ئێستاش سەوسەن لە چاوەڕوانی گــەڕانەوەی عــــاشقەكـــەیـدایە

ئێستاش سەوسەن لە چاوەڕوانی گــەڕانەوەی عــــاشقەكـــەیـدایە
دوای ئەوەی ناسكەو دوو براكەی لە تەماشاكردنی فیلمی تایتانیك بوونەوە، ناسكە ئاوڕێكی دایەوە بۆ لای سەوسەنی دایكی، تەماشای كرد چاوەكانی بە فرمێسكەوەن، ئینجا بە دایكی وت باوەڕناكەین میسالیەتی وا لە خۆشەویستیدا هەبووبێت، ئەوە تەنیا لە فیلمدا هەیە، سەوسەن بە خەمێكی قووڵەوە سەری بۆ كچەكەی هەڵبڕی و وتی: بەر لەوەی باوكی رەحمەتیتان بناسم بەسەرهاتێكی سەیرم بەسەرهاتووە، ئێستاش كە دیمەنەكانی ئەو بەسەرهاتە دێتەوە پێش چاوم دڵم مەراقێتی ئەو كوڕە ببینمەوە، دەزانی چۆن بوو؟ پاڵەوانێكی مەرد بوو كە بەراستی لە چەند رۆژێكدا عەشقی بووم، بێ ئەوەی دواتر یەكتر ببینینەوە، چونكە هەموو پاڵەوانی داستانەكانی عەشق لەو كوڕە پێشمەرگەیەدا كۆببوونەوە كە نۆزدە ساڵ لەمەوبەر لەكۆڕەوە مەزنەكەدا لە مردن رزگاری كردم، بەڵام خۆزگە ئەوكات دەمردم و جێی نەدەهێشتم...
((لەراستیدا سەوسەنی دایكی ناسك لە منداڵییەوە وەك كیژێكی تاقانەی ناو ماڵ بەبێ نازی باوك فامی كردبووەوە، باوكی سەوسەن لەسەر سنووری ئێران ــ عێراق بۆ پەیداكردنی نان خەریكی كاری قاچاغچێتی بە قوماش و فستق و سەماوەرەوە بووە، دواتر لە كارەساتی هەرەسهێنانی بەفرا كۆچی دوایی كردبوو، سەوسەنیش لەگەڵ دایكیدا بەناچاری لەو شارۆچكەیەی لێی دەژیان سەری خۆیان بەرەو شار هەڵگرتبوو، دایكی سەوسەن بە نانەوایی و جلشۆری و خزمەتكاری ماڵانی خواپێداوانی شارەوە و بە ڕووی سوور و جوامێرانەوە، سەوسەنی تا قۆناغی ئامادەیی گەیاندبوو، لەو ماوانەی ئەمی پێگەیاندبوو چەند جارێك داواكاری بۆ شووكردن هەبووە، تا لەدوا جاردا شووی بە مفەوەزێكی پۆلیس كردبوو، ساڵێك بەر لە راپەڕین كاتێك سەوسەن وەك زۆربەی كات بۆ موتاڵاكردنی وانەكانی شەوێكیان لە ماڵی باپیرەی بوو كە چەند كۆڵانێك لە ماڵی باوەپیارەكەیەوە دوور بوو، بە دەنگی چەند دەستڕێژێكی گوللەو دواتر ناڵەی تەقینەوەیەكی گەورەوە داچڵەكی، بۆ بەیانی زوو سەوسەن بە ڕێكەوتبوو تا بچێ سەردانێكی دایكی بكات، چونكە شەو تا بەیانی زۆر خەونی ناخۆشی بە دایكیەوە دیتبوو، تەماشای كردبوو بەر دەرگای ماڵیان پڕی پۆلیسەو ماشێنی ئیسعافیش راوەستاوە و دەرگاو پەنجەرەی ماڵكەشیان بە گوللە بێژراوە، ئەم دیمەنە سەرەتایەكی شووم بوو بۆ چارەنووسی نادیاری ئەم كچە نازدارە، دیمەنی كارەساتی كوژرانی باوەپیارەكەی و دایكی لە بارودۆخێكی تەمومژاویدا سەوسەنی بە تەواوی بێكەسوكار كرد، ئەو ساڵە ئیتر بە بەرگی رەش و بێزاری و گریانی بەردەوامەوە لە خوێندنی شەشی ئامادەیی دابڕا..
