«لەنجە»بەســـــەرهاتی دووساڵەی بەشەناوخۆیی دەگێڕێتەوە

«لەنجە»بەســـــەرهاتی دووساڵەی بەشەناوخۆیی دەگێڕێتەوە
زۆربەی كچ و كوڕان لەقۆناغی خوێندن بۆماوەی چەندساڵێك ژیان لەبەشەناوخۆیی بەسەردەبەن. لەنجە كچێكی چاوكاڵی ڤژخاوی باڵە بەرزی سپیلكەكەیە، بۆماوەی دووساڵ ژیان لەبەشەناوخۆیی لەشاری سلێمانی بەسەر دەبات.


ساڵی یەكەمی لەزانكۆ:

لەنجە، دەڵێت ئەو رۆژەی جانتایەكەم هەڵگرت و بەشێك لە پێداویستی و جل و بەرگ و كەلو پەلم لەگەڵ خۆم برد، یەكەم جارم بوو وەك كچێك سەفەر دەكەم، لە داڵخەیەكی قووڵبووم، باوكم ئاگاداری كردمەوە پەلە بكەم، بەدرێژایی رێگاكە، بیرم لەوە دەكردەوە، دابڕان لە خێزان و دووركەوتنەوە دەبێت چۆن بێت، بەخۆم دەوت:(ئیتر دەبێت پشت بەخۆت ببەستی، خۆت خەم لەوە بخوێت چۆن ژەمەكانت ئامادە دەكەی، ئەی دەبێت هاوپۆلەكانم كێ بن)، بە درێژایی رێگا بیرم لەلای ئەوانە بوو، تاو نا تاوێك باوكم پێی دەوتم نەكەی بێ تاقەت بیت بەهۆی دووركەوتنەوە لە ماڵ، تۆ كچێكی ئازای، دەتوانیت خۆت بیت، من هەرگیز ئامۆژگاریت ناكەم، چی بكەیت و چی نەكەیت، چونكە بەقەد چاوەكانم لە تۆ دڵنیام كە كچێكی چەندە بەهێزی، هەر كاتێك بێزار بوویت، یا هەر شتێك بێ تاقەتی كردی زەنگ لێبدە و قسەم بۆ بكە.
یەكەم هەنگاومان بۆ شارەكە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەشە ناوەخۆییەكە بوو، دوای ناونووسین، هەندێك زانیاری تر، ژووری ژمارە 8یان بۆ دەستنیشان كردم، هاوژیانیەكانم لە ژوورەكە، سێ كچیتر بوون، دووانیان خەڵكی هەولێر و یەكێكتر رانیە، رۆژی یەكەم زیاتر باسی ژیانی قوتابخانەمان كرد، رۆژ دوای رۆژ زیاتر تێكەڵ بە یەكتر دەبووین، ئێوارانمان زیاتر باس و خواسی ئەو رۆژە بوو كە بەسەرمان هاتبوو، هەر بەدەم نانخواردن و تا لەناو جێگەیش، زۆر كات كچە هاوڕێكانمان بە چاوی بەزەیی سەیرییان دەكردین، كە باسی بەشە ناوەخۆییمان دەكرد، هەندێ جاریش دەیانوت خۆزگە بە ئێوە، كەس هاوار ناكات بەسەرتانا، بە دڵی خۆتان دێن و دەچن، قسەكانی ئەوان هەموویان راست بوون، چونكە لەڕاستی هەموومان هاوتەمەنی یەك بووین كەس نەبوو پێمان بڵێت بۆ وادەكەن خۆمان خاوەنی بڕیاری خۆمان بووین.
لەنجە بەردەوام دەبێت لەگێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی و دەڵێ، كاتێك بەیانیان هەڵدەستام بچم بۆ كۆلێژ، هەموو كچەكان خەریكی ئارایشكردن بوون، منیش زۆرم حەز لەئارایشكردن بوو هەموو بەیانییەك یەك كاتژمێر بەئارایشكردنە وەدەبووم و خۆم جوان دەكرد، ئینجا دەچووم بۆكۆلێژ و دوای كاتی دەوام دەگەڕاینەوە، زۆرجار نیوەڕۆیان نەماندەزانی چ بخۆین، زۆربەی رۆژەكان تەماتە و پەتاتەی سوركراوەمان دەخوارد، چونكە درەنگ دەگەڕاینەوە زۆر ماندووبووین تاقەتی شتی ترمان نەبوو ئامادەبكەین، منیش لەگەڵ هاوپۆلەكانی خۆم نانم دەخوارد، ئینجا تۆزێك دەخەوتم، بەڵام كاتی ئێواران زۆر بێزاردەبووم زۆرجار پێوەندیم لەگەڵ ماڵەوە دەكرد و باسی بەشە ناوخۆییەكەم بۆ دایكم دەكرد، لەگەڵ هاوڕێكانم دادەنیشتین و باسی حەزوئارەزووەكانی خۆمان دەكرد، یاخود باسی خۆشەویستیمان دەكرد.


