مروڤ بەبێ خۆ جوانكردن هەڵناكات... كوڕانیش حەز دەكەن وەك كچان خۆیان جوان بكەن

مروڤ بەبێ خۆ جوانكردن هەڵناكات... كوڕانیش حەز دەكەن وەك كچان خۆیان جوان بكەن
جوانكاری و ماكیاژ كردن سیمای مرۆڤی سەردەمە و دەتوانین بڵێین بۆتە بەشێك لە ژیانی هەر تاكێك. ئەمە بۆ كیژان راستییەكی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام ئەوەی كە جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە ئێستا بە شێكی زۆری كوڕانی گەنجیش بەشێوەیەك لە شێوەكان و وەك شتێكی زۆر ئاسایی خۆیان جوان دەكەن و تەنانەت كەرەستەی جوانكاری و ماكیاژیش بەكاردێنن. گەنجان بەهەردوو رەگەز ئەگەر بەهەر بیانویەك بێت خۆیان بە جۆرەها شێوە ماكیاژ و بە بەكارهێنانی جۆرەها كەرەستەی جوانكاری، جوان دەكەن. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا شتێكی ئاساییە كە كوڕانیش خۆیان جوانبكەن دەكەن ؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە ئەم ریپۆرتاژەمان ئامادەكرد...

(( زۆر ئاساییە ئەگەر كوڕیش وەك كچ هەوڵی جوانكردنی روخساری خۆی بدات و خۆی جوان بكات..)) ئەمە سەرەتای قسەكانی (ئاراس مەحمود)ی قوتابی (كۆلێژی ئاداب ــ زاكۆی سەلاحەدین) بوو، كە داكۆی لەوە دەكات كە كوڕیش هەقی ئەوەی هەیە خۆی جوان بكات و تەنانەت كەرەستەی ماكیاژ و جوانكاریش بەكاربێنێ. (ئاراس) درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێ: هەموو بەیانیەك بەر لەوەی بچمە كۆلێژ خۆم بە جوانی پۆشتە دەكەم و بایەخێكی زۆر بە رووخسارم دەدەم. بۆخۆم كەرەستەی ماكیاژی خۆم هەیە. بەڵام وەنەبێ ماكیاژ كردنم بەشێوەیەك بێ وەك كچێك دەرچم، نا نا، بەڵكو كەرەستەكان رەنگی زۆر كاڵ و تەنكن ئەگەر زۆر باش ورد نەبییەوە نازانیت ئەو كەسە كەرەستەی ماكیاژی بەكار هێناوە.

( نیاز كمال ) كە تەمەنی 23 ساڵە بە بەڵێندەرایەتییەوە سەرقاڵە و دەڵێت: من وەك كورێك بەلامەوە ئاسایی بوو جوانكاری لەرووخسارمدا بكەم، هەرچەند لەناو خەڵكدا بەراشكاوی باسم لەوە نەكردووە كە جوانكاریم لە رووخسارمدا كردووە. نەشتەرگەرییەكم بۆ لووتم كرد و لای پزیشكی ددانیش دوو ددانی پێشەوەم تۆزێك هاتبونە دەرەوە و راستم كردنەوە. ئیتر زۆر گەنجی دیكەش هەن هەر یەكەی بەجۆرێ جوانكاری لە دەموچاوی خۆیدا كردووە و دەكات. بەڵام سەبارەت بە ماكیاژ كردنیش، ئەوە ئەمڕۆ هەر بۆتە شتێكی زۆر ئاساییە لای كوڕن ئەوجا هەیە جوانكارییەكە لە چاككردن و جوانكردنی برۆی خۆی دەبینێتەوە، هەیە تەنكە ماكیاژێكی كوڕانە دەكات، هەشە سەر و قژی بەستایلێكی تازە و گەنجانە دادەهێنێ و هەندێ ملوانكە و ئەنگوستیلەی زیو و بازنەیەكی لاستیك لەدەستی دەكات. بەكورتی هەر كوڕە و بە جۆرێك دەردەكەوێ. هەشە دەچێتە لای پزیشكی پسپۆری جوانكاری و نەشتەرگەری جوانكاری بۆ لووتی یا تاخمی ددانی یا لێوی دەكات. ( تارا عەزیز) قوتابی زانكۆیە و دەڵێ: هیچ نەنگییەك لەوەدا نابینم كە كوڕیك ببینم بایەخێكی زۆری بە خۆ داوە و قژی بە ستایلێك داهێناوە و تەنانەت ئەگەر برۆشی كردبێت كە زۆرێك لە كوڕان برۆشیان دەكەن. چی تێدایە با ئەوانیش خۆیان جوان دەربخەن. (شێنێ سەڵاح) ئەویش كە قوتابی پەیمانگای پزیشكییە لە هەولێر و پێیوایە كە خۆ جوانكردنی كچ هەقێكی رەوای خۆیانە و كوڕیش بەم شێوەیە. بەڵام بەمەرجێ كوڕان نەبنە كۆپی دووەمی كچان و وەك كچ ماكیاژ و ئەو شتانە نەكەن. ئەو دەڵێ من كوڕم بینیوە برۆی كردووە و تەنكە سووراویشی لە لێو و گۆنای داوە و برۆشی كردووە و نازانم چیتری كردووە، كە هەر تۆزێك لێینزیك ببیەوە پێی دەزانی، ئەمە بەڕای من دەرچوونە لە ئەسڵی رەگەزەكەی خۆت. پێمخۆشە كوڕ هەمیشە زۆر جوان دەربكەوێت بەڵام كوڕانە بمێنێتەوە.(تریفە وسوو) كچێكی 23ساڵەی فەرمانبەرە و خۆ جوانكردنی كچان بە شتێكی زۆر ئاسایی دادەنێت و دەڵێ: چی تێدایە ئەگەر كوڕیش خۆی جوان بكات. بڕوات هەبێ زۆربەی كچان حەزدەكەن كوڕی جوان بناسن. كوڕێك ئەگەر برۆی خۆی كردبێت یا سووراوێكی كەم و تەنكی لە لێوی خۆیدابێت و برۆی كردبێت زۆر جوانتر دە ردەچێت لەو كوڕەی كە هیچ بایەخێكی بە خۆی نەداوە. لەبیریشمان نەچێت سی ساڵ پێش ئێستا وەك لە خەڵكیم بیستووە گەنجانی ئەوسا جۆرەها مۆدیلیان لەبەر كردووە و بە جۆرەها ستایلی ئەوكاتی خۆیان جوان كردووە جا ئەو كاتی بۆ عەیب نەبووبێ بۆ ئێستا وەك عەیبە تەماشای بكرێت.

