چارەنووسی ئەو كۆرپە ساوایەی لەبەردەرگای ماڵی (ئاسۆ) دا فڕێ درابوو...

چارەنووسی ئەو كۆرپە ساوایەی لەبەردەرگای ماڵی (ئاسۆ) دا فڕێ درابوو...
مرۆڤ هەندێجار بە رێكەوت (بەڵام چ رێكەوتێكی جەرگبڕ) رووبەڕووی بارودۆخێكی پڕ دژوار دەبێتەوە بێئەوەی بۆخۆی دەستی لە دروستكردنی ئەو بارودۆخەدا هەبێ. رەنگە زۆربەمان لە دۆزینەوەی منداڵێكی (ناشەرعی)ی دایك و باوك نەزانراودا خەم و خەفەت دامانگرێ و ئەسەف بۆ منداڵكە و بێكەسێتییەكەی بكێشین، بەڵام وەختایەك ئەو منداڵە گەورە دەبێت زۆربەمان بەزەحمەت بوونی ئەو منداڵەمان پێ هەزم دەكرێت. بێئگا لەوەی كە لەو هەڵوێستەماندا دووجاران هەڵە دەكەین، یەكێكیان چ جەور و ستەمێك لەو منداڵە باوان نەزانراوە دەكەین. ئەویدیشیان خۆمان دەخەینە ناو بارودۆخێك كە تیایدا حوكم بەسەر چارەنووسی مرۆڤێكی بچكۆڵەی كەساس و بێدەسەڵات دەدەین و هەر لەخۆوە دەیبوغزێنین، بێئەوەی تەنانەت ئەو مافەشمان هەبێت. لە راستیدا حوكمی ئێمە و كۆمەڵگەش بێبنەما و زاڵمانەن. هەر وەك ئەوەی بەسەر (سروە)دا هات، كە قەدەر ئەوی وەك منداڵێكی دایك و باوك نەزانراو هێنایە دنیا و ئاخیریەكەشی هەر بێ دایك و باوك، بێكەس و بێنەوای هێشتەوە...
دۆزینەوەی منداڵێكی باوان نەزانراو (ناشەرعی)
بەرەبەیانێكی زوو بوو كە (ئاسۆ) هەر وەك رۆژانی دیكەی ئاسا لەخەو ڕابوو، بێئەوەی بەرچاییەكەی بخوات جلوبەرگی خۆی لەبەر كرد و هاتە دەرەوە. وەلێ هەر كە هێندەی بستێك دەرگای كردەوە و نەكردەوە، دەنگێكی كز و باریكەلەی منداڵێكی ساوای هاتە بەرگوێ. جار جاریش وەك نوزە نوز دەهاتە بەرگوێ؛ ساتێك بە واق وڕماوییەوە هەستی خۆی راگرت و سەیری تەنیشتەكانی خۆی كرد هیچ شتێكی سەرنجڕاكێشی نەكەوتە بەرچاو. سەیرە ئەدی ئەو دەنگە چبوو(لە دڵی خۆیدا وتی)، بەڵام دیسان لەپڕ نووزەیەكی ناسكۆڵەی دیكەی كەوتەوە بەرگوێ و هاتە سەر ئەو باوەڕەی كە بەڕاستی شتێكی گوێ لێبوو. كە سەری بۆ بەر پێی خۆی خوار كردەوە، ئای خودایە ئەوە چییە (بەدەنگێكی تۆزێك گڕ و حەپەساویەوە ئەوەی وت) و چاوەكانی ئەبڵەق بوون، بەینێك تێیڕاما؛ چ ببینێ، منداڵێكی سپیلكەی جوان و خڕپن روومەتەكانی بەهۆی بای سارد و سەرماوە سوور سوور هەڵگەڕابوون. (ئاسۆ) دەتوت شتێكی ئەنتیكە و سەیر و