كێشەو گیروگرفتی نابینا لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا

كێشەو گیروگرفتی نابینا لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا
خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بەشێوەیەكی گشتی و نابینا بەشێوەیەكی تایبەتی لەناو كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتدا كێشە و گیروگرفتیان زۆرە، هۆكارەكانیشی زۆرن لەوانە رەنگە هەندێكیان پەیوەست بێت بەخودی كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان كە رۆشنبیرییان دەربارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان نییە، چونكە تاكەكانی ناو كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان هیچ جۆرە زانیارییەكیان نییە دەربارەی مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا. بەشێكی هەرە زۆری نابیناكان بەدەست كێشەو گیروگرفتی ناو كۆمەڵگەوە دەناڵێنن، تەنانەت بەشێكی زۆری كێشەكان كێشەنین، بەڵكو مرۆڤی نا رۆشنبیر و نادروستی ناو ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە كێشەكانیان بۆدروستكردون، ئەوەی زیاتر ئەركی سەرەكی منە لەم ریپۆرتاژەدا تیشك خستنە سەركێشەو گیروگرفتی نابیناكانە لەزاری خۆیانەوە بۆئەوەی بەشێوەیەكی پراكتیكیانە لە قەیران و كێشەكانیان تێبگەین.


هەر لەناو باخچەكەی پەیمانگای رووناكی نابینایاندا ئەوەی سەرنجی راكێشام ئەو مرۆڤە نابینایەنەم بینی كە خودای تاك و تەنیا لەشیرینترین هەست بێبەشی كردوون كە بینینە، بەڵام ئەوان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ژیان، هەندێكیان خەریكی یاریكردن بوون و هەندێكی تر لەوان پێكەوە قسەیان دەكرد و هەندێكی تر خەریك بوون خۆیان فێری گۆچان دەكرد، هەندێكی تر لەو نابیانایانەی لەتەمەنی هەرزەكاریدابوون هەوڵیان دەدا بەهەستی دەست و قاچیان لەبری هەستی چاویان بتوانن تۆپتۆپێن لەگەڵ یەكتردا بكەن، ئەوەی من هەستم پێكرد ئەوەبوو كەهەموو قوتابی و مامۆستا نابیناكان هەوڵیان دەدا كە ژینگەیەك بۆخۆیان دروست بكەن كەژینگەیەكی نوێبوو جیاواز لەو ژینگەیەی كە ئێمەی چاوساغ تیایدا دەژین. كاتێك كە هەوڵ و كۆششی ئەم مرۆڤانەم بینی وتەیەكم بیركەوتەوە كە دەڵێت (ژیان لەناو چاواندا نییە، بەڵكو ژیان لەناودڵدایە)، چونكە بەڕاستی ئەم وتەیە بۆ ئەم كەسانەیە كە نابینان و هەوڵدەدەن بە بەردەوامی ژینگەیەكی خۆش و ئارام بۆخۆیان دروست بكەن.