راپەڕین روویدا و دوای نزیكەی مانگێك تێپەڕبوون بەسەر راپەڕیندا دیسانەوە تانك و تۆپەكانی سەدام ناو شاریان بۆردومان كردەوە، سوپای رژێم بە پاڵپشتی هەلیكۆپتەرەوە بەرەو داگیركردنەوەی شارەكان هاتنەوە و ئیتر بەو بەیانییە پووری سەوسەن كە بە دیار باپیرە پەككەوتەكەی سەوسەنەوە بوو بە تكاو ڕجاوە پاڵی پێوەنابوو تا لەگەڵ خەڵكەكەدا كۆچڕەو بكات و وەك كیژێكی جاحێلی ناسك و سەرنجڕاكێش نەكەوێتە بەر دەستی سەربازەكان، تادواجار رازی كردووە بەدوای رێچكەی بێ شوماری خەڵكی شاردا بڕوات...
دواتر لێرەوە سەوسەن خۆی ساتەوەختەكانی كۆڕەو و چارەنووسی نادیاری خۆی بۆ ناسكەی كیژی دەگێڕێتەوە كە چی بەسەرهاتووە)) سەوسەن بە ناسكەی كیژی دەڵێت:(لە رێگەدا بەچاوی پڕلە فرمێسكەوە دەمڕوانییە ئەو خەڵكە بێ دەرەتانەی ژێر لێزمەی باران، هەموویان خانەوادەیان هەبوو تەنیا من نەبێت بەبێ كەس ملی تولە رێیەكی سەختم گرتبووە بەر، بۆیە لە هەمووان زیاتر ترس دایگرتبووم، ترس لە رەقبوونەوەی بەر سەرماو باران، ترس لە كەوتنەوەی گوللە تۆپێكی ناگەهان، ترس لە دەعباو ئاژەڵی كێویی چیا بە سامەكان، بۆ نزیك عەسر بێئەوەی ئاگاداری پێیەكانم بم كە لە رۆیشتنی بەردەوامدا سڕ ببوون گەیشتمە شوێنێك كە تاكە تاكە خێزان لێرەو لەوێ لەناو ئۆتۆمبیلەكانیان متەقیان لە خۆیان بڕی بوو، جار جار نەبێت زیقەی منداڵێكی برسی و تۆقیو بێدەنگی ئەو ناوەی دەشكاند، لە ماشێنێكەوە منداڵێك بۆ میزكردن قاپییەكەیان بۆ كردەوەو بەپەلە لەتاو سەرما دایانخستەوە، ئۆتۆمبیلەكان سیخناخ بوون بە نەفەر لەو چیاو چۆڵەدا لە شوێنی خۆیان راوەستابوون، منیش بەتەنیا هەموو گیانم لە خووساوەییدا هەڵمی لێ هەڵدەستا و چیتر ئەژنۆی رۆیشتنم نەما و كەوتمە سەر چۆكان و بەر چاوانم لێڵ ببوون، دامە پڕمەی گریانێك و قیژاندم وەی دایە گیان فریام بكەوە، تۆ لە كوێی، وامردم لە سەرمانا، هێندەم زانی كوڕێك كە ریشێكی زەردو قەدوباڵایەكی بەرزی هەبوو، قەمسەڵەیەكی چەرمی قاوەیی كڵاوداری بەسەرەوە بوو وەك فریشتە گەیشتە سەرم و بە فڕكانێك منی خستە سەر شانی خۆیی و لە دوای چەند دەقیقەیەك رۆیشتن بە هەورازێكدا منی گەیاندە ژێر بەردێكی زەبەللاح كە ئاگری لەژێردا هەڵگیرسابوو، دوودیوی بەردەكەش بە نایلۆن و شڕە بەتانی داپۆشرابوو، وتی: هانێ ئەم پارووە هێلكەو نانە بخۆ و خۆت لەبەر ئاگرەكە وشك بكەرەوە من دەچم هەندێ داری تر دێنم تا ئاگرەكە نەكوژاوەتەوە، رۆیشت و نیوسەعاتی برد نەگەڕایەوە، جانتایەكی شین لە پاڵمدا بوو لەگەڵ كڵاشینكۆفێك و چەند مەخزەنێكی نیمچە بەتاڵ لە فیشەك، دنیا بەرەو تاریكایی دەچوو، زنجیری جانتام ترازاند بلووزو تراكسوود و هەندێ كاغەزو پارەی تێدابوو لەگەڵ ناسنامەیەكی