مامەڵەی فەرمانبەران لەگەڵ هاووڵاتیاندا

مامەڵەی فەرمانبەران لەگەڵ هاووڵاتیاندا
فەرمانبەر بریتییە لەو كەسەی كە لەیەكێك لە فەرمانگەكانی دەوڵەتدا هەڵدەستێت بە ئەداكردنی كاروباری گشتی خەڵك، واتە لەبەرامبەر ئەو ئەركەی كە دەیكات حكومەت مووچەی بۆبڕیوەتەوەو دەبێت بەیەكسانی و لەپێناوی بەرژەوەندییە گشتیەكاندا مامەڵە بكات و بەئەركی خۆی بزانێت هەركارێك كە لەچوارچێوەی پیشەكەی خۆیدایە پێیهەستێت،لەكوردستانیشدا هاووڵاتیان زۆرترین كارەكانیان دەكەوێتە فەرمانگەكان و بەردەوام رۆژانە مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەراندا دەكەن و بەم هۆیەشەوە هەر فەرمانبەرەو بەپێی ئەو تایبەتمەندییەی كە هەیەتی مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیاندا دەكات.
***
خەڵكی وایە هەموو شەوێك تەلەفۆنم بۆدەكات بۆئەوەی بزانێت ئیشەكەی تەواو بووە
رێبوار فەرەج ئەحمەد كە وەكو دەڵالێك نزیكەی 10 ساڵە بۆ مامەڵە و كاروباری هاووڵاتیان كاردەكات باوەڕی وابوو كە بەشێوەیەكی گشتی مامەڵەی فەرمانبەران لەگەڵ هاووڵاتیاندا خراپ نییە بۆ نموونە ئەمڕۆ نزیكەی ئیشی 4 فەرمانگەم تەواو كردووە جگە لەو هەموو قەرەباڵغیەی كە لە فەرمانگەكاندا هەیە،بەڵام چەم بێ چەقەڵیش نابێت لەوانەیە لە فەرمانگەیەكدا یەك یان دوو فەرمانبەری تیابێت كە بە میزاجیەتی خۆی كارەكان بكات ئەمەش مانای ئەوە نییە كە ئەو فەرمانگەیە ئیشی خەڵك ناكات، بەڕاستی خەڵكی ئێمە ئارامگرتنی نییە و دەیەوێت كارەكەی بە یەك رۆژ تەواوبێت،خەڵكی وایە هەموو شەوێك تەلەفۆنم بۆدەكات بۆئەوەی بزانێت ئیشەكەی تەواو نەبووە لەكاتێكدا بە 10 رۆژ ئینجا تەواو دەبێت.
ئەگەر لێپرسینەوە لەگەڵ فەرمانبەرەكان بكرێت ئەوا ئەوانیش مامەڵەیان باش دەبێت
زیاتر لە كاتژمێرێكە سەرەم گرتووە ئێستا سەرەم نەهاتووە و پۆلیسەكانی بەردەرگاش هەندێك جار خەڵكی وادەكەنە ژوورەوە كە لەسەرەشدا نەوەستاوە،ئەمە وتەی مەعروف عەزیز مەعروفی تەمەن 50 ساڵبوو كە لەفەرمانگەی دادنووسی سلێمانی/ئێواران سەرەی گرتبوو بۆ ئەوەی بریكارنامەیەكی گشتی بكاتەوە بۆ پارێزەرێك،سەبارەت بە مامەڵەی فەرمانبەرانیش باوەڕی وابوو كە ئەگەر لێپرسینەوە لە فەرمانبەرەكان بكرێت ئەوا ئەوانیش مامەڵەیان لەگەڵ خەڵكیدا باش دەبێت و هەرچەندە من كەم ئەچمە فەرمانگەكان بەڵام ئەوەندەی چووم مامەڵەیان خراپ نەبووە لەگەڵم تەنیا ئەوەندە نەبێت جارێك بۆمەسەلەی وەرگرتنی سولفەی عەقار فەرمانبەرێك لێم توڕەبوو و كارەكەی بۆ نەكردم.
گلەییم لە هەندێك فەرمانبەری پیاو هەیە
بەبڕوای من فەرمانبەرە ژنەكان مامەڵەیان خۆشترە وەك لە پیاوەكان، تائێستا ژنێكم نەبینیوە گلەیی لێبكەم و دەستیان ماچ دەكەم بەڵام بەداخەوە گلەیم لە هەندێك فەرمانبەری پیاو هەیە كە وادەزانن بەخۆڕایی كارەكانمان بۆدەكەن و منەتمان بەسەردادەكەن، چەندەها جار پێیان وتووم بڕۆ بەیانی وەرەوە،ئەمە بۆچوونی رابیعە عەلی صالح بوو كە زۆربەی كات كاری بە فەرمانگەكان هەیە لەبەرئەوەی كوڕو كچێكی لە دەرەوەیە و بریكاری ئەوانە بۆ هەر مامەڵەیەك كە بۆیانبكات، هەروەها وتیشی ناشڵێم ژنەكانیش هەموویان هەر باشن چونكە ژنانیش بە قسەن و لەوانەیە بەهۆی ئەوەی كە دوو ژن بەیەكەوە لەیەك ژووردان بەهۆی قسەی زۆرەوە كە دەیكەن كاری خەڵك دوابكەوێت بەڵام هێشتا وەك هی پیاوان نییە.
