شانزە ساڵە لێی دوورە

شانزە ساڵە لێی دوورە
ساڵی نەوەدەكان بوو، ئابڵوقەی ئابووری خەڵكی تووشی گەورەترین قەیران و كێشەو گیروگرفت كردبوو، گەنجەكان نەیاندەتوانی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، لە یەكێك لەگەڕەكە میللییەكانی ناو شاری سلێمانیدا كچێكی شۆخ شەنگ هەبوو ناوی تاڤان بوو.
تاڤان بەباڵا شۆخ و شەنگەكەی سەرنجی هەموو گەنجەكانی گەڕەكی بەلای خۆیدا راكێشابوو، ئومێد یەكێك بوو لەو گەنجانەی دراوسێیەكی نزیكی ماڵی تاڤان، هەروەها زۆر ئارەزووی دەكرد خۆی لە تاڤان نزیك بكاتەوە، تا لەئەنجامدا چیرۆكی خۆشەویستییەكی بەهێز لەنێوان هەردووكیاندا دروستبوو، چونكە ئومێد زوو زوو سەردانی ماڵی تاڤانی دەكرد و تاڤانیش سەردانی ماڵی ئومێدی دەكرد، هەردووكیان پێوەندییەكی بەهێز لەنێوان هەردوو بنەماڵەكەدا بەهۆی دراوسێیەتیەوە هەبوو.
پاش چەند ساڵێك ئومێد لە زانكۆ دەرچوو، بەڵام كاری دەست نەكەوت، بەڵكو لەبەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانیدا دەستی كرد بە شتفرۆشتن لەسەر تەختەیەك، بە داهاتێكی كەم و ژیانێكی كولە مەرگی كاریدەركرد. رۆژێكیان تاڤان چوو بۆ ماڵی ئومێد بە ئومێدی وت من و تۆ چەندین ساڵە لە چیرۆكێكی خۆشەویستی ئەفڵاتونیدا دەژین، كاتی ئەوە هاتووە بێی بۆ داوام و منیش هیچم لەتۆ ناوێت بەس ئەوەندە بێیت بەرەسمی و ئاشكرا لە باوكم بێیتە پێشەوە و داوام بكەیت، چونكە برادەرێكی باوكم كە خەڵكی شاری دهۆكە لەگەڵ باوكمدا بازرگانی دەكات و بەتەمایە بێتە خوازبێنیم بۆ كوڕەكەی خۆی داوام بكات، بۆیە داواكارم لەتۆ خێرا هەوڵێك بدەیت بۆئەوەی رزگارمبێت لەو زەواجە، ئومێد كەسێكی رۆشنبیر بوو بەڕاستیش تاڤانی خۆشدەویست و دەترسا لەوەی كە نەتوانێت رۆژێك لەرۆژان بچێتە ناو قەفەزی زێڕینەوە و نەشی دەویست تاڤان هەر لەچاوەڕوانی ئەمدا بژی، لەلایەكەوە دەترسا ئەگەر بوو بە هاوسەریشی رۆژێك لەرۆژان پێی بڵێت كە ئەم بۆتەهۆی ئەوەی كە ئەو پیاوە دەوڵەمەندەی لەكیس چووە، لەبەر ئەوە داوای لێكرد كە رازی بێت و هەڵبدات بچێتە ناو قەفەزی زێڕینەوە لەگەڵ ئەو كوڕە دهۆكیەدا.
ئەوبوو تاڤان رازی بوو كە شوو بەو كوڕە بكات كەخەڵكی شاری دهۆك بوو ناوی هێمن بوو، پاش ماوەیەك تاڤان چووە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریەوەو لەشاری دهۆك لەگەڵ ماڵی ئەو كوڕەدا نیشتەجێبوو.
