دایـك و بـاوكان و حـەزو ئارەزوو لە مـنداڵبوونی زۆر

دایـك و بـاوكان و حـەزو ئارەزوو لە مـنداڵبوونی زۆر
دایـك و بـاوكان و حـەزو ئارەزوو لە مـنداڵبوونی زۆر
ئامادەكردنی : رووخۆش محەمە كەریم
هەموو ژن و پیاوێك دەچنە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە و حەز و ئارەزوی منداڵبوون دەكەن، پیاوەكان لەبری ئەوە شانازی باوكایەتییان پێ دەخشرێ و بەشێك لە ژنانیش لەبەر حەزو خۆشەویستی مێردەكانیان و ئەوانی تریش حەزو خولیای تایبەتمەندێتی خۆیانە،هەندێكیشیان حەز لە بوونی منداڵی زۆر دەكەن و هەندێكی تریش لە دایك و باوكانی تەمەن گەنج تەنیا منداڵێك یان دووان بە گونجاو دەزانن.
مامۆستا تارا غەریب ئەحمەد دەستی دوومنداڵە كچەكەی گرتبوو و بەرەو دادگای سلێمانی بەرێدەكەوت و منیش راستەوخۆ پرسیاری ئەوەم لێكرد واپێدەچێت منداڵەكانت زۆر خۆشبوێن، وتی سۆمای چاوانمن، سەبارەت بەوەش كە هەردوو منداڵەكەی كچن باوەڕی وابوو كە هۆشیاریی و رۆشنبیریی هاوسەرەكەم بەشێوەیەكە كە لەگەڵ حەزەكانی من هەنگاو دەنێت و زۆر باوەڕی بە قەدەر هەیە و زۆربەی كات دەڵێ مەكرونازەكانی كچەكەم ناگۆڕمەوە بە 100 كوڕ، ئەگینا ئەگەر تووشم بە پیاوێكی ترەوە بوایە كە ئەم باوەڕەی نەبوایە ئەوا بێگومان منیش تووشی هەندێك گرفت دەبووم.
ژیلا گوورون فایەق ژنە پەروەردەكاری دایەنگەی سۆز، كە نزیكەی 21منداڵ پەروەردە دەكات و رۆژانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات و خۆشی خاوەنی دوو كوڕ و كچێكە بە ئاواتی ئەوەوەبوو دوو منداڵی تریشی ببێت، بەڵام كچ بن لەبەرئەوەی ئەوەی كچەكەم بۆم دەكات كوڕەكانم هەر ئاوڕیشم لێنادەنەوە، سەبارەت بەوەش كە پیاوەكەی حەزی لە منداڵی زۆرە و بەردەوام حەزی لە قەرەباڵغییە و پیاوەكەم ئەڵێ بەبێ بوونی منداڵی زۆر ناتوانم بژیم، هەروەها وتیشی پێم سەیرە دایكان خولیای ئەوە دەخوازن كە كوڕیان ببێت، چونكە لەم دایەنگەیەدا ئەوانەی كە زۆر گوێرایەڵن و بەقسەمان دەكەن زیاتر كچەكانن، تەنانەت پێش ئەوەی ژیانی هاوسەرایەتی پێكەوەبنێم هەر حەزم لە منداڵی كچ بووە.
دارا شێخ خالید كریم شوفێری پاسی كارێزە وشك كە خاوەنی دوو ژنەو تا ئێستاش هەر بە نیازی منداڵی دیكەیە، ئاواتی ئەوە بوو كە دوو منداڵی تریشی هەبێت و هەردووكیانیش هەر كوڕبن، باوەڕی وابوو كە كوڕ ئازار و ئەركی ژیان لەسەر باوكی لادەبات بۆ نموونە لە مانگێكدا 10 رۆژ كوڕەكەم ئەم پاسە لێدەخورێت لە خەتەكەدا و ئەركی سەرشانی منی سووككردووەو ئەم كارە بە كچەكەم ناكرێت و بۆ دوای مردنیش كوڕ جێگەی پیاو دەگرێتەوە، خۆ ئەگەر پیاویش تووشی نەخۆشییەكی درێژخایەن بوو حەزدەكات بچێتە ماڵی كوڕەكەی، نەك ماڵی كچەكەی، باوەڕیشی وابوو كە زاوا زۆر جێگەی متمانەنین بەتایبەتی بۆ ئەو خەزوورانەی كە خاوەنی سەروەتێكی وەها نین كە ماستاو بۆ خەزوورەكەیان بكەن.
