كریسمس نوێكردنەوەی پەیمانە بۆ خۆشەویــــــستی.. با هەموومان یەكتریمان خۆشبوێت

كریسمس نوێكردنەوەی پەیمانە بۆ خۆشەویــــــستی.. با هەموومان یەكتریمان خۆشبوێت
هەموو ساڵێ میللەتانی دنیا بە هاتنی سەری ساڵی تازەوە ئاهەنگی خۆشی و شادی دەگێڕن و دنیا یەك پارچە خۆشی و كامەرانی تێدەگەڕێ . دەمێ ساڵە لای ئێمەی كوردیش بە هاتنی ئەم بۆنەیەوە لە شارەكانی كوردستاندا، بە تایبەتیش لە یانە و شوێنە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاهەنگی سەری ساڵ ساز دەكرێت . بۆ بەدواداچوونی ئەوەی كە داخۆ (كریسمس) چ مانایەكی هەیە لای خەڵكی ئێمە و ئایا وەك هەر میللەتێكی زیندووی سەر رووی ئەم زەمینە بۆتە بۆنەیەكی گشتی . ئەم ریپۆرتاژەمان ئەنجامدا ..
گەنجێك : (كریسمس) بۆنەیەكی تازەیە سەبارەت بە ئێمە بەڵام، بۆنەیەكی خۆشە
لە شەوی (كریسمس)دا شارەكان دەجمێن و خەڵك بە تێكڕا دەجۆشێن و زۆربەی هەرە زۆریشیان لە ماڵەكانیان دێنە دەرەوە و ئاهەنگ دەگێڕن . چ وا لە خەڵك دەكات وا بە جۆش و خرۆشەوە سەر گەرمی ئاهەنگ گێڕان بن ..(كوردۆ باپیر) كە گەنجێكی بیست و دوو ساڵەیە و قوتابی كۆلێژە لە زانكۆی سەڵاحەدین پێی وایە كە بۆنەكە هێمای بەخشینەوەی كامەرانی و خۆشییە بە مرۆڤ . ئەو بەم شێوەیە گوزارشتی لە بیروبۆچوونی خۆی كرد و گوتی : من بە هۆی هاوڕێیەكی كریستیانەوە كە هاورێی قۆناغی ئامادەییم بوو، ئاشنایەتیم بە رۆژی جەژنی سەری ساڵی تازە پەیداكرد . بۆنەكە بۆ ئێمە دەتوانم بڵێم كە تاڕادەیەك تازەیە بەڵام بۆنەیەكی خۆشیشە . پێشتر نەمدەزانی خەڵكانی وڵاتانی دیكە بۆچی ئەوەندە تامەزرۆی هاتنی سەری ساڵی تازەن و ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام دواتر ئەوەی من بینیم ئەوە بوو كە مرۆڤەكان لە سەری ساڵی تازەدا رۆژەكە دەكەنە بۆنەیەك بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو یادەوەرییەكی تفت و تاڵ و مانایەكی دیكە دەدەنەوە بە ژیان . راستییەكەی بۆ ئێمەی گەنج بۆنەكە هەر زۆر خۆشە و بەتایبەتی كە ئەو تێكەڵیەی نێوان خەڵكەكە دەبینین كە هەموویان پێكەوە لە سەما و خۆشیدان . (گوڵشەن محەمەدی) كە تەمەنی بیست و شەش ساڵە و خەڵكی كوردستانی ئەو دیوە و بەسەردان هاتۆتە ئێرە، هەم بۆ سەردانی خزمانی و هەمیش بۆ ئەوەی سەری ساڵی تازە لێرە لە شاری هەولێر بەسەرببات . ئەو كە بەسەردانی ئێرەی زۆر دڵخۆش دیار بوو گوتی : من ئەمە دووەم جارە لەگەڵ خانەوادەكەم دێمە ئێرە كە بە راستی سروشتی ئەم ناوچەیە و ئەم شارە دڵنشینە و قەشەنگە . جاری یەكەم كە هاتینە ئێرە زۆر ئاسوودە بووین، بۆیە ئەمجارە بڕیارماندا كە جەژنی سەری ساڵی تازە لێرە لە هەولێر و سلێمانی بەسەر ببەین . بۆ من سەری ساڵی تازە بۆنەیەكی زۆر قەشەنگە . بڕیارم داوە شەوی سەری ساڵ تا بەیانی بە ئاهەنگ بەسەرببەم .
