كچانی قوتابی زانكۆ باس لە كێشەكانیان دەكەن: زۆربەی قوتابیان بەناڕاستەوخۆ دیلی داب و نەرێتی كۆمەڵایەتین

كچانی قوتابی زانكۆ باس لە كێشەكانیان دەكەن: زۆربەی قوتابیان بەناڕاستەوخۆ دیلی داب و نەرێتی كۆمەڵایەتین
ئاشكرایە كە كچانن لەم كۆمەڵگەیەی ئێمەدا بە هۆكاری جیاجیای كۆمەڵایەتی تووشی كێشەو گرفت دەبن. زانكۆش لەهەموو وڵاتێكی ئەم جیهانەدا ئەو مەڵبەندەیە كە تاكەكان لە بەهاو نەریتە نەریتیەكان رزگار دەكات بەهاو پەیڕەوی زانستی بە بەریاندا دەكات. بەڵام زۆرجار و لە زۆرێك لەحاڵەتەكاندا زانكۆ دەبێتە رەنگدانەوەیەكی كەلتووری و ئەو واقیعەی كە لەناو كۆمەڵگەدا باوە و بەشێوەیەكی نێگەتیڤانە كاریگەری خۆی لێدەكات، جێگەی داخە زانكۆ بۆتە ئاوێنەیەك بۆ هەندێ لەداب و نەریتی كۆمەڵایەتی نەویستراو و شتێكی روون. جا بۆ تیشك خستنە سەر لایەنێكی ئەم كێشە كۆمەڵایەتیانە ئەم ریپۆرتاژەمان ساز كرد.
قوتابیانی زانكۆ بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دیلی داب و نەریتە كۆمەڵایەتییە بەسەرچووەكانن
(ڕۆژان سەعدی) كە قوتابی كۆلیژی ئادابە وای دەبینی كەبەشێكی زۆری قوتابیانی ناو زانكۆ ئەمڕۆ بەدەست داب و نەریت و هەندێ بەهای كۆمەڵایەتی بێكەڵكەوە. دەناڵێنن، چونكە ئەو داب و نەریتانە توانیویانە ئەقڵی قوتابیانی زانكۆ كۆنتڕۆڵ بكەن. تاڕاددەیەك دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ قوتابیانی زانكۆ بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بە داب و نەریت و بەها كۆمەڵایەتییەكانەوە دیل كراون و هیچ جۆرە بیركردنەوەیەكیان نەماوە، تەنیا ئەوەنەبێت كە داب و نەریت و بەها كۆمەڵایەتیەكان رێگە بەچی دەدەن رێگە بەچی نادەن.

هیچ سەیر نەبێت بەلاتانەوە ئەمڕۆ هەندێك لەقوتابیانی كوڕ بگرە هەندێكیش قوتابیانی كچ ئەوەندە بیرتەسك بوونە ئەگەر رۆژێك لەرۆژان كچێك جلێكی مۆدێرنی لەبەردابێت كە جلوبەرگێكی جیهانییە، ئەوا ئەوان زۆر بەتەوسەوە تەماشای دەكەن زۆر بەنەریتێكی دواكەوتووانە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. بگرە زۆر جار تیر و توانجی ئاڕاستە دەكەن و قسەو قسەڵۆكی بۆ وەدوادەخەن، ئەمە لەبەر ئەوەی ئەو كچە جلێكی مۆدێرنی لەبەردایە ئاوەها مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن وەك ئەوەی تاوانێكی ئەنجام دابێت.

كچێكی زانكۆ: رۆژێك هەندێك لە كوڕەكان دەیانویست بەدزیەوە وێنەم بەمۆبایل بگرن، چونكە جلێكی تەسكم لەبەردابوو.
(گۆڵالە ئەسعەد) وای دەبینی كە ئەمڕۆ دەرئەنجامی داب و نەریت و بەها كۆمەڵایەتیەكان ئەوەندەیان كاریگەری لەسەر قوتابیانی زانكۆ كردووە بۆ لەبەركردنی جلوبەرگ هێڵی سوورمان بۆكێشراوەو ناتوانین لەو سنوورە دەربچین كەبۆمان دانراوە. بۆنموونە رۆژێكیان جلوبەرگێكی مۆدێرنم لەبەركردبوو هەستم دەكرد زۆر لە قوتابیانی ناو پۆلەكە بە كوڕ و هەندێك لە كچەكانیشەوە زۆر بەتەوسەوە سەیرم دەكەن لەبەر خۆیانەوە قسەی نا بەجێو و ناڕەوایان دەكرد و تیر وتونجیان ئاراستە دەكردم. كاتێك بەخۆمم زانی ژمارەیەك لە كوڕەكان دەیانەوێت بەدزیەوە وێنەم بەمۆبایل بگرن، بەشێوەیەكی زۆر نامرۆڤانەو بێ شەرمانە ئەمكارە دزێوە بكەن و پاشان وێنەكەم بەمۆبایل بۆكاری نابەجێ بەكاربێنن و مەرامە گڵاوەكانی خۆیان بهێننە دی.

