كچان و كوڕان چۆن پێشوازی لەڕۆژی ڤەلانتاین دەكەن

كچان و كوڕان چۆن پێشوازی لەڕۆژی ڤەلانتاین دەكەن
رۆژی 14/2 بەڕۆژی خۆشەویستی دانراوە، لەم ڕۆژەدا گشت كچ و كوڕانی جیهان خۆشەویستی دەگۆڕنەوەو گوڵی سوور پێشكەشی یەكتر دەكەن. گەنجانی كوردستانیش یادی ئەم ڕۆژە دەكەنەوە، خۆشەویستی بەرامبەر یەكتر دەردەببڕن پێشوازی لەم ڕۆژە دەكەن. لەمبارەیەوە ڕاوبۆچوونی چەند كوڕكچێكمان وەرگرتووە.
ڤالانتاین دەرگایەكە بۆ بەهێز بوونی خۆشەویستی لەنێوان كچان و كوڕان
ئەحمەد جەمالی تەمەنی 22 ساڵ كە قوتابی زانكۆیە دەڵێت « ڤالانتاین لەم ساڵانەی دواییدا وەك نەریتێك هاتە كوردستان، كوڕ و كچانی كوردستانیش لەم ڕۆژەدا گـــــــــــوڵ پێشـــــكەشی یەكتر دەكەن. ئەمەش بۆتە دەرگایەك بۆ پتر بەهێز بوونی خۆشەویستی لەنێوانیاندا. هەروەها لەڕووی جیهانییەوە بۆتە ڕۆژی نوێبوونەوەی ژیان، خۆشەویستی لەنێوان كچ وكوڕدا ئەگەر بەهێزبێت و مەبەستی دیكەی لەدواوە نەبێت، كەس ناتوانێت بیڕوخێنێت. چونكە كاتێك كوڕوكچ بڕیاری خۆشەویستیان دا كەس ناتوانێت لە بڕیارەكەیان پاشگەزیان بكاتەوە، بەمەرجێك هەردووكیان یەك بڕیار بن و لەگەڵ یەك ڕاستگۆبن. لەلای من هەموو ڕۆژەكان ڕۆژی خۆشەویستین. بەڵام بەنیازم لەم ڕۆژەدا جوانترین دیاری پێشكەش بەخۆشەویستەكەم بكەم و پێی بڵێم خۆشم دەوێی. تاكو خۆشەویستییەكەمان زیاتر بێت.
ڕەنگی سوور مانای خۆشەویستی دەدا
شۆخان جەمال تەمەنی 22 ساڵە و دەڵێت « كوڕێكم خۆش دەوێت لەكۆلێژ لەگەڵ خۆمدایە، بڕیارمانداوە لەم ڕۆژەدا بەیەكەوە بچینە دەرەوە. ئەم ڕۆژەمان جیا بێت لە ڕۆژەكانیتر، من ئەوە ماوەی سێ ساڵە خۆشەویستم هەیە پێكەوە یادی ئەمڕۆژە دەكەینەوە. بەنیازم لەم ڕۆژەدا گوڵێكی سووری پێشكەش بكەم، بۆئەوەی خۆشەویستییەكەمان بەهێزتر بێت.
لارە ئەحەمەد قوتابی زانكۆیە دەڵێت «لەڕۆژی ڤالانتایندا كچان و كوڕان جلی سوور دەپۆشن، بەتایبەت ئەوانەی خۆشەویستییان هەیە، بۆیە منیش بەنیازم لە رۆژی ڤالانتاین جلی سوور بپۆشم چونكە خۆشەویستەكەم حەز دەكات ئەم ڕۆژە جلی سوور بپۆشم، هەورەها لەگەڵی دابنیشم و كۆمەڵێك قسەی خۆش و سۆزو خۆشەویستی بدەین بەیەكتر.
لەڕۆژی ڤالانتاین كچان و كوڕان خۆشەویستی بەرامبەر یەك دەردەبڕن
ئەحمەد مستەفا قوتابی زانكۆیە دەڵێت «من بۆماوەی سێ مانگە كچێكم خۆشدەوێت، بەڵام ئاگادار نییە واتا تاكو ئێستا خۆشەویستی یەك لایەنە دەكەم. بەڵام بەنیازم لەڕۆژی 14/2 بچمە لای و لەگەڵی دابنیشم خۆشەویستی خۆمی بۆدەرببڕم و چەپكە گوڵی پێشكەش بكەم و پێی بڵێم خۆشم دەوێی.