(رزگار نوری) وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەیركردنی ئاوێنە و رووانین لەروخسار، هاندەرە بۆ جوانكاریكردن لە رووخسار بەتایبەت كە لەنێو گەنجاندا زۆر بڵاوبۆتەوە.هەریەكێك لەئێمە لەلایەن پەروەردگارەوە جۆرێك لەرووخسارێكی تایبەتمان هەیە بۆیە هیچ كام لە مرۆڤەكان كتومت لەیەكتر ناچن، رەگەزی مێ جوانكاری لەرووخسار و سنگدا، دەكەن هەرچەندە هەیانە بۆ مەرامی تایبەتی دەیكات، بەهەمان شێوەش بۆ تەندروستی دەكرێت، بەڵام ئەوەندەی بۆتە چاولێكەری و مۆدێلات ئەوەندە بۆ لایەنی تەندروستی بەكارناهێنرێت.

پزیشكەكانی جوانكاری ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كەزۆرترین جوانكاری دەكرێت لە ئەندامی لوتدایە، كەمتر ئەندامەكانی دیكە جوانكاری تێدا دەكەن، ئەمەش وەك چاولێكەریەك بۆ ئەو هونەرمەندە كچانەی كە دەبینین زۆرترین نەشتەرگەری جوانكاری دەكەن.

لەئەنجامی كاریگەری كۆمەڵگەكانی دیكە بەسەر خەڵكدا لەرێگە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە زیاتر نەشتەرگەری جوانكاری وەك شتێكی ئاسایی رۆیشتووە، دەبینین كە رەگەزی مێ زیاتر حەز دەكەن لەوپەری جوانیدابن، تا دوا چركەكانی ژیان هەمان ئەو بیركردنەوەیان هەیە.

لەكۆمەڵگەی كوریدا، ئەگەر جوانكاری بوبێتە ئارەزوویەكی گەنجان، ئەوا هێشتا لەرووی داراییەوە گرفتیان هەیە،یاخود ترس و دوو دڵیەكیان هەیە لەبەرامبەر سەركەوتنیان لەنەشتەگەری جوانكاریدا، هەروەك خاتوو (كوێستان مەجید) كە لەسەنتەری جوانكاریدا كاردەكات و دەڵێ: زۆربەی كچان بۆ جوانكاری دەم و چاویان سەردانمان دەكەن، وەك دروستكردنی برۆ بە شێوەی تاتۆ بەتایبەت دروست بوونی ئەو موە زیادەی لەروخساریاندا دروست دەبێت، هەرچەندە خراپ بەكارهێنانی دەرمانی جوانكاری هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دروست بوونی پەڵەو زیبكە، ئەمەش لەسەر روخسار بەجێدەمێنێت،بۆ لابردنی پێویستیان بەبەكارهێنان جوانكاری پێست دەبێت.بەرێژەی رەگەزی مێ، رەگەزی نێریش سەردانمان دەكەن و جوانكاریان بۆ ئەنجام دەدەین.

بەپێی ئەو زانیاریانەی كە پسپۆرانی جوانكاری باسی لێوە دەكەن، هەڵبژاردنی جۆری ئەو خواردنانەی كە مرۆڤ رۆژانە دەیان خوات، هاوكات ئەو بەرنامە وەرزشیەی كە پێویستە هەموو رۆژێك ئەنجام بدرێت هۆكارێكی كاریگەرن بۆ جوان مانەوەی رووخساری مرۆڤەكان. ئەوەندەی تێبینی دەكرێت، بەپێی هۆشیاری و تێگەیشتنی خەڵك بۆ تەندروستی رەچاوی ئەو رێنمایانە ناكرێت، بۆ پاراستنی تەندروستی و هێشتنەوەی جوانیەكانی روخسار.
Top