ئەمڕۆ ئەگەر قوتابیەكی ناو زانكۆ بیەوێت سنووری نەریتە كۆمەڵایەتیەكان بشكێنێت وەك تاوانبارێك تەماشا دەكرێت
(لینا عەلی) وای دەبینی كە ئەمڕۆ زۆربەی هەرە زۆری كێشە كۆمەڵایەتییەكانی قوتابیانی ناو زانكۆ دەرئەنجامی داب و نەریتی سەقەتی كۆمەڵایەتین، چونكە جێگەی داخە نەوەیەك هەن ئەوەندە پابەندن بە داب و نەریت و بەها كۆمەڵایەتیەكان، ناتوانن بەهیچ جۆرێك بیبەزێنن كاتێك كەیەكێك دەیبەزێنێت وەك تاوانبارێك تەماشای دەكەن. هەرچەندە ئێمە هەوڵدەدەین تاڕاددەیەك بتوانین بەئارەزووی خۆمان رەفتار بكەین و مامەڵەكردنمان مامەڵە كردنێكی مۆدێرنانە بێت نەك لەسەربنەمای نەریتیی بێت. واتە ئەگەر كچێك جلوبەرگێكی مۆدێرنی لەبەركردبێت، ئەوا زۆر بەشێوەیەكی نادروست تەماشا دەكرێت و بگرە تیر و توانجی نابەجێی ئاراستە دەكەن و تانەو تەشەری تێدەگرن و هەوڵ دەدەن وێنەیەكی بە ئامێری مۆبایل بگرن و دواتر بە كۆمەڵێك برادەری دەروون نەخۆشی وەك خۆیانی پیشان بدەن..

(ینار حنا) وتی: سەیریی هەڵسووكەوتی هەندێك گەنج لەوەدا دەبینم كەئەمڕۆ بەهۆی كەناڵە ئاسمانییەكانەوە تاراددەیەك گەنجانمان وڵاتانی دەرەوە دەبینن و جلوبەرگی ئەو كچە عەرەب و رۆژهەڵاتیانە دەبینن كەچیان لەبەردایەو چۆن ئازادن لە لەبەر كردنی جلوبەرگیان و چۆن لە بازاڕ و پارك و كەناری ئاوەكان و شوێنە گەشتیارییەكان دا خۆیان رازاندۆتەوە و بەئارەزووی خۆیان جلك لەبەر دەكەن كەچی بۆ ئێمەی بە رەوا نابینن و ئەگەر كچێك جلوبەرگێكی مۆدێرنی لەبەركردبێت، ئەوا زۆر بەشێوەیەكی نادروست تەماشا دەكرێت و بەلایانەوە شتێكی سەیردەبێت و بگرە تیر و توانجی نابەجێی ئاراستە دەكەن، لەبەر ئەوە هەمیشە ئێمە ناتوانین بەدڵی خۆمان جلوبەرگی ئاڵوواڵا لەبەر بكەین و بەئارەزووی دڵی خۆمان، خۆمان بڕازێنینەوە و هەرشتێك بكرێت دەڵێن نابێت لەعورف و عادەت و نەریتە كۆمەڵایەتیەكان لابدەین..

(هێدی ئەحمەد) وای دەبینی كە ترسناكترین و بەهێزترین جۆری توندوتیژی كە رووبەڕووی ئافرەتان دەبێتەوە، ئەمڕۆ ئازاردانی ئافرەتانە بەوەی كە ناتوانن هەموو جۆرە جلوبەرگێك لەبەر بكەن تەنانەت لەزۆر كاتدا بۆیان دەستنیشانكراوە، چونكە سادەترین و كەمترین ماف لە مافەكانی ئافرەت ئەوەیە كە بتوانێت هەموو جۆرە جلوبەرگێك لەبەر بكات و ئازادی تەواوی هەبێت. هەروەها وتیشی: ساڵانی رابردوو ئێمە تەنیا لە توانج و قسەوقسەڵۆكی گەنجەكان دەترساین و خۆمان لێدەپاراست، بەڵام ئەمڕۆ ئێمەی ئافرەتان لەترسی ئەوەی كە گەنجێكی دەروون نەخۆش وێنەمان نەگرێت، ناوێرین هیچ جۆرە جلوبەرگێكی ئاڵو واڵا لەبەر بكەین و تەواو بوینەتە كۆیلەی دابوونەریتەكان. ئەمڕۆ ئێمە تەواو كەوتوینەتە ناو بازنەیەك لە نەهامەتیە كۆمەڵایەتیەكان، بۆیە داوادەكەم كەسنوورێك بۆئەوكەسانە دابنرێت كە كاری نابەجێ دەكەن و وێنەی كچە شۆخ و شەنگەكان بەمۆبایلەكانیان دەگرن و دواتر خۆیان و كۆمەڵێك دەروون نەخۆشی تری وەك خۆیان نامووسی ئەو كچە دەبەن و وێنەكەی بڵاودەكەنەوە و دەیەها كێشە بۆ ئەوكچە دروست دەكەن.
Top