سەمەرەی دیتۆتەوە هەر دیقەتی ئەو منداڵەی دەدا كە لەناو قۆنداغێكی سپی تووند شەتەك درابوو، هەر نقەنقی بوو دەبزواو ئۆقرەشی نەدەگرت. دیار بوو تووندیان بە قۆنداغەكە پێچابوو، چونكە بە بزووتنەكەی بە تەواوەتی دیار بوو كە تووند بوو. بەڵام پێشدەچوو لە سەرمان و لە برسانیش زۆر تاقەتی نووزە و گریانی نەمابووبێ، چونكە دەمێك دەگریا و دەمێكیش كڕ دەبۆوە. بڕێ جاریش سەدای دەنگەكەی خۆشئاواز و ناسكۆڵانە دەبوو، وەك ئەوەی لەخۆشی دیتنی دایكی پێبكەنێ. (ئاسۆ) كە دیمەنی منداڵەكەی بینی، بەبێ ویستی خۆی، خۆی خوار كردەوە و لەسەر چۆكان دانیشت و دەستی بۆ منداڵەكە درێژ كرد و بە هێواشی هەڵیگرت وەك ئەوەی زۆر بە وریایی و ئاگاییەوە شتێكی زۆر ناسك هەڵگرێتەوە و هێند پەرۆشانە بەرزی بكاتەوە نەكا لە دەستی بەربێتەوە؛ منداڵەكەی ئەوها میهرەبانانە دە ئامێزی نا. لەگەڵ هەڵگرتنەوەشی وەك غەریزەیەكی باوكانە خزاندییە بن باغەڵی خۆی و لەو كزە بایە ساردەی كە تازە بەو بەیانییە هەڵیكردبوو، پاراستی. (ئاسۆ) هەر لەخۆیەوە بزەیەكی باوكانەی هاتبووە سەر لێوی، دووبارە چاوێكی بە منداڵەكە و بەژن و باڵا خنجیلانەكەی دا خشاندەوە و بەو پەڕی سۆز و جگەرسۆزییەوە ماچێكی نەرمی پڕ بەدڵی خۆی لە ڕوومەتە سڕبووەكانی كرد و بە پرتاو كشایەوە دواوە و بردییە ژوورەوە. (ئاسۆ) بێئاگا لەوەی لەو لاوە لە سووچی كۆڵانەكەی ئەوسەرەوە ئافرەتێك بە عەباكەیەوە بەو سەرمایە، دوور بە دووری زۆر بەوردی و بە خەم و پەژارەیەكی گەورەوە تەماشای ئەو دیمەنەی دەكرد، كە بۆ ئەو چەند جەرگبڕ بوو. كە كابرا منداڵەكەی بردە ژوورەوە، تاوێك وەستا و هەناسەیەكی ئارامی هەڵكێشا و پاڵی بە دیوارەكەی پشتییەوە نا و ریزە فرمێسكێكی گەرم وەك كانیاو بە چاوەكانیدا هاتنە خوارەوە و رۆیشت و لە چاو تروكانێكدا بزر بوو.
منداڵێك كە دیاری خودایە
(شیرین)ی ژنی (ئاسۆ) تازە لەخەو هەڵسا بوو خەریكی هەڵگرتنەوەی نوێن و دۆشەكەكان بوو كاتێك (ئاسۆ)ی بینی منداڵێكی لە ناو قۆنداغێك پێچراوی بە دەستەوەیە و دێتە ژوورەوە؛ بە چاوی ئەبڵەق و سەرسوڕمانەوە لێی پرسی: (ئاسۆ) ئەو منداڵە چییە لە باوەشتە؟ (ئاسۆ) بزەیەكی كرد و تەماشایەكی منداڵەكەی كردەوە و هەر ئەوەندەی وت: دیارییەكی خودایە بۆ ئێمە.
