ئافرەتان و... بەربەستەكانی بەردەم دروستبوونی كەسایەتـی بەهێز

ئافرەتان و... بەربەستەكانی بەردەم دروستبوونی كەسایەتـی بەهێز
كەسایەتی رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە دروستكردن و داڕشتنی بەرنامەی ژیانی هەموو تاكێكدا لەگشت بوارەكان و قۆناغەكانی ژیانیدا، چونكە هەموو كەسێك هەرچەند تەمەنی هەبێت و خاوەنی هەر بڕوانامەیەك بێت و هەر كار و پیشەیەكی هەبێت، ئەو دەبێت خاوەنی كەسایەتیەكی سەربەخۆی بێت، ئافرەتیش وەك هەموو بوونەوەرە زیندووەكانی سەر ئەم زەمینە پێویستی بەوە هەیە كە كەسایەتییەكی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام ئایە پیاوانی كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان ئارەزوو دەكەن ببنە هاوسەری چ جۆرە ئافرەتێك، ئایە حەزدەكەن هاوسەرەكەیان كەسایەتییەكی سەربەخۆی هەبێت یان حەزدەكەن هاوسەرەكەیان تەنیا جێبەجێكاری بڕیاری رۆژانەی ئەوان بێت و خاوەنی هیچ جۆرە بڕیارێك نەبێت، ئایە هیچ پیاوێكی رۆژهەڵاتی رازی دەبێت كە ژنەكەی لەجیاتی ئەو بڕیار بدات یان رازی نابێت.

بێگومان ئافرەتان لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا بە شێوەیەكی گشتی وەها ناسراون ئەگەر خاوەنی هەرجۆرە كەسایەتییەك بن، دەبێت جۆرە شەرمنییەك رەفتاری رۆژانەیان پەردەپۆش بكات و لە كردار و بڕیارەكانیادا بگەڕێنەوە بۆ لای باوك و براكانیان و مێردەكانیان، ئەمەقسەی خاتوو هانا ئەحمەدە كە فەرمانبەرە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە پیاوان لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا و زۆربەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست باوەڕێكی نەریتیان هەیە كەنابێت ئافرەتەكەیان خاوەنی كەسایەتیەكی بەرز بێت، بەڵكو دەبێت وەك سێبەری مێردەكەی وەها بێت تەنیا جێبەجێكاری ئەو فەرمانانە بێت كەمێردەكەی پێی دەڵێت و نەتوانێت لەهیچ جۆرە شتێكدا خاوەن بڕیار بێت با ئەو كارە پێوەندی بە ژیانی تایبەتی ژنەكەشەوە هەبێت.

گوێڕایەڵی ئافرەت بۆمێردەكەی دەرگای بەختەوەری خێزانە، ئەمە باوەڕی كاك ئەیوب حەسەن بوو كە دوكاندارە لەبازاڕی نیشتیمان، لەبەر ئەوەی ناوبراو وای دەبینی ئەگەر ئافرەت بەقسەی مێردەكەی نەكرد خێزانەكەیان دەشڵەژێت و نائارامی باڵی بەسەردا دەكێشێت، لەبەر ئەوەی كە پیاوان هەمیشە ئارەزوو دەكەن كە ژنەكانیان لەهەموو بڕیارێك بگەڕێنەوە بۆ ئەوان، واتە ژنەكان تەنیا جێبەجێكاری فەرمانەكانی مێردەكانیان بن و قسەی سەربەخۆیان نەبێت. ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیشیدا وتی: ئەو ئەگەر ژنەكەی بەقسەی نەكات، ئەوا یەكسەر كێشە دروست دەبێت لەنێوانیانداو رەنگە توندوتیژیشی لێبكەوێتەوە.

ئافرەت ئەوەندە جوانە تا ناسكی خۆی بپارێزێت و قسە لەقسەی مێردەكەیدا نەكات و لەهیچ كارێكدا بڕیار نەدات، ئەمەباوەڕی كاك هاوڕێ بوو كەشۆفێری تەكسی كوردستانە، ناوبراو تەئكیدی دەكردەوە كە نابێت ژن بتوانێت لەكار و بارەكانی ناوماڵدا بڕیار بدات، بەڵكو دەبێت بەردەوام هەوڵبدا كە گوێڕایەڵی مێردەكەی بێت بەهەموو جۆرێك لەجۆرەكان و هەوڵی ئەوەنەدات كەرۆژێك لەرۆژان قسە لەكاروباری مێردەكەی و تەنانەت خۆشی بكات، بەڵكو دەبێت تەنیا وەك جێبەجێكاری ناوماڵ كاربكات و ئەگەر ژنێك ویستی لەم لایەنە لابدات، ئەوا جوانی و ناسكی خۆی لەدەستداوە وەك پیاوێكی لێهاتووە، چونكە پیاوان خاوەنی كەسایەتی بەهێزترن لەژنان، بۆیە دەبێت تەنیا پیاوان كەسایەتی بەهێزیان هەبێت و ئەگەر ژن ویستی وەك مێردەكەی ببێتە خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێز ئەوا مەرگەساتە.

ئەگەر ژنەكەم گوێڕایەڵی فەرمانەكانم نەبێت، یەكسەر تەڵاقی دەدەم. ئەمە باوەڕی عەبدوسەلام عەلی بوو كە دوكانداری ماكیاژ فرۆشتنی ئافرەتان بوو لەبازاڕی لەنگە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ژنەكەی خۆی لەماڵەوە داناوە و ناهێڵێت هیچ جۆرە بڕیارێك بدات و ژنەكەشی زۆر گوێڕایەڵە بۆ ئەم، ئەگەر گوێڕایەڵ نەبێت بۆ فەرمانەكانی یەكسەر تەڵاقی دەدات و دەینێرێتەوە ماڵی باوكی، لەبەر ئەوەی كە نابێت ژنان هیچ جۆرە ئازادییەكی رادەربڕینیان هەبێت و دەبێت بە پرسی مێردەكاینان پچنە دەرەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ژنان بواریان بۆ بڕەخسێت، ئەوا كاری هەڵە دەكەن.

پیاوان ژنێكیان ناوێت بتوانێت راستیەكانیان پێبڵێت. ئەمە باوەڕی خاتوو هەنار عەبدولڕەحمان بوو كە فەرمانبەرە، ناوبراو وای دەبینی كە تائێستا لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا پیاوان ژنێكیان ناوێت خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێز بێت، بەڵكو دەیانەوێت ئەو ژنە وەك سێبەری ئەوان وەها بێت و نەتوانێت لەهیچ جۆرە هەنگاوێكی ژیانیاندا تۆزقاڵێك هەڵوێستی هەبێت.

پیاوی كورد حەزدەكات ژنەكەی وەك كۆیلە وەهابێت. ئەمە باوەڕی خاتوو ڤیان ئەحمەدە كە مامۆستای بنەڕەتییە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا ئەو چونكە چەند جارێك هەوڵیداوە لەژیانی هاوسەریدا بڕیار بدات و نەبێت بەكۆیلەی مێردەكەی و بتوانێت خاوەنی كەسایەتیەكی بەهێز بێت، تووشی كێشە بووە لەگەڵ مێردەكەیدا تا لەئەنجامدا ژیانی بەرەو جیابوونەوە رۆیشتووە و تەڵاق دراوە، چونكە بەباوەڕی ئەو پیاوی كورد نایەنەوێت ژنەكانیان خاوەنی كەسایەتی بن، تەنیا دەیانەوێت خۆیان بڕیاردەربن و ژن وەك كۆیلەیەكی سپی وەهابێت.
Top