یەكێك لەو نابینایانەی كەزۆر سەرنجی راكێشام مامۆستایەكی چوستوو چالاك بوو كەقاتێكی رەشی پاك و خاوێنی لەبەردابوو، ئەوەندە خۆی و جلوبەرگەكانی جوان رێكخستبوو ئەگەر چاوێلكە رەشەكەی چاوی نەبوایە هەرگیز نەمدەزانی نابیانایە. مامۆستاكە زۆر بەگوڕوتینەوە خەریك بوو كۆمەڵێك قوتابی نابینای فێری بەكارهێنانی گۆچان دەكرد و مەشقی پێدەكردن چۆن بتوانن لەجیاتی چاوەكانیان سوود لەو گۆچانە وەربگرن و بتوانن بەهۆیەوە بەرێگەدا بڕۆن، ناوبراو خۆی بە مامۆستا یونس حوسێن پێناساندین، ناوبراو وەك یەكەم خاڵ كە ئاماژەی پێدا ئەوەبوو وتی كە گەورەترین كێشە كە تووشی هەموو نابینایەك دەبێت ئەوەیە كەهەمیشە هەست بەتەنیایی دەكات، چونكە لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆربەی نابیناكان هەست بەتەنیایی دەكەن و ناتوانن هاوڕێیەتی مرۆڤە چاوساغەكان بكەن، چونكە مرۆڤی چاوساغی ناو كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستا ئەو هەستەی تیادا دروست نەبووە كە هاوڕێیەتی كەسانی نابینا بكات، هەمیشە چاوساغەكان خۆیان لە مرۆڤە نابیناكان لادەدەن و نابیاناكان بەتەنیایی دەمێننەوە، ئەمە بێجگەلەوەی كە كەسانی نابینا كێشەی تریشان زۆرە، لەوانە كێشەیەكی سەرەكی تر كەرووبەڕووی هەموو نابیناكان دەبێتەوە ئەوەیە كە چاوساغەكان هیچ رەچاوێكی تایبەتی بۆ نابیناكان ناكەن و هیچ هاوكارییەكیان پێشكەش ناكەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە تائێستا لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا تاكەكان بەشێوەیەكی رۆشنبیرانە لە چەمكی نابینا تێنەگەیشتوون و نازانن كەنابینا بەردەوام پێویستی بەهاوكاری هەیە، واتا دەبێت مرۆڤی چاوساغ خۆی هەستی هەبێت و هاوكاری نابیناكان بكات، خۆ ئەگەر نابینایەك لەناو باری كۆمەڵایەتی خۆیدا كێشەی هەبێت و ئەوانەی دەوروپیشتی بۆی باش نەبن، كارەساتە. لەبەر ئەوەی نابینا ناتوانێت بەرامبەر بەو هەموو كێشە راوەستێت و كەسیش هاوكاری نەكات، یەكێك لەوكێشانەی كەلەناو وڵاتی ئێمەدا زۆر رووبەڕوومان دەبێتەوە، نەبوونی شوێنی تایبەتە بە نابیناكان. بۆنموونە كاتێك نابینایەك كاری لەدەزگایەكی حكومی دەبێت، هیچ حسابێك بۆ كەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان نەكراوە و هەموو بینایەكان بەرزی و نزمییە. ئیمە كاتێك رووی تێدەكەین تووشی كێشەی زۆر دەبین و ناچارین كاری خۆمان بكەین بە هەرچۆنێك بێت، واتە دەتوانم بڵێم لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا تەنیا حسابیان بۆ كەسانی ئاسایی كردووە، یان لەكاتی پەڕینەوە لەشەقامەكاندا تووشی كێشە دەبین و كەس نییە هاوكاریمان بكات و زۆرجار دەبێت راوەستین تا كەسێكی خێرخواز خۆی دێت هاوكاریمان دەكات، ئەمە بێجگەلەوەی كەئێمە بێبەشین لەبینین كە خۆشترین و ناسكترین هەستە خودای گەورەو میهرەبان بە ئادەمیزاد دەیبەخشێت. كێشەمان زۆرە بۆیە دەبێت چاوساغەكان هاوكاریمان بكەن و بەهەستێكی مرۆڤایەتیانە نەك وەك بەزەیی پێدا هاتنەوەیەك.