(شیرین و ئاسۆ) چوار ساڵ بوو ژیانی هاوسەریتێیان پێكەوە نا بوو، بەڵام لە نیعمەتی منداڵبوون بێبەش ببوون. لە راستیدا منداڵیان هەر نەدەبوو. هۆیەكەشی بە قسەی پزیشكان لە (شیرین) بوو. دیتنەوەی ئەم منداڵە ئەگەر (شیرین) رێكەوتی خۆش بوو، بەڵام بۆ (ئاسۆ)ی هاوسەری خۆشتر بوو. چونكە هیچ نەبێ تۆزێك خەمی نەبوونی منداڵ لە دڵی (شیرین) دەڕەوێنێتەوە، بۆیە هەر ئەو دەمە هەردووكیان لە دڵی خۆیاندا بڕیاریاندا كە وەك جگەرگۆشەی خۆیان لە ئامێزی بگرن و بە خێوی بكەن. ئیتر لە دوای وەڵامەكەی (ئاسۆ)، (شیرین) دەستی درێژ كرد و داوای لە هاوسەرەكەی كرد كە منداڵەكەی پێبدات؛ (ئاسۆ) هێندەی دیكە دڵی خۆش بوو، زۆر بە میهرەبانیەوە منداڵەكەی بۆ درێژ كرد و خستییە باوەشییەوە. (شیرین) دوو پەنجەی دەستی بە نەرمی وەك ئەوەی كە پەمۆ بن لە روومەتە خڕپنە سوورەوەبووەكانی خشاند وەك پێیبڵی: هێی كۆرپەكەم چیدی نە سەرمات دەبێ و نەبرسیشت دەبێ؛ بۆیە ئیتر نابێ چیدی نقەنقی بكەی ها. كۆرپەكەش لەگەڵ لێخشاندی پەنجەكانی روومەتی خۆی بۆ لای پەنجەكان سووڕاند. (شیرین) بە (ئاسۆ)ی مێردی وت: بەستەزمانە زۆری برسییە تا زووە بڕۆ مەمەیەكی شیر و قووتووە شیرێكی نیدۆی كەم چەوری بۆ بكڕە و وەك برووسكە بگەڕێوە. (ئاسۆ) لە خۆشیان بێئەوەی وەڵامی بداتەوە وەك برووسكە دەرپەڕی و هێندەی پێنەچوو بە خۆو بە كەرەستەكان گەڕایەوە. (شیرین) لەچاو تروكانێكدا شیرێكی شلەتێنی بۆ گرتەوە و مەمكەكەی خستە ناو دەمی و منداڵەكەش لە چاوتروكانێدا نیوەی شیرەكەی خوارد و پاشان ئەوەندەی كە مابۆوەش بە كاوەخۆی خوارد و ئەوجا كەوتە ناو خەوێكی شیرینی قوو.
گەورە بوونی منداڵەكە
خۆشی ئەو منداڵە ئەوەی لەبیر هەر یەك لە (شیرین و ئاسۆ) بردبۆوە كە ئەو منداڵەی بڕیاریاندا بوو بیكەنە منداڵی خۆیان منداڵێكی بێ دایك و باوك بوو. هەر وایان دەزانی كە هی خۆیانە. منداڵەكە كە كچ بوو رۆژ بە رۆژ لە ئامێزی ئەو ژن و مێردە بەوەفا و میهرەبانە گەورە دەبوو. ئەوانە مان رۆژ كە دیتبوویانەوە ناویان نابوو (رۆژین). ساڵان هات و رۆی (رۆژین) وردە وردە گەورە دەبوو تا تەواوێك هەراش بوو گەیشتە تەمەنی دوانزە ساڵان. ئەم سیانە بەوپەڕی ئارامی و ئاسوودەییەوە ژیانیان دەبردە سەر. بەداخەوە قەدەر وابوو (شیرین) بەرووداوی ئۆتۆمبیل كۆچی دوایی بكات (رۆژین) و (ئاسۆ) بەتەنیا مانەوە. جا بەهۆی فشاری خەڵك و ناچاری و و پێویستی (ئاسۆ) ناچار بوو ژنێكی تر بێنێ. بەڵام دوای ماوەیەك لە گواستنەوەی ژنەكەی (ئاسۆ) تووشی دەرد و بەڵای خۆی هاتبوو. چونكە ژن چ ژن هەر بەڵایەك بوو بۆ خۆی. ژنێكی تا بڵێ نەزان و كەللە رەق بوو. هەر لەیەكەم رۆژەوە بەربەرەكانێی ئەو كچە بەستەزمانەی دەكرد. مامەڵەی خراپ، جنێودانی