پارێزەر ئاواز ئەمجەد محەمەد كە تازە چۆتە ژیانی هاوسەرگیرییەوە و هێشتا هەر لەسەردەمی دەستگیرانداریدایە، تەنیا قەناعەتی بە بوونی دوو منداڵ هەبوو و دەشیوت مرۆڤ بیر لە پەروەردەی تەندروست و ژیانێكی خۆشیش بكاتەوە بۆ دایك و باوكانیش، لەبەرئەوەی ئەگەر خاوەنی منداڵی زۆربوویت ئەوا نەدەتوانیت بە باشی خزمەتیان بكەیت نە وەكو ئەوەش كە دایك و باوكان دەیانەوێت لە ژیاندا مامەڵە بكەن و بە ئاواتەكانی خۆیان بگەن، تەنانەت لە دادگاش كاتێك كچ و كوڕ گرێبەندی هاوسەرایەتی پێكدێنن جەنابی دادوەریش پێیاندەڵێت بیر لەمنداڵی كەم و تەندروست بكەنەوە، باوەریشی وابوو كە بوونی منداڵی كوڕ یان كچ هیچ جیاوازیەكی نییە بەڵكو دەكەوێتە سەر ئەوەی كە ئەو كوڕ و كچە لە ئایندەدا چ جۆرە كەسێكیان لێدەردەچێت، كەسێكی خاوەن كەسێتی تایبەتی خۆی كە خەڵك و دایك و باوك و كۆمەڵگە شانازی پێوەدەكات یان بە پێچەوانەوە، باوەڕیشی وابوو كە دیاردەی حەزكردن لە كوڕ و حەزنەكردن لە كچ كەمتربۆتەوەو كوڕان و كچانیش ئێستا هۆشیارانەتر مامەڵە دەكەن.
یەكێك لەو هاوڵاتیانەی كە دەیویست مامەڵەی فەرمانگەی باجی خانووبەرە ئەنجامبدات كچێكی تەمەن 9 ساڵی لەگەڵدابوو، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە باوكی چەندە ئەمی خۆشدەوێت وتی منی زۆر خۆشدەوێت و هەموو شتێكم بۆدەكڕێت و لە بازاڕیش جارجار تەلەفۆنم بۆدەكات، پاشان دایكی منداڵەكە بەناوی شەونم محێدین باسی لەوەكرد كە پیاوەكەم لە من زیاتر كچەكەمی خۆش دەوێت، هەرچەندە پێش ئەوەی ئەم منداڵەمان ببێت حەزی لە كوڕیش بوو، سەبارەت بە ژمارەی منداڵیش باوەری بە بوونی 3 تا 4 منداڵ هەبوو، جگە لەوەی كە بوونی منداڵێكیشی هەر بە باش دەزانی و باسی لەو گرفتە دەروونییانە دەكرد كە چەندان ژن بەهۆی نەبوونی منداڵەوە تووشیان هاتووە.
