دیاردەی غیرەكـردن لـە ماوەی دەستـگیرانیدا خۆشەویستییە یان دڵپیسی

دیاردەی غیرەكـردن لـە ماوەی دەستـگیرانیدا خۆشەویستییە یان دڵپیسی
هەمووكچ وكوڕێك بە قۆناخی دەزگیرانداریەتیدا تێپەر دەبن .لەم قۆناخەدا كورو كچەكە دەتوانن بەتەواوەتی لەیەكتری تێبگەن و شارەزای یەكتر ببن .بەڵام زۆر جار لەم قۆناخەدا كوڕەكە یان كچەكە، غیرە لەیەكتر دەكەن .هەندێك لە هۆكاری ئەو غیرەكردنە، دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی ئامێری تەكنەلۆژیای تازەوە وەك (ئینەرنێت و مۆبایل و .....) لەم بارەیەوە، ڕاو بۆچوونی چەند كوڕكچێكی دەزگیراندارمان وەرگرتووە.....
شادان محەمەد تەمەنی 23 ساڵە ماوەی سێ مانگە دەزگیراندارەو پێیوایە كچ و كوڕ لە ماوەی دەزگیرانداریدا، كاتێك دەیانەوێت ژیانی هاوسەری پێك بهێنن. بە قۆناغێكی هەستیار و گرنگ تێدەپەڕن، چونكە لەم ماوەیەدا دەتوانن بەباشی لێك تێبگەن و كێشەكانیان چارەسەربكەن. شادان دەڵێت «ئەو كاتانەی زۆر تەلەفۆنی بۆ بكەم و وەڵامم ناداتەوە، غیرەی لێدەكەم یان لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ كەسێكی تر بكات. دوایی كە پێی دەڵێم بۆ وەڵامت نەبوو، ئەوكات كە پێم نەڵێت دڵم غیرە لێی دەكات.
دواتر محەمەد عومەر تەمەنی 25ساڵەو ماوەی مانگێكە دەزگیراندارە و دەڵێت «ئەوكاتانە غیرە لام دروست دەبێت بەرامبەر دەزگیرانەكەم، كاتێك پێوەندی پێوەدەكەم دەڵێم ئەوە لەگەڵ كێ قسەت دەكرد پێم ناڵێت و لێم دەشارێتەوە.
هەروەها سوهەیلە مستەفا تەمەنی 25ساڵە ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە دەڵێت «دڵ پیسی زۆرجار لەخۆشەویستییەوە روودەدات. كاتێك بەدەزگیران بووم زۆرجار دڵ پیسیم لەهاوسەرەكەم دەكرد ئەوكاتانەی كە لەڕێگەی چاتەوە قسەمان لەگەڵ یەك دەكرد، شتم بۆدەنووسی وەڵامی نەدەدامەوە یان بە ئۆفڵاین دەهاتە خەت زۆر دڵپیسیم لێدەكرد.
گرنگی بەیەكتر نەدان لەنێوان هاوسەران دەبێتە هۆی غیرە لەنێوانیان بەتایبەتی لەقۆناغی دەزگیرانەتی دا، لەم بارەیەوە رۆژان كەمال كە تەمەنی 22ساڵە ماوەی چوار مانگە بە دەزگیرانەو دەڵێت «زۆرجار غیرە لەدەزگیرانەكەم دەكەم. كاتێك گرنگی بەمن نادات یان لەگەڵم نایەتە دەرەوە یان وەڵامی تەلەفۆن و نامە ناداتەوە، ئەوكات غیرەی لێدەكەم، چونكە زۆرم خۆش دەوێت.
غیرەكردن
زۆرجار دەبێتە هۆی جیابوونەوە
هاوكار عەلی تەمەنی 24 ساڵە و دەڵێت «پێش دووساڵ لەمەوبەر كچێكم خۆش ویست و چوومە داوای، بۆ ماوەی شەش مانگ بەدەزگیران بووین. من هیچ كاتێك غیرەم نەبوو بەرامبەری، بەڵام ئەو غیرەی لێدەكردم، دەیوت نابێت لەگەڵ هیچ كچێك قسەبكەی، نابێت پێوەندیت پێوەبكەم تۆ لەگەڵ كەسێكی تر قسە بكەی. ئەوكات قوتابی زانكۆبووم نەمدەتوانی قسە لەگەڵ هاوڕێكانم بكەم. ئەوەبوو رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبوو نەماندەتوانی بەردەوام بین لەگەڵ یەكتر و وازمان لەیەكتر هێناو جیابووینەوە.
هاژە موحسین تەمەنی 26ساڵە بۆماوەی ساڵێكە بەدەزگیرانەو دەڵێت «من تاكو ئێستا غیرەم نەبووە بەرامبەر خۆشەویستەكەم، چونكە دەزانم ئەو زۆر منی خۆش دەوێت و دڵنیام لێی. بەڵام زۆرجار كچ غیرەی لا دروست دەبێت لەبەر بوونی چەند هۆیەك. گەر سەیر بكەین كوڕ ئازادە لەهەڵبژاردنی كچ، بەڵام كچ وانییە دەبێت چاوەڕوان بكات تاكو كوڕێك دێتە خوازبێنی، زۆرجاریش ئەم كوڕەی كە كچەكە دەیەوێت، بۆی نابێت. بەڵام كوڕ وانییە چ كچێكی بوێ دەتوانێت دەستنیشانی بكات. بۆیە كچەكە كاتێك دەكەوێتە ماوەی دەزگیرانداری غیرەی لا دروست دەبێت و دەترسێت كەسێكی تر دەستنیشان بكات. یان ئێستا موبایل زۆر وای لەكچان و كوڕان كردووە كە غیرە لەیەكتر بكەن.
رێكەوت عبدوڵڵا تەمەنی 25ساڵە ماوەی هەشت مانگە دەزگیراندارەو دەڵێت «غیرە لە هەندێك كەسدا هەیە و لەهەندێك كەس نییە. بەتایبەت لەقۆناغی دەزگیرانەتیدا كە قۆناغێكی ترسناكە، لەوكاتەی كەتۆ غیرە لەدەزگیرانەكەت بكەی، دوور نییە ئەوكاتە كچەكە رای بەرامبەرت بگۆڕێت و رازی نەبێت بەداواكاریەكانی تۆ و دڵشی ساردبێتەوە و بڕیاڕی بگۆڕێت. من تاكو ئێستا بەخۆم و دەزگیرانەكەم نە من غیرەم لێكردووە نە ئەویش، چونكە هەردووكمان دڵنیاین لەیەكتر و یەكترمان خۆش دەوێت.
Top