خەڵكی ئێستاش زۆر بێ ئارامەو بەدیار فەرمانبەرەكەوە دەوەستێت تا كارەكەی بۆتەواو دەكات
فەرمانبەر نوێنەری خەڵك و حكومەتە لەو فەرمانگەیەی كە دەوامی لێدەكات بۆیە بەپێی یاسا دوو ئەركی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەركێكی ئەوەیە كە كارەكە لەچوارچێوەی یاسادا جێبەجێ بكات ئەركەكەی تریشی مەعنەوییە و دەبێت بەوپەڕی رێزگرتن و ئەدایەكی جوانەوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیاندا بكات ئەمە باوەڕی پارێزەر ئیسماعیل ئەحمەد جەمال بوو،لەبەرئەوەش كە بەپێی نووسراوی رەسمی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت فەرمانگەكان كارئاسانی بۆ پارێزەران بكەن بۆیە مامەڵەی فەرمانبەران لەگەڵ ئێمە زۆرباشە و دەستخۆشییان لێدەكەم،هەرچەندە لەهەندێك فەرمانگە وەكو هاووڵاتییەكی ئاسایی مامەڵەمان لەگەڵدا دەكەن بەڵام ئێمەش زۆر گوێ نادەین و لەگەڵیاندا ئیشەكان بەرێدەكەین، بەڵام بەڕاستی خەڵكی ئێستاش زۆر بێ ئارامەو بەسەر فەرمانبەرەكەوە دەوەستێت تا كارەكەی بۆدەكات.
فەرمانبەری هەندێ فەرمانگەم بەدڵ نییە
هەندێ فەرمانگە هەیە فەرمانبەراكانیان زۆر بەباشی كارەكان دەكەن و خەڵك ئەزێت نادەن وەكو فەرمانگەی پاسپۆرت و رەگەزنامە بەڵام فەرمانبەری هەندێ فەرمانگەی ترم بەدڵ نییە و خەڵك زۆر لێیان رازی نین كە پێویست ناكات ناویان بێنین ئەمەش بۆچوونی كاوە زرار محێدین بوو،هەروەها وتی مووچەی فەرمانبەران وەكو پێویست نییە و بەباشی دەزانم مووچەیان بۆزیاتربكرێت تاكو ئەوانیش بەچاوێكی ترەوە سەیری خەڵك بكەن،ئامۆزایەكم لە بانك دامەزراوە ئەڵێ 250هەزار دینارم هەیە كە بەشی رۆژانەكەی ناكات.
فەرمانبەری وا ئەزانم بە 3 پاص ئینجا ئەگاتە فەرمانگەكەی
من هەرگیز گلەیی لە فەرمانبەران ناكەم لەبەرئەوەی ئیشی فەرمانگەكان زۆر زیادی كردووە و زۆر قەرەباڵغن و خەڵكیش دەڵێی لەسەر ئاو و ئاگرە و ئەوەش كە گلەیی دەكات ئەگەر خۆی لەجێگەی فەرمانبەرەكە بوایە هەروەك ئەو دەبوو،ئەمە باوەڕی رزگار عەبدولڕەحمان عەلی بوو،هەروەها وتیشی كە لەبەرئەوەی 8 ساڵ شۆفێریی پاصی یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی بووە بۆی دەركەوتووە كە خەڵك هەمیشە بە گلەیین و بەچاوێكی دادپەروەرانەوە شتەكان نابینن،لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو و دەیوت دەستخۆشی لەفەرمانبەرە بەرێزەكان دەكەم دەبێت خەڵكیش پەلە نەكات،چی تیایە ئەگەر دوو رۆژ ئیشەكەی دوابكەوێت،فەرمانبەری وا دەزانم بە 3 پاص ئینجا دەگاتە فەرمانگەكەی و ئەمیش پێویستی بەوە هەیە موراعاتی بكرێت و رێزی لێبگیرێت.
نابێت تەنیا لە چاوی خۆمانەوە سەیری بەرامبەرەكانمان بەكەین
ئەگەر خەڵك مامەڵەی باش بێت لەگەڵ ئەو فەرمانبەرەی كە ئیشی دەكەوێتەلای ئەوا باوەڕناكەم فەرمانبەریش بەشێوەیەك مامەڵە بكات بەدڵی ئەو نەبێت،خەڵكی ئێمە ئەوە نازانێت كە هەر فەرمانبەرێك لە ژینگەیەكی خێزانیدا ژیان بەسەردەبات و لەوانەشە كۆمەڵێك گرفتی دارایی و دەروونی هەبێت ئەمەش كاردەكاتە سەر ئەدای كاری ئەو فەرمانبەرە لە فەرمانگەكەیدا بۆیە پێویستە هاووڵاتیانیش موراعاتی فەرمانبەران بكەن،ئەمە باوەڕی كۆسار زانا یاسین-ی دەروونناس بوو،هەروەها لەسەر بۆچوونەكانی بەردەوام بوو و دەیوت ئێمە نابێت تەنیا لە چاوی خۆمانەوە سەیری بەرامبەرەكانمان بەكەین بەڵكو ئەبێت لەژیانی خۆیەوە سەیری بكەیت، هەركاتێكیش بەمشێوەیە بیرمان كردەوە ئەوا تەنیا گلەیی لەبەرامبەرەكانمان ناكەین بەڵكو هەندێ جاریش خۆمان بە تاوانبار دەزانین و موراعاتی ئەوانیش دەكەین،بەپێوستیشی دەزانم وانەی دەروونناسی لە هەموو قۆناغەكان تا دەگاتە زانكۆ بخوێندرێت تاكو خەڵك و فەرمانبەرانیش بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ یەكتردابكەن.
Top