سەری ساڵ بۆنەی هەموومانە
هەندێك پێیان وایە كە ئەم بۆنەیە تەنها هی برا كریستیانەكانە بەڵام (پۆلس یۆحنا) كە كوردێكی كریستیانە لەو بڕوایە دایە كە نەخێر هەموومان بۆمان هەیە شانازی بەو بۆنەیە بكەین و هەر كەسێك بۆی هەیە لەم شەوەدا ئاهەنگ بگێڕێت و بە بۆنەی خۆی بزانێ . ئەو دەڵێ : لە هەموو دنیادا لەگەڵ هاتنی سەری ساڵدا، ساڵ تازە دەبێتەوە و دەورانێكی دیكەی ژیان دەستپێدەكات . یادەوەرییەكی جوانیشە و هەموومان دڵخۆش دەكات .. خاتوو(نەسرین بەهنام) كە كچە كرستیانێكی دانیشتووی شارۆچكەی عەینكاوەیە پێیوایە كە جاران تەنیا كرستیانەكانی شەقڵاوە و هەڕمۆتە و كۆیە و عەینكاوە ئاهەنگی سەری ساڵیان دەگێڕا و خەڵكانی دی وەك پشوویەك پێیان دەیانڕوانی بەڵام ئێستا بۆنەكە هی هەممومانە و سەرە ساڵان شارۆچكەی عەینكاوە نەك بە سەدان بگرە بە هەزاران كەس رووی تێدەكات و لە سەرلەبەری ئێوارێوە هەتا درەنگانی شەو و هەتا بەرەبەری بەیانی جمەی دێت و خەڵك لە كەیف سەفای خۆیانن . ئەو دەڵێ : بەبیرم دێ پانزە بیست ساڵێك بەر لە ئەمڕۆ لە سەری ساڵدا تەنها ئێمەی كریستیانی خەریكی ئاهەنگی سەری ساڵ دەبووین بەڵام ئێستاكە هەموو خەڵكی كوردستان تامەزۆری هاتنی سەری ساڵن ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەكات چونكە بەڕاستی سەری ساڵی تازە سەری ساڵی هەموومانە و دەبێ هەموومان لە خۆشی دا بین . زۆر دڵخۆشیشم بەوەی كە ئێستا خەڵكی كراوەتر و پێشكەوتووترن لە جاران و بە ئاسانی شتی تازە قبووڵ دەكەن، هەر چەندە بۆنەی سەری ساڵ شتێكی تازە نییە . ئێمە دە رۆژێك پێشوەخت خۆمانی بۆ ساز و ئامادە دەكەین . مام (پۆڵس)كە ئەویش هەر لە شارۆچكەی عەینكاوەیە و دوكاندارە پێیوایە كە ئەم خەڵكە هەمووی برای یەكترن با ئایین و مەزهەبیشیان جیاواز بێت هەمووان هەقی خۆیانە بە هاتنی سەری ساڵی تازەوە دڵخۆش و بەختەوەر بن . ئەو دەڵێ : ئێمە راهاتووین كە سەرە ساڵان ئێرە قەرەباڵغ بێت و ئافرەت و پیاوان روو لەم شارۆچكەیە بكەن و بچنە یانەكانی ئاهەنگ گێڕان
كچێك : حەزدەكەم لەم شەوەدا ئەگەر بۆ ساتێكیش بێت لەگەڵ خۆشەویستەكەم سەما بكەم
بۆ گەنجان ئەم شەوی سەری ساڵە بۆنەیەكی زۆر تایبەتی و نایابە و سەدان رازای دڵیان هەیە و دەیانەوی لەم شەوەدا بۆ خۆشەویستەكانیان بیدركێنن . (لەنجە صەبوور) كچێكی نەشمیلی باڵا بەرز بوو كە پرسیارمان لە بارەی كریسمسەوە لێكرد و ئاخۆ هیوای چی دەخوازێت ئەو بێ دوودڵی شەرم كردنەوە زۆر بوێرانە رای خۆی دەربڕی و گوتی : كریسمس یەكێكە لە بۆنە خۆشە دەگمەنەكان، كە من زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانیم بە تایبەتیش ئەمساڵ كە بەدەزگیران كراوم . بۆیە پڕ بەدڵ حەزم لە كریسمسە و ئومێدم ئەوەیە لەم شەوەدا ئەگەر بۆ ساتێكیش بێت لەگەڵ خۆشەویستەكەم سەما بكەم و هەڵپەڕم . خۆشترین ساتم شەوی كریسمسە، چونكە هەمووی خۆشی و سەفایە و ساتێكە ئەكەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت ناخۆشی و خەمەكانی ژیانت لە بیر دەكەی . (نەوزاد نەجمەدین) كە گەنجێكی بیست و سێ ساڵی بوو بە هەناسە هەڵكێشانەوە باسی لەوە كرد كە چەند ساڵێ پێش ئێستا ئەوەندە بایەخی بە بۆنەی كریسمسەوە نەداوە بۆیە لەو بارەیەوە دەڵێ : بەداخەوەم بۆ ئەو ساڵانەی رابردووم كە ئەو بۆنەیەم لەدەستداوە و نەزانیوە بەخۆشی بەسەری ببەم . بەڵام ئێستا دەزانم كە شەوی كریسمس چ شەوێكی خۆشە و مرۆڤ دەتوانێ زۆر شتی بەسوودیش بكات نەك هەر بچێتە یانەكان لە ماڵەكانی خۆشیانەوە دەتوانن بەخۆشی بەسەر ببەن و بیكەنە بۆنەیەك بۆ یەكتر خۆشویستنەوە و یەكتر لە ئامێز گرتن . دەبا بەو بۆنەیەوە دووبارە یەكدیمان خۆشبوێتەوە.
Top