كاتێك مامۆستایەكی تری نابینا كە زۆر سەرنجی راكێشام بەڕاستی خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێزبوو لە قسەكردندا و جۆرە نۆرمێكی كاریزمایی هەبوو، ژمارەیەك كەس لەدەوری راوەستابوون و قسەی بۆ دەكردن، ناوبراو بەمامۆستا زیرەڤان بورهان وەك یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەیمانگای نابینایان خۆی پێناساندین، ئاماژەی بەوەدا كەهەندێك كەسانی چاوساغ هەن باوەڕناكەن كەلەناو نابیناكاندا مرۆڤی سەركەوتوو داهێنەر و بەتوانا هەبێت، چونكە بەشێك لە ئەندامانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە تائێستا باوەڕیان بەهێز و توانای كەسانی نابینا نییە، وا بیردەكەنەوە كە مرۆڤە نابیناكان كەسانی بیدەستەڵات بن و نەتوانن هیچ جۆرە كارێك جێبەجێبكەن، لەراستیدا بەوشێوەیە نییە، چونكە نابیناكان كەسانێكی زۆر بەتواناو چاپوك و سەركەتوویان تێدایە كە بەڕاستی ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێت دەبنە كەسانی داهێنەر لەگشت بوارەكاندا، ئەوەی پێویستە لەگشت قوتابخانەكاندا ئەنجامبدرێت، دەبێت هەوڵبدرێت خەڵك وشیاربكرێنەوە دەربارەی كەسانی نابینا، چەمكی نابینا بەهەموو لایەك بگەیەنرێت و بزانن كە مرۆڤی نابینا وەك هەموو مرۆڤێكی ئاساییەو تواناو كاركردنی وەك ئەوانە، تەنیا ئەوەندە نەبێت لەرووی بینینەوە لە تاكەكانی تر جیاوازە.


ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كەپێویستە هەوڵبدرێت بایەخ بە خوێندنی نابینایان بدرێت، هەروەها هانی منداڵانی نابینا بدرێت كە رووبكەنە پەیمانگای نابینایان بۆ ئەوەی لەپاشەڕۆژدا بتوانن وەك هەموو مرۆڤەكانی تر كاری رۆژانەی خۆیان جێبەجێبكەن، خاڵێكی تر كە زۆر گرنگە ئەوەیە پێویستە هەوڵبدرێت و بوار بڕەخسێنرێت بۆ قوتابیانی نابینا پاش تەواوكردنی پەیمانگای رووناكی نابینایانی بنەڕەتی روو بكەنە ئامادەییەكان و تابتوانن دوای ئەوەش روو بكەنە زانكۆ و پەیمانگاكان، لێرەدا دوو ئامانجی سەرەكی دەپێكرێت، یەكەمیان قوتابیانی نابینا دەتوانن بڕوانامەی بەرز بەدەستبهێنن و خوێندن تەواوبكەن، دووەمیان دوای ئەوەی ئەو قوتابیە نابینایە دەچێتە ئامادەیی تێكەڵاوی قوتابیانی چاوساغ دەبێت و فێری مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی چاوساغ دەبێت، ماوەی ئەو سێ ساڵەی كە لەئامادەیی بەسەری دەبات، لەناو قوتابیانی چاوساغدا دەبێتە مرۆڤێكی كۆمەڵایەتی.


