سەركێشیی، كیژێـك بـەرەو ئاگـر دەبـات
January 30, 2011
کۆمەڵایەتی
كۆچی دوایی دایكیان
لێرەوە نەهامەتی خێزانەكە دەستپێدەكات كە دایكیان كۆچی دوایی كرد، ئیتر باوكیان كەوتە دوای كاركردن و دابینكردنی بژێوی ژیان و نەیدەتوانی بەشێوەیەكی ورد ئاگاداری منداڵەكانی بێت و چاودێریان بكات، تا لەئەنجامدا هەموویان بەهۆی بێڕەحمی و خراپی كۆمەڵگە تووشی كێشەی خۆیانبوون و هەر یەكەیان بەهۆی هۆكارێكەوە لەرێگەی كەسێكی نابەجێوە لایانداو روویانكردە كاری نابەجێی و لەرێی راست لایاندا.
سەرەتای كێشەكان
وەك خۆمان دەزانین كۆمەڵگەی كوردەواری لەهەموو كۆمەڵگەكان زیاتر بێ رەحمە بەرامبەر بە ئافرەتان، بەتایبەتی ئەگەر دایكیشیان لەژیاندا نەمابێت و هەروەها ئەگەر ئافرەت جارێك هەڵە بكات، ئەوا لێبووردنی نییە.
ئێوارەیەكیان دایكی هێڤین لەناكاو تووشی ئازارێك هات، چۆن ئازارێك ئازاری مەرگ بوو، هیچ جۆرە چارەیەكی نەبوو، لەئاكامدا كۆچی دوایی كرد و خێزانەكەیان بەبێ دایك مایەوە و پاش ماوەیەك لەدوای كۆتایی هاتنی پرسە هەر كەسە چوو بۆلای كارەكەی خۆی و هێڤینیش وەك خوشكەكانی چووە دەوامی قوتابخانە كە لەپۆلی دووەمی ناوەندی دیخوێند. ئالێرەوە قۆناغێكی نوێ لەژیانی ئەم خێزانە دەستپێدەكات.
ئاشقبوون بە رێگەیەكی هەڵە:
هێڤین كاتێك كە بەیانیان رووی دەكردە قوتابخانە لە رێگەی خۆیدا كوڕێك دەهاتە سەر رێگەی كە ناوی ئەیوب بوو، ئەم كوڕە بوو بە شەیتان و ژیانی دواڕۆژی هێڤینی كردە دۆزەخ و هەموو بەیانیان دەهاتە سەر رێگەی داوای ژمارە مۆبایلی لێدەكرد، هەمیشە دەیویست كە ئەم كچە لەرێگەی راست لابدات و هانی دەدا كە پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵدا ببەستێت و داوای لێدەكرد كە ببیێت بە خۆشەویستی پێی دەوت كە ئەوی لە هەموو دنیا خۆشتر دەوێت، بەڵام وانەبوو بە پێچەوانەوە ئەیوب گەنجێكی داوێنپیسی گەندەڵی سێكسی بوو، هەمیشە خەریكی سێكس بوو، كەسێك بوو خەریكی فریودانی كچانی گەڕەك بوو، ئەمجارەیان مرخی لەهێڤین خۆشكردبوو، دەیویست ئەمیش لەرێگە لابدات.
هێڤین كەوتە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵ ئەیوبدا، بەڵام چۆن خۆشەویستیەك كەبووە هۆی ئەوەی هەموو رۆژێك بەیانیان بە یەكەوە دەكەوتنە قسەو ئەیوب بە قسە لووسەكانی لەرێگەی راست لایدا و توانی وەهای لێبات كە گوڵی كچێنی هەڵبوەرێنێت و وەك چەندین كچی تری ئەو وڵاتە بووە قوربانی گەنجێكی داوێن پیس.
ئەیوب وێنەی هێڤین بڵاو دەكاتەوە
ئەیوب خاوەن دوكانێكی گەورەبوو ژمارەیەكی زۆر لەگەنجەكان لەلای دادەنیشتن و لەناو مۆبایلەكەیدا وێنەكانی هێڤینی بەگەنجەكانی ئەو گەڕەكەدا بڵاوكردبۆوە، تا لەئەنجامدا ناوبانگی بەتەواوی زڕاو وەك كچێكی لەشفرۆش ناوی دابۆوە، ئیتر لەئەنجامدا هێڤین بەتەواوی ئابڕووی چوو لەناو كوڕەكانی گەڕەكدا، تا وایلیهات ناچار بوو داوا لە ئەیوب بكات كە وێنەكانی رەش بكاتەوە، بەڵام كاتێك كە چوو بۆلای ئەیوب زۆر قسەی ناشرینی پێوت و سوكایەتییەكی زۆری پێكرد، هێڤینیش بە كەساسی گەڕایەوە ناچاربوو دەستبكات بەگریان، هەر بەفرمێسكی ناو چاوە گەشەكانیەوە بە هاوار و گریانەوە گەڕایەوە ماڵەوە، ناچار كەچووە ماڵەوە بینی كەكەس لەماڵەوە نییە دەستیكرد بە لەخۆدان و كەسیش نەبوو دڵی بداتەوە، پاشان وردە وردە بیری لەوە كردەوە كە خۆی بكوژێت، لە ئاكامدا نەوتی كرد بەخۆیداو خۆی سوتاند و كۆتایی بە تەمەنی خۆی هێناو بوو بە قوربانی دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكان بووبە قوربانی عاشقێكی هەڵە.