كچان چۆن خۆیان بۆ رۆژی بووكێنی ئامادە دەكەن
December 18, 2010
کۆمەڵایەتی
ئا: رۆشنە عومەر
ئاڤان محەمەد تەمەنی 22ساڵەو تاكو ئێستا ژیانی هاوسەری پێك نەهێناوە بەم جۆرە باس لەم رۆژەدەكات و دەڵێت «حەزدەكەم ئەو كەسەی دەبێت بەهاوسەرم كەسێك بێت باری ژیانی لەڕووی لایەنی ماددی باش بێت بۆ ئەوەی بۆ رۆژی بووكێنی بتوانێت جوانترین ئاهەنگم بۆبكات. كەلوپەلی گرانبەهام بۆ بكڕێت و هەروەها بتوانێت مانگی هەنگوینی ببمبات بۆدەرەوە.
دواتر هاوژین مستەفا تەمەنی 19 ساڵەو لەئێستاوە بیر لەو رۆژی بووكێنی دەكاتەوە بۆئەوەی بتوانێت جوانترین بووك دەربچێ لەم رۆژەدا لەم بارەیەوە وتی «تائێستا ژیانی هاوسەریم پێك نەهێناوە، بەڵام لەئێستاوە بیر لەو رۆژە دەكەمەوە كەچ جۆرە بووكێك بم، حەزدەكەم بۆئەم رۆژە جلی بووكێنیەكەم خەڵك سەرسام بكات، هەروەها لەم رۆژە زۆر گرنگی بەمكیاج و ئێكسسوارات دەدەم، چونكە بووك بەم شتانە جوان دەردەچێت.
لارین عەلی تەمەنی تەمەنی 25ساڵەو مامۆستایە لەیەكێك لەقوتابخانەكانی شاری هەولێر و تازە دەستنیشان كراوە و وتی: بۆماوەی دوو مانگە دەستنیشان كراوم، تاكو ئێستا ئاهەنگی گواستەوەم نەكردووە و خۆم ئامادەدەكەم بۆم ئەم رۆژە، من و هاوسەرەكەم بەردەوام گفتوگۆدەكەین بۆئەوەی چ رۆژێك دەستنیشان بكەین، چونكە رێكەوتەكە لای من زۆرگرنگە.
هاوژینیش هەمان رای لارینی هەیەو دەڵێت «حەزدەكەم رۆژی ئاهەنگی بووك گواستنەوەكەم لە رێكەوتی «11/11»بێت بۆئەوەی ببێت بەڕۆژێكی مێژوویی.
ئێستا زۆرێك لەكچان حەز ناكەن لە رۆژی بووكێنی زێڕ ببپۆشن، حەزدەكەن وەكو وڵاتی ئەوڕوپا بووكێكێی سادە و جوان بن و تەنیا ئێكسسواراتێكی ناسك بپۆشن، لەم بارەیەوە.»نیان ئەحمەد» تەمەن 18ساڵە كە لە وڵاتی سوید دادەنیشێ دەڵێت «حەزدەكەم ئەم رۆژە بووكێكی زۆر سادەبم و ئاهەنگێكی بچووك بكەم، چونكە لە وڵاتانی ئەوروپی بووك گواستنەوە زۆر بەسادەیی دەكرێت، منیش حەزدەكەم وەكو ئەوان ئاهەنگەكەم بكەم.
دواتر «ناسكە عومەر» تەمەن 23ساڵە كچی ماڵەوەیە و هەمان رای «نیان»ی هەیەو دەڵێت «حەز لەو دابونەریتەی ئێستا ناكەم كەئێستا خەڵك بەكاری دێنێن. بۆ رۆژی بووك گواستنەوە حەزدەكەم زۆر بەسادەیی ئەم ئاهەنگە بكەم. لەگەڵ ئەوەش رەنگی جلی بووكینیم جیا لە رەنگی سپی، رەش بێت. بە هیچ شێوەیەك ئاڵتون و خشڵ بەكار ناهیێنم.
بەهرە عەلی قوتابی زانكۆیە و تەمەن 20ساڵە پێیوایە ئەم رۆژە جیایە لەرۆژەكانی تر، چونكە كچ لەژیانی یەكجار شوودەكات، دەربارەی ئەم رۆژەش دەڵێت بۆیە حەزدەكەم ئاهەنگەكەم و مارەییەكەم زۆر خۆش بێت و لەخۆشترین هۆڵ و هەروەها جواتنرین كراسی بووكێنی بپۆشم، هیواداریشم ئەو كەسەی دەبێت بەهاوسەرم، رێگرنەبێت لەحەزەكانم.
لەلای زۆرێك لەكچان پێیانوایە لەم رۆژە پێشكەشكردنی دیاری لەلایەن هاوسەرەكەیانەوە مانای سۆزو خۆشەویستی دەبەخشێت.
لەم بارەیەوە «بەهرە» دەڵێت: لەم رۆژەدا حەزدەكەم ئەم چەپكە گوڵەی لەدەستم هەڵێ دەگرم دیاری بێت لەلایەن هاوسەركەمەوە، چونكە ئەم گوڵە لای من مانای خۆشەویستی دەدات. هەروەها دەڵێت «چاوەڕێی ئەم رۆژەدەكەم، بەڵام بەمەرجێك ئەو كەسەی دەبێتە هاوسەرم خۆشی بوێم، چونكە ئەوكات دەتوانێت هەموو حەزو ئارەزوەكانم جێبەجێ بكات.
لانە تەمەن 25ساڵەو فەرمانبەرە لەیەكێك لەدامودەزگا حكومیەكان و دەڵێت «تائێستا ژیانی هاوسەریم پێك نەهێناوە، بەڵام لەئێستا بیرم لەم رۆژە كردۆتەوە. چونكە ئەمە خەونی هەموو كچێكە، حەزەكەم لەم رۆژە بووكێكی سادەو ناسك بم، حەز لەمكیاج و زێڕ ناكەم، هەروەها رۆژانە لەتیڤیەكانەوە سەیری مودێلاتی جلی بووكێنی دەكەم.
«لارین»یش ئاماژە بەوە دەكات رۆژانە سەیری مۆدێلاتی جلی بووكێنی دەكات بۆئەوەی كراسێكی جوان بۆئەم رۆژە هەڵبژێرێت، هەروەك دەڵێت حەزدەكەم لەم رۆژە مكیاژێكی ناسك و جوان بكەم و بەنیازم لەم رۆژە دیاریەكی جوان لەپێش چاوی خەڵك پێشكەش بەهاوسەرەكەم بكەم.