ساڵی دووەمی لەكۆلێژ:

لەنجە درێژە بەقسەكانی دەدات و دەڵێ، كاتێك ساڵی یەكەم كەپشووی هاوین داهات زۆرم پێناخۆش بوو، چونكە لەهاوڕێكانم دابڕام، هەموو رۆژێك قسەم لەگەڵ هاوڕێكانم دەكرد و باسی بەشەناوخۆییمان دەكرد.
كاتێك پشوو تەواو بوو گەڕاینەوە بۆ كۆلێژ، هەر لەگەڵ هەمان هاوڕێكانم ژوورەكەی خۆمان وەرگرتەوە، بەڕاستی دڵم زۆرخۆش بوو، چونكە دیسان گەڕامەوە لای هاوڕێكانم.
«لەنجە»دەڵێ بەیانییەك زوو لەخەوهەڵسام هەروەك رۆژانە خەریكی ئارایشتكردن بووم و جلی جوانم لەبەركرد، لەگەڵ هاوڕێكانم بۆكۆلێژ بەڕێكەوتین، ئەو رۆژە یەكێك لەكوڕەكانی پۆلەكەمان كە ناوی «محەممەد»بوو، لەڕێگای هاوڕێیەكم كە ناوی «شەن»بوو داوای خۆشەویستی لێكردم، لەڕاستی سەرەتا كەپیێوتم نەمزانی چی وەڵام دەمەوە، وتم بابیرێكی لێبكەمەوە ئینجا وەڵامت دەدەمەوە، ئەو رۆژە زۆر ناخۆش بوو بۆمن، كاتێك گەڕامەوە بەشەناوخۆیی زۆر كز بووم، هاوپۆلەكانی ژووەرەكەم وتیان لەنجە بۆ وا كزی؟ منیش بۆم گێڕانەوە و كردیان بەگاڵتە و پێمپێكەنین و وتیان تۆ لە هەموومان زیرەكتر بووی، تازە بووی بەخاوەن خۆشەویستیش.
منیش لەگەڵیان پێكەنیم، بەڵام دوودڵ بووم نەمدەزانی چ بڕیارێك بدەم، ئەو رۆژە هەر بیرم دەكردەوە نەمتوانی قسە لەگەڵ ماڵەوەش بكەم. شەو شەن پێوەندی پێوەكردم و زۆر قسەی لەگەڵ كردم لەبارەی محەممەد، تا وایلێكردم بڕیاربدەم كە لەگەڵ محەمەد ببین بەخۆشەویست، كاتێك بڕیارم دا كچانی ژوورەكەم. ئاخ!خودایە چیان كرد، وتیان ئەمشەو لەنجەمان بەشووداوە و هەڵپەركێیەكی زۆریان كرد تادرەنگانی شەو ئەمشەومان زۆر بەخۆشی بەڕێكرد. ئیتر كەبووم بەخۆشەویستی «محەممەد»هەموو رۆژ لەكۆلێژ محەممەدم دەبینی، بەشەویش درەنگانی شەو لەژێر پەیژەكان یاخود لەسەربانی بەشەناو خۆییەكەوە قسەم لەگەڵ دەكرد، ئەمەش كاری زۆربەی قوتابیانی وەك من بوو، كاتێك لەتەلەفۆن كردن تەواو دەبووم، ئینجا دەچوومەوە ژوورەكەم و خواردنمان بە درەنگانی شەو ئامادە دەكردو كەلوپەلەكانیشمان دەشووشت، زۆرجاریش درەنگانی شەو هەڵپەڕكێمان دەكرد. لەنجە دەڵێ، بەڵام بۆساڵی سێیەم گەڕامەوە هەولێر دوو ساڵەكەی ترم لەهەولێر تەواوكرد، لەڕاستی وەكو ساڵی یەكەم و دووەم خۆش نەبوو، چونكە ئەوكات لەبەشە ناوخۆیی بووم لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی هاوتەمەنی خۆم بووم.
Top