پێشمەرگەیی، بە دەست خۆم نەبوو لەتاو تەڕایی گیانم دەستم برد بۆ جلەكان ئینجا كەوتمەخۆ تا بە پەلە لەبەر ئاگرەكەدا جلە تەڕەكان دابكەنم و ئەوجلە وشكانەی ئەو كوڕە پێشمەرگەیە بپۆشم، جلەكانم لەبەر خۆم داكەنی بوو، خەریك بووم بە جلەكانی ئەوەوە تا لەبەریان بكەم لەپڕ كوڕەكە بە باوەشێك دارو چیلكەوە هاتەوە بۆ ژێر بەردەكە و هەردووكمان بە سەغڵەتی و ترس و گومانەوە لە یەكترمان ڕوانی، وتی عەفووم بكە، ئینجا بە شەرمەوە رووی خۆی وەرگێڕایە سەر جانتاكەو پێی وتم جلەكانم بپۆشە دەستی دایە چەكەكەی وتی ئێستا دێمەوە زوو خۆت بگۆڕە، دوای خۆگۆڕین سەرێكم لە نایلۆنەكەوە دەركێشا دەبینم دەستی بە خوێنە و پێم وت ئەوە چیتە كاكە، وتی هیچ دەستی خۆم بڕیوە، دیار بوو برینەكەی دەستی قوڵ بوو خوێنەكەی بۆ رانەدەگیرا، ژێركراسە تەڕەكەی خۆمم هەڵگرت و دڕاندم و بە پەلە دەستیم راكێشا و بە توندی بۆم بەست و بە تووڕەیی دەستی بردە پاشەوەو لەولامەوە دانیشت، ئەو شەوە تا بەیانی ناوەناوە قسەمان پێكەوە دەكردو یەكترمان ناسی و زوو زوو ئاگرەكەی خۆش دەكرد تا بە خۆم نەزانی و بەر لە خۆرهەڵاتن خەو بەر بینایی گرتم، نەمزانی چەندی پێ چوو بە دەنگێكی لەسەرخۆوە كوڕەكە پێی دەوتم سەوسەن خان من دەڕۆم، وتم یانی من بە تەنیا لێرەبم، لانی كەم لەگەڵ خۆت تا سەرسنوورم بگەیەنە تا كەسوكارم دەدۆزمەوە، ئەوەبوو هەر ئەو رۆژە گەیشتینە گوندێكی سەر سنوورو لەوێوەش لەگەڵ ئاوارەكانی تردا بە پشتی لۆری ئێمەیان گەیاند بە ئۆردوگایەكی شاری سەقز بەناوی كشاوەرزی بە درێژایی رێگە جار بە جار چاومان لەناو چاوی یەكتر گیر دەبوو، هەستم بە ئاسوودەیی دەكرد لە پاڵیدا، لەو هۆڵەدا كە خەڵكەكەیان تێدا دانابوو، من و ئەو پێكەوە لە تەنیشت یەكتردا بووین زۆر بە حورمەت و رێزەوە شەوو رۆژمان دەكردەوە تا ئەو رۆژەی ناوچەوانمی ماچ كردوو پێمی وت ئاگاداری خۆت بە، من بۆ خەباتكردن بەرەو ئەزمەڕ دەچمەوە، هیوام وایە یەكتر ببینینەوە، خۆشم ویستیت؛ بەو قسەیەی تاساندمی، چونكە منیش زۆر هۆگری ببووم، چیدی نە ئەوم بینیەوە، نە خۆشەویستی، كچم ئەمە راستیە پەنهانەكەی ناخی دایكتە كە هەر لەگەڵما دەژی). ناسكەی كچی سەوسەن ئاونگی ئەسرین بەری چاوانی گرتبوو بە دایكی وت: تۆ لە رۆزی تایتانیكی كوردان دەچیت، دایە خوا فرسەتت بدا ئەو هەموو ساڵە وا چاوەڕوان بوویت!!. باشە پرسیارێك: نەتزانی بۆچی دەستی خۆی بڕی، سەوسەنیش لە وەڵامدا وتی: ئەو كاتەی لە ژێر بەردەكەدا منی بە نیوە ڕووتی بینی، دیار بوو ئارەزووی پیاوەتی گەرم ببوو، بۆ ئەوەی ئەو شەوە بە ئازارێكی سەختەوە بتلێتەوەو هیچ لە من نەكات بە چەقۆ دەستی خۆی بڕی، نەیزانی بەو كردەوەیەی تا سەر ئێسك عاشقم دەكات.
Top