چنار ئیسماعیل سۆفی كە هێشتا قوتابی قۆناغی سێیەمی زانكۆیە و تائێستا دوو كوڕ هاتونەتە داوای و شووی نەكردووە وتی كە من ئێستا بیرم لە مەسەلەی منداڵبوون نەكردۆتەوە بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر دایك و باوكێك كچێك و كورێكیان هەبێت لەوانەیە بەس بێت، بەڵام كە بوون بە خاوەنی دوو كچ ئەوا ئەڵێن با كورێكیشمان هەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە دایك و باوك بیر لە منداڵی زیاتر بكەنەوە، سەبارەت بە رەگەزی منداڵیش حەزی لە بوونی كچ بوو، تەنیا لەبەرئەوەی كە كچ لەماڵدا ئارامترە و زووتر هۆگری دایكی دەبێت، باسی لەوەش كرد كە ئێمە لەماڵەكەی خۆماندا زیاتر كچەكان ناز و خۆشەویستیمان زیاترە لای دایكوباوكانمان، لەوانەیە ئەمەش وای لەمن كردبێت كە ئەم حەزەم بۆدروستبێت، دەڵێت ئەگەر كوڕێكی تر هاتە داوای و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ژیانی هاوسەرایەتی لەگەڵ ئەنجامبدات ئەوا سەرەتا باس لە مەسەلەی منداڵ و ژمارەكەیان دەكات و بزانێت، حەزو ئارەزووی ئەو چۆنەو بەپێكەنینیشەوە وتی مەسەلەی ئەم ریپۆرتاژەی ئێوە وایلێكردم كە بیر لەوە بكەمەوە.
لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی خێزانێك بەیەكەوە خەریكی تاوتوێكردنی ئیشی خۆیانبوون دوو كچ لەو خێزانە كە ژیانی هاوسەرایەتیان پێكنەهێنابوو باوەڕیان بە بوونی دوو منداڵ هەبوو دایكیشیان لەولاوە هەڵیدایە و وتی جا دووان چییە!،فەرهاد ئازادی زاواشیان كە خاوەنی یەك منداڵبوو باوەڕی وابوو كە گرنگ ئەوەیە دایك و باوك توانای ئەوەیان هەبێت چۆن ئەم مناڵانە دەژێنن و چۆن پەروەردەیان دەكەن ئەگینا لەوانەیە خێزانێك حەز بەبوونی زیاتر لە سێ منداڵیش بكات ەڵام لەبەرئەوەی كە توانای داراییان كەمە ناچارە بیر لە یەك یان دوو منداڵ بكاتەوەو كە ژیانی مادەیان باشبوو ئەوانیش حەزیان بگۆڕێت،سەبارەت بە رەگەزی كژ یان كوڕیش وتی كە پێویستە دایكان و باوكان ئەم مەسەلەیە بە گرفت نەبینن و ئەوە خوا خۆی باشتر دەزانێت،لای من هیچ جیاوازی نییە باخێكم هەبێت هەناری تیا بەرهەمبێنم یان سێو،زۆر گلەیی و گازندەشم هەیە لەو پیاوانەی كە بەهۆی ئەوەی كوڕیان نابێت بیر لە ژنی دووەم دەكەنەوە یان بەهۆی نەبوونی منداڵەوە ژنەكەیان تەڵاق دەدەن.
سەرنج:
لەكۆتایی ئەم رێپۆرتاژەدا ئەوەی كە تێبینی دەكەین ئەوەیە كە حەز و ئارەزوی هەریەكە لە مرۆڤەكان جیاوازە بۆ مەسەلەی منداڵبوون و ژمارەیان لەنێوان 1 تا 3 بەگونجاو دەزانن و زۆربەشیان جەخت لە چۆنیەتی پەروەردەكردنیان دەكەنەوەو ئەوە بە گرنگتر دەزانن،ئەو دیاردەیەی كە زیاتر دایك و باوكان حەزیان لە كوڕبێت كەمتربۆتەوە و بەچاوێكی یەكسان سەیری هەردوو رەگەزەكە دەكەن،كچان و كوڕانیش ئێستا هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی منداڵبوون و ژمارەیان دەكەن و بوونی ژینگەیەكی ئارام بە گونجاو و پێویست دەزانن بۆ حەز و ئارەزووی منداڵ.
Top