لە ڕۆژی ڤالانتاین كچ و كوڕ گوڵی سوور پێشكەش یەك دەكەن
بڕوا محەمەد تەمەنی 25 ساڵەوە ماوەی چوار ساڵە خۆشەویستی هەیە دەڵێت «من بۆماوەی چوارساڵە خۆشەویستم هەیە هەموو ساڵێك لەڕۆژی 14/2 گوڵێكی سوور پێشكەش بەخۆشەویستەكەم دەكەم. هەروەها پیرۆزبایی لێدەكەم و زۆر جاریش بەیەكەوە دەچینە دەرەوە و لەگەڵ یەك دادەنیشین.
«لەیلا نەجات» كە قوتابییەكی زانكۆیە لەمبارەیەوە دەڵێت: «بۆ دوو ساڵە لەكۆلێژ دەوام دەكەم. زۆر هاوڕێیەتی كوڕێك دەكەم، یەكترمان زۆر خۆش دەوێت، بەڵام بەنیازی خۆشەویستی نا، وەكو دوو هاوڕێ یەكترمان خۆش دەوێت، بەنیازم لەم ڕۆژەدا گوڵێكی سووری پێشكەش بكەم .
لەرۆژی خۆشەویستیدا گوڵێك پێشكەش بەدایكم دەكەم
حەمید عومەر دەڵێت « لە ڕۆژی ڤالانتاین مەرج نییە گوڵ بدەیت بە ڕەگەزی بەرامبەرت واتە كچێك. دەتوانی گوڵێك پێشكەش بەهاوڕێكەت بكەی. من هەموو ساڵێك گوڵێك پێشكەش بەدایكم دەكەم، چونكە خۆشەویسترین كەسە لای من. ئینجا گوڵێكیش پێشكەش بەخۆشەویستەكەم دەكەم.
لە ڕۆژی ڤالانتاین خۆشەویستان یەكتر ماچ دەكەن
بێوار عەبدولڵا تەمەنی 23ساڵە و دەڵێت « ڕۆژی ڤالانتاین لەئاشڤان پیرۆز بێت، هیوادارم هەموو ئاشقان لەم ڕۆژە بەیەك بگەن. من بۆماوەی دووساڵە خۆشەویستم هەیە لەم ڕۆژەدا خۆشەویستی لەگەڵ یەك دەگۆڕینەوە و یەكتریش ماچ دەكەین.
هاوژین عەلی تەمەنی 19ساڵە و دەڵێت « لەڕۆژی ڤالانتاین پیرۆزبایی لەخۆشەویستەكەم دەكەم و دیارییەكی جوانی پێشكەش دەكەم و هەروەها لەم ڕۆژە بڕیارم داوە ماچی بكەم بۆ ئەوەی زیاتر پێوەندی خۆشەویستیمان بەهێز بێت وەكو یادگارییەك لامان بمێنێتەوە.

رۆژی ڤالانتاین رق و كینە لەنێوان خۆشەویستان نامێنێت
ئەمڕۆژە بۆ من تاكە ڕۆژە لەساڵدا، چونكە هەست دەكەم مرۆڤەكان بیر لە عیشق و خۆشەویستی دەكەنەوە، بۆچەند ساتێك ڕق و قین وەلادەنێن. بارانی ئەڤینداری ناخ و گیان و دڵیان پاك دەكاتەوە. هیوادارم لەمڕۆژەدا گەنجان و جوانتر فێری خۆشەویستی ببن و چاو لە زۆر بابەتی ڕووكەشی دنیا ببپۆشن كە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بەیەك گەیشتنیان، تەنیا بیر لەژووانێكی قەشەنگتر بكەینەوە، لەبن دارێكی جێی ژوواندا ئەگەر ئەو گوڵە پەیام و خۆشەویستی بێت كەشەوانە بێداری كردوویت و چەندەها خەونی ڕەنگاڵەیی پێوە دەبینێ، ئەگەر ئەو گوڵە لەناخی سووتانێكی جاویدانی عەشقەوە بێت ڕەنگ و ڕووی ئاشقانەی گرتبێت و بۆنی خۆشەویستی لێبێت.
Top