كاتێك پیاو رای هاوسەركەی وەردەگرێت رووخسارو دیمەنی چەند دەگۆڕدرێت
February 20, 2011
کۆمەڵایەتی
سەرەتا «ئاری ئەحمەد» تەمەنی 28ساڵەو ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت «زۆر ئاسەییە كە پیاو بۆ گۆڕینی شێوەی جلوبەرگ و مۆدێلی قژ و ریش بەقسەی هاوسەركەی بكات، چونكە هیچ ژنێك حەزناكات پیاوەكەی ناڕێك بێت و حەزدەكات هەموو كاتێك شێوەیەكی رێكوجوانی هەبێت لەنێو خەڵك. من لەو كاتەی ژیانی هاوسەریم پێكهێناوە دەتوانم بڵێم 80%شێوەم گۆڕاوە بەتایبەت لەڕووی جلوبەرگەوە گۆڕانێكی زۆرم بەسەرهاتووە، هاوسەرەكەم حەزدەكات هەمووكات (پانتۆڵ و چاكەت) لەبەربكەم.
«هاوژین ئەحمەد» ماوەی دوو ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە دەربارەی رۆڵی خۆی لە دیاریكردنی شێوەو ستایلی جلوبەرگ و رووخساری هاوەسەركەی دەڵێت «زۆر حەز دەكەم هاوسەرەكەم رێك و جوان بێت، لەكاتی كڕینی جلوبەرگ و دیزاینی قژی خۆم بۆی دەستنیشان دەكەم ئاخۆ چ جۆرە دیزاینێك بكات، چونكە دەزانم چ جۆرە دیزاینێك لەرووخساری ئەو دێت.
را وەرگرتنی هاوسەرەكەت لە دیزانی جلوبەرگ و رووخسار شتێكی ئاساییە، ئەمە مایەی خۆشەویستی نیشان دەدات. لەم بارەیەوە محەمەد حوسێن تەمەن 25 ساڵە و ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە دەڵێت «لەوەتەی ژیانی هاوسەریم پێكهێناوە، لەهەموو شتێك رای هاوسەرەكەم وەردەگرم، بەتایبەت لە پۆشینی جلوبەرگ. كاتێك دەچم جل بكڕم لەگەڵ خۆمی دەبەم، چونكە ئەو زەوقی لەهی من جواترە و دەزانێت چیم لێدێت یان لێم نایەت.
نازەنین تەمەن 22ساڵە ماوەی شەش مانگە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت «خۆشەویسترین كەس لای من هاوسەرەكەمە، چونكە ئەو هاوڕێی ژیانمە. حەزەكەم هەمووكاتێك بەجوانترین كەس دەركەوێت. ئەویش زۆر منی خۆش دەوێت بۆیە لەهەموو شتێك رای یەكتر وەردەگرین بەتایبەت لە جلوبەرگ و هەروەها دیزاینی روخسار. زۆر بایەخی پێدەدەم رۆژانە جلەكانی بۆ دەشۆم و ئوتو دەكەم تەنانەت جلی ماڵەوەشی بۆ ئوتو دەكەم. بەڕای من گەر پیاو بەقسەی ژنەكەی بكات زۆر ئاساییە، چونكە هەمووی لەخۆشەویستیە.
«ئامانج ئەحمەد» تەمەن 26ساڵ ماوەی 3ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت «حەزەكەم ریش دابنێم، بەڵام هاوسەرەكەم حەز ناكات ریشم هەبێت، منیش لەبەر دڵی ئەو دەیتاشم، چونكە دڵی ئەو لەهەموو شتێك گرنگترە لای من. بەڕای من ئەگەر پیاو لەگۆڕینی شێوەی خۆی بەقسەی ژنەكەت بكات، كارێكی ئاساییە.
ئاڤان جەلال دەڵێت «زۆر بایەخ بە هاوسەرەكەم دەدەم كاتێك كەدەچێتە دەرەوە جلەكانی بۆ ئامادە دەكەم، تاخۆی ئامادە دەكات پێڵاوەكانیشی بۆ بۆیاغ دەكەم و وەكو گوڵێكی جوان ئامادەی دەكەم، بەڵام گرنگ ئەوەنییە تەنیا بۆجلەكانی دەرەوەی بایەخی پێبدەی، بەڵكو دەبێت بۆ ماڵەوەش بایەخی پێبدەی جلی ماڵەوەی بەجوانی بۆدابنێی.
ئافرەت دەتوانێت شێوە و دیزاینی پیاو بگۆڕێت، هەر لەمبارەیەوە نازناز كەمال دەڵێت «من وەكو ئافرەتێك خاوەن هاوسەرم هەردەم حەز دەكەم كە هاوسەركەم رێك دەركەوێ و جلی رێكوپێك لەبەر بكات، هاوسەرەكەم زۆر حەز لەجل ناكات. بۆیە خۆم هەوڵی بۆدەدەم بۆئەوەی حەز لەجل بكات و زوو زوو جلی نوێ بكڕێ. لەو ڕۆژەوەی منی هێناوە تاكو ئێستا زۆر گۆڕاوە، پێشتر حەزی بە جلی رەنگ رەساسی دەكرد بۆئەوەی پیسی پێوە دیارنەبێت، بەڵام ئێستا گۆڕاوە هەر رۆژەو جۆرە جلێك و رەنگێك لەبەر دەكات و حەز بەجلی ڕێكوپێك دەكات.
محەمەد مەحمود تەمەن 23ساڵ ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت «هەر لەوكاتەی ژیانی هاوسەریم پێكهێناوە، بەدڵی هاوسەرەكەم جلوبەرگ دەكڕم و لەبەردەكەم، ئەو چ جۆرە جلێكی پێ جوان بێت لەبەری دەكەم. هەستیش دەكەم كەشێوەی دیزاینی جلوبەرگم لە100% گۆڕاوە، چونكە پێش ئەوەی ژیانی هاوسەری پێكبهێنم نەمدەزانی چ رەنگێك لە رووخسارم دێت. بەڕای من ئەگەر پیاو ڕای هاوسەرەكەی وەربگرێت شتێكی ئاساییە.