تاڤان پاش ماوەیەك لەو ژیانە زۆر بێزار بوو، چونكە نەیدەتوانی لەگەڵ ئەو ژیانە نوێیەدا خۆی بگونجێنێت، كولتوور لەنێوان سلێمانی و دهۆكدا زۆر جیاوازبوو، بەتایبەتی لەرووی زمانەوانی و كولتوور و جلوبەرگ و زۆربەی دیاردەكان، هەمیشە شەڕ و كێشە لەنێوان تاڤان و خوشكەكان و دایكی هێمندا هەبوو، ئەمەش وایكرد كە كێشەو گیروگرفت لەنێوان هەموویاندا بەردەوامبێت و ماڵەكە پڕبێت لە ئاشوب و دەنگە دەنگ. لەبەر ئەوە هێمن زۆر بێزاربوو لەم رەوشە نالەبارەی ناو خێزانەكەی و رۆژێك بە تاڤانی وت كە ئاڵتوون و پارەكەی بداتێ ئەوسا ئەم دەچێت بۆ دەرەوەی وڵات و پاشان ئەویش رادەكێشێت، بەڵام وادەرنەچوو، ئەوەبوو كە هێمن روویكردە دەرەوەی وڵات هەر ساڵەو بەجۆرێك، جارێك بەبیانوی نەبوونی ئیقامەو جارێك بەبیانوی نەبوونی پارە، هەرجارەو بەشێوەیەك دەبوو تا ئەمڕۆكە نزیكەی شانزەساڵی رەبەقە هێمن لە وڵاتی ئوستورالیا دەژی و هیچ هەواڵێكی نییە.
ئێستا شانزە ساڵی رێكە هیچ هەواڵێكی هێمن لەلای تاڤان نییەو سۆلینی كچە تاقانەكەی تاڤانیش بەبێ باوك ژیان بەسەر دەبات. چەند مانگێك لەمەوبەر یەكێك لەو كوردانەی نیشتەجێی وڵاتی ئوسترالیایە هاتووەتەوە بۆسلێمانی و بە تاڤانی وت كە هێمن بۆ وەرگرتنی نیشتەجێبوون لە ئوسترالیا كچێكی ئوستورالی هێناوە و بەیەكەوە وەك دوو هاوسەر ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام هێمن ئەمەی رەتكردەوە بەتاڤانی وتووە كە ئەو تائێستا ژنی نەهێناوە، ئێستا تاڤان نازانێت داهاتووی ئەو كچە تاقانە بێ باوكەی بەرەو كوێ دەچێت و چی بەسەر دێت، ئایە هەر چاوەڕوانی هێمن بكات یان داوای جیابوونەوە بكات یان وەك سەدان ژنی ئەم وڵاتە چاوەڕاوانی مێردە بێ سەروشوێنەكانی بێت كە لەئەنجامی ئابلوقەی ئابووری روویان لەدەرەوەی وڵات كردووە تا ئێستا سۆراغیان نییە.
ئەمە بەسەرهاتێكی راستەقینەبوو كەتاوەكو ئەمڕۆ هەر بەردەوامە و یەكێكە لەو بەسەرهاتانەی كە لەكاتی ئابلوقەی ئابووری دا روویداوە كە بووە هۆی تێكدانی ژیانی سێ كەس، هێمن و تاڤان و سۆلینی كچیان. ئەمەو هەزاران بەسەرهاتی تاڵ هەن لەم وڵاتەی ئێمەدا كە دەرئەنجامی ئەو ئابلوقە ئابووریەن كە روژانێك وڵاتەكەمانی هەژاندبوو.
ئایا دەبێت داهاتووی ئەو ژنانە چیبێت كە چاوەڕوانی مێردەكانیانن؟ ئایە دەبێت داهاتووی ئەو منداڵانە چیبێت كە چاوەڕوانی باوانیانن و تائێستا باوانی خۆیان نەبینیوەو نازانن كە باوكیان لەژیاندا ماوە یان نا.

ئامادەكردنی: دیارسالار
Top