منداڵانی نابینا هەر لەدوای تەمەنی پێنج ساڵییەوە كێشەكانیان دەستپێدەكات، ئەمەباوەڕی بەڕێز مامۆستا موەفەق ئەكرەم كانی كە مامۆستایەكی نابینایە لە سەنتەری رۆشنا تایبەت بەكۆمپیوتەری نابینایان. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا مرۆڤی نابینا كێشەو گیروگرفتیان زۆرە لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی تاكەكانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە خەڵكانێكن كە ئاستی رۆشنبیریان زۆر نزمەو ناتونن كە بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ كەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكاندا بكەن، بۆیە دەتوانم بڵێم مرۆڤی نابینا هەر لەوكاتەوەی كە منداڵە دەچێتە دەرەوەو خەڵكی دەیبینێت، چونكە تا لەناو ماڵی خۆیاندا رەچاوی تایبەتمەندی بۆكراوە زۆر هەستی پێنەكردووە، بەڵام كاتێك كە دەچێتە دەرەوە بەتایبەتی دوای تەمەنی پێنج ساڵان كەدەچێتە كۆڵان دەیەوێت یاری بكات، بەهیچ جۆرێك رەچاوی تایبەتمەندی بۆ ناكەن و هەندێك جار گاڵتەی پێدەكەن و پێیدەڵێن كۆرە، بۆیە ئیتر لەو تەمەنەوە نابیناكان رووبەڕووی كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئیتر بەپێی قۆناغەكانی تەمەن كاتێك كە دەبیستێت چاوساغەكان چۆن دەژین و ئەو ناتوانێت وەك ئەوان بژی، ئیتر زیاتر كاریگەری لەسەری دروست دەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە لەرووی خوێندنەوە تووشی كێشەدەبن لەگەڵ قوتابی و مامۆستا چاوساغەكاندا ئەگەر لەقوتابخانەیەكی ئاسایی بن، ئەمە بێجگە لەوەی كە هەمیشە كەسانی نابینا كاتێك كەسێك یارمەتیان دەدات، وەها هەستدەكەن كە ئەوكەسە بەزەیی بەواندا دێتەوە، كەئەمەش خۆی لەخۆیدا جۆرە كاردانەوەیەكی دەبێت لەسەر كەسایەتی نابیناكە، بەڵكو پێویستە هاوكاری كردنی مرۆڤی چاوساغ بەشێوەیەك بێت كە نابیناكە هەست بە كەموكوڕی نەكات و هەست نەكان كە شتێكی كەمە، بەڵكو وەها هەست بكات ئەو هاوكاریە تەنیا لەڕووی مرۆڤایەتیەوەیە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە كە ئێستا توانراوە بەهۆی تەكنۆلۆژیای سەردەمەوە نابیناكان دەتوانن سوود لە كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت وەربگرن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی خۆیان.


گەنجێكی تری نابینا كەخۆی بە هێمن عەبدوڵڵا پێناساندین خەریكی یاری كردن بوو بە تۆپێكی باسكە، ناوبراو گلەیی ئەوەی هەبوو كە تائێستا شوێنی یاریكردن بۆ كەسانی نابینا دەستنیشان نەكراوە، كەسانی نابینا ناتوانن لەو شوێنانەدا وەرزش بكەن وەك مرۆڤە چاوساغەكان. لەبەر ئەوەی كە وەرزشی نابیناكان جیاوازە لە وەرزشی مرۆڤە ئاساییەكان و پێویستی بەكۆمەڵێك یارگای فەرشكراو و بە ئیسفەنجی تایبەت بەخۆی و هەندێك كەلوپەل هەیە كە تائێستا لە هیچ كام لەشارەكانی هەرێمی كوردستاندا بۆ نابیناكان دابین نەكراوە، بەڕاستی ئەمە جێگەی داخە، بەڵكو دەبوو بایەخ بە وەرزشی نابینایان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بدرایە بۆ ئەوەی هەموو كەسێكی نابینا بتوانێت هیواو ئاواتەكانی بهێنێتەدی.


كەسێكی تری نابینا كەوتە وتووێژ لەگەڵمان ناوی هاوكار عەلی بوو، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا هەموو مرۆڤێك كێشەی هەیە. بەڵام كێشەی نابینا زیاترە، چونكە بێبەشە لە هەستی بینین و پێویستی بەوە هەیە كە مرۆڤە چاوساغەكان لێی تێبگەن و لێرەدا بەداخەوە هەندێك مرۆڤی چاوساغ هەن كە لە نابیناكان ناگەن و نازانن نابیناكان مەبەست و داواكاریەكانیان چییە، هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە بەشێكی زۆری كێشەكانیان لەوەدایە كە چاوساغەكان هاوكاریان ناكەن و گوێنادانە مرۆڤە نابیناكان، ناوبراو نەبوونی هۆشیاری كۆمەڵایەتی تاكەكانی بە هۆكارێكی سەرەكی دەزانی كە ناتوانن هاوكاری یەكتری بكەن، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە نەك هەر تاكەكان هاوكاری مرۆڤی نابینا ناكەن، بەڵكو هاوكاری یەكتریش ناكەن.
Top