بەردەوام، كارپێكردنی هەمیشە و تاقەت پڕوكێن. ژیانی (رۆژین) كە لە سایەی (شیرین) دایكی بەسەری بردبوو، بەبەراورد بە ژیانی ئێستای لە سایەی ئەو ژنەوە، بەهەشتێك بوو بۆ خۆی. بە هاتنی ئەو ژنە قین لە دڵە ئەو بەهەشتەی لێكرابوە دۆزەخێكی بێئامان. چوار ساڵی رەبەق لەگەڵ ئەو ژنە دڵڕەقە ژیانێكی كۆڵەمەرگی بەسەربرد. هەموو رۆژێك بە منداڵە زۆڵەكە بانگی دەكرد. ئەم ناونانە ببووە وێردی سەر زاری ئەو ژنە. تاوەكو رۆژێكیان (ئاسۆ) چیتر بەرگەی ئەو هەموو سووكایەتییەی ئەو ژنەی بەو كچە ناگرێ و داركارییەكی باشی ژنە دەكات و وشەی منداڵە زۆڵەكەشی پێ تەرك دەكات. ئیتر رێكەوت وا دەكات چەند جارێك ناسیارێكی ماڵی خەزوورانی ژنەكەی پێشتری (واتە شیرین)، بە هۆی كارێكەوە هاتوچۆیان بكەن، ئەوانیش كوڕێكی گەنجیان لەگەڵدا دەبێت. (رۆژین) و ئەم گەنجە وردە وردە سەرنجی یەكتر دەدەن. پاش دڵیان دەچێتە سەر یەكتر و حەز لەیەك دەكەن. پاش چەند مانگێك لەو یەكدی خۆشویستنە، ئێوارەیەكی رۆژی پێنجشەمە ماڵی باوكی ئەو كوڕە كە ناوی (جەودەت) بوو بۆ خوازبێنی كردنی (رۆژین) دەبنە میوانی ماڵی (ئاسۆ). دوای كردنەوەی باسەكە قسمەت وا دەبێ كە هەردوولا رێكبكەون و كچە وكوڕەش بەیەك ڕازی دەبن و هەموو شتێك بە خۆشی بەرەزامەندی هەردوولا كۆتایی دێت. دوای رۆیشتنی میوانەكان (ئاسۆ) بانگی ژنەكەی دەكات و بەروون و ئاشكرا پێیدەڵی و ئاگاداری دەكاتەوە كە نەكا بە هیچ شێوەیەك ئەو ڕازە بدركێنێ كە دایك و باوكی (رۆژین) نەزانراوە و نەڵێت كە (ئاسۆ و شیرین) ئەو كچەیان هەڵگرتۆتەوە. هەر چۆنێك بێت دوای مانگێك (جەودەت) تەدارەكی زەماوەند ئامادە دەكات و ناوی خوای لێدێنێ و (رۆژین) دەگوازێتەوە.
(رۆژین) تەڵاق دەدرێت
نزیكەی ساڵێك (رۆژین) لە ماڵە مێردی دەبێت و ژیانێكی و ئارام خۆش و بێكێشە دەبەنە سەر. بەڵام نیوەڕۆیەكی درەنگ وەخت (جەودەت) بەپرشتاو و بەرەنگی پەڕیو و تووڕەییەكی لەڕادەبەدەرەوە دێتەوە ماڵەوە و یەكسەر خۆ بە ژووردا دەكات و بە (رۆژین) دەڵێ : پێمبڵێ كێ دایك وباوكی تۆیە؟ ئایا راستە (ئاسۆ) باوكی راستەقینەی تۆ نییە؟
لێرەدا تا نزیكەی كاتژمێرێك و نیو (جەودەت)دەكەوێتە لێپرسینەوەی (رۆژین). دواجار دەگاتە بنج و بنەوانی مەسەلەكە و تێدەگات كە چ قەوماوە. ئیدی ئەویش بڕیاری خۆی دەدات و رێك ((رۆژین) تەڵاق دەدات و رادەستی ماڵی (ئاسۆ)ی باوكی دەكاتەوە. كە (ئاسۆ) دێتەوە دەبینێ (رۆژین) لەسەر دەم كەوتووە و هۆڕ هۆڕ دەگریێ. هەر ئەوەندە بە (ئاسۆ)ی باوكی دەڵێ: خودایە چ دەبوو ئەگەر تۆ باوكی راستەقینەم بای. خودا دەزانێ ئەگەر هەر كەسێكی تر بێت بڵێ من باوكی تۆم تفێكی موستەحەقی لە نێوچەوانی دەكەم، چونكە باوكی راستەقینەی من ناوی (ئاسۆ)یە و بەس.
Top