دووركەوتنەوەی ژن و مێرد لە یەكتری بەهۆی سەفەركردنەوە

دووركەوتنەوەی ژن و مێرد لە یەكتری بەهۆی سەفەركردنەوە
تاكەكانی كۆمەڵگە لەژیانیاندا هەوڵ ئەدەن ئایندەیەكی باش بۆ خۆیان و نەوەكانیان بەرجەستە بكەن، سەرجەم ئەو گرفت و ناخۆشیانەی دێتە رێگەیان وەلای دەنێن تا وەك كەسێكی سەركەوتوو لەژیاندا ئەژمار بكرێن، ئەو بارودۆخەی بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا هات فاكتەرێك بوو بۆ كۆچكردنی زۆرێك لەگەنجان و خێزانی كورد، هەندێك جار كەسی یەكەمی خێزان (باوك) دەستپێشخەربووە لەم لایەنەدا و سەرجەم خێزانەكەی بەجێهێشتووە. كاتێك دوو هاوسەر یەكێكیان كۆچ بكات و ئەوی تریان لەچاوەڕوانیدا بێت، دەبێت لەرووی دەروونیەوە لەچ بارێكی ناجێگیریدا بێت؟ بیركردنەوەی چۆن بێت تا بەیەك دەگەنەوە؟
لەم تەوەرەدا قسەدەكەین لەسەر دەرەنجامەكانی بەجێهێشتن و جیابوونەوەی دوو هاوسەر بەهۆی كۆچكردنەوە، پاش چاوەروانیەكی زۆر لەلایەن هاوسەرەكەی ترەوە دەبێت دەرەنجامەكانی چۆن بن:
شادی مەجید، یەكێكە لەو ئافرەتانەی بۆماوەی (9)نۆ ساڵ لەچاوەروانی هاوسەرەكەیدایە، پاش گەڕانەوەی جارێكی تر بەجێی هێشتۆتەوە، شادی دەڵێت: ئەكەر بمزانیایە وەفای مێردەكەم بەو جۆرە دەبێت هەرگیز رێگەی ئەوەم پێنەئەدا بیر لەهەندەران بكاتەوە، چونكە دوای چاوەڕوانیەكی زۆر جارێكی تر بێباكانە سەفەری كردەوە و منی بەجێهێشت بەبێئەوەی هەست بكات من خێزانی ئەوم و 9 نۆ ساڵە بەتەنیا ئەژیم. بێگومانم لەوێ خێزانێكی تری پێكهێناوە ئەگەرنا كەمێك لەبیری منیشدا دەبوو، بەدەرلەوەی رۆژانە لەلایەن تاكەكانی كۆمەڵگەوە گوێ بیستی چەندین قسەی ناخۆش دەبین.
لەبەرامبەر كۆچكردنی پیاوانیشدا، بەهەمان شێوە ژنیش سەفەر دەكات و بۆ چەند ساڵێك لەمێردەكەی دووردەكەوێتەوە، لەم بارەوە (دڵشاد حەمەساڵح)ی مامۆستای ناوەندی دەڵێت: خێزانەكەم زۆری جەخت دەكرد هەموومان بڕۆین بۆ هاندەران و لەوێ بژین، منیش لەرووی داراییەوە ئەو توانایەم نەبوو، بۆیە پشتگوێم دەخست. بەڵام ئەو توانی لەرێگەی ماڵی باوكیەوە سەفەر بكات، ئێستا بۆ ماوەی (3) سێ ساڵە رۆیشتووە، تائێستا هیچی بۆئێمە نەكردووە كە لەگەڵ خۆیدا بمانبات، من و دوو مناڵم هەر لەچاوەڕێی ئەوداین نازانین كەی دەگەرێتەوە؟
لەكاتێكدا كوڕێك كە لەهاندەران دەگەڕێتەوە و دەچێتە داوای كچێك سەرەكیترین داوای كچەكە ئەوەیە كە زوو كارەكانی بۆ راپەڕێنێت و لەگەڵ خۆیدا بیبات:
ماریا جەمال، كە قوتابی زانكۆی سلێمانی بووە، دەڵێت: كاتێك شووم بەكوڕێك كرد كە لەهاندەران دەژیا زۆر خۆشحاڵ بووم، وتی واز لەخوێندن بێنە لەبەرئەوەی بەزووترین كات دەتبەم، جگەلەوەی بۆماوەی (2) ساڵ چاوەڕێی دەكەم بەڵام هەست دەكەم درۆم لەگەڵدا دەكات چونكە هەرجارەی بیانویەك دێنێتەوە. ئەم چاوەڕوانیە بێ متمانەیی دروست كردووە لەنێوان هاوسەرەكاندا، دەكەونە دوو حاڵەتەوە نازانن چاوەڕێكردنەكەیان چ دەرەنجامێكی دەبێت، بۆیە منیش لەچاوەڕێی ئەوەدام بزانم چارەنووس چیم بۆدەكات.
ئەو ژنانەی كە مێردەكانیان لەدەرەوەی وڵاتن هەمیشە لەدڵەڕاوكێی ئەوەدان كە پێدەچێت هاوسەرەكانیان خێزانێكی دیكەیان پێك هێنابێت ئەگەرنا بۆ كەمتەرخەم و خەم ساردن لەئاستیاندا:
سنوور حەسەن، كە هەڵسوڕاوێكی ژنانە، دەڵێت: هاوسەرەكەم پێش ئەوەی سەفەر بكات كەسێكی میهرەبان ودڵسۆز بوو، بەڵام لەگەڵ یەكەم هەنگاوی بۆ هاندەران ئەو میهرەبانیەی نەما، من و مناڵەكەمی بەجێهێشتووە كە ئەوكات تەمەنی مناڵەكەمان تەنیا 2 دوو مانگ دەبوو ئێستا بۆماوەی 11 ساڵە سەفەری كردووە، ئەوەی بیری لێنەكردۆتەوە بردنی ئێمە بێت، لەبەرئەوەی بەردەوام دەڵێت بەیەكجاری دێمەوە، كاتێك دەپرسم بۆ بەزووترین كات نایەیتەوە لەوەڵامدا دەڵێت جارێ كارم هەیە، دەڵێم ئێمەی ژنان دەبێت هەمیشە ببینە قوربانی خۆشیەكانی پیاوان.
توێژەرە كۆمەڵایەتیەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن یەكێك لەخراپترین ئاكارەكانی خێزان، دووركەوتنەوەی ژن و پیاوە بۆماوەیەكی درێژ، چونكە دەرەنجامی نێگەتیڤی لێدەكەوێتەوە، لەم لایەنەوە توێژەری كۆمەڵایەتی (ئاری حەمەئەمین) دەڵێت: بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا هات و كرانەوەی كۆمەڵگە بەڕووی جیهاندا چەندین دەرەنجامی خراپی بەدوای خۆیدا راكێشا، یەكێك لەوانە جیابوونەوەی هاوسەرەكانە بۆماوەیەكی كاتی بەهۆی سەفەركردنەوە. بژێوی ژیان وای كرد ئەم حاڵەتە دروست بێت بەڵام نابێت لەرووی دەروونیەوە یەكتر فەرامۆش بكەن، ئەو دوو تاكە كاتێك بڕیاری ئەوەیانداوە پێكەوە بژین دەبێت بڕیاری ئەوەش بدەن لەرووی دەروونیەوە ئاگایان لەیەكتر بێت. نەك یەكێكیان لەوپەڕی خۆشیدابێت و ئەوی تریان لە چاوەڕوانیدابێت.
بۆیە دەبینین كە زۆربەی جار ئەو خێزانانە تووشی جیابوونەوەی یەكجاری دەبن، هۆكاری سەرەكیش كەمتەرخەمی پیاوە لەملایەنەوە، لەبەرئەوەی كە دەچێتە ئەوروپا و ژیانی ئەوێ دەبینێت واهەست دەكات ئیتر ناتوانێت لەگەڵ ژن و خێزانەكەی خۆیدا جارێكی تر ژیان دەست پێبكاتەوە، ئەمەش خراپترین حاڵەتی بیركردنەوەیە كە رۆژانە دەبیستین چەندین خێزان لەبەر ئەم هۆكارە جیابوونەتەوە.
Top