان بەتایبەتی لەكوردستان بكات. پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەنجامدانی كۆنگرەی13 لە پەیڕەو پرۆگرامی خۆیدا زۆر بایەخی بە پێشخستنی ڕەوشی ئافرەتان داوە لەگشت بوارەكاندا. لەگەڵ بەكارخستنیدا دەكرێ زۆر خزمەت بەو ڕەگەزە بگەیەنێت، پێموایە ئەمە ئەو هەواڵە دڵخۆشكەرەیە كە دەكرێ ئاماژەی پێبكەین.
لە پارێزگاری كەركووك كچان لە قوتابخانە دەردێنن و توندتیژی بەرامبەریان دەكرێت
شوكریە محەمەد سەعید بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستانی لقی كەركووك وتی « بۆ هەشتی مارس زۆربەی ڕێكخراوەكان خۆیان ئامادە كردووە، بەڵام بەنیازی ئاهەنگ گێران نین، چونكە لەم ڕۆژەدا چەند ئافرەتێك تووشی بەرەنگاری توندوتیژی بوونەتەوە، بۆیە پێمان باشە سیڤی خۆمان هەڵبواسین لەگەڵ سمینارێكدا. هەندێك كێشە هەن كە ڕووبەڕووی كەركوك بۆتەوە بەتایبەتی ئافرەتانی پارێزگای كەركووك، هەربۆیە ئەو كێشانە لەسمینارەكەدا دەخەینەڕوو. هەروەها چەند ئافرەتێكمان هەیە لەدبس داوای خولی نەخوێندەواری دەكەن. بەنیازین لەم رۆژەدا ئەم خولە بكەینەوە، چەند مامۆستایەك هەن لەم خولانەدا خۆبەخشانە وانە دەڵێنەوە. ئاواتەخوازم ئەمساڵ توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەهەموو ڕوویەكەوە بنبڕبێت. كێشەیەك ئێستا لە پارێزگای كەركووكدا هەیە ئەویش ئەوەیە كە كچان لەخوێندن دووردەخەوە و توندتیژیان بەرامبەردەكرێت، ئەویش كاریگەری ئەو دابو نەریتە كۆنەیە كە تا ئێستا زاڵە بەسەرماندا كە ئافرەت نابێت بچێتە دەرەوە. ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی كە زۆرترین ئافرەتی نەخوێندەوارمان لە شاری كەركوكدا هەبێت.
بۆنەهێشتنی جیاوازی جەندەری خەباتی ئافرەتان هەربەردەوام دەبێت
سۆزانی خاڵە شەهاب ئەندامی پەرلەمان، بۆجاری دووەم لە لیستی كوردستانی وتی «بەبۆنەی هەشتی مارسەوە سەرەتا پیرۆزبایی لەهەموو ژنانی جیهان و عێراق بەتایبەتی كوردستان دەكەم، یەكێكە لەو هەنگاوانەی كەژنان دەستیان كرد بەخەباتكردن بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان، لەوانەیە لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاواز بێت، خواستەكە بەدڵی ژنان نەبێت بەگەیشتن بەمافەكانی خۆیان. ئەم خەباتەش هەربەردەوام دەبێت بۆگەیشتن بەمافەكانی خۆیان و هەروەها یەكسانی جیاوازی جەندەری .ئەوەی گرینگە ئێمە وەكو پەرلەمانی كوردستان بەتایبەت لیستی كوردستان ئومێدمان وابوو، پێش ئەم ڕۆژە پیرۆزە لەچەند دانیشتنێكدا باس لەیاسایی توندو تیژی بكەین، هەڵبەتە دوای ڕووداوەكانی 17/2 توزێك ئەجیندای كارەكانی پەرلەمانی گۆراوە، بەڵام ئیتر ئێمە بەردەوام دەبین چونكە ئەمرۆ وەرزی پەرلەمان كرایەوە بەدوا داچون بۆهەموو ئەو كێشانە دەكەین .
با هەشتی مارسی ئەمساڵ پەیامێكی جیاواز بێت
ژیلا كەریمی بەرپرسی لاپەڕەی ئافرەتان لە ڕۆژنامەی خەبات ووتی « باهەشتی مارسی ئەمساڵ پەیامێكی جیاوازبێت، جگەلەپیرۆزبای پەیامی ئاشتی خۆنەویستی بێت. بەڵێنامەیەك بێت بۆخۆشەویستی و هاندەرێك بێت بۆ ژنانی كوردستان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، هەروەها هاندەرێك بێت بۆئەو كەسانەی ئێستا بەشێوەیەكی نادروست داوای مافەكانی خۆیان دەكەن. هیودارم ئێمە لەڕۆڵی دایك وخوشكدا ئەو ئەركانەی لەسەر شانمانە